زیلان نار: تا ئێستا لە كارە هونەرییەكان كەس هاوكاریی نەكردووم

زیلان نار: تا ئێستا لە كارە هونەرییەكان كەس هاوكاریی نەكردووم

لە باكووری كوردستان هەبوونی ئافرەتان لە نێو گۆڕەپانی هونەریدا بە شێوەیەكی بەرچاو هەستی پێ دەكرێت، تەنانەت لە ئاهەنگ و كۆبوونەوە میللییەكانیشدا رۆڵیان دیارە، زیلان نار یەكێكە لەو كچانەی كە لە ژینگەیەكی هونەریدا گەورە بووە، ئەمەش كاریگەرییەكی زۆری لەسەر ژیانی هونەریی ئەو هەبووە، بۆیە بە تەواوی مۆركی فۆلكلۆر بەسەر بەرهەمەكانیەوە دیارە، لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد و بەم شێوەیە وەڵامی گوڵانی داینەوە.

* دەكرێت لە زاری خۆتەوە خوێنەران زیاتر ئاشنای زیلان بن؟
- من زیلان نار لە شاری وان لە دایكبووم، لە تەمەنی (10) ساڵی لەگەڵ خانەوادەكەم روومان لە شاری ئیستەنبول كردووە و، تا ئێستاش لەوێین، خوێندنیشم هەر لەو شارە تەواو كردووە.
* لە خانەوادەكەتاندا كاریگەریی چ كەسێكت لەسەر هەبوو بۆ ئەوەی روو لە بواری هونەری بكەی؟
- باوكم خۆی گۆرانیبێژ بوو و یەكێك بوو لەو كەسانەی هانی دام و كاریگەرییەكی زۆری لەسەر ژیانی هونەریی من هەبوو، لەبەر ئەوەی باپیریشم گۆرانیی گوتووە، لە ماڵی ئێمەدا هەمیشە گۆرانیگوتن و دانیشتنی هونەرمەندان هەبووە، زۆر لە هونەرمەندە میللییەكانی شاری وان دەهاتن لە ماڵی ئێمە گۆرانییان دەوت و سوودی زۆرم لێیان وەرگرت.

زیلان نار: تا ئێستا لە كارە هونەرییەكان كەس هاوكاریی نەكردووم

* ئایا هونەرمەندی كورد دەتوانێت لە رێگەی هونەرەوە بژێوی ژیانی خۆی پەیدا بكات؟
- زۆربەی هونەرمەندانی كورد لە ناوەوە دەرەوەی وڵات بەردەوامی بە كارە هونەرییەكانی خۆیان دەدەن، بەڵام من لەو باوەڕەدا نیم كە بتوانن لە رێگەی هونەرەوە بژێوی ژیانی خۆیان پەیدا بكەن، رەنگە لە ئەوروپا كارەكە تا راددەیەك ئاسانتر بێت، بەهۆی ئەوەی هەر كەسێك لە ئەوروپا سوودمەندە لە سیستەمی سۆشیالی ئەو وڵاتانە.
* زۆر جار باس لەوە دەكرێت كە هونەری كوردی چەقبەستووە و پیشڤەچوون بە خۆیەوە نابینێت، هۆكارەكەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- بە رای من هۆكاری زۆر هەیە بۆ ئەو چەقبەستووییە، لەوانە نەبوونی ئافراندن، ئەمەش بە هۆی نەبوون، یان كەمیی ئەو كەسانەی كە تێكست دەنووسن، یان ئاواز دادەنێن بۆ هونەرمەندان، پێشتر لە رووی تێكست و ئاوازەوە جۆرە ئافراندنێك هەبوو، ئەو رووداوە كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییانەی كە ئەوان بە چاوی خۆیان دەیانبینی، بە شێوەیەكی هونەری دەیاننووسی و ئاوازیان بۆ دادەنا، بەڵام لە ئێستادا دەبینین هونەرمەندان تا راددەیەكی زۆر سوود لە بەرهەمە كۆنەكان وەردەگرن و كاریان لەسەر دەكەن و بە شێوازی نوێ دووبارەیان دەكەنەوە.
* بەشێك لە ئافرەتە هونەرمەندەكان گۆرانی دەڵێن، كە تێكستەكەی لە بنەڕەتدا بۆ كوڕ نووسراوە، واتە كوڕێك بۆ كچیكی بڵێت، رای ئێوە لەم بارایەوە چییە ؟
- مخابن من ئەمە بە گرفتێك دەبینم لە هونەری كوردیدا، من وەك كچە هونەرمەندێك لە هەڵبژاردنی تێكستی گۆرانییەكانمدا زۆر وردم كە دەبێ بۆ كچ نووسرابێت، زۆر گۆرانی هەیە پێویستە كور بۆ كچی بڵێت، بەڵام دەبینین پێچەوانەیە بە هەمان شێوە هەندێك لە كوڕان گۆرانی كچان دەڵێنەوە، منیش رەنگە گۆرانیم وتبێت كە پێچەوانە بێت، بەڵام زیاتر گۆرانیی فۆلكلۆر بووە، كە بۆ رووداوێك، یان كارەساتێكی تایبەت گوتراوە.

زیلان نار: تا ئێستا لە كارە هونەرییەكان كەس هاوكاریی نەكردووم

* تا چەند سوودت لە گۆرانی و بەرهەمە فۆلكلۆرییەكان كردووە؟
- وەك پێشتر باسم كرد، بەرهەمە فۆلكلۆرییەكان كاریگەرییەكی زۆریان لەسەر من هەبووە، ئاواتی من ئەوەیە بەرهەمە كلاسیكییەكانی كورد بگەنە ئاستی بەرهەمە كلاسیكییە جیهانییەكان، ئێمە خاوەن بەرهەمی زۆر نایاب و بێ سنوورین، بۆیە پێویستە گرنگییەكی زیاتریان پێ بدرێت، زۆر بەرهەمی فۆلكلۆرمان هەیە هاوشێوەی یەكترین، بەڵام شێوەی گوتنیان لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكەی كوردستان جیاوازن، من لە سەرەتای كاری هونەریمەوە تا ئێستا و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبم لەسەر گوتن و نوێكردنەوەی بەرهەمە فۆلكلۆرییەكان.
* لە كلیپەكانتدا كەسێك یان لایەنێك هەیە هاوكاریت بكات، یانیش لەسەر ئەركی خۆت ئەنجامیان دەدەیت؟
- بەداخەوە هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا كەس وەك سپۆنسەر هاوكاریی نەكردووم لە بەرهەمەكان و لە ڤیدیۆ كلیپەكانیشدا، كەسانێك هەن لە كۆمپانیا و دەوڵەمەندەكان كە یارمەتی بەشێك لە هونەرمەندان دەدەن، بەڵام كەس یارمەتیی منی نەداوە، خۆیشم داوام نەكردووە و هەموو كارەكانم بە ماندووبوون و ئەركی خۆم ئەنجام داون.
* لە هەموو پارچەكانی كوردستان هونەر بەردەوامە، بە رای ئێوە لە كام پارچە هونەر پێشكەوتنی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە؟
- وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە تا راددەیەك زەحمەتە، بەڵام وەك هونەرمەندێك پێموایە باشووری كوردستان زۆر دەوڵەمەندە بە كاری فۆلكلۆری و وەك سەرچاوەی گۆرانییە، بۆ نموونە شاری زاخۆ شوێنی پێگەیاندنی دەیان هونەرمەندی گەورە بووە، بەداخەوە وەك پێویست سوودی لێ وەرنەگیراوە، تێبینی دەكرێت كە كەوتووەتە ژێر كاریگەریی ئەرابیسك و هونەری عەرەبی، هەرچەندە ژمارەیەك هونەرمەند ئەو كاریگەرییەیان لەسەر نەبووە و رەسەنایەتی هونەریی كوردییان پاراستووە، لە باكووری كوردستانیش هونەرمەندانی جۆلەمێرگ و لە رۆژئاواش هونەرمەندانی عەفرین توانیویانە رەسەنایەتی و تایبەتمەندیی هونەری كوردی بپارێزن، ئەمەش لە بەرهەمەكان و ئاهەنگەكانیان بە روونی رەنگی داوەتەوە.
* تێكەڵكردنی هونەری كوردی و هونەری میللەتانی دیكە چۆن دەبینیت؟
- مخابن لەبەر ئەوەی كوردستان پارچە پارچە بووە، بۆیە دەبینین كاریگەریی تورك و عەرەب و فارس بەسەر هونەری كوردیەوە بە روونی دیارە، ئەمەش كارێكی ئاساییە.
* سۆشیال میدیا رۆڵێكی گرنگی لە هەموو بوارەكانی ژیاندا هەیە، وەك هونەرمەندێك تا چەند گرنگی بە سۆشیال میدیا دەدەیت؟
- ئێستا سەردەمی دیجیتاڵ و سۆشیال میدیایە لە هەموو بوارەكانی ژیاندا، پێشتر سیدی و كۆنسێرت و بەرنامە و فیستیڤاڵ هەبوون، ئێستا بە هۆی سۆشیال میدیاوە ئەمانە كەم بوونەتەوە، لەبەر ئەوەی ئێمە ژمارەی كەناڵی تەلەفزیۆنیمان كەمە، سۆشیال میدیا باشترین سەكۆیە بۆ ئەوەی كار و بەرهەمەكانی خۆمانی تێدا بڵاو بكەینەوە و لەگەڵ جەماوەر بەردەوام بین، بۆیە ئەگەر سەرقاڵی كاری هونەری و فیستیڤاڵ نەبم، كاتێكی زۆر بۆ سۆشیال میدیا تەرخان دەكەم.
* هیچ پڕۆژەیەكی نوێت لەبەردەستە بۆ داهاتوو؟
- بەپێی كات و بارودۆخ بەرهەمەكانم بەردەوامن، بەر لە ماوەیەك دوایین بەرهەمی خۆم بە ڤیدیۆ بڵاوكردەوە كە پێك دێت لە گۆرانییەكی فۆلكلۆری كوردی، ئێستا كار لەسەر دوو كلیپی دیكە دەكەم و بە نیازم لە مانگی ئەیلوول بڵاویان بكەمەوە

Top