خانمان لە پێشوازیی بەستنی كۆنگرەی 14ی پارتیدا خوازیاری پێگەی باشترن

خانمان لە پێشوازیی بەستنی كۆنگرەی 14ی پارتیدا خوازیاری پێگەی باشترن

 

پارتی دیموكراتی كوردستان بە دروشمی گۆڕانكاری و نوێبوونەوە ئامادەسازی بۆ بەستنی كۆنگرەی 14 دەكات، ئاشكرایە لە یەكەمین كۆنگرەی خۆیدا لە 16ی ئابی 1946 لە شاری بەغدا دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیەندرا و تا ئێستا 13 كۆنگرەی بەستووە و دوا كۆنگرە واتا كۆنگرەی 13 لە 11ی12ی 2010 بە بەشداری زیاتر لە 1500 ئەندام لە هەولێر بەسترا. بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەبێت چوار ساڵ جارێك كۆنگرە ببەسترێت، بەڵام لە ساڵی 2010وە كۆنگرەی نەبەستووە و هۆكارەكەشی بۆ شەڕی داعش و قەیرانە سیاسی و ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە. لە ئێستادا ئامادەكاری بۆ بەستنی كۆنگرەی 14 ی پارتی دەكرێت و بڕیارە لە مانگی 11 ی ئەم ساڵ كۆنگرەكە لە شاری دهۆك بەڕێوە بچێت و تێیدا 800 ئەندام ئامادە بن. ئافرەتانیش خوازیاری پێگەی باشتر و پشكی زیاترن و لەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان-یشدا ئەو پرسە پتر تاوتوێ دەكەن.

 

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

حەیات مەجید پەرلەمانتار لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «لە ناو هەموو گرفتە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی ئەمڕۆی عێراق و ناوچەكەدا، پارتی بڕیارێكی گرنگی داوە، ئەویش بڕیاری بەڕێوەبردنی كۆنگرەیە و هاوكات دەڵێت: «هەلبەت بەستنی كۆنگرەی پارتی دوای نزیكەی دوانزە ساڵ بە بەرگ و بۆن و نوێبوونەوەیەكی دیكەوە دەكرێت و بێگومان ڕۆحی تازە و سەركردەی گەنج تێیدا دێنە پێشەوە.» هێما بۆ ئەوەش دەكات كە «پارتی دیموكراتی كورستان دوای سێ چارەكە سەدە لە بەردەوامی، هێشتا وەكو پارتێكی یەكەمی ناو گۆڕەپانی سیاسی دەردەكەوێت و مومارەسەی سیاسی خۆی دەكات و كار لەسەر پرسی نەتەوە و دەوڵەتسازی دەكات.» گوتیشی: «هەموومان چاوەڕێی نوێگەری و نوێبوونەوەی زۆرترین لەناو سەركردایەتی و ڕێكخستنەكانی پارتیدا، بە نموونە كۆمەڵێك گەنج و ئافرەتی بەتوانا بێنە ناو كایەكەوە و خزمەتی پرسی ئافرەت بكەن، كە لای من وەك ئافرەتێك چۆنایەتی گرنگترە لە چەندایەتی، بۆیە دەبێت ئەندامانی بەڕێزی كۆنگرە بە مەسئوولییەتەوە دەنگ بە كەسانی شایستە و بە توانا بدەن، كە بتوانن خزمەت بە كوردستان و پارتی بكەن، واتە ئەو كەسانەی هەڵدەبژێردرێن، لەو ئاست و چاوەڕوانییە بن، كە كارامەییان هەیە، نەك چانس، هیوادارم خانمان ئافرەتانی دی تووشی نیگەرانی نەكەن بە دەنگدانیان بە كەسی ناشیاو، بەڵكو هەڵبژاردنی كەسی بەتوانا و شیاو باشترین دەرفەتە بۆ بەرەوپێشچوونی پرسی ئافرەت لە ناو حزب و لە ناو ڕێكخستنەكاندا و لە ناو كۆمەڵگەشدا، دەبێت كەسانی خاوەن بڕیار و بەتوانا بكەینە پێشڕەوی حزب، بەتایبەت ئافرەتی كارامە و كارا».

تەرزە حسێن كارگێڕی ناوچەی ناوەندە ئەكادیمییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانە و ڕای وایە: «بۆ حزبێكی وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان، كە تەمەنی لە سەرووی ٧٦ ساڵە، بەستنی كۆنگرە قۆناغێكی هەرە گرنگ و چارەنووسسازی ناوخۆی حزبە، چونكە پارتی لە لایەك هەڵگری پەیامی نەتەوەیی و بەرگریكارێكی سەرسەختی ناسنامەی كوردایەتییە، لە لایەكی دیكەشەوە خاوەن پێگەیەكی بەهێز و فراوانی سیاسی و جەماوەرییە، جگە لەو دەستكەوتە گەورانەی كە لەسەر دەستی پارتی بە دەست هاتوون و ئەركی پاراستنیان كەوتووەتە سەر شانی پارتی و هەروەها لە خەباتی بەردەوام دایە بۆ گەیشتن بە تەواوی ئامانجەكان.» سەبارەت بە بەستنی كۆنگرەش گوتی: «كۆنگرە پێداچوونەوەیە بە قۆناغی نێوان دوو كۆنگرە و دەستنیشانكردنی خاڵە ئەرینی و نەرێنییژەكان و پێداچوونەوەیە بە پەیڕەو و پڕۆگرامی حزب و ئامانجە دوور و نزیكەكان و، دیراسەتكردنی بۆ دۆخی سیاسی و داڕشتنی نەخشە ڕێگا بۆ قۆناغی داهاتوو، لە كۆتاییشدا بابەتی هەڵبژاردن خاڵێكی هەرە گرنگە كە نوێبوونەوە بە حزب دەبەخشێت. لەگەڵ بەستنی كۆنگرەی چواردەمان، وەك هەمیشە ڕابەر و سەرۆكمان ڕێزدار مسعود بارزانی داكۆكی لەوە دەكات كە دەبێت ڕێژەی بەشداریی ئافرەتان لە 25% كەمتر نەبێت، ئەمەش یەكێكە لە دەستكەوتە مەزنەكانی ئافرەتانمان كە بارزانیی نەمر هەمیشە داكۆكیكاری بوون». گوتیشی: «لێرەدا خوازیارین ئەم كۆنگرەیە ببێتە مایەی بەرەوپێشچوونی زیاتر و هەنگاونان و دیراسەتكردنی داهاتووی گەلی كوردستان و ئەو گۆڕانكارییانەی لە ناوچەكە ڕوودەدن، گەشبینیشم لەوەی لەم كۆنگرەیە كۆمەڵێك كادیری گەنج و پێگەیشتوو دێننە پێش و گۆڕانكارییەكی زۆر ڕوو دەدەن لە پەیڕەو و پڕۆگرامی حزب و ئەرك و مافی ئەندام و لایەنگرانی پارتەكەمان و، بەرەوپێشچوونێكی گەورە و دەستكەوتێكی زۆر باشی بۆ تەواوی كادیران دەبێت».

شنیا هۆشیار كارگێڕی لقی هەڵەبجەی (ی،ق،ك)، پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە «پارتی دیموكراتی كوردستان دروشمی گۆڕانكاری و نوێبوونەوەی بەرز كردووەتەوە، بێگومان ئەمە دروشمێكی سەردەمییانەیە و لە هەمان كاتدا گرنگ و بایەخداریشە، چونكە سەردەمەكە وادەخوازێت، هاوشانی پێشڤەچوونەكان، خۆگونجاندن و خۆڕێكخستنەوە هەبێت، بەڵام لەمانەش گرنگتر ئەوەیە كە گۆڕانكاری و نوێبوونەوە پێویستە هەمەلایەن و گشتگیر بێت، بەو مانایەی هەنگاوەكانی گۆڕانكاری چۆن پێویستە ورد و حیساب بۆ كراو بن، ئاوەهاش پێویستە لە بچووكترین پێكهاتە و ئۆرگانەوە تیشكی بخرێتە سەر و هەر ناوەند و ئۆرگانێك قورسایی خۆیی پێ بدرێت، لە گشت توێژ و پێكهاتەكانی حزبدا هەم نوێبوونەوە وەدی بهێنرێت، هەمیش گۆڕانگاری پێویست بە ئاراستەی باشتر بكرێت.» گوتیشی: «ئافرەتان وەك توێژێكی هەرە گرنگی كۆمەڵگە پێویستە لە كاروانی نوێبوونەوە و بەرەوپێشبردندا جێ نەمێنن و جێ نەهێڵدرێن و پشتگوێ نەخرێن، ئاخر ئەمان دەبنە بەردی بناغەی زۆر داهێنان و سەركەوتنی دی، ئەگەر وەك پێویست ئاوڕیان لێ بدرێتەوە و لەگەڵ كاروانەكەدا بایەخیان پێ بدرێت، نوێبوونەوە بە نیسبەت ئافرەتانەوە فرە ڕەهەندە و لە هەمان كاتیشدا تایبەتمەندی خۆی هەیە، لایەنی هەرە گرنگ لەم ئاستەدا نوێكردنەوەی توانا و لێهاتووییەكانی ئافرەتانە، ئەویش بەوەی بتوانرێت ئافرەتی خاوەن توانا و لێهاتوویی بایەخ و پێگەی پێویستی پێ بدرێت و لە هەمان كاتدا تواناكانیشی تاقی بكرێتەوە و چاودێری بكرێت و هەڵبسەنگێندرێت بۆ ئەوەی بزانرێت تاچەند توانای داهێنان و وەگەڕخستنی تواناكانی هەیە، لە هەمان كاتدا بە شێوەیەكی بەردەوام لە ڕێگەی خول و پێدانی زانیاریی نوێ و هاوچەرخەوە پێویستە پەرە بە تواناكانی ئافرەتان بدرێت، بۆ ئەوەی تەیار بن بە چەكی زانست و مەعریفە و مافەكانی خۆیان و ئەركەكانیشیان بزانن و بتوانن داكۆكیكارێكی ڕاستەقینە و باش بن بۆ مافەكانیان و دڵسۆز بن لە ڕاپەڕاندنی ئەركەكانیان و فاكتەرێكی بەهێزی پێشخستنی كۆمەڵگەش بن. پێویستە ئافرەتان بە شێوەیەك بایەخیان پێ بدرێت، كە هەست بە بوون و تواناكانی خۆیان بكەن و شانازی بە خۆیانەوە بكەن، هەست بەوە بكەن كە توانا و لێهاتووییەكانیان هۆكاری بەرەوپێشچوونیانە و هەتا زیاتر خۆیان پێ بگەیەنن، باشتر دەتوانن پێش بكەون و پێگەی باشتر بەدەست بێنن.

جا ئەگەر ئەوانە كران كە باسمان كرد، ئەوا دەبێتە هۆی گۆڕانكارییەكی نەوعی لە مەیدانی چالاكیی ئافرەتان و هاتنە پێشەوەی كادری نەوعی و خاوەن بەهرە و داهێنای لە گشت ئاستەكاندا، بەوەش واقیعێك دێتە پێشەوە كە ئافرەتان بە شێوەی ڕاستەقینە دەبنە نمایشكاری توانا و لێهاتووییەكانی خۆیان نەك شتی دی، زەمینەیەكیش ساز دەبێت كە ئافرەت لە ناوەندەكانی بڕیاری حزبی و حكوومی و ڕێكخراوەكانیشدا تەعبیری ڕاستەقینە لە نوێنەرایەتیی خودی ئافرەتان بكات و خاوەن دەنگ و سەنگی خۆی بێت، نەك سێبەر و پاشكۆی پیاوان بێت، یان لەبەر هۆكاری لابەلا شوێن و كورسی پێ پڕ كرابێتەوە. جا بۆیە گۆڕانكاری و نوێبوونەوە ئەگەر لە گشت كایەكاندا پێویست بێت، ئەوا لە كایەی خەباتی ئافرەتاندا پێویستتر و پڕبایەخترە، نوێبوونەوەی ڕاستەقینەش دەبێتە هۆی گۆڕانكاریی جەوهەری بە ئاراستەی ئەكتیڤبوون و بەرهەمداربوون و دواجاریش پێشخستنی پارتی و بەرنامەی پارتی لە هەموو بوارەكانی دیكە بە گشتی و لە بواری ئافرەتاندا بە تایبەتی».

 

Top