جون توفێڵ درەیەر پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی لە زانكۆی میامیی ئەمریكا بۆ گوڵان: چین دەیەوێت بە گوشاری ئابووری تایوان ناچار بە خۆڕادەستكردن بكات
جون توفێڵ درەیەر پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی میامی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، وانەبێژی سیاسەتی بەرگریی ئەمریكا و چین و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە، پسپۆڕ و تایبەتمەندی كاروبارەكانی چین و تایوان و چەند بوارێكی گرنگی دیكەیە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پتر پەیوەست بوون بە پەیوەندییەكانی ئێستای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و چین و بەتایبەتی پرسی تایوان و ئەو بارگرژییە هەڵكشاوەی بە هۆی ئەم پرسەوە ڕووی داوە.
* هەروەك ئاشكرایە ململانێ و ڕكابەرییەكی زۆر هەیە لە نێوان هەردوو وڵاتی چین و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئێوە لەم ساتەوەختەدا چۆن وەسفی پەیوەندییەكانی ئەم دوو وڵاتە دەكەن؟
- ئاشكرایە كە پەیوەندییەكانی نێوان ئەم دوو وڵاتە باش نین لە ئێستادا، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستییەش نادیدە نەگرین كە بۆ ماوەیەكی زۆرە ئەم دوو وڵاتە لە پەیوەندییەكی خراپدان لەگەڵ یەكتری. سەردانەكەی ئەم دواییەی خاتوو نانسی پێلۆسی(سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا) بۆ تایوان هێندەی دیكەی ئەم پەیوەندییانەی ئاڵۆز كرد، بەڵام من پێم وایە لە بنەڕەتدا ئەمە هەر ڕووی دەدا. لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕم وایە چین بە دوای بیانوو و پاساوێكدا دەگەڕا بۆ بەرفراوانكردنی چالاكییەكانی، یان با بڵێین چالاكییە فراوانخوازییەكانی، ئەم سەردانەی خاتوو پیلۆسی-یش بیانوویێكی باشی بۆ چین دەستەبەر كرد.
* هەروەك ئاشكرایە سەردانەكەی خاتوو نانسی پیلۆسی، وڵاتی چینی زۆر ناڕەحەت و نیگەران كرد، ئایا پێتان وایە پێویست بوو بەرپرسێكی ئەوها باڵای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەردانی تایوان بكات؟ ئایا نەدەبوو ئەمریكا ئەوە لەبەرچاو بگرێت كە چین لە بەرامبەر هەنگاوێكی لەم چەشنەدا كاردانەوەی دەبێت؟
- لە ڕاستیدا زەحمەتە حوكم لەسەر ئەوە بدەین، ئایا هەنگاوێكی لەم چەشنە پاساوی هەیە، یان نا. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەو ڕاستییە ڕەچاو بكەین، كە سەرۆكی چین (شی جین پینگ) ڕووبەڕووی بەرهەڵستكاری ناوخۆیی بووەتەوە لە نێو وڵاتەكەیدا، نەك لە نێو خەڵكەكەیدا، بەڵكو لە نێو گرووپەكەی خۆیدا لە بارەی ئەوەی ئایا بیرۆكەیەكی باشە كە بۆ خولی سێیەمی سەرۆكایەتی هەر بە سەرۆك بمێنێتەوە، لەم ڕووەوە سەرۆكی چین هەوڵ دەدات سەركەوتنێك بەسەر تایواندا تۆمار بكات، كە لە بنەڕەتدا ئەمە سەركەوتن دەبێت لە بەرامبەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ بەهێزكردنەوەی پێگەی خۆی و بۆ ئەوەی پێیان بڵێت و بانگەشەی ئەوە بكات كە «من پاڵەوانم و من هەنگاو هەڵدەگرم بۆ یەكخستنەوەی تایوان لەگەڵ چیندا، لەبەر ئەوە متمانەم پێ بكەن و بوار بدەن، خولی سێیەمی سەرۆكایەتی بگرمەوە دەست..» لەبەر ئەوە پێموایە ئەو هەلومەرجەی ئێستا هاتووەتە ئاراوە دۆخێكی لەبارە بۆ پلانەكەی ئەو.
* ئایا بە دید و تێڕوانینی ئێوە تا چەند ئەم هەڵكشانی بارگرژییەی كە لە نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و چیندا دروست بووە بە هۆی پرسی تایوانەوە، دەبێتە هۆی زیاتر لێكترازاندن و خراپبوونی پەیوەندییەكانی نێوان ئەم دوو وڵاتە؟ ئایا پێت وایە ئەمریكا بوار بە چین بدات بۆ ئەوەی دەست بە سەر تایواندا بگرێت؟
- ئەوەی ئێوە ئاماژەی پێ دەكەن لە خراپبوونی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و چین شتێكی ڕاستە. هەروەها من پێم وا نییە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەستەوەستان بوەستێت لەبەرامبەر دەستبەسەرداگرتنی تایوان لەلایەن وڵاتی چینەوە. دواتر دەبێت ئێمە ئەوە بڵێین كە تەنیا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نییە كە ناڕەحەت و نیگەران بێت لە ئاست هەوڵ و هەنگاوەكانی چین، بەڵكو دەبینین وڵاتی یابانیش بە ڕاددەیەكی گەورە ناڕەحەت بووە لەم بارەیەوە. چونكە ئەگەر لە نەخشە بڕوانین ئەوا تایوان درێژبوونەوەیەكی جوگرافیی وڵاتی یابانە و زۆربەی دوورگە بچووكەكانی باكووری تایوان نزیكن لە دوورگە بچووكەكانی باشووری یابانەوە و هێندە لێك نزیكن كە لە ڕۆژدا دەتوانیت لە دوورگەیەكەوە، دوورگەكەی دیكە ببینیت. ئەمە بەو مانایە دێت، ئەگەر ئاوی ئیقلیمی چین درێژ ببێتەوە بۆ دوڕگەكانی تایوان ئەوا ڕاستەوخۆ نزیك دەبێتەوە لە یابانەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە ڕووی مێژوییەوە چین و یابان لە پەیوەندییەكی باشدا نەبوون، ئەوا هەنگاوێكی لەم چەشنە یابان نیگەران دەكات. هەروەها یابان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پەیماننامەی هاوپەیمانێتییان لە نێواندایە، مەبەستم ئەوەیە ئەگەر یابان نیگەران بێت ئەوا دەبێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش نیگەران بێت. هەروەها حكومەتی ئوسترالیاش زۆر نیگەرانە لەم بارەیەوە.
* هەروەك دەزانین كێشەی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و چین تەنیا پەیوەست نییە بە پرسی تایوانەوە، بەڵكو چەندین كێشەی دیكە هەن، وەك پرسی كەمینەی ئیگۆر لە چین و سیاسەت و ڕێكارەكانی چین لە بەرامبەر بزووتنەوە دیموكراسییەكاندا، پرسیارەكە ئەوەیە تا چەند ئەم پرسانە ڕەنگدانەوەیان هەبووە لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ئاست چیندا؟
- بە دڵنیاییەوە خەڵكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە دڵەڕاوكێوە دەڕوانن لەو هەڵسوكەوتانەی لەگەڵ كەمینەی ئیگۆردا دەكرێن، هەروەها دەبێت ئاماژە بەوەش بكەین كە بە سەر خەڵكی هۆنگ كۆنگدا دێت. هەرچەندە دەبێت ئەوە بڵێین كە ژمارەیەكی كەمی بەرپرسانی ئەمریكا سەردانی ناوچەی جێنشینی ئیگۆریان كردووە، لە كاتێكدا ژمارەیەكی زۆری بەرپرسانی ئەمریكا سەردانی هۆنگ كۆنگیان كردووە و لە نزیكەوە بارودۆخەكەیان بینیوە. كەواتە لێرەدا مەبەستم ئەوەیە بڵێم كە ئەمە هەستی خەڵكی ئەمریكایە لە ئاست ئەم كێشانەدا. لەم ڕووەوە ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدنیش- هەروەك هەر ئیدارەیەكی دیكەی ئەمریكا- دەبێت ڕای گشتی وڵاتەكەی لە بارەی ئەم پرسانەوە لەبەرچاو بگرێت و، بە هۆی ئەوەی بە سەر كەمینەی ئیگۆر و خەڵكی هۆنگ كۆنگدا دێت، ڕای گشتیی ئەمریكا لە ئاست چیندا توند بووە. لە هەمان كاتدا دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین كە دیپلۆماتكارە چینییەكان لێدوانی زۆر توند و زبر دەدەن، كە پێی دەوترێت «دیپلۆماسییەتی گورگی جەنگاوەر - Wolf warrior diplomacy»، واتە لێدوانی دیپلۆماتكارەكانی چین سووكایەتی لەخۆ دەگرن.
* ئاشكرایە كە ئیدارە یەك لە دوای یەكەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە مامەڵەكردنی لەگەڵدا چیندا ڕێچكەیەكیان گرتووەتەبەر كە پێی دەوترێت ناڕوونی، یان نادڵنیایی ستراتیژی (strategic ambiguity)، پێت وایە ئەمە سیاسەتێكی سەركەوتوو بووە؟ ئایا تا چەند پاساوی درێژەپێدانی ئەم جۆرە سیاسەتە لە ئارادا ماوە دوای ئەو پەرەسەندنانەی لە پەیوەندییەكانی نێوان چین و ئەمریكا هاتنەئاراوە؟
- بە تێڕوانینی من ئەمە ستراتیژیەتێكی بەردەوام بووە و توانراوە تا ئێستا درێژەی پێ بدرێت و پیادە بكرێت، بەڵام پێم وایە ئەم ستراتیژیەتە تا ئەو ڕاددە سەركەوتوو دەبێت و درێژە دەكێشێت كە هیچ لایەك- واتە نە ئەمریكا و نە چین- هەوڵی ناسەقامگیركردنی بارودۆخە هەنووكەییەكە نەدەن. كە ئێمە دەزانین نە تایوان و نە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەڵوێستێكی دوژمنكارانەیان نەگرتووەتەبەر، بەڵام چین خوێندنەوەی هەڵەی بۆ هەلومەرجەكە كردووە و پێی وابووە ئەمە بە مانای جۆرێك لە ملكەچبوونی ئەمریكا و تایوان دێت و ئەم دوو وڵاتە هیچ هەنگاوێك ناگرنەبەر، ئەگەر هاتوو چین هەوڵی گۆڕینی بارودۆخە هەنووكەییەكەی دا، كە پێم وایە چین لەمەیاندا دووچاری هەڵەیەكی جددی بووەتەوە. لەم ڕوانگەیەوە هەندێ كەس لە نێو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا پێیان وایە كاتی ئەوە هاتووە كۆتایی بە ناڕوشنیی ستراتیژی بهێنرێت لە ئاست چیندا، ئەمریكاش ئەم ڕێگاچارەیەی تەنیا لەبەر ئەوە گرتەبەر كە تایوان هیچ كردەوەیەك نەكات كە ببێتە هۆی ورووژاندنی چین و داگیركردنی لەلایەن چینەوە. بەڵام سەرۆكی ئێستای تایوان، (سای ئینگ وێن) كە خۆم چەند جار بینیوومە، كەسێكی زۆر ژیرە، هەروەها زۆر بە وریاییەوە هەنگاو هەڵدەگرێت و كەس لەو باوەڕەدا نییە كە هەنگاوێك بنێت كە ببێتە هۆی ئەوەی چین بە چەشنێك بورووژێت كە لە كۆتاییدا پەنا بۆ داگیركردنی تایوان ببات.
* ئایا پێت وایە لە حاڵەتی هەڵگیرسانی شەڕ و داگیركردنی تایوان لەلایەن چینەوە، هەڵوێستی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چۆن دەبێت، یان دەبێت چۆن بێت؟
- بە تێڕوانینی من ئەگەر چین پەنا بباتەبەر داگیركردنی تایوان، ئەوا ئەمریكا دەستتێوەردان دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەوە لە یاد نەكەین كە وڵاتی چین زۆر بە حەزەرە لەم ڕووەوە و من پێم وا نییە لەم ئێستادا پەنا بۆ داگیركردنی تایوان ببات. بەڵكو لە ئێستادا ئامانجی چین چڕ بووەتەوە لە پیادەكردنی گوشین و گوشاری ئابووریی هێندە توند لە بەرامبەر تایواندا و ئومێدەكە لەلایەن چینەوە ئەوەیە كە لە كۆتاییدا تایوان ناچار بە خۆڕادەستكردن بكرێت.
* ئەی چۆن لە هەڵوێستی چین دەڕوانن لە ئاست شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیادا؟
- ئەوەی تا ئێستا بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە چین هەوڵی داوە لایەنگری هیچ لایەك نەكات، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كە تا ئێستا چین ئیدانەی ڕووسیای نەكردووە لەسەر داگیركارییەكەی دژ بە ئۆكرانیا، كە ئەمەش باقی جیهانی ناڕەحەت كردووە، كە پێیان وایە دەبوو چین ئیدانەی ڕووسیا بكات. لەم ڕووەوە چین ڕای زۆرێك لە وڵاتانی لە دژی خۆی ورووژاندووە، بە بێ ئەوەی ئەم هەڵوێستەی بووبێتە هۆی باشتركردنی پێگەی ڕووسیا.