هۆشمەند ڕەفیق ئابووریناس و مامۆستای زانكۆی سەلاحەدین بۆ گوڵان: كابینەی نۆیەم سەلماندیی كە حكومەتی خەڵك و هاووڵاتییە

هۆشمەند ڕەفیق  ئابووریناس و مامۆستای زانكۆی سەلاحەدین بۆ گوڵان:    كابینەی نۆیەم سەلماندیی كە حكومەتی خەڵك و هاووڵاتییە

 

لە سێ ساڵی ڕابردوودا وێڕای قەیرانە دارایی و تەندروستییەكانی جیهان و داشكانی بەهای نەوت لە دەستپێكی كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، توانرا بارودۆخە سەختەكان تێپەڕ بكەین، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چەندین بواردا چاوخشاندنەوەی بە پەیكەر و كاروبارەكانی ئابووری و كارگێڕیدا كرد، بۆ قسەكردن لەسەر هەر دوو بواری بەڕێوەبردن و ئابووری چەند پرسیارێكمان ئاراستەی هۆشمەند ڕەفیق مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین كرد و بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

 

* وەكو كەسێكی ئەكادیمی و شارەزا لە بواری ئابووری و كارگێڕیدا، ئایا هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ كار و پڕۆژە و ئەدای كارگێڕی و ئابووریی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە چۆنە؟

- سێ ساڵی ڕابردوو بۆ خەڵكی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگ و هەستیار و پڕ تەحەددی بوون، لەلایەك بە كۆمەڵێك قەیرانی سەختی دارایی و ئابووری و تەندروستیدا تێپەڕ بووین، لەلایەكی دیكەش ڕاستكردنەوەی پرۆسەی كارگێڕی و ئابووری و ڕاگرتنی گەندەڵی، تەحەددیەكی گەورە بوو لە بەردەم جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیەی كابینەی نۆیەم ڕایگەیاندبوو، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو سەرچاوەی گەندەڵیی گەورە و سەرەكی ئەو خەڵكانە بوون كە خۆیان بە خاوەن دەسەڵات و چەكدار دەزانی، بەڵام جددییەتی سەرۆكی حكومەت لەم پرۆسەیەدا هەنگاوەكانی تا ڕاددەیەكی باش بەرەو ڕاگرتنی گەندەڵی برد. هەرچۆنێك بێت بە هەموو تێبینی و سەرنجەكان دەتوانین بڵێین لە ماوەی سێ ساڵی تەمەنی ئەم كابینەیەدا كار و پڕۆژەی گرنگ ئەنجام دران، ڕەنگە هەمووی لە ئاست خواست و داواكارییەكانماندا نەبێت، ئەمەش بۆ سرووشتی چاكسازی و ڕێگری لە گەندەڵی و ڕاستكردنەوەی هەڵە و كەمومورتییەكان دەگەڕێتەوە، كە پرۆسەیەكی بەردەوامە و نابێت پەلە لە گۆڕانكاری و هەنگاوەكاندا بكرێت، لەم لایەنەوە بۆ ئەوەی هەموو هۆكارەكان دەستنیشان بكرێن، پێویستی بە هەڵسەنگاندنی ئەكادیمی و زانستی بۆ ئەدای حكومەت و وەزارەت و دامەزراوەكانی بە دیدگای بەڕێوەبردن و ئابووری دەبێت، بەڵام وێڕای هەموو ئەو ئاستەنگ و تەحەددییانەش لە كابینەی نۆیەمدا كاری باش و گەورە كراوە، ڕووبەڕووی گەندەڵی بووەتەوە و هەنگاوە سەرەتاكانی ڕاستكردنەوەی سیاسەتی ئابووری دەستی پێ كردووە، زۆر لەو پڕۆژە ڕاگیراوانەی بە هۆی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە ڕاوەستابوون، دووبارە دەست بە جێبەجێكردنیان كراوەتەوە و، سەرۆكی حكومەت هەمیشە خۆی بە بەرپرسیاری چارەسەری قەیرانەكان زانیوە.

* پرۆسەی چاكسازی و ڕاستكردنەوەی سیاسەتی ئابووری و دانانی سیاسەت و ستراتیژێكی تازە بۆ پشتبەستن بە تواناكانی خۆمان كارێكی ئاسان نییە، لەم لایەنەوە لە ڕووی كارگێڕی و داراییەوە چۆن هەنگاوەكانی چاكسازی هەڵدەسەنگێنن؟

-  مەرجی سەرەكی بۆ سەرخستنی گۆڕانكاری و سەرەتای ڕێگەی ڕاستكردنەوەی هەڵە و كەموكورتییەكان، پێویستی بە سەركردەیەكە كە ئیرادەیەكی بەهێزی هەبێت و چۆك بۆ ئاستەنگ و تەحەددییەكان دانەدات و، لە ماوەی ئەم سێ ساڵەشدا ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت ئەو ئیرادە بەهێزەی پیشان داوین، لەمەش زیاتر چاكسازی تەنیا گەڕانەوە نییە بۆ هەڵدانەوەی دۆسێ و سزادانی ئەو كەسانەی سوودمەند بوون لە ڕابردوودا، بەڵكو چاكسازی پرۆسەیەكی بەردەوام و لەسەرخۆیە، بە ڕێگەی زانستی و ڕاست و دروست ئەنجام دەدرێت، گرنگ ئەوە بوو لەم كابینەیەدا پڕۆژە ڕاوەستاوەكان دەست بە جێبەجێكردنەوەیان كرا، چیتر گرێبەست و ئەو كار و پڕۆژانە بەردەوامی پێ نادرێت كە داهاتی گشتی بە هەدەر دەدات، یان تا ڕاددەیەكی باش ستۆپ بە گەندەڵی كرا، هەر چەندە بە هۆی تێكەڵی لە پرۆسە سیاسییەكەدا بۆ ناو پرۆسەی حوكمڕانی ڕێگریی گەورە هەیە بۆ ڕاگرتنی گەندەڵی بە تەواوەتی.

* ڕێكخستنەوەی داهاتەكان و زیادكردنی و كەمكردنەوەی خەرجیی زیادە تا چەند لە ڕوانگەی ئابوورییەوە بۆ گەیشتن بە حكومەتێكی بەهێز گرنگن؟

- لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا حكومەتی هەرێمی كوردستان قەرزی نەكردووە و، بگرە ملیارێك دۆلار قەرزیشی داوەتەوە، كۆی گشتیی پێداویستییەكانی هەرێمیشی لە مووچە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دابین كردووە و ژمارەیەك پڕۆژەشی جێبەجێ كردووە، ئەوەی زیاتر جێگەی دڵخۆشییە ئەوەیە كە سەرۆك وەزیران كابینەكەی كردووە بە یەك تیم و هەموو پێكەوە كاری یەكدی تەواو دەكەن، هەر ئەمەش وای كردووە كە وێڕای ئەوەی پێداویستییەكانی كۆمەڵگە و پێداویستیی خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتی زۆر بەرز بووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەم كابینەیەدا زۆرترین كار و پڕۆژە ئەنجام دراون، ئاشكراشە دابینكردنی مووچە و خزمەتگوزارییەكان و بەڕێوەبردنی سێكتەرەكانی ئارامی و خزمەتگوزاری و پەروەردە و تەندروستی پێویستی بە بودجە و داهاتی گەورە هەیە، بەڵام بەو هەنگاوانەی كابینەی نۆیەم لە بواری زیادكردنی داهات و كەمكردنەوەی خەرجی و فرەچەشنكردنی ئابووری و گرنگیدان بە كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵی و گەشتیاری ئەنجامی داون، زەمینەیەكی تازەی كاركردن بۆ حكومڕانیی باش هاتە ئاراوە، كە ڕەنگدانەوەی لەسەر زیادكردنی داهات و دۆزینەوەی هەلی كاری زۆر بوو، ئەمەش هەنگاو و دەستكەوتێكی گرنگە.

* ئاماژەت بە چاكسازی لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەكاندا كرد، ئایا لە ڕووی زانستییەوە دەبێ چی بكرێت بۆ ئەوەی حكومڕانییەكی باش بێتە بەرهەم؟

- جیهانی كارگێڕی و بەڕێوەبردنی دامەزراوەكان لە دونیادا گۆڕانكاریی زۆر خێرا بە خۆیەوە دەبینێت، چ لە ڕووی زانستی كارگێڕییەوە بێت، یان لە ڕووی ئۆنلاین و تەكنەلۆژیاوە بێت، لە ڕووی ڕۆتین و نەهێشتنی بیرۆكراتیەتەوە هەنگاوی باش نراوە، لە هەندێك وەزارەتدا پەنا بۆ ئۆنلاین و سیاسەتی یەك پەنجەرە براوە، وەك بەئەلیكترۆنیكردنی مامەڵەكان و سكاڵا و وەرگرتنی پارەی خزمەتگوزارییەكان، لە ئێستادا ئەوەی پێی دەڵێن «حكومەتی ئەلیكترۆنی» لە چەند وەزارەتێك هەنگاوی بۆ هەڵگیراوە، بۆ نموونە: لە وەزارەتی كارەبا و خوێندنی باڵا و تەندروستی و ناوخۆ و چەند دامەزراوەیەكی دیكە ئەمە دەبینین و، لەماوەی داهاتوودا دەبێت لە ڕووی خزمەتگوزارییەكان و بەئەلەكترۆنیكردنی حكومەتەوە هەنگاوی گەورە و خێرا بنرێت و فشارێكی زیاتر بخرێتە سەر وەزارەت و دامەزراوەكان، بۆ ئەوەی گرنگیی زیاتر بە پۆرتاڵی خزمەت و بە ئۆنلاینكردنی مامەڵەكان و كەمكردنەوەی ڕۆتین بدرێت.

* دامەزراندی ژمارەیەك ئیدارەی سەربەخۆ و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان بۆ خوارەوە، تا چەند لە ڕۆتین و خێراكردنی مامەڵە و داواكارییەكان دەربازمان دەكات؟

- بڕیاری دامەزراندنی چەند ئیدارەیەكی سەربەخۆ لە زاخۆ و سۆران و ڕاپەڕین و بەقەزاكردنی چەند ناحیەیەكی دیكە، هەمووی دەستكەوت و خزمەتێكی زۆر بوو، نەك تەنیا بۆ خەڵكی ئەو ئیدارەیە، بەڵكو بۆ كەمكردنەوەی فشار و پاڵەپەستۆش لەسەر سەنتەری شارە گەورەكان، لە هەندێك شوێن بەداخەوە خراپ مامەڵە لەگەڵ شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان و گرنگیدان بە لامەركەزی كرا، وەك ئەوەی لە پارێزگای سلێمانی ڕووی دا و هیچ سیولەی نەختینەییان لە بانكەكان نەهێشت، بۆیە دەبێت لەگەڵ پەیڕەوكردنی نامەركەزی و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتە ئیداری و داراییەكاندا گرنگی بە دەسەڵاتە كارگێڕی و داراییەكان بدرێت و دامەزراوەكان بەهێز بكرێن، هەروەها حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت تەواوی دەسەڵاتی بەسەر هەموو زۆن و ناوچە و دەڤەرەكاندا هەبێت و توانای لێپرسینەوە و سزادان و ڕاپێچكردنی گەندەڵكارانی بۆ بەردەم دادگا هەبێت.

* چاكسازی لە بواری نەوتدا بە یەكێك لە دەستكەوتەكانی دیكەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، گۆڕانكارییەكانی ئەم بوارە چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

- لە بواری كۆكردنەوەی داهات لە هەموو بوارەكان چاكسازی كراوە، لە داهاتی دەروازە سنوورییەكان و ناوخۆ و باج و...هتد، سەبارەت بە چاكسازی لە كەرتی نەوت و شەفافییەت لەم كەرتەدا، حكومەت خۆی ڕایگەیاندووە بە ڕێژەیەكی زۆر باش ئەو داهاتەی لە فرۆشتنی نەوت بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە، زیادی كردووە و كۆمپانیای دیلۆت وردەكارییەكانی بڵاو دەكاتەوە، دواتر هەنگاونان بەرەو دامەزراندنی پاڵاوتگە و زۆرترین سوودوەرگرتن لە داهاتی نەوت كارێكی باشە و دەكرێت ناوی لێ بنرێت سەرەتای دەستپێكردنی كاروانێكی ڕاست و دروست لەپێناو گەیشتن بە بووژانەوەی كەرتی پیشەسازیی نەوت و پترۆكیمیاوی و سوودوەرگرتنی تەواو لە داهاتی نەوت. پێش دەرهێنان و ناردنە دەرەوەی نەوت سەرچاوەی داهاتی هەرێمی كوردستان بەشێكی لە بەغدا بوو، بەشەكەی دیكەی لە ناوخۆ بوو، كە داهاتێكی زۆر لاواز بوو، ئێستا ئیرادەیەك هەیە بۆ ئەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان بەرەو ئابوورییەكی فرەچەشن ببردرێت، نەك ئابوورییەكی بەكاربەر و بەكارهێنەر، وڵاتێكی وەكو ئیمارات ڕووی لە ئابووریی مەعریفی كردووە، چونكە نەوت نامێنێت و نرخەكەی لە هەڵكشان و دابەزیندایە، بەڵام مەعریفە هەر دەمێنێت و لەزیادبووندایە.

* «حكومەتی خەڵك»، ئەم چەمكە لە ڕووی ئیدارییەوە لە جیهاندا بایەخێكی زۆری پێ دەدرێت، لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشدا زۆر جەخت لە «حكومەتی خەڵك» كراوەتەوە، ئایا تا چەند كابینەی نۆیەم حكومەتی خەڵك بووە؟

- حكومەتی هەرێمی كوردستان حكومەتی خزمەتگوزاری و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییانە، واتا حكومەتی خەڵكە، زۆر حزبی سیاسی و ئۆپۆزسیۆن و بەداخیشەوە كەسانێك كە ناویان لە خۆیان ناوە ڕۆشنبیر و ڕووناكبیر، ویستیان كەلێنی گەورە لە نێوان خەڵك و حكومەتدا دروست بكەن، لە كاتێكدا لە دونیای پێشكەوتوودا حزبەكانی فەرمانڕەوا و ئۆپۆزسیۆنیش كار بۆ بەهێزبوونی حكومەت و كەمكردنەوەی كەلێنی نێوان حكومەت و خەڵك دەكەن، ئەركی سەرشانی ستافی نوێی ئەنجومەنی وەزیرانە بە هەموو حزبەكانی بەشداربوو لە حكومەت سوود لە هەموو تواناكانیان وەربگرن و حكومەت ڕاستەوخۆ گفتوگۆ و پەیوەندیی لەگەڵ هاووڵاتیان هەبێت، سەرەتا گرنگییەكی زۆر بە خزمەتگوزارییەكانی بدات و دواتر هەردوو كەرتی پەروەردە و تەندروستیی ئەم كابینەیە زۆر سەركەوتوو بوون لە بواری پاراستنی قەوارەی هەرێم و ئارامی و ئاسایشی هاووڵاتیان، واتا لە هەردوو بواری پێشمەرگە و ناوخۆدا، لە بوارە خزمەتگوزارییەكانیشدا هەنگاوی ناوە، بەڵام لەگەڵ پێشكەوتنەكان و هەڵكشانی خواست و ویستی دانیشتووان دەبێت بەردەوام ئاستی خزمەتگوزارییەكانی لە ڕووی كوالێتی و چەندایەتییەوە بەرزتر بكاتەوە.

Top