بەیاننامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیان : ئەو تاوانە ھەوڵێكی جدی بوو بۆ نەھێشتنی کوردی ئیزیدی لەشنگاڵ

بەیاننامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیان : ئەو تاوانە ھەوڵێكی جدی بوو بۆ نەھێشتنی کوردی ئیزیدی لەشنگاڵ

 

لەم بۆنە خەمناك و دڵتەزێنەدا سەری ڕێز و نەوازش دادەنوێنین و سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی یەکە یەکەی قوربانیانی ئێزیدیی دەستی تیرۆریستانی داعش دەنێرین.
ئەو تاوانە ھەوڵێكی جدی بوو بۆ نەھێشتنی کوردی ئیزیدی لەشنگاڵ و گشت ناوچەکانی دیکەی سنووری
موسڵ لە ژێر پەردەی ئیسلامدا کە تیرۆریستانی داعش دەسەڵاتیان بەسەردا سەپاندبوو،
دەنگی ئەو ئێش و ئازار و زیندەبەچاڵ و کوشتنی بەکۆمەڵ و بێ سەر و شوێن کردنی ھەزاران ئافرەت و مێردمناڵ بە ھەموو کوردێك لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان و ھەر چوار پارچەی کوردستان و گشت کوردێك لە ھەندەران و گشت عێراق و دەوڵەتانی ھەرێمی و جیھانی ئیسلامی و دنیا گەیشت، بەداخەوە جگە لە ھەرێمی کوردستان کە ئەویش توانای سنووردار بوو ھیچ ھەوڵێکی دیکەی جدی بۆ کەمکردنەوەی ئێش و ئازاری ئەم پێکھاتە ڕەسەن و بێ زیانەی کورد، نە لە جیھانی ئیسلامی و نە لە عێراقی فیدراڵی و نە لە وڵاتانی ھەرێمی و نە لە جیھان بەدی نەکرا!!!
بۆیە داوا لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین لە ھەوڵدانی پاك و دڵسۆزانەی خۆی بەردەوام بێت بۆ ئەوەی خوشك و برا ئێزیدیە ستەملێکراوەکانمان بتوانن لە شوێنی خۆیانی پێش جینۆسایدکردنیان نیشتەجێ ببنەوە و قەربوو بکرێنەوە و بتوانن خۆیان خۆیان بپارێزن و تاکو ژیانێکی بەختەوەر و سەربەرزیان ھەبێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامیش پەیمان و بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی و لایحەی مافی مرۆڤ بیری خودی نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی دیموکراتی لە جیھان و وڵاتانی زلھێزی جیھان بێننەوە، چی لە ڕێی کەناڵە دیپلۆماسیەکانیان کە لە ھەرێمی کوردستان و عێراقدا ھەن و چی ڕاستەوخۆ لە وڵاتەکانیان و بەردەوامیش لە ڕاگەیاندنەکانی ھەرێمی کوردستان کاری لەسەر بکرێت.
زۆر گرینگە حکوومەتی عێراق چاك و بە جدی کار بکات و ڕێز لە دانیشتووانی عێراق بگرێت و جینۆسایدی دژ بە بپێکھاتەی ئێزیدی بابەتێکی زۆر گرینگە، دەبێت بۆ چاککردنی بیکاتە ئەولەویاتی کارەکانی خۆی و، قەربوویان بکاتەوە، دایان بمەزرێنن، پرۆژەی جۆراوجۆریان بۆ ئەنجام بدەن، ماڵ، قوتابخانە، نەخۆشخانە، پرۆژەی ئاو، شوێنی عبادەت، شەقام و ڕێگەوبان، کشتوکاڵ و، مۆڵ و هتد...
ھەر لەو یادە دڵتەزێنە جارێکی دیکە ھەزاران سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی گشت ئەو سەربەرزانەی تیرۆریستانی داعش بەناوی ئیسلام جینۆسایدی کردن و شەھید کران.
سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان
بە دڵنیایی ئەو ڕۆژەش دێت کە کورد لەسەر خاکی خۆی خۆی بڕیاردەر بێت.

دکتۆر کەمال کەرکووکی
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی
کەرکووک - گەرمیان
٣-٨-٢٠٢٢

Top