مەسرور بارزانی: بەهۆی خۆسەپاندنی هێزی چەکدار هێشتا شنگال نائارامە

مەسرور بارزانی: بەهۆی خۆسەپاندنی هێزی چەکدار هێشتا شنگال نائارامە

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی تێپەڕبوونی هەشت ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی لە شنگال پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، جەخت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە دەکاتەوە و دەشڵێت، "بەهۆی خۆسەپاندنی هێزی چەکدار هێشتا شنگال نائارامە."

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 03-08-2022 لە پەیامەکەیدا کە بەبۆنەی هەشت ساڵەی کۆمەڵکوژیی شنگال بڵاویکردەوە، گوتی، بە خەمێکی قوڵەوە یادی جینۆسایکردنی خوشک و برایانی کوردانی ئێزدی دەکەنەوە کە لەسەر دەستی "تیرۆریستانی" داعش هەزارن کەس "شەهید و بێشەروشوێن بوون."

مەسرور بارزانی دەڵێت، ئەو تاوانە لەبیر ناکرێت کە "ویژدانی مرۆڤایەتیی و گەلی کوردستانی هەژاند و پێویستە بەهیچ شێوەیەک رێگە نەدرێت ئەو کۆمەڵکوژیی و تاوانە دووبارە ببێتەوە."

ئەمڕۆ هەشت ساڵ بەسەر هێرشی داعش بۆسەر شنگال تێدەپەڕێت. بەو بۆنەیەوە لە قەزای سێمێل رێوڕەسمێک بەڕێوەدەچێت.

مەسرور بارزانی پێیوایە دەبێت لەم بۆنەیەدا "قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی لەبیر نەکرێت کە بە خوێنی سەتان پێشمەرگەی قارەمان شنگال لە دەستی تیرۆریستانی داعش ئازادکرا."

مەسرور بارزانی هەروەها باس لەوەش دەکات کە بەهۆی "خۆسەپاندنی گرووپە چەکدارییەکان" تاوەکو ئێستا شنگال ناوچەیەکی نائارامە و خەڵکی سنوورەکە ئاوارەن و ناتوانن بگەڕێنەوە، بۆیە داکۆکیی لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی سنوورەکە دەکاتەوە و "دەرکەوتنی میلیشیا و گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان" لە شنگال، بۆ ئەوەی "کۆتایی بە ئێش و ئازاری ئاوارەکان بهێندرێت و بە سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان."

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتیدەکاتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هەوڵەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی تەواوی ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەشڵێت، ئەوەش لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەڤەرەکانی دیکە بۆئەوەی خزمەتی کوردانی ئێزدی بکرێت و بەگوێرەی یاسای رزگاربووانی کوردانی ئێزدی کە حکومەتی عێراق پەسندی کردووە، قەرەبووی کەسوکاری قوربانییان بکرێتەوە.

لەبارەی چارەنووسی بکەرانی ئەو کۆمەڵکوژییەشەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی تاوانی داعش (یونیتاد) لە هاوئاهەنگی و کاری بەردەوامدایە بۆ "دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش و ئەرشیڤکردنی تاوانەکانیان."

Top