تۆم هانكس هەوادارانی لە تـەندروستی خۆی نیگەران دەكات

تۆم هانكس هەوادارانی لە تـەندروستی خۆی نیگەران دەكات

رۆژنامەی «دەیلی مەیل»ی بەریتانی گرتەیەكی ڤیدیۆیی نوێی «تۆم هانكس»ی ئەستێرەی ناسراوی هۆڵیۆدی بڵاو كردەوە، كە تێیدا دەر دەكەوێت تۆم هانس كێشی زۆری دابەزاندووە و، لە دۆخێكی تەندروستیی مەترسیداردا دەردەكەوێت.
لە ڤیدیۆكەدا دەركەوتووە كە ئەو ئەكتەرە ئەمریكییە، لە كاتی گەشتی بانگەشەیی فیلمی ژیاننامەی گۆرانیبێژی كۆچكردوو ئێلڤیس پرێسلی «ئێلڤیس» كە لە شاری گۆڵد كۆستی ئوسترالیا ئەنجام درا، نەیتوانیوە دەستی راستی كۆنتڕۆڵ بكات و، لەكاتی گرتنی مایكرۆفۆنەكەدا بە توندی دەلەرزی.

ئەستێرە تەمەن 65 ساڵییەكە كە مایكرۆفۆنەكەی بە دەستی ڕاستی گرتبوو، كاتێك دەستی كرد بە لەرزین، دەستی چەپی بەكارهێناوە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی مایكرۆفۆن، هەروەها هەوڵی داوە لە كاتی قسەكردندا لە نێوان دەستەكانیدا بیگۆڕێت.
بەپێی ماڵپەڕی دەیلی مەیل، هانكس لەو گرتە ڤیدیۆییەدا رایگەیاندووە: «لە جیهاندا هیچ شوێنێك لە گۆڵد كۆست باشتر نییە بۆ وێنەگرتنی فیلمێكی سەرنجڕاكێش، پێشتریش لە چەند شوێن فیلمم گرتووە، لەوانە مەغریب و لۆس ئەنجلۆس و نیویۆرك و سیاتڵ و بەرلین و چەند وڵاتێكی دیكە، بەڵام هیچیان نییە وەك گۆڵد كۆستیان نییە» .

تۆم هانكس هەوادارانی لە تـەندروستی خۆی نیگەران دەكات

تۆم هانكس بە یاوەریی تەواوی ستافەكە لەسەر فەرشی سوور بەشداریی لە نمایشكردنی فیلمە نوێیەكەی «ئێلڤیس» كرد، كە باس لە ژیانی ئێلڤیس پرێسلی دەكات، لە ٧٥ـەمین فێستیڤاڵی فیلمی كان.
سەرەڕای گرنگیی ئەوەی كە هەمووان ئامادەی فیلمەكە بوون، بەڵام بارودۆخی تەندروستیی تۆم هانكس سەرنجی ئامادەبووانی ڕاكێشا و، بووە جێگەی باسی سۆشیال میدیا، هەوادارانی هانكس لە سۆشیال میدیا نیگەرانیی خۆیان دەربڕی لە دابەزینی كێشی لەناكاو و بەرچاوی، هەروەها پرسیاریان كرد كە ئایا هۆكارەكانی تەندروستییە، یان بەهۆی ڕۆڵێكی نوێی تۆم هانكس لە سینەمادا، بەتایبەتی كە بەوە ناسراوە بەپێی رۆڵی لە فیلمەكانیدا بە ئارەزووی خۆی شێوە و كێشی دەگۆڕێت و لە فیلمەكانیدا جیاوازە.
جێگای سەرنجە كە تۆم هانكس لە فیلمی «ئێلڤیس» ڕۆڵی ئەفسەرێك دەبینێت بە ناوی پاركەر، كە بەڕێوەبەرێكی خۆبەزلزانی ئێلڤیس پرێسلییە.

Top