مێژووی نیگار(1/2)
ئامادەكردنی/تاریق كارێزی
نیگار هونه‌رێكی هه‌ره دێرینی به‌ره‌ی مرۆڤایه‌تییه، بۆ سه‌رده‌می ژیانی مرۆڤ له نێو ئه‌شكه‌وتدا ده‌گه‌ڕێته‌وه. له سه‌رانسه‌ری جیهان و له نێو هه‌موو نه‌ته‌وه و كو‌لتوورێكدا، نیگار هه‌بووه. هه‌ر خه‌ون و خولیا و خواستێك به زه‌ینی مرۆڤدا هات بێت، به نیگار كێشاویه‌تی. ئه‌م هونه‌ره له ناوه‌نده‌كانی ژیان و شارستانیه‌تی مرۆڤایه‌تی له ئاستی جیهاندا، به شێوه‌ی هه‌مه‌جۆر گه‌شه‌ی كردووه. له سه‌رده‌می ڕێنیسانس له ئه‌وروپا، نیگار له‌سه‌ر ده‌ستی گه‌وره نیگاركێشانی ئه‌وێ، وه‌رچه‌رخانی به خۆوه دیت. هونه‌ری نیگار له چێوه‌ی نه‌ریتی میللیی گه‌لاندا، گۆشه‌یه‌ك بووه له ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك، له ده‌رباری سه‌رۆك و میر و پاشا، له لایه‌ن دارا و ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌وه، پشتیوانیی دارایی لێ كراوه. له سه‌رده‌می شارستانیه‌تی سۆمه‌ر، فیرعه‌ون، هیند و چینه‌وه، هونه‌ری نیگار به‌شێك له شكۆی ده‌سه‌ڵاتداران و نموودی شارستانیه‌تی شوێن و سه‌رده‌می، خستووه‌ته ڕوو.
كۆنترین نیگاری ده‌ستی مرۆڤ بۆ 40 هه‌زار ساڵ به‌ر له ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه. مرۆڤی به‌رایی وێنه‌ی گیاندارانی له نێو ئه‌شكه‌وت و قه‌د شاخدا كێشاوه، پاشان ڕه‌نگی كردووه. پاشماوه‌ی ئه‌م جۆره نیگاره له سه‌رانسه‌ری جیهاندا به‌دی ده‌كرێت. ئه‌م نیگارانه خوێندنه‌وه‌ی هه‌مه‌جۆر هه‌ڵده‌گرن، ده‌كرێ بۆ ڕاوی گیاندار بن، بۆ ڕێز گرتن له سروشت و ژینگه یان تۆمار كردنی زانیاری و به‌جێ گه‌یاندنی خواستێكی خۆڕسكی مرۆڤ بوو بن.
چین له هونه‌ری نیگاردا نه‌ریتێكی دێرینی هه‌یه، تا ئه‌م ڕۆژگاره‌ش به‌رده‌وامه. نه‌خش و زه‌خره‌فه ته‌كنیكی باڵای نیگاری ئه‌و وڵاته بووه، له سه‌ده‌ی چواره‌می به‌ر له زایینه‌وه، نیگاركێشانی چین ڕوویان له نه‌خشاندنی سروشت و ده‌وروبه‌ر كرد. له ژاپۆندا نیگار یه‌كێكه له كۆنترین هونه‌ره‌كانی ئه‌و وڵاته و زۆریش ورده، هه‌مه‌جۆر و ئاوێته‌یه‌كه له كولتووری خۆماڵی و ده‌ره‌كی. له كۆریا نیگار بۆ كۆتایی سه‌ده‌ی دووه‌می به‌ر له زایین ده‌گه‌ڕێته‌وه. نیگار و دیواربه‌ندی گۆڕستانی پاشا‌كان، نموونه‌یه‌كی باڵای هونه‌ری ئه‌و وڵاته‌ن، كه تێكه‌ڵه‌یه‌كه له دیمه‌نی سروشت و ڕوخساری مرۆڤ و باس كردنی هزری بوودایی.
چین و ژاپۆن و كۆریا له هونه‌ری نیگاردا، خاوه‌ن نه‌ریت و خه‌سڵه‌تی باڵا و به‌هێزن، نیگار له‌و وڵاتانه وابه‌سته‌ی هونه‌ری خۆشنووسی و چاپه، شێوه نووسینی ئه‌و وڵاتانه چه‌شنی نیگاره. هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و وڵاتانه‌ش بایه‌خیان به ئاو وه‌ك ڕواڵه‌تێكی سروشت و ژیان داوه. دوور له واقیع، تێكه‌ڵ به بابه‌تی پوخت و ڕوونكاریی ده‌كه‌ن. ئاسمانی سپی و سروشتی به‌ده‌ر له مرۆڤ، بابه‌تی سه‌ره‌كیی هونه‌ری ئه‌وانه. له‌و وڵاتانه‌دا نیگاری سه‌ر ئاوریشم، له سه‌ده‌ی یه‌كه‌می زایینیش به دواوه، نیگاری سه‌ر كاغه‌ز زۆر باو بوون. ئایینی بوودایی، كۆنفۆشیۆسی و تاوی، ڕۆڵی باڵایان له هونه‌ری گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیادا هه‌بوو. كۆنترین نموونه‌ی نیگاری چین بۆ سه‌رده‌می شانشینانی پێك ناكۆك (481- 221/ ب. ز) ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه له‌سه‌ر ئاوریشم و شاخ و كه‌رپووچ كێشراون. له‌و سه‌رده‌مه‌دا بایه‌خ به نه‌خشكاریی ساده و شێوه‌ی ساكاری ئه‌ندازه‌یی، هه‌روه‌ها گیانداری ئه‌فسانه‌یی، دیمه‌نی ژینگه و كرێكاران یان دیمه‌نی پڕ شكۆی به‌رپرسان له دادگادا، دراوه. بابه‌تیش له‌و سه‌رده‌مه و دواتریش، په‌یوه‌ست بوو به ڕێز و هێماكاری و سرووتی ماته‌م و خوداوه‌ندانی ئه‌فسانه‌یی و ڕه‌وانی باپیران. مێژووی هونه‌ری نیگار له چین ده‌وڵه‌مه‌نده، به درێژایی 2400 ساڵ زه‌خیره‌یه‌كی زۆر و هه‌مه‌ڕه‌نگی نیگار له وڵاتی پان و به‌رینی چیندا ده‌بینین. نموونه‌یه‌كی گه‌شی ئه‌و زه‌خیره‌یه‌ش، دیواربه‌ندی هه‌زار مه‌تر دووجای كۆشكی (یونگل)ـه، كه ساڵی 1262ز كێشراوه.
نیگاری ژاپۆن (絵 画) هونه‌رێكی دێرین و هه‌ره وردی ئه‌و وڵاته‌یه، دابه‌شی سه‌ر چه‌ندین جۆر و ته‌رز ده‌بێت. پتر په‌یوه‌سته به نه‌خش و نیگاری سه‌ر دار، هه‌مه‌ڕه‌نگییه‌كی زۆر له مێژووی نیگاری ژاپۆندا به‌دی ده‌كرێت. دوای ڕووخانی گۆجۆسۆن له ساڵی 108 ب. ز، هونه‌ری نیگاری كۆریا وه‌ك شه‌قڵێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌ست پێ ده‌كات، به‌مه‌ش هونه‌ری ئه‌و وڵاته به یه‌كێك له دێرینترین هونه‌ره‌كانی نیگار له ئاستی جیهان داده‌ندرێت. دیارترین خه‌سڵه‌تی نیگاری كۆریا له ماوه‌ی سێ شانشینه‌كه و پاشان له ماوه‌ی بنه‌ماڵه‌ی (گۆریۆ)دا خۆی ده‌نوێنێت، كه بریتییه له ئاوێته‌یه‌ك له دیمه‌نی سروشت به شێوازی كۆری، له پاڵ جه‌خت كردنه سه‌ر بووداناسان و نیگای ئاسمان.