د. عەبدولحەكیم خەسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ گوڵان: ئیرادەی مسرور بارزانی بـــۆ جێبەجێــــكردنی یـــــاســـــای چاكسازی ئاكامی باشی لە هەموو سێكتەرەكاندا دروست كردووە
دەرەنجامە گرنگەكانی پرۆسەی چاكسازی
لە ماوەی سێ ساڵی كابینەی نۆیەمدا
«هـــــاووڵاتییانی كوردســـــــتان، ســـــەنتـــــەری گرنگیپێدانی ئەم كابینەیەن و دڵنیابن هەموو هەوڵێك دەخەینەگەڕ، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە، خزمەتتان بكەین و لە ئاست خواست و داخوازییەكانی ئێوەدا بین»
مسرور بارزانی
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
چاكسازیی پرۆسەیەكی بەردەوام و پێداویستییەكی سەردەمەكەیە، یەكێك لە كارنامەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێكردنی پرۆسەی چاكسازیی بوو كە لە دەستپێكی كابینەكەدا بە هۆی قەیرانی دارایی و پەتای كۆرۆنا و دابەزینی بەهای نەوت پرۆسەكە بە خێرایی نەچووە پێشەوە، بەڵام بوونی ئیرادەی پۆڵایینی مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە ڕەچاوكردنی هەستیاریی قۆناغەكە پرۆسەی چاكسازیی هەنگاوی باشی بڕی. بۆ قسەكردن لەسەر پرسی چاكسازیی گۆڤاری گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستەی دكتۆر عەبدولحەكیم خەسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
* دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، دەمانەوێت بپرسین پرسی چاكسازیی لە سەرجەم بوار و سێكتەرەكاندا بە كوێ گەیشتووە؟
- ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە دەستپێكی كارنامەی كابینەكەیدا بڕیاری جێبەجێكردنی پرۆسەی چاكسازی دابوو، وێڕای قەیرانی دارایی و پەتای كۆرۆنا چاكسازیی لە سەرجەم سێكتەرەكاندا دەستی پێكرد، بە ڕەچاوكردنی دۆخی ئابووری و واقیعی هەرێمی كوردستان و بارودۆخی فەرمانبەران و هاووڵاتیان، دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە هیچ بوار و سێكتەرێك نەماوە چاكسازی و گۆڕانكاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان تێدا نەكرابێت، وەزیرە بەڕێزەكان و سەرۆك و بەرپرسی دەزگا و دەستە و فەرمانگەكان كاری گەورەیان ئەنجام داوە، هەموو وەزیرێكی بەڕێز لەسەر ئاستی وەزارەتەكەی بەرپرسی یەكەم بووە لە چاكسازییەكاندا كە بووە هۆی كەمكردنەوەی خەرجییە ناپێویستەكان و ڕێكخستنەوەی داهاتی ناوخۆ و باشكردنی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و بەرزكردنەوەی ئەدای وەزارەتەكەیان، لەمەشدا ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆك وەزیران و تیمەكەی لە ئەنجومەنی وەزیران پاڵپشتیی چاكسازییەكانیان كرد، چاكسازی لە كەرتی وەزیفەی گشتی و چارەسەركردن و ڕێكخستنی دەوامی فەرمانبەران و فەرمانگەكانی حكومەت كرا و ئەنجومەنی ڕاژە پێكهێنرا و بڕیاری ژمارە 33ی ئەنجومەنی وەزیران كە تایبەت بوو بە پێداچوونەوە بە پەیكەر و میلاكی فەرمانگەكانی حكومەت جێبەجێ كرا، لە هەمووشی گرنگتر دەركردن و بەدواداچوونی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی ژمارە 2ی ساڵی 2020 بوو، ئەمەش سەرەتایەكی نوێ بوو بۆ حوكمڕانیی كوردی كە پشت بە خۆی ببەستێت و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان پەنا بۆ قەرزكردن نەبات. لە ئێستاشدا پرۆسەی چاكسازی لە سەرجەم سێكتەرەكان و وەزارەتەكاندا بەردەوامی هەیە لە بوارەكانی (مووچە، شەهیدان، وەزیفەی گشتی، مووچەی خانەنشینی، نەهێشتنی دوومووچەیی نایاسایی، پاككردنەوەی لیستی مووچەخۆران و كەمئەندامان و بە ئەلەكترۆنیكردنی سیستەمی مووچە و كەمكردنەوەی گەندەڵی و ڕۆتین و بیرۆكراتیەتی كوشندە و باشكردنی ئەدای خزمەتگوزارییەكان و فرەچەشنكردنی ئابووری و داهاتەكان و دەیان بابەت و پرسی دیكە كە هەر هەمووی پێكەوە بووە گەورەترین شانازی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئاژانسەكانی و لەناو خودی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. پێم وایە گەورەترین سەركەوتن لەم كابینەیەدا بریتی بوو لە ڕاگرتنی گەندەڵی و ڕێگرتن لە بەفیڕۆدانی داهاتی گشتی و كەمكردنەوەی خەرجییە ناپێویستەكان، ئەمە وێڕای شەفافییەت لە بواری نەوت و دووبارە هەمواركردنەوەی گرێبەستەكانی نەوت و كارەبا و ڕێگرتن لە دیاردەی قاچاخچێتی و ڕیزبەندی بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكان و پێشخستنی سیستەمی خزمەتگوزارییە گشتییەكان، تەنیا لە هەمواركردنەوەی گرێبەستە گشتییەكاندا ملیۆنان دۆلار بۆ حكومەت گەڕاوەتەوە، لە بواری كارگێڕییشدا و لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 33دا لێژنەیەكی تایبەت لە كارەكانیان بەردەوامن و بە بەشێك لە هەیكەلیەتی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دەچنەوە. ئەمانە هەمووی دەستكەوت و هەنگاوی كەم نین، بەڵكو ئیرادەیەكی پۆڵایینی لە پشت بووە و گرفت و قەیرانی كەڵەكەبووی چەندین ساڵی پێشوو بووە، هەندێك بواریش ماوە پێویستی بە كاتی زیاتر و دیراسەتكردنی باشترە، پەنا بەخوا ئەوانیش جێبەجێ دەكرێن.
* تاچەند حكومەتی هەرێمی كوردستان لە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی ژمارە 2ی ساڵی 2020 سەركەوتوو بوو،بەتایبەتی كە پەیوەندی بە بوارێكی هەستیاری مووچە و مینحە و ئەو ئیمتیازاتانەوە هەیە كە كەرتی گشتی دەگرێتەوە؟
- یاسای چاكسازیی ژمارە 2ی ساڵی 2020 سەرجەم بوارەكانی مووچە و مینحە و ئیمتیازاتی شایستە دەگرێتەوە، ئامانج لەم یاسایە و ئەم پرۆسەیە جێبەجێكردنی دادپەروەری و نەهێشتنی ئەو كەموكورتییانە بوو كە ژمارەیەكی زۆر لە مووچەخۆران چەند جارێك سوودمەند بوون، هەنگاوی پراكتیكی نرا و بە هیچ شێوەیەك دەست بۆ مووچە و ئیمتیازی شایستە نەبراوە، تەنیا هەڵەكانی پێشوومان ڕاست كردەوە كە هەڵەی زۆر زەق و گەورە لە بوارەكانی مووچە و كەرتی گشتی هەبوون، ئەمەش بۆ بەهێزكردنی ئەدای كەرتی گشتی زۆر پێویست بوو، تاوەكو لەلایەك دادپەروەری بگەڕێتەوە و لەلایەكی دیكەوە خەرجییە ناپێویستەكان بگەڕێنینەوە، لەم پرۆسەیەشدا ڕەچاوی هەموو ئەو فەرمانبەر و پۆستانە كراوە كە بە هەقیقی خزمەت پێشكەش دەكەن و ساڵانێكی زۆرە و تا ئێستاش لە خزمەتی وەزیفی و هاووڵاتیاندان، ئەوانەی زیاتر سوودمەندن لە مووچە، نزیكەی 11 هەزار كەس لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار كرابوون، كە بەشێكیان بەپێی یاسا ڕێپێدراون، بەڵام ئەوەی دوو مووچە، یان مووچەیەكی خانەنشینی و مووچەی فەرمانبەری، یان دوو مووچەی خانەنشینی و ئیدی بەم شێوەیە، وەربگرێت، توانیمان لەوانەی بەپێی یاسا وەسیە و وەكیلە و پیر و پەككەوتە و ناكام كە مافی خۆیان هەیە، هەموو ئەمانەمان چارەسەر كرد و گشت پرۆسەكە تەواو بووە». لە هەموو ئەمانەش گرنگتر دابینكردنی مووچەكانە بە درێژایی شەش مانگی ڕابردوو بە تەواوەتی و بێ ئەوەی پەنا بۆ قەرز ببەین.
* تا چەند لە هەوڵەكانی دووبارە داڕشتنەوەی هەیكەلی دامەزراوەكانی حكومەت هەنگاوی بەرەوپێشەوەتان ناوە؟ ئایا پێت وانییە دانانی یەك ستاندار بۆ سەرجەم وەزارەتەكان هەڵەیە، چونكە خەسڵەت و شێوازی ئەركی وەزارەتەكان جیاوازن؟
- ئەم پرسە هەندێك جار بە هەڵە باس دەكرێت؛ ئێمە و هەموو شارەزایان و پسپۆڕانی ئیدارییش ئەو ڕاستییە دەزانن كە هەیكەلی وەزارەت و دامەزراوەكانی حكومەت بە دەستە و فەرمانگەكانیشەوە گەورە و قەبەن، بەپێی بڕیاری ژمارە 33ی ئەنجومەنی وەزیران، پێداچوونەوە بە هەیكەلی وەزارەت و دامەزراوەكانی حكومەتدا دەكەین، لێژنەی تایبەتمان داناوە و لەگەڵ سەرجەم وەزارەتەكان كاریان كردووە و دەركەوتووە، ناهاوسەنگییەكی گەورە لە نێوان وەزارەت و وەزارەتێكی دیكە هەیە، بەشێك لە كارەكانمان تەواو كردووە و بەشەكەی دیكەش لە داهاتوویەكی نزیكدا دەست بە جێبەجێكردنی دەكەین، ئەمەش هەمووی لە چوارچێوەی ڕەچاوكردنی تایبەتمەندێتی وەزارەتەكانە. هەروەها لە دامودەزگایەكەوە بۆ دامودەزگایەكی دیكە ناهاوسەنگییەكی زۆری فەرمانبەران هەیە، لە دامەزراوەیەك ژمارەی فەرمانبەران كەمە و لە فەرمانگەیەكی دیكە ژمارەیان زیاترە، لەلایەكی دیكەوە، بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە هەندێك گواستنەوە لەنێوان وەزارەتەكاندا بەپێی پێویستی وەزارەتەكان مۆڵەتی پێ دراوە، بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرین، ئەمەش جۆرێكە لە كرانەوە بۆ ئەوەی سوود لە توانا و پسپۆڕییەكان لە دامودەزگا جیاوازەكان وەربگرین. هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی گشتی هەیە كە لە چەندین بەڕێوەبەرایەتی پێكهاتووە، ڕەنگە ئەو ژمارە زۆرەی بەڕێوەبەرایەتییە پێویست نەبێت.
* یەكێك لە بەرنامەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی داهات بوو، ئایا لەم ڕووەوە چی كراوە؟
- كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە قۆناغێكی هەستیاردا دەست بە كار بوو؛ بەهای نەوت بە ڕاددەیەك داشكابوو، نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ (سفر )دۆلار دابەزیبوو، بەغدا بەشە بودجەی هەرێمی بڕیبوو، پەتای كۆرۆنا ئابووری و دامەزراوەكانی ئیفلیج كردبوو. لەگەڵ ئەمەشدا ئیرادەی ڕێزدار مسرور بارزانی و پاڵپشتیی گەلەكەی وایان كرد، ئەو ڕۆژە سەختانەمان تێپەڕاند و، توانیمان خەرجییەكان كەم بكەینەوە و داهاتەكان زیاد بكەین. ئەوە بوو وەزارەتی دارایی و ئابووری بە پاڵپشتیی بەهێزی سەرۆكی حكومەت توانی خەرجییەكان كەم بكاتەوە و داهاتەكانیش زیاد بكات. هەرچۆنێك بێت حكومەتی هەرێمی كوردستان توانی خەرجییە ناپێویستییەكانی حكومەت لە 200 ملیۆن دۆلار بۆ 70 ملیۆن دۆلار كەم بكاتەوە، بێ ئەوەی كاریگەریی لەسەر ئەدا و ڕاییكردنی كاروبارەكانی حكومەت هەبێت.
* هەر سەبارەت بە كۆكردنەوەی باج و فرەچەشنكردنی سەرچاوەی ئابووری كە یەكێك بووە لە كارنامەكانی حكومەت و هەوڵەكانی سەرۆك وەزیران، ئایا لەم ڕووەوە چ هەنگاوێك نراوە؟
- حكومەت وێڕای كەمكردنەوەی خەرجیی ناپێویست و زیادكردنی داهاتی ناوخۆ، هەنگاوی بەرەو هەمەجۆركردنی ئابووری و فرەچەشنكردنی داهاتی نانەوتی ناوە، ئەمەش هیچ بارگرانییەكی لەسەر هاووڵاتیان دروست نەكردووە، ئەگەر چاوخشاندنەوەیەك بە ئامار و داتاكانی وەبەرهێنان و ئەو پڕۆژانە بكرێت كە حكومەت كارئاسانییان پێشكەش دەكات، دەبینین لە بواری كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری، حكومەتی هەرێمی كوردستان چ هەنگاوێكی ناوە، بە سەدان سایلۆ و پڕۆژەی پیشەسازی و كشتوكاڵی وێڕای وشكەساڵی و قەیرانی دارایی جێبەجێ كراون.
* لە بواری دابەزاندنی دەسەڵاتەكان بۆ خوارەوە و كەمكردنەوەی مەركەزییەت كە بۆ كارئاسانی و خێراكردنی خزمەتگوزارییەكان و پێدانی دەسەڵاتی دارایی و ئیدارەی زیاتر بۆ یەكە ئیدارییەكان تا چەند ئەم كارنامەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ كراوە؟
- چەندین بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بۆ پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكان دامەزراون، دەسەڵاتی زیاتریش دراوەتە بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئەو ئیدارە سەربەخۆیانە، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بەدواداچوونمان كردووە بۆ بەلامەركەزیكردنی ئیداری و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان، ئەمەش دوای ئەوەی بە فەرمانی ڕێزدار سەرۆك وەزیران بڕیاری تایبەت دەرچوو بە دابەزاندنی دەسەڵاتەكان بۆ بەڕێوەبەرە گشتییەكان لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان لەلایەن وەزارەتەكانەوە و بەردەوام بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی تەواوی ئەم بڕیارە گرنگە دەكەین، هاوكات كردنەوەی فەرمانگەكانی وەكو پاسپۆرت و كارتی نیشتمانی و بگرە گرنگیدان بە ئیدارە سەربەخۆكان، ئەمانە هەموویان كار و هەنگاوی باشن، بەڵام دەبێت ئەو ئیدارە سەربەخۆیانەش لە ئاست جێبەجێكردنی ئەركەكانیان بن، هەروەكو چۆن لەلایەن خودی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتی دەكرێن، هەرواش لە ئاست ئەو متمانەیە و دەسەڵاتانەشدا بن كە پێیان دراوە و لە سنووری جوگرافیای ئەو یەكە ئیدارییە لە خزمەتی هاووڵاتیان و جێبەجێكردنی بڕیار و ڕاسپاردەكانی ئەنجومەنی وەزیران بن.
* لە بواری پێداچوونەوە بە دۆسێی خانەنشینی نایاساییدا تا چەند توانرا ئەم لیستە پاك بكرێتەوە، كە پێشتر كەسانێكی زۆر بە پلەی وەزیر و بریكار و ڕاوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی خانەنشین كرابوون بێ ئەوەی لەو پۆستەدا كاریان كردبێت؟
- پێداچوونەوە بە 1797 كەیسی خانەنشینی نایاسایی بە پلەی وەزیر و بریكار و ڕاوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی كراوە و خانەنشینییەكانیان هەڵوەشاوەتەوە، مانگانە یەك ملیار دینار بۆ گەنجینەی حكومەت لەم كەیسەدا گەڕاوەتەوە و هەمواری مووچەیان بۆ كراوەتەوە، ئەمە وێڕای ئەوەی زیاتر لە 2 هەزار مووچەی خانەنشینی چاكسازییان تێدا دەكرێت. هەروەها وردبینی بۆ دوو هەزار و 424 خانەنشینی لە وەزارەتی پێشمەرگە كراوە و لە قۆناغی دووەمدا وردبینی بۆ زیاتر لە دوو هەزار خانەنشینی سەربازی و كۆچكردوو كراوە، لیستی مووچەیان گواستراوەتەوە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی. لەلایەكی دیكەوە پێداچوونەوەمان بە دۆسیەی شەهیدان و زیندانییانی سیاسیشدا كردووە و لە كۆی 69 هەزار دۆسیە، وردبینیمان بۆ هەشت هەزار و 546 دۆسیە كردووە، لە وەزارەتی پێشمەرگەش دۆسیەی هەزار و 18 شەهیدی شەڕی داعشمان گواستووەتەوە سەر وەزارەتی شەهیدان. لەلایەكی دیكەوە دامەزراندنی سندووقی خانەنشینییش دەستی پێ كردووە، دوای ئەوەی پەیڕەومان دەركردبوو، كە یەكێك بووە لە هێڵە گشتییەكانی كابینەی نۆیەم و لە چوارچێوەی یاسای چاكسازی دێت، هاوكات دەستەی بەڕێوەبردنی سندووقی خانەنشینی پێكهاتووە و لەمەودوا بڕینی خانەنشینی ناچێتە هیچ تۆمار و شوێنێك، بەڵكوو ئەو بڕە پارەیە دەچێتە ناو سندووقەكە و دەبێتە دڵنیاییەك بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان».
* باج لە ئابووریدا بنەمایەكی گرنگە بۆ بەدەستهێنانی داهات و جێبەجێكردنی ئەركەكانی حكومەت لە بواری پێدانی مووچە و بەردەوامیی خزمەتگوزارییەكان، ئایا تاچەند لەم كابینەیەدا یاسای وەرگرتنی باج جێبەجێ كراوە؟
- جێبەجێكردنی یاساكانی باج و هەڵگرتنی باج لەسەر ئەو خۆراك و پێداویستییە سەرەكییانەی هاووڵاتیان بۆ ئەوەی نرخەكەی لە بازاڕەكان كەم ببێتەوە، یەكێكە لە بڕگە سەرەكییەكانی چاكسازی، حكومەتی هەرێمی كوردستان باجی نوێی نەسەپاندووە، تەنیا یاساكانی باجی جێبەجێ كردووە، ئەمەش لە قازانجی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا بووە و، دەبێتە هۆی زیادبوونی داهات و دواجار لە خزمەتی هاووڵاتیاندا خەرج دەكرێتەوە، مووچەكان بەشێكی بە داهاتی ناوخۆ و داهاتی باج دەدرێت و جووڵەی بازاڕ بە پێدانی مووچە دروست دەبێت. هەر لە بواری سیستەمی باجدا توانیومانە سیستەمی تۆماركردنی كۆمپانیاكان بە شێوەی ئەلیكترۆنی بكەین بۆ ڕێگرتن لە قۆرخكاری و بەدواداچوونمان كردووە بە پەیڕەوی ناوی بازرگانی و تۆمارنامەی بازرگانی لە هەرێمی كوردستاندا.
* بەئەلەكترۆنیكردنی خزمەتگوزارییەكان و كەمكردنەوەی ڕۆتین هەنگاوی گرنگی بۆ نراوە، دەكرێت بزانین لەم ڕووەوە چی ئەنجام دراوە؟
- بۆ كەمكردنەوەی ڕۆتین و باشكردنی بەڕێوەبردنی كاروباری هاووڵاتیان خزمەتگوزارییەكانمان بەدیجیتاڵی كردووە، لە بڕیاری ژمارە (1)ی ئەنجومەنی وەزیران بڕگەیەكی تایبەت بوو بە ڕۆتین، هەروەها ئێمە لە فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون كارمان بۆ بەدواداچوون و هەماهەنگی كرد بۆ دامەزراندنی سیستەمی ئەلیكترۆنیی سكاڵای هاووڵاتیان لەسەرجەم دامەزراوەكانی هەرێم، ئەوە بوو سكاڵای هاووڵاتیان بەئەلیكترۆنی كراوە و پۆرتاڵی خزمەتگوزارییەكانمان كردووە، بۆ ئەم مەبەستە ڕاهێنانمان بە 127 فەرمانبەر كرد بۆ كاركردن لەسەر ئەم پۆرتاڵە، پۆرتاڵی خزمەت و سكاڵای ئەلیكترۆنی لە هەندێك لە وەزارەتەكاندا جێبەجێ دەكرێت و ڕاستەوخۆ وەڵامی هاووڵاتییان دەدرێتەوە و بەدواداچوون بۆ سكاڵا و داواكارییەكانیان دەكرێت، هاوكات تەرخانكردنی ڕۆژێك بۆ بەدواداچوونی كاری مامەڵەی هاووڵاتییان بە ڕاستەوخۆ، یان گرنگیدان بە پۆستی ئەلیكترۆنی و مامەڵەی ئەلیكترۆنی، ئەمانە هەموویان ڕۆتین و كات و خەرجیی مامەڵە كەم دەكەنەوە و كاتی هاووڵاتی بەفیڕۆ نادرێت.
* پەرلەمانی كوردستان وەكو دامەزراوەیەكی یاسایی چاودێر بووە بە سەر كاروبارەكانی حكومەتدا، ئایا تاچەند لە ڕووی شەفافییەت و كرانەوەی دەرگای وەزارەت و دامەزراوەكان بۆ پەرلەمانتاران سەركەوتوو بوون؟
- زۆرترین وەڵامی پرسیارەكانی هاووڵاتیان لە ڕێگەی نوێنەرانیانەوە لە پەرلەمان لەم كابینەیەدا بووە، زۆرترین سەردانی وەزیرەكان بۆ پەرلەمان هەر لەم كابینەیەدا بووە، لەگەڵ لێژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمان زۆرترین كۆبوونەوە و وتووێژ و گفتوگۆیان كردووە و لە سێ ساڵی تەمەنی كابینەكەدا توانراوە زۆرترین وەڵامی پرسیارەكانی هاووڵاتییان لە ڕێگەی پەرلەمانتاران بدرێتەوە، لە وەڵامدانەوەی پرسیارەكانیشدا زۆر ئەكتیڤ بوون، هەروەها لە شیكردنەوەی سیاسەتی گشتی لە هەر بوارێكدا بێت، سەردانی لێژنەكانی پەرلەمانیان كردووە و بەشدارییان لە دانیشتنی پەرلەمانیشدا كردووە. بۆ یەكەمینجارە حكومەت و پەرلەمان پێكەوە كار بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان و باشتركردنی دۆخەكە دەكەن، ڕاستە لێرە و لەوێ هەندێك پەرلەمانتار هەیە دۆخەكە بۆ هەڵمەتی ئیعلامی دەقۆزێتەوە و كار بۆ بەلاڕێدانەبردنی ڕای گشتی دەكات، بەڵام لە بەرامبەر ئەو هەموو پەرلەمانتار و فەرمانبەرانی دڵسۆزدا كاریگەرییەكی نێگەتیڤانەی ئەوتۆی نییە. لەپێناو چەسپاندنی شەفافییەت لە نەوت و داهاتەكەیدا چەندین ڕاپۆرت لەسەر پڕۆژەكانی پترۆدۆلار و ناوچە جیاجیاكان و خەرجییەكانی كۆمپانیا نەوتییەكان كراوە و لە ئێستادا پرسی نەوت و گاز بە شەفافترین سێكتەر دادەنرێت. هەر لە چوارچێوەی سەروەركردنی یاسادا یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2022 سەبارەت بە یاسای چەك لە هەرێمی كوردستان دەرچووە و لە نزیكەوە سەرۆك وەزیران و تیمەكەی و یەكە ئیدارییەكان كاری جددی لەسەر دەكەن و توانیویانە بازاڕەكانی چەك فرۆشتن لەگشت ناوچەكانی هەرێمدا دابخەن.
* لە بواری چاكسازی لە لیستی كەمئەندامان تاچەند گلەیی و ڕەخنەی ئەو كەمئەندامانە ڕەچاو كراوە كە تانەیان لە دەرهێنانی ناوەكانیان هەبووە؟
- یەكێك لەو پرسە هەستیارانەی كە زۆر لەسەر خۆ و بە وردی چاكسازی تێدا كراوە، لیستی مووچەی كەمئەندامان بووە، توانیمان پاككردنەوە لەو لیستە بكەین لەوانەی شایستە نین لە 86 هەزار و 227 كەس، كە تا سەرەتای ئەمساڵ لەناو لیستی كەمئەنداماندا بوون، 14هەزار و 896 دۆسیە ناشایستە بوون و لە لیستەكە دەركراون.
* لە بواری لێخۆشبوون لە قەرزەكان و پێداچوونەوە بە نرخی ئاو و خزمەتگوزارییە گشتیەكاندا چ هەنگاوێك نراوە؟
- كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پلان و بەرنامەیەكی زانستییانە و لەسەر بنەمای ڕەچاوكردنی بارودۆخی دارایی هاووڵاتیان پێداچوونەەی بە باجەكان و داشكانی ڕسووماتەكانی ئاو و كارەبا و پێشینەكان و لێخۆشبوونی ڕێژەیی قەرزەكان هەنگاوی گرنگی ناوە. پێداچوونەوە بە خەمڵاندنی باجەكان و دانەوەی داشكان بە ڕێژەی لە 15%ی ڕسووماتەكانی ئاو و كارەبا و پێشینەكان، كە كۆمەڵێك بڕیارە و لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندایە، لێرەدا دەبێت ڕەچاوی ئەوە بكەین، كە تێچوونی خزمەتگوزارییە گشتییەكان لەسەر حكوومەت زۆرە، دەبێت هاووڵاتییان پابەندی پێدانی ئەو ڕسووماتانە بن، كە لە هەموو كاتێكدا پاڵپشتیی نرخەكەی كراوە، واتا كرێی كارەبا و ئاو و ئەو خزمەتگوزارییە گشتییەی هاووڵاتی دەیدات، تێچوونەكەی چەندین جار زیاترە لەسەر حكومەت، لەگەڵ ئەمەشدا، بەردەوام حكومەتی هەرێمی كوردستان كارئاسانی دەكات.
* بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی چی كراوە؟
- گرنگترین هەنگاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا دەستنیشانكردنی سامانی گشتی و جەردێكی تەواوی موڵك و ماڵی دەوڵەت كراوە و بە داتابەیسی گشتی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، تەنانەت ڕۆڵ و پێگەی دەزگاكانی چاودێری و دەستپاكی و چاودێری دارایی و داواكاری گشتی و دادگاكان زیاتر كراون، بۆ نموونە لەپێناو نەهێشتنی دیاردەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و زێدەڕۆیی بۆ سەر موڵكی گشتی شەش كۆبوونەوەمان لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاكی و سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی ئەنجام داوە و ستراتیژیەتی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاكی پەسەند كراوە و، هەماهەنگیی باش لە نێوان دیوانی چاودێری دارایی و وەزارەتەكان و وردبینیی تەواو لە سەرجەم كاروچالاكییەكان لە بواری دارایی كراوە و، تەنانەت ڕاپۆرتی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان ئامادە كراوە. بە شێوەیەكی زۆر باش ڕێگریی كرا لە بەكارهێنانی پێگەی بەرپرسانی باڵای حكومەت بۆ بەرژەوەندیی تایبەت، بۆ ئەمەش فۆرمی ئاشكراكردنی بەرژەوەندییە داراییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاكی بەپێی بڕیاری ژمارە ( 6) لە 22/7/2019ی ئەنجومەنی وەزیران دەرچوو كە تێیدا هەموو پلە باڵاكان ڕاسپێردران بە خزمەتی گشتی ئەم فۆرمەیان پڕ كردووەتەوە، ئێمە دەزانین ئەوەی پەیوەستە بە گەندەڵی، یان دەستبەسەرداگرتنی بە هەر شێوازێك بێت، كاری توندی لەسەر كراوە، هاوكات خەرجكردنی بودجەی گشتی ڕێك خراوەتەوە و بودجەی وەبەرهێنانیش بە هەمان شێوە، ئێستا لە ڕێگەی فەرمانگەی تەكنەلۆژیا و زانیاری توانراوە سیستەمێكی هاوبەشی خەرجی گشتی دەستنیشان بكرێت، كە تێیدا بودجەی بەكارخستن زیاتر دەگرێتەوە لەسەر ئاستی هەموو وەزارەتەكان و چەندین هەفتە ڕاهێنان بە هەموو ژمێركاران دەكرێت، بۆ ئەوەی بەدەر لە ڕۆتین كاروبارەكانی خۆیان بكەن و بە شێوازێك بێت بتوانن بودجەی بەكارخستن (تشغیلی) بە شێوازێك خەرج بكرێت كە بەهەدەردانی سامانی گشتی تێدا نەبێت، دامەزراوەكانی حكومەتیش ئاگایان لە یەكتر بێت، بەتایبەتی وەزارەتی دارایی كە دەبێت خەرجی گشتی لە ڕێگەی ئەو وەزارەتەوە بێت، تاوەكو ڕۆتین نەمێنێت و بیرۆكراسیەتی كوشندەش لە ڕێگەی ئەو سیستەمە ئەلەكترۆنییە بتوانین ئیدارەی خەرجی گشتی بكەین و ئەو بوارانەی بەهەدەردانی تێدایە كۆنتڕۆڵ بكرێت. هاوكات بۆ ڕێكخستنەوەی ئیفاد و سەفەر و كۆنگرە و كۆنفڕانسەكان لە فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون هەستاین بە دامەزراندنی سیستەمی ئەلیكترۆنیی شاند و شاندكراوەكان لە گشت وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان. لەبواری بودجەی وەبەرهێنان لێژنەیەكی تایبەت پێكهێنراوە بۆ پێداچوونەوە بە پڕۆژەكان و ئەو پڕۆژانەی بۆ هاووڵاتیان زۆر پێویستن بەردەوام بێت و ئەوانی دیكە ڕیزبەندیان بۆ دانرێت و ڕەچاوی توانای دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بكرێت، وەزارەتی پلاندانانیش پلانی تایبەتی هەیە بۆ بەدواداچوونی پڕۆژە بەردەوامەكان بەتایبەتی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و دەستنیشانكردنی پڕۆژەی نوێ لە چوارچێوەی بەرنامە پێشنیاركراوەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ڕیزبەندی بەپێی هێڵە گشتییەكانی كارنامەی حكومەت دادەنرێت. چاكسازی مەبەستی پێشخستن و باشكردنی سوودوەرگرتن لە داهاتی گشتییە كە یەكێك لە گرنگترین دەرئەنجامەكانی فرەچەشنكردنی داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، كە خۆشبەختانە بە ڕێكخستنەوەی باج بە تەواوەتی ئەوانەی كە باجدەری گەورەن، كۆنتڕۆڵ بكرێنەوە و ڕێگە لە خۆدزینەوەی باج بگرێت، لەم قۆناغە ئەمە گرنگە بۆ ئەوەی بگەینە قۆناغی نوێ كە گەشەپێدان و باشكردنی خزمەتگوزارییەكانە.
* لەم پرۆسەیەی چاكسازیدا ڕێگری هەبووە، تەنانەت هەندێك حزبی سیاسی و كەناڵی ڕاگەیاندن لە جێبەجێكردنی پرسی چاكسازیدا پرسەكەیان بەلاڕێدا بردووە و وایان لێك داوەتەوە كە زیان بە توێژ و چینێك گەیەندراوە، ئایا تا چەند حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بە سەر ئاستەنگەكاندا زاڵ بووە؟
- من لەوە تێدەكەم كە هەموو گۆڕانكاری و ڕاستكردنەوەیەكی هەڵەكان و ڕێگرتن لە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی كەسانێكی سوودمەند لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی گشتی ڕووبەڕووی دەبنەوە، كێشەكە لەوە زیاتر لەوەدایە ڕاگەیاندن بەرپرسیارانە مامەڵە نەكات و لە ژێر ئەجیندە و كاری دەرەكی و بەرژەوەندیی ئەو كەسانەدا بێت كە سوودیان لە داهات و سامانی ئەم وڵاتە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان وەرگرتووە. بەڵێ، ڕێگری هەبووە و بە عەقڵییەتێكی لۆژیكانە مامەڵەمان لەگەڵ كردووە. ئێمە لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و هاووڵاتیانی كوردستان و مووچەخۆراندا دەبووایە بەردەوام بین لەسەر جێبەجێكردنی چاكسازی، لەم پرۆسەیەدا پارەیەكی زۆرمان گەڕاندووەتەوە بۆ گەنجینەی گشتی و كەمكردنەوەی خەرجی زیادە و هەڵپەساردنی چەندین ڕاسپاردە، بەڕێز سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مسرور بارزانی و تیمەكەی سوورن لەسەر جێبەجێكردنی چاكسازی و زاڵبوون بەسەر هەموو كۆت و بەربەستەكاندا، بەتایبەتی ئەو بەربەست و ئاستەنگانەی كە لە دەرەوەی حكومەت حزب و كەسانی دەستڕۆیشتووی ناو حزبەكان لە پشتیەوەن، بە هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی بەشداربووی ناو حكومەت، ئەو پرسانەش ڕوو لە چارەسەر بوون.
* سەبارەت بە دەروازە سنوورییەكان كە پێشتر لێرە و لەوێ حاڵەتی قاچاخچیكردن و بەفیڕۆدانی داهاتی گشتی و تا بردنی داهاتی باجی گومرگی ڕووی دەدا، لەمبارەیەوە چی كراوە بۆ ڕێگری لەم كارە نایاساییانە؟
- چاكسازیی باش كراوە لە ئەدای بەشێك لەو كۆمپانییانەی لە دەروازە سنوورییەكان كار دەكەن، كەموكورتی و فەراغی یاسایی و كەموكورتی لە جێبەجێكردنی ڕێنماییەكان دەستنیشان كراون و، چاوخشاندنەوە بەو گرێبەستانەش كراوە كە لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكان هەبووە، ئێمە لە فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون بە تیمێكی تایبەت كارمان كرد بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو لایەنانە دابنیشین و گفتوگۆ بكەین كە لە دەروازە سنوورییەكان كار دەكەن، بە مەبەستی بنبڕكردنی گەندەڵی و كەمكردنەوەی كەموكورتییەكان و ڕێكخستنەوەی كارەكان، تەنانەت ڕێگریی لە بەقاچاخبردنی نەوت و گاز كراوە لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2020 كە یاسایەكی تایبەتە بە ڕێگریكردن لە بەقاچاخ بردنی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان. خۆشبەختانە ئیرادەی سیاسی هەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان بۆ پێكهێنانی هێزێكی تایبەت لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە و تەنانەت بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ دەرچووە و پەیڕەوی تایبەتیش دانراوە بۆ ئەوەی بە چ شێوازێك كاری لەسەر بكرێت، ئەمەش بەپێی ئەو پەیوەندییەی ئەو لایەنانەی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان پێكهێناوە و لە هەنگاوەكانی داهاتوو ئەم پرسە كۆتایی پێ دەهێنین و كارەكان باشتر دەچنە پێشەوە.
* یەكێك لە كارە جوانەكانی حكومەت گەڕاندنەوەی قەرزە بازرگانییەكانە كە كەسانێك ئەو قەرزەیان وەرگرتووە و ئامادە نەبوون بیگەڕێننەوە، لەمبارەیەوە تاچەند توانراوە قەرزە بازرگانییەكانبۆ گەنجینەی حكومەت بگەڕێننەوە؟
- هەرچی ئەو قەرزە بازرگانییانە هەیە كە دراون و مافی گشتی و دەوڵەتە دەبێت بگەڕێندرێتەوە، ئەمە بە یەكێك لە دەستكەوتە جوانەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، كەسانێكی دەستڕۆیشتوو بە پاساو و بیانووی جۆراوجۆر خاوێتی لە دانەوەی ئەم قەرزانە دەكەن، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی یاسایی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانكە بازرگانییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی داد، كار بۆ گەڕانەوەی 497 ملیار دینار قەرزی بازرگانی دەكەن، 387 ئەسلی قەرزەكەیە و 497 سودە، كۆی قەرز دەگاتە 884 ملیار دینار و تاكو ئێستا نزیكەی هەشت ملیار دیناری گەڕاوەتەوە، بۆ ئەم مەبەستە 184 دۆسیەمان هەیە و 124ی لە قۆناغی ئاگاداركردنەوەی قەرزارەكانە و 64 ڕەهنی قەرزارییش فرۆشراون، یان لە حاڵەتی فرۆشتندان، هەنگاو بە هەنگاو هەموو قەرزەكان دەگەڕێنینەوە و ئەوەی نەیگەڕێنێتەوە بە یاسا و دادگا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.
* بۆ چاكسازی لە بواری هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ چی كراوە؟
- یەكێك لە كارە گەورە و گرنگەكانی چاكسازی بریتی بووە لە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایش، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەكانی ڕاوێژكاریی هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ ڕێكخستن و یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووە و لە چوارچێوەی پلانێكی گشتگیردا كاری باشی لەسەر كراوە.