رێکخەری راسپارد نێودەوڵەتییەکان و جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تاوتۆێی رۆڵی هەرێم لە پڕۆسەی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش دەکەن

رێکخەری راسپارد نێودەوڵەتییەکان و جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تاوتۆێی رۆڵی هەرێم لە پڕۆسەی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش دەکەن

 

لە نیویوڕک د.دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ باڵیۆز ریچارد میلز جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبووە و چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد لەوانە پڕۆسەی چاکسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی رێکەوتننامەی شنگال، پلانی هەرێمی بو مافەکانی مرۆڤ و چەند بابەتێکی تر.

لە کۆبوونەوەکەدا د.دیندار زێباری رێکخەری راسپاردەکان باسی لەرۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و رایگەیاند: دوای هێرشەکانی داعش ئێزیدی و گشت پێکهاتەکان کۆمەڵکوژ کران، ‌‌ماڵ وموڵکیان تاڵانکرا، ئاوارە بوون و بەدڕندەترین شێوە رفێندران. بۆ هاوکاری کردنی هووڵاتیانی سڤیلی ئەو ناوچانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ئاوارەکان کرد و خزمەتگوزاریی پێشکەش کردن لە هەمانکاتدا نووسینگەیەکی دامەزراند بۆ رزگارکردنی رفێندراوان و لیژنەیەکی باڵای وەزاریی پێکهێنا بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە بە مەبەستی بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش لەسەرئاستی نێودەوڵەتی.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی راگەیاند کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە پاڵپشتی هێزی هاوپەیمانان و سوپای عێراق توانییان تیرۆریستانی داعش لەناوبەرن و ناوچەکان رزگار بکەن و لەم پێناوەشدا نزیکەی (١٨٠٠) پێشمەرگە شەهیدبوون و (١٠٣٦٩) و بریندار و (٤٧) پێشمەرگە بێسەروشوێنبوون.


لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەی لەگەڵ جێگری نوێنەڕی هەمیشەیی ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایش، رێکخەری راسپاردە نێوەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر رێککەوتننامەی شنگال و وتی: بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی ناوچەکانی ماددەی (١٤٠) بەسەرپەرشتی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یۆنامی) لە نێوان حکومەتی هەرێم وحکومەتی ئیتحادی رێککەتننامەی شنگال واژوو کرا، بەڵام لەبەر بوونی میلیشیای چەکداری و هێزی دەرەکی تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، بۆیە دۆخی ئاڵۆزی ئەو ناوچانە وا دەخوازێت کە لایەنە نێودەوڵەتییەکان بە رۆڵی خۆیان هەستن لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکە بۆ گێڕانەوەی ئاوارەکان و رێگرتن لەهەرەشەکانی داعش.

هەماهەنگی حکومەتی هەرێم لەگەڵ یونیتاد تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو لەم بارەوە دیندار زێباری تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم و وتی: لەم بارەوە کاری زۆر کراوە سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکان و بەڵگەی زۆر پێشکەش بە یونیتاد کراوە، هەروەها بە دەیان هەزار بەڵگە ئەرشیف کراوە، لەلایەکی دیکەوە بە پشتگیری یونیتاد پڕۆژە یاسایەک لە حکومەتی هەرێم پێشکەش بە پەرلەمان کراوە بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند بە مەبەستی دادگایی کردن تیرۆریستانی داعش لەسەر ئەو تاوانە نێودەوڵەتیانەی ئەنجامیان داوە.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی پرۆژە یاسایەکە وتی: گرنگی بوونی ئەم دادگا تایبەتمەندەمان بۆ جێگری نێردەی هەمیشەیی ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی روونکردەوە لە مەلەفی دادگایی کردنی تیرۆریستانی داعش، بۆیە پێویستە ئەنجومەنی ئاسایش رۆڵی زیاتری هەبێت لە هاوکاری کردنی هەرێم و عێراق بۆ بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش کە دەگەنە ئاستی تاوان دژی مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ و جینۆساید.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە کۆبوونەوەکە تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ چاکسازی و پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ ولەم بارەوە وتی: سەرەڕای ئاستەنگە ئابووری و سیاسیانەی رووبەڕووی کابینەی نۆیەم بوونەوە، بەڵام حکومەت بەردەوامە لە پڕۆسەی چاکسازی، ئەم پڕۆسەیە هەنگاوی زۆری بڕیوە لە زۆر بواردا لەوانە یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە ورێکخستنی داهات و خەرجییەکان. لەلایەکی دیکەوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو راسپاردە نێودەوڵەتیانەی ئاراستەی حکومەتی هەرێم دەکرێن، پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ پەسەند کردووە کە گشت جومگەکان حکومەت دەگرێتەوە و هەنگاوەکانی جێبەجێ کردنی دەستپێکردووە.

رێکخەری راسپارد نێودەوڵەتییەکان و جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تاوتۆێی رۆڵی هەرێم لە پڕۆسەی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش دەکەن
Top