موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ گوڵان: لە هەر پارێزگا و شوێنێك گرفتی كەمئاوی هەبێت، دەزگاكەمان ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین دەكات
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی و ئەگەری دروستبوونی كەمئاوی لە ناو سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری، دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە، بۆ ئەوەی بە هانای هاووڵاتیانەوە بچێت و، كار و ئەركە خزمەتگوزارییەكانی لەم ڕووەوە دەست پێ بكات، هاووڵاتیانی شاری هەولێریش هەروەكو چۆن لە كارەساتی لافاو و زیانلێكەوتندا ڕۆڵ و ئەركی ئەم دەزگایەیان بینی، بە هەمان شێوە چاوەڕوانن لەم وەرزی گەرما و وشكەساڵییەدا بە هانایانەوە بچێت. گۆڤاری گوڵان لە دیدارێكیدا لەگەڵ موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی چەند پرسیارێكی ئاراستەی كرد، لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاو دەكەینەوە.
لە ساڵێكدا زیاد لە یەك ملیۆن خێزان لە خزمەتگوزارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سوودمەند بوون
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ساڵی ڕابردوودا لە 11 سێكتەری كاركردن و خزمەتگوزاری زۆرترین خزمەتی پێشكەشی پەنابەر و ئاوارە و هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی كوردستانیی كردووە، لەم ڕووەوە 104 پرۆژەی جێبەجێ كردووە، كە یەك ملیۆن 160 هەزار و 619 خێزان سوودمەند بوون و لە 4.311 چالاكی و پرۆژەی جۆراوجۆری دیكەشدا كە پێشكەش بە خەڵكی كەمدەرامەت و لێقەوماو كراوە، زیاتر لە شەش ملیۆن و 370 هەزار كەس سوودمەند بوون، بەپێی ئەرشیفی كارەكانیان ئەم دەزگایە وەكو دەزگایەكی نیشتمانی و نێودەوڵەتی كار دەكات و لە سەرجەم بوارەكانی (پەروەردە، تەندروستی، ئیدارەدانی كەمپ، ژیانەوانی، خۆراك، پەناگە، ئاو و ئاوەڕۆ) پرۆژە تایبەتەكانی بۆ خاوەن پێداویستیی تایبەت و بێ باوكان بە ناوی پرۆژەی (ئازیزان) ڕۆڵی گرنگیان هەبووە. لەم بارەیەوە موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەبارەت بە كاروچالاكییەكانی دەزگاكەیان گوتی: «دەزگای خێرخوازیی بارزانی یەكێكە لەو دەزگایانەی لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و جیهان، زۆرترین خزمەتگوزاریی پێشكەش بە ئاوارە و پەناهەندە و خەڵكی خۆجێیی كوردستان كردووە و، بەپێی ئەو ئامار و داتایانەی لە بەردەستدایە، بە هەزارەها كەسی لێقەوماو و كەمدەرامەت سوودمەند بوون لە خزمەتگوزارییەكانی دەزگاكە و، ڕۆڵمان لە كەمكردنەوەی ئازار و مەینەتییەكانی خەڵكی لێقەوماو هەبووە، لە 11 سێكتەردا خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر پێشكەش دەكەین، بەتایبەتی لە كاتی لێقەومان و كارەساتەكاندا تیمە ماندوویینەناسەكانی دەزگاكەمان لە خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستاندا بوون، بەبێ جیاوازی لە هەر شوێن و ناوچەیەك ڕووداو و كارەساتێك هەبێت بە خێرایی فریایان كەوتووین. ئێمە هەرگیز نەمانگوتووە هاوكاری و بەخشین، بەڵكو هەموو كارەكانمان ناو لێ ناوە خزمەتگوزاری، هەموو ئەم كارانەش لە ژێر ڕۆشنایی پەیامی بارزانیی نەمر بووە كە دەفەرموێت: «شانازییە مرۆڤ خزمەتگوزاری میللەتی خۆی بێت». كاری مرۆیی و خزمەتگوزارییەكانی دەزگاكەمان بۆ سەرجەم هاووڵاتیان بە بێ جیاوازی، وای كردووە لەلایەن ڕێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بە فەرمی ددانی پێدا بنرێت، بەم شێوەیە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هۆی چالاكییە فراوان و بەردەوامەكانی بەردەوام چاوی خەڵكی كوردستانی لەسەرە و لێقەوماو و كەمدەرامەت و خەڵكی ئاوارە و پەناهەندە بە گرنگییەوە دەڕواننە پێگە و ڕۆڵی ئەو دەزگایە، تەنانەت دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەكو سەنتەر و ناوەندێكی لێهاتووە كە پردێكی بەهێزە لە نێوان ڕێكخراوە خێرخوازەكان و خێرمەندان و خەڵكی كەمدەرامەت و ئاوارە و پەناهەندە و لێقەوماوەكاندا».
لە ڕێگەی تەنكەرەوە ئاوی پاكی خواردنەوە بۆ ئەو گەڕەك و شوێنانە دابین دەكەین كە دوچاری گرفتی كەمئاوی ببنەوە
سەبارەت بە ئەگەری كەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە و دروستبوونی گرفتی كەمیی ئاوی خواردنەوە لە گەڕەك و ناوچە جیاجیاكانی پارێزگاكانی كوردستان، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی: «كاریگەرییەكانی كەشوهەوا و گۆڕانكارییە ژینگەییەكان بارودۆخێكی وای خوڵقاندووە، كە شێوازی بارانبارین گۆڕانكاریی خراپی بە سەردا هاتووە، هەروەكو چۆن بینیمان لە زستانی ئەمساڵدا بارانی بەخوڕ لافاوی لێ كەوتەوە و قوربانی و زیانی گەورەی بە دوای خۆیدا هێنا، ئێستاش كە بەرەو وەرزی گەرما دەڕۆین و ئاستی ئاوی ژێرزەوی كەمی كردووە و، پێداویستییەكانی هاووڵاتیان لە بەكارهێنانی ئاودا زۆر زیاد بووە، ئەگەری دەركەوتنی گرفتی كەمئاوی لە ژمارەیەك گەڕەك و ناوچەی دەوروبەری هەولێر و پارێزگاكە و تەنانەت زۆر شوێنی دیكەی هەرێمی كوردستان هەیە، لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگار و یەكە ئیدارییەكان زۆر هەوڵی جددی داراوە بۆ ئەوەی چارەسەری كێشەی كەمئاوی بكرێت، بەڵام وێڕای هەوڵەكانی حكومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمئاوی، لە ناوەندی شارە گەورەكان كە لە ڕووبەرێكی كەمی زەویدا ژمارەیەكی یەكجار زۆری خەڵكی تێدا نیشتەجێیە و چڕیی دانیشتووانی تێدا بەرزە، ئەگەری دەركەوتنی ئەم گرفتە هەیە، بۆیە دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئامادەیی خۆی دەربڕیوە، بەتایبەتی لەگەڵ پارێزگاری هەولێر (ئومێد خۆشناو) تا بە تانكەر ئاوی خواردنەوەی پاك بۆ خێزانەكانی ئەو گەڕەكانە دابین بكات، كە ئەگەری گرفتی كەمئاوییان زۆرە، ئەمەش لە ڕێگەی تەرخانكردنی ژمارەیەكی زۆری تەنكەری ئاوەوە، ئێمە لەسەر داوای پارێزگاری هەولێر بەشداریی ئەو كۆبوونەوەیەمان كرد كە بۆ خۆئامادەكردن لە ئەگەری دەركەوتنی گرفتی كەمئاوی لە ژمارەیەك لەگەڕەكەكانی هەولێر ڕێك خرابوو، ئێمە خوازیارین ئەم كێشەیە ڕوو نەدات، بەڵام دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و زۆری و چڕیی كۆبوونەوەی دانیشتووان لە ناو سەنتەری شار و، هەڵكشانی ژمارەی دانیشتووان و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، هەمووی كۆمەڵێك نیشانەن بەوەی پێش ڕوودانی گرفتی كەمئاوی ئامادەكاریی پێویست بكرێت و، بەپێی تواناكانی بەردەست و پێداویستیەكانی ئەوان ئاویان بۆ دابین بكەین.»
بێ جیاوازی لە هەر شوێنێك داوامان لێ بكرێت و گرفتی كەم ئاوی هەبێت دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هانیانەوە دەچێت
موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئامادەیی دەزگاكەی نیشان دا بۆ ئەوەی لە هەر پارێزگا و شوێنێكی دیكەی كوردستان گرفتی كەمئاوی هەبێت، لە ڕێگەی تەنكەرەوە ئاوی خاوێن بۆ هاووڵاتیان دابین بكەن، لەم بارەیەشەوە گوتی: «ئەرشیفی كارەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەلمێنەری ئەوەیە كە بێ جیاوازی لە نێوان ناوچەكان و نەتەوە و ئایین و ئایینزاكاندا، خزمەتگوزارییەكانی پێشكەش كردووە، لێرەشەوە ڕایدەگەیەنم لە هەر پارێزگا و شوێنێكدا گرفتی كەمئاوی سەرهەڵبدات، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئامادەیە لە ڕێگەی تەنكەرەوە ئاوی خواردنەوە دابین بكات، ڕاستە ئەم چارەسەرە زۆر سەرەتاییە، بەڵام ڕاكێشان و جێبەجێكردنی پڕۆژەی گەورەی ئاوی خواردنەوەش بودجە و كاتێكی زۆری پێویستە، تا چارەسەری بنەڕەتی دەكرێت، ئێمە ئامادەی پێشكەشكردنی هەموو خزمەتگوزارییەكین، دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بە شێوەی تەنكەر چارەسەرێكی سەرەتاییە، بەڵام دەبێت بۆ چارەسەرە سەرەكییەكە و ڕاكێشان و فراوانكردنی پرۆژەكانی ئاوی خواردنەوە كاری گەورە و جددی بكرێت».
دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەزموونی باشی هەیە بۆ فریاكەوتنی ئەو گەڕەكانەی كەمئاوی دەیانگرێتەوە
لە ساڵانی ڕابردوودا دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە فریاكەوتنی خەڵكی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كەمیی ئاوی خواردنەوە و دەركەوتنی گرفتی كەمئاوی كاری باشی ئەنجام داوە، لەم بارەیەوە موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی: «دەزگاكەمان لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەزموونی كاری باشی لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان هەبووە، بەوەی لە ڕێگەی تەنكەرەوە ئاوی خواردنەوەی بۆ هاووڵاتیانی ئەو شوێن و ناوچانە دابین كرد كە دوچاری گرفتی كەمئاوی ببوونەوە، ئەوە بوو لە شاری هەولێر و دەربەندیخان و ناوچەكانی دیكە كە پێویست بوو، یان داوایان كردبێت، بە پێی توانا هەوڵمان داوە و بە تەنكەر ئاوی خواردنەوەمان گەیاندووەتە هاووڵاتیان، دوو سێ ساڵ لەمەوبەریش لە سلێمانی كێشەی كەمئاوی دروست بوو، ئامادەییمان دەربڕی، بەڵام دواتر خودی شارەوانی كێشەكەی چارەسەر كرد، لە ئەمساڵیشدا ئامادەكاریی باشمان كردووە بۆ بەهاناوەچوونی هاووڵاتیان لە كاتی دەركەوتنی كێشەی كەمئاوی».