سەمیرە حەسەن حەمید هیرانی پسپۆڕی پەروەردەیی بۆ گوڵان: سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە كردار گرنگییەكی زۆریان داوە بە پەروەردە و فێركردن و چارەسەركردنی گرفتەكانی ئەم كەرتە
هەفتەی ڕابردوو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی 15 قوتابخانەی دانا، ئەمەش لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی ئەو هەوڵانە دێت، كە لە كابینەی نۆیەمی حكومەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كەرتی پەروەردە و فێركردن هەوڵی جددیی بۆ دراوە، وێڕای بوونی قەیرانەكانی پەتای كۆرۆنا و هەموو ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی لە بەردەم كەرتی پەروەردە و كاروانی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی نرا. گۆڤاری گوڵان لە دیدارێكیدا لەگەڵ سەمیرە حەسەن حەمید هیرانی پسپۆڕ و شارەزای بواری پەروەردە، چەندین پرسیاری تایبەت بە كەرتی پەروەردە ئاراستەی كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* پەروەردە و فێركردن بناغەی سەرەكیی پەرەپێدانی هەموو كەرت و سێكتەرەكانە، تەنانەت نیشتمانپەروەری و ڕۆحی نەتەوەیی لەم كەرتەوە بونیاد دەنرێت، ئەمە وێڕای ئەوەی خەم و خواستی هەموو دایك و باوكێكە كە منداڵەكەی پەروەردەیەكی دروست و فێركردنێكی باشی بۆ زامن بكرێت. وەكو پسپۆڕ و شارەزایەكی كەرتی پەروەردە كە زیاتر لە 38 ساڵە لەم بوارەدا كارت كردووە، ئایا چۆن دەڕوانیتە هەوڵەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پەرەپێدانی پەروەردە لە هەرێمی كوردستاندا؟
- ڕێبەر و مەرجەعی نیشتمانی و نەتەوەیی كورد و كوردستان مسعود بارزانی لە چەندین بۆنەدا جەختی لەسەر گرنگیی پێگەیاندن و پەروەردەكردنی منداڵەكانی كورد و كوردستانییان كردووەتەوە، لەسەر ئەم فەرمان و ڕاسپاردانە جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گرنگییەكی زۆریان داوە بە كەرتی پەروەردە و فێركردن، ئەوان دوور لە موزایەدە و دروشمی قەبە و بریقەدار، بە كردار كاریان بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی كەرتی پەروەردە كردووە، ئەوەتا تەنیا لە ماوەی یەك مانگدا (38) هەزار وانەبێژ كرانە مامۆستای گرێبەست و پێشتریش 5000 مامۆستای گرێبەست كرانە هەمیشەیی. هەر لە هەفتەی ڕابردوودا بوو كە ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی 15 قوتابخانەی پێشكەوتووی دانا. ئەوەی لەسەر ڕێبازی بارزانیی باوك و سیمبولی نەتەوەیی مەلا مستەفا بارزانی و عەقیدەی بارزان بێت، بە كردار خەمخۆرە و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی بەردەم كەرتی پەروەردە دەدات. كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەكانی بڕینی بوودجە و مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردە و هەموو مووچەخۆران بووەوە. هەر چەند ساڵێك لەمەوبەر بوو، پەتای كۆرۆنا نەیتوانی ڕێگە بەوەستانی خوێندن بگرێت و لەڕۆژە سەختەكاندا بە شێوەی ئۆنڵاین و ئەلەكترۆنی بەردەوامی بە خوێندن درا. جێگای فەخر و شانازییە من وەكو كاندیدی ژمارە 31ی لیستی 190ی پارتی دیموكراتی كوردستان كاندید كراوم بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، تاوەكو لەو ڕێگەیەوە زیاتر خزمەتی هەموو ئەو یاسا و بڕیارانە بكەم، كە لە خزمەتی هاووڵاتیانی خۆشەویست و كەرتی پەروەردە و فێركردندایە. هەوڵ دەدەم و پاڵپشتیی ئەوە دەكەم، زیاتر گرنگی بەو وانە و كارانە بدرێت كە خولیای قوتابییە و وا دەكات هاوڕێیەتی و خۆشەویستی لە نێوان قوتابی و قوتابخانە دروست بێت.
* باسی كێشە و گرفتەكانت كرد و ئاماژەت بەوە دا، بە كردار پارتی دیموكراتی كوردستان كاری بۆ چارەسەركردنی هەموو ئەو ئالنگاری و كێشانە كردووە. ئایا لایەنەكانی دیكە و ئەو حزبانەی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دادەنێن، یان بەشدار بوون لەم كابینەیەدا، كە تا ئێستا تەنیا باسی كێشە و گرفتەكان دەكەن، چییان لەم پێناوەدا كردووە، بۆ ئەوەی گرنگترین كەرتی پەروەردەیی كە پەیوەندی بە چارەنووسی منداڵەكان و گەنجەكانەوە هەیە، كێشەكانی چارەسەر بكەن؟ بۆچی ئەو پرسە تەنیا وەك ماددەیەكی ئیعلامی و پڕوپاگەندە بەكار دەهێنن؟
- لە ڕۆژە سەختەكان و لە بڕینی بوودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان بەتایبەتی مامۆستایانی بەڕێز و فەرمانبەرانی پەروەردە، زۆر بوون ئەوانەی هانی بەغدایان دەدا بۆ بڕینی قووتی خەڵك و لە كوردستانیش فرمێسكی تیمساحانەیان دەڕشت، بەڵام ژمارەیان زۆر كەم بوو، ئەوانەی وەكو ڕێزداران سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆڵیان نەدا و بوودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانیان زامن كرد. خۆ ئەگەر مەرجەعی كورد مسعود بارزانی نەبووایە كە لە ناو لایەنەكانی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت كاری جددی بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە كرد، هەرگیز مووچە و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان نەدەهات. بایكۆت و دەوام نەكردن چارەسەر نەبوو، تەنیا بۆ وێرانكردن و بەفیڕۆدانی ڕەنج و خەونی دایك و باوكان بوو بۆ جگەرگۆشەكانیان و لە دەستدانی ساڵێكی خوێندن، لە بەرانبەردا هەڵمەتەكانی دروستكردنی بینایەی خوێندن و گۆڕین و چاككردنی پڕۆگرامەكان و دانانی بەشی ئۆنڵاین و تەلەفزیۆنی پەروەردەیی و ڕێگرتن لە بەكارهێنانی پۆلەكانی خوێندن بۆ مەبەست و مەرامی سیاسی و كەمبوونەوەی توندوتیژییەكان، دەستكەوتەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانە، چەواشەكردنی ڕای گشتی وەكو بەڕێز مەسرور بارزانی لە دانانی بەردی بناغەی 15 قوتابخانەدا ئاماژەی پێدا كە «گوێ نادەینە ئەو چەواشەكارییانە و ئەوەی لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان بێت، ئەنجامی دەدەین..»، ئەوەتا نەك تەنیا چارەسەری زۆربەی كێشەكانی ئەم كەرتە كراوە، بەڵكو تا كۆتایی ئەمساڵ 194 قوتابخانە دروست دەكرێن و 1670 قوتابخانەش نۆژەن دەكرێنەوە. من كار بۆ ئەوە دەكەم لە ناو هەموو قوتابخانەكاندا یاریگە و كافتریا و مەلەوانگە و پەرتووكخانە و فێرگەی كاری دەستی دابنرێت. وەكو كەسێكی پسپۆڕی كەرتی پەروەردە و فێركردن لەسەر ئەم ڕێبازەی خزمەتكردنی هاووڵاتیان و منداڵ و قوتابیان كار دەكەم و پشت ئەستوورم بە ڕێباز و عەقیدە و بەرنامەیەك كە خزمەتكردنی خەڵكی كوردستانە، لەكاتی بەدەستهێنانی دەنگی پێویستیش لە ناو پەرلەمان بەرگریكار و پارێزەرێكی پێشخستنی كەرتی پەروەردە دەبم.
* لە چەندین بۆنەدا ئاماژەت بەوە داوە، كە پێگەیاندن و خزمەتكردنی منداڵان پێویستە لە باخچە و قوتابخانە حكوومییەكانەوە دەست پێ بكات، لەم بارەوە چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی قوتابخانە حكوومییەكانیش هاوشێوەی قوتابخانە ئەهلییەكان بن؟
- ئەمە پرسیارێكی گرنگە و لە هەموو دنیاش قوتابخانەی حكوومی و قوتابخانەی ئەهلی هەیە، بەڵام دەبێت خزمەتگوزارییەكان و پڕۆگرام و گرنگیدانەكان ئەگەر وەكو یەكیش نەبن، لە یەك نزیك بن. بۆ ئەم مەبەستە لە سەرەتای دەستبەكاربوونییەوە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، توانی ڕێژەی نەخوێندەواری لە 24% بۆ 16% دابەزێنێت و هاوشێوەی كەرتەكانی دیكە ژێرخانی كەرتی پەروەردە ببووژێنێتەوە. بەڕێز وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە دا كە لە ساڵی 2019 تاكو 2022 زیاتر لە 300 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە كەرتی پەروەردە پێشكەش بە شار شارۆچكەكان كراون. پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەوام ڕێنمایی و ڕاسپاردەكانی بۆ ئێمەی كاندیدەكانی پارتی بەتایبەتی ئەوانەی وەكو من پسپۆڕایەتییان لە كەرتی پەروەردە و فێركردن هەیە، ئەوە بووە كە گرنگیی زیاتر بە ناوەندەكانی خوێندن بدەین، بەتایبەتی لە قوتابخانە حكوومییەكان. من سوپاس و ڕێزم بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردە هەیە، كە پشوودرێژ بوون و دڵسۆزانە ڕێگەیان نەدا لە ڕۆژە سەختەكانی كۆرۆنا و دواتر هاندانی حزبەكان بۆ دەوام نەكردن، زیان بەر پرۆسەی خوێندن بكەوێت. لەگەڵ ئەوەشدام بە هەر شێوەیەك بێت، مافەكانیان زامن بكرێن، تاوەكو بە دەروون و حەزێكی زیاترەوە لە پۆلەكانی خوێندن وانە بە قوتابییە بەڕێزەكانمان بڵێنەوە.
من لەناو پارتێكی نیشتمانپەروەر و نەتەوەیی ئەندامم، كە سیمبولی نەتەوەیی مەلا مستەفا بارزانییە، گرنگیی زۆری بە دامەزراندنی ڕێكخراوەكانی قوتابیان و لاوان داوە و مامۆستای زۆر لا پیرۆز بووە، لەسەر ئەو ڕێبازەش كار دەكەم كە هاوسەنگی لە گرنگیدان بە قوتابی و لاوان و مامۆستایان و تەنانەت فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بدرێت. زیادكردنی ژمارەی قوتابخانەكان و نۆژەنكردنەوەی قوتابخانە كۆنەكان و دامەزراندنی مامۆستایان و گرنگیدان بە خوێندنەكانی ئابووری و ژینگەپارێزی و ماف و نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری و پێكەوەژیان و زیادكردنی وانەكانی وەرزش و وێنە و مۆسیقا و كەمكردنەوەی ژمارەی قوتابیان لە پۆلەكان و پەیڕەوكردنی ئەو پڕۆگرامانەی لەگەڵ دابونەریت و كەلتووری كوردستانی بگونجێت، بەرنامە و كاری من و پارتی دیموكراتی كوردستانە.
* زۆر باس لە پڕۆگرامەكانی خوێندن دەكرێت و ئەمە كێشەیەكی گەورەیە. تا چەند پێویستە پێداچوونەوە بەم پڕۆگرامانەدا بكرێت؟
- كۆمەڵگەكان و دنیا بەگشتی لە پێشكەوتنی بەردەوامدایە، بۆیە چ لە ڕووی زانستی و چ لە ڕووی زمانەوانی پێویستە چاوخشاندنەوە بە پڕۆگرامەكانی بكرێت، بە شێوەیەك ڕەچاوی هەست و ویستی قوتابیان و زانستیش بكرێت، كە لەگەڵ ستانداردە نوێیەكان بگونجێن، ڕاهێنانەكانیش بە شێوەیەك بێت، مامۆستایان بتوانن تەكنیك و شێوازی هاوچەرخ بەكار بهێنن. بە شێوەیەكی گشتی وانەوتنەوە و ئیدارەدانی پۆلەكان و خوێندن پێویستی بە گۆڕانكاریی و چاكسازیی هەیە. هەرچەندە خۆشبەختانە لەم كابینەیەدا هەنگاوە سەرەتاییەكان بۆ بونیادنانی ئەم گۆڕانكارییە گرنگانە نراوە. بەڵام دەبێت بە چەند قۆناغێك گرنگی بە شۆڕش و خەباتی نەتەوەیی و هەموو ئەو قوربانییانە بدرێت كە وادەكات ئینتیما و هەستی نەتەوەیی و خۆشەویستیی خاك و نیشتمان بزانرێت.
بە شێوەیەكی گشتی دەنگدان بە لیستی ژمارە 190 دەنگدانە بۆ خۆشگوزەرانی و پێشكەوتنی كۆمەڵگە و بونیادنانی سەرجەم كایەكان و لە ڕیزبەندی پێشەوەی كەرتی پەروەردە و خوێندنە.