د. ئاگرین عەبدوڵڵا  بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:   لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا (594) پڕۆژەی ڕێگەوبان بە تێچووی زیاتر لە (954،819،000) دینار جێبەجێ كراون

د. ئاگرین عەبدوڵڵا   بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:     لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا (594) پڕۆژەی ڕێگەوبان  بە تێچووی زیاتر لە (954،819،000) دینار جێبەجێ كراون

 

 

دروستكردن و چاككردنەوەی ڕێگەوبانەكان و پاراستنیان و جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی پرد و تونێلەكان، بە شادەماری گەشەكردنی ئابووریی هەرێم و پێداویستیی هاووڵاتیان دادەنرێت، لە تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن كۆمەڵێك پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژیی ئەنجام داوە. گۆڤاری گوڵان لە دیدارێكیدا لەگەڵ دكتۆر ئاگرین عەبدوڵڵا بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چەندین پرسیاری لە بارەی گرنگترینی ئەو پڕۆژە و كارانە كە لە نێوان ساڵانی 2019-2024 ئەنجامیان داوە، ئاراستەی كردن و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

 

* لەم كابینەیەدا ژمارەیەكی زۆر ڕێگەوبان بە دووساید كران و نۆژەن كرانەوە، ئایا وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن تا چ ڕاددەیەك توانیویەتی لە بواری ڕێگەوبانەكاندا كارنامە و پلانەكانی خۆی جێبەجێ بكات؟

- لەگەڵ دەستپێكردنی كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لەسەر ڕاسپاردەكانی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، توانی بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و زانستییانە كارەكانی خۆی جێبەجێ بكات، هەر لە دروستكردنی ڕێگەوبان و پرد و تونێلەكان و هەموو پاشكۆكانی دیكەیەوە. ئێمە لە وەزارەت لەسەر سێ جۆر بوودجە پڕۆژەی ڕێگەوبانمان جێبەجێ كردووە، ئەویش بوودجەی (وەبەرهێنان، ئاسایی، داهاتی وێستگەكانی كێش). لەسەر بوودجەی وەبەرهێنان 75 پڕۆژەی گەورەی ڕێگەوبان بە درێژایی 1363 كیلۆمەتر بە تێچووی 913،000،000 دینار جێبەجێ كراون، هەروەها لەسەر بوودجەی ئاسایی 310 پڕۆژە بە گوژمەی 27،873،000 دینار بە درێژایی 1،390،153 كیلۆمەتر ئەنجام دراون، لەسەر بوودجەی وێستگەكانی كێش 209 پڕۆژە بە تێچووی 13،391.000 دینار بە درێژایی 515 كیلۆمەتر جێبەجێ كراون. بە شێوەیەكی گشتی لەم كابینەیەدا 594 پڕۆژەی ڕێگەوبان بە گوژمەی 954،819 ملیۆن دینار جێبەجێ كراون. لەم بوارەدا نموونەمان زۆرە، ئەوەتا ڕێگەی دوو سایدی نێوان هەولێر و دهۆك ئەنجام درا و بە دەیان پڕۆژەی بچووك و مامناوەندی دیكە جێبەجێ كران، لەوانە ڕێگەكانی (هەردوو دیوی تونێلی پیرمام، زاخۆ- باتلیش)، ئەو پڕۆژانەشی دەكەوێتە سنووری پارێزگای سلێمانی قۆناغ و بەشی باشیان بڕیوە و كارەكانیان چوونەتە پێشەوە، لەوانە (دووكان–چوارقوڕنە/قۆناغی سێیەم، هەڵەبجە–سەیدسادق، كەلار–كفری، پێنچوێن-باشماخ، كەلار-دەربەندیخان)، هەروەها چەندین پڕۆژەی دیكە بەردی بناغەی بۆ دانراوە، وەكو دانانی بەردی بناغەی ڕێگەی هەڵەبجە تووەقوت و قلیجە و پردی تووەقوت، كە لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەردی بناغەیان بۆ دانراوە، ئەمەو بەدووسایدكردنی ڕێگەوبانی هەولێر-سلێمانی بە دیوی كۆیە بە تێچووی460 ملیار دینار و بە پێنج قۆناغ جێبەجێ دەكرێن، كە 100 ملیار دیناری تێدا خەرج كراوە و 360 ملیار دیناری پێویستە بۆ تەواوكردنی، لەبەر گەورەیی بوودجەكە چاوەڕوانین لە عێراقەوە بەپێی شایستەی بەشە بوودجەی هەرێم پارەمان بۆ بێت. ئەمە و دوای جێبەجێكردنی ژمارەیەكی زۆری بەنداو و پۆنت داوامان لێ كراوە پڕۆژەی ڕێگەوبان بۆ هاتووچۆكردن و گرنگیدان بە گەشتیارییان بۆ بكەین، وەكو بەنداوی گۆمەسپان.

* لە بواری تونێلەكاندا كە بە پڕۆژەی ستراتیژی و گەورە دادەنرێت، چ پڕۆژەیەكتان ئەنجام داوە و لە پلان و بەرنامەی وەزارەتدایە چەند پڕۆژەی تونێلی دیكە لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت؟

- دروستكردنی تونێل دەستكەوتێكی دیكەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، كە هاووڵاتیان لە ڕووی سەلامەتی و كورتكردنەوەی ماوە و كەمكردنەوەی تێچوونەوە سوودێكی گەورەی لێ وەردەگرن، ئەمە وێڕای ئەوەی دیمەنێكی ناوازە و گەشتیارییش بە ناوچەكە دەدات، بۆ نموونە تونێلی پیرمام بە بەستنەوەكانیشییەوە ڕۆڵێكی گەورەی تەنیا بۆ هاووڵاتیانی هەردوو دیوی سەنتەری شاری هەولێر و شەقڵاوە و قەزا و ناحیەكانی دیكە و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران نەبووە، بەڵكو بۆ هەموو خەڵكی كوردستان ئەم تونێلە گرنگیی خۆی هەبووە. هەر خۆی لەخۆیدا لە هەرێمی كوردستان خاوەنی چوار تونێلین كە سێ تونێلی گەورەمان دروست كردووە كە تونێلەكانی (زاخۆ،پیرمام، ئەزمەڕ)ـە و چوارەم تونێلییش كە تونێلی (دەربەندیخانە) نۆژەن كراوەتەوە، تیمی تایبەتیشمان هەیە كە بەردەوام سەرقاڵی ئیدارەدان و نۆژەنكردنەوە و چاككردنەوە و چاودێریی هەر چوار تونێلەكە دەكەن. ئەوەی لەم كابینەیەدا جێبەجێ كرا، تونێلی پیرمام بوو، كە بە خۆی و پێداویستی و بەستەرەكانیەوە نزیكەی 180 ملیار دینار تێچووی هەبوو، تونێلەكانی (مەتین 4،7 كیلۆمەتر، كۆڕەك حەوت كیلۆمەتر، پێنچوێن پێنج كیلۆمەتر، دەربەندیخان سێ كیلۆمەتر)ـە كە لە پلانی وەزارەتدایە جێبەجێی بكات. هاوكات لەم كابینەیەدا تونێلی دەربەندیخان كە 800 مەتری یەك سایدە و لە ساڵانی پەنجاكانی سەدەی ڕابردوو لەگەڵ بەنداوەكە دروست كراوە، نۆژەنمان كردەوە، وەكو ئاماژەم پێ كرد لە پلاندایە تونێلێكی دوو چاوە بە كوالێتی و دیزاینی بەرز لە بری ئەم تونێلە دروست بكرێت و وارماوە بە دەربەندیخان ببەستێتەوە، كە بوودجەی 370 ملیار دیناری پێویستە.

* لە بواری پردەكاندا چ پڕۆژە و كارێك ئەنجام دراون، بەتایبەتی كە ڕێگەوبان بە بێ پرد نابێت؟

- بەو پێیە كوردستان ناوچەی شاخاوییە و چەندین دۆڵ و زێ و ڕووباری لەخۆ گرتووە، بۆیە گرنگیدان بە دروستكردنی پرد لە ئەولەوییەتی كارەمانماندا بووە، بگرە بەشێكی سەرەكیی ڕێگەوبانەكان پردەكانن، لەم پێناوەدا بە دەیان پردی جۆراوجۆر دروست كراوە و چەندینی دیكە لە پلان و بەرنامەدایە، بۆ نموونە پردی سەر زێی گەورە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك بەیەكەوە دەبەستێتەوە و 1000 مەتر درێژە و 59 ملیار دیناری تێچووە، هەروەها پردی دەربەندی ڕانیە بە یەكێك لە پڕۆژە گرنگ و گەورەكان دادەنرێت بۆ خەڵكی دەڤەری ڕاپەرین، كە بە تێچووی زیاتر لە 12 ملیار دینار جێبەجێ كراوە و دەڤەری بتوێن و بەری مەرگە پێكەوە دەبەستێتەوە و ڕێگەی نێوان ڕانیە و سلێمانی نزیك و ئاسان دەكات، كە تەنیا لە ناحیەی بنگرد 25 گوندی دەوروبەری لێی سوودمەند دەبن، هەروەها ڕێژەی سەرووی 80%ی پردەكانی سەر ڕێگەی دەربەندیخان- كەلار تەواو بووە و ئومێد زۆرە بۆ كۆتایی ئەمساڵ ئەم پڕۆژە ستراتیژییە تەواو ببێت.

بە شێوەیەكی گشتی ئەوەی لە تەمەنی كابینەی نۆیەمدا لە بواری ڕێگەوبان و پرد و تونێلدا ئەنجام دراوە، زۆر زیاترە لەوەی لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا ئەنجام دراون.

Top