كامیرۆن دیاز: بیرم لە دایكایەتی كردووەتەوە

كامیرۆن دیاز: بیرم لە دایكایەتی كردووەتەوە

زۆر لە ئەكتەرە جیهانییەكان لە دایكایەتی بێبەشن هەندێكیان پێیان وایە تەمەن رێگرە و ئیدی فریای شەمەندەفەرەكە ناكەون و لێی بەجێ ماون، هەندێكی دیكەشیان كە دەتوانن فریای شەمەندەفەرەكە بكەون، بەڵام حەز لە ژیانێكی ئازاد و بێ بەرپرسیارێتی دەكەن، لە هەردوو حاڵەتیشدا بێبەش بوون لە دایكایەتی و پەشیمانیش نین.

ئۆپێرا وینڤری كە تا ئێستا شووی نەكردووە، هەرچەندە لە پەیوەندییەكی بەردەوامدایە لەگەڵ بێزنسمانێك لە ساڵی 1986ـەوە، بەڵام رایگەیاندووە كە پەشیمان نییە لەوەی كە تا ئێستا دایك نەبووە، چونكە ناتوانێت كاتی خۆی لە نێوان كاروباری خێزانی و كاری راگەیاندندا رێك بخات و، پێی وایە ئەگەر منداڵی هەبێت رقیان لێی دەبێتەوە.

كامیرۆن دیازی ئەستێرەی سینەمایی كە پێشتر سەبارەت بە دایكایەتی دەیگوت: «من هیچ كاتێك نیازم نەبووە منداڵم هەبێت و بیرم لەوە نەكردووەتەوە كە خۆم بە دایك ببینم، من پێموایە ئافرەت لە تەمەنی 40 ساڵییەوە بە تەواوی پێدەگات، بە جۆرێك كە گرنگی بە رای پیاوان نادەن»، كامیرۆن زیاتر دەڵێت: «دایكایەتی بەرپرسیارێتییەكی زۆر زەحمەتە، بەتایبەتی ئەگەر لە تەمەنی 18 ساڵیدا بیت و ببیت بە دایك، بۆ من نەبوونی منداڵ ژیان ئاسان دەكات و هیچ كاتێك نەمویستووە كە ببم بە دایك، بەڵام دوور نییە ببم بە دایك»، لەلایەكی دیكەوە جنیڤەر ئەنیستۆن كە ئەویش منداڵی نییە، دەڵێت: «بیرم لە دایكایەتی كردووەتەوە، بەڵام هونەر ئەو دەرفەتەی پێ نەدام و لەو خەونەی دوور خستمەوە، ئێستاش بە تەواوی بیری لێ دەكەمەوە و دوور نییە هەوڵیشی بۆ بدەم».

Top