دیمەن فەیزی: بە ئابووریی سەربەخۆ ڕێگرییەكانی بەردەم ئازادیی ئافرەت نامێنێت

دیمەن فەیزی:  بە ئابووریی سەربەخۆ ڕێگرییەكانی بەردەم ئازادیی ئافرەت نامێنێت

 

 

دیمەن فەیزی ئافرەتێكی تەمەن 36 ساڵ و دایكی كچێكە و وەك خۆی باسی دەكات ژیان هەوراز و نشێوی زۆری نیشان داوە و، بە چەندین قۆناغی جیا جیا تێپەڕیوە. دیمەن ڕاشكاوانە سەرگوزشتەی ژیانی خۆی بۆ گوڵان باس دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

دیمەن فەیزی كاتێك تەمەنی 17 ساڵ بووە، دایكی بە هۆی نۆرەی دڵ كۆچی دوایی كردووە. وەك خۆی باسی كرد، ئەو كات پۆلی چوار بووە و دوو برای لە خۆی بچووكتری هەبووە، دوای ماوەیەكی كەم باوكی ژنی هێناوە، ڕێگەشی نەداوە دیمەن خوێندنەكەی تەواو بكات. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «برا بچووكەكەم بەرگەی نەگرت و بە ڕێگەی قاچاخ سەفەری ئەوروپای كرد، براكەی ترم دوای تەواوكردنی خوێندن هاوسەرگیری كرد و لە ماڵ دەرچوو، من لەگەڵ یادگارییەكانی دایكم و تووڕەیی بابم و هات و هاواری زڕدایكەكەم مامەوە، هەموو كارەكانی ماڵەوەم دەكرد و ڕێك بووم بە كچی ماڵەوە و نەمتوانی جارێكی دی باسی خوێندن بكەم، دوای ساڵانێك لە ئێش و ئازاری بێ دایكی و ماندووبوونی بێ شومار لە تەمەنی 30 ساڵی هاوسەرگیریم لەگەڵ كوڕێكی بێگانە كرد، هەر زوو خوای گەورە كچێكی نەرم و ناسكی پێ بەخشیم، ئەگەرچی ژیانی هاوبەشیم لە ژیانی ماڵە باوانم باشتر و خۆشتر نەبوو، بەڵام بە هۆی بێ دایكی و بێ پشت و پەناییم هەموو سەختییەكم قبووڵ دەكرد، هاوسەرم زۆر خراپ بوو، خراپییەكەی تا ئاستی لێدان و بێڕێزی رێچكەی گرتبوو، بەڵام من بە ئومێدەوە لە داهاتووی خۆم و كچە نەرمۆڵەكەمم دەڕوانی و دڵنیابووم لەوەی رۆژێك خۆری ژیانم هەڵدێت و لە دەستی زوڵم و زۆرداری رزگارمان دەبێت». گوتیشی: «لە ماڵەوە نانم بۆ خەڵكی دەكرد، تەنانەت كاری پاككردنەوەی ماڵانیشم كرد، شەو و ڕۆژم خستە سەر یەك و بێ پشوودان لەگەڵ قەدەری خۆم و كچەكەم جەنگام، دواجار بووم بە خاوەنكاری خۆم و داهاتێكم دەستەبەر كرد بۆ ئەوەی چاو لە دەستی كەس نەبم. بەڵام كە هاوسەرم زانی لەسەر پێی خۆمم و لە هەموو كەس بێ منەتم، ڕێگەی كاركردنی لێ گرتم، هەموو كڕیارەكانی دەركردم، هەڕەشەی ئەوەی لێ كردم ئەگەر بە قسەی ئەو نەكەم، ژیانم وێران بكات، هانام بۆ ماڵی بابم و براكانم برد، بەڵام كەس پشتی نەگرتم، دواجار بابم پێی گوتم وەرەوە، بەڵام منداڵی خەڵكی لەگەڵ خۆت مەهێنە، بەمجۆرە كەس ئامادە نەبوو من و منداڵەكەم بگرێتەخۆ، ئەو بارودۆخەم بەو ڕاستییەی گەیاندم كەوا داهاتی زۆری ژن بۆ پیاو مایەی ترس و نیگەرانییە و تەنیا ئابووریی سەربەخۆ دەتوانێت ڕێگرییەكانی بەردەم ئازادیی ئافرەت نەهێڵێت. دوای ئەو هەموو ڕووبەڕووبوونەوەیە هێشتا بێ هیوا نیم و دڵنیام لەوە كۆڵنەدان و پێداگریم دەمگەیێنێتە كەناری ئارامی و دڵنیایی، بەڵام نازانم كەی».

 

Top