مەریوان سەفادین دەگەڕێتەوە كاری هونەری و بەرهەمێكی نوێ بڵاودەكاتەوە

مەریوان سەفادین دەگەڕێتەوە كاری هونەری و بەرهەمێكی نوێ بڵاودەكاتەوە

ئەگەر چی لە مانگی نیسانی ئەمساڵ, هونەرمەند و گۆرانیبێژی كورد(مەریوان سەفادین) وازهێنانی خۆی لە هونەری موزیك و گۆرانی ڕاگەیاند, بەڵام دواجار ئەم هونەرمەندە لەسەر داوای هەوادار و هاوڕێیانی بڕیاریدا كە دووبارە دەستبكاتەوە بە كاری هونەری .

لە بارەی گەڕانەوەی بۆ كاری هونەری مەریوان سەفادین لە نوێترین بڵاوكراوەیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ئاماژەی پێدا كە لەو ماوەیەدا كە بڕیاری وازهێنانی ڕاگەیاند, چەندین كەس پەیوەندییان پێوە كردووەو تەنها یەك داواكاریان هەبووە ئەویش پازگەزبوونەوە بووە لە بڕیاری وازهێنانی لە گۆرانی گوتن .

هەروەها لە بەشێكی دیكەی بڵاوكراوەكەیدا (مەریوان سەفادین) هۆكاری ئەو بڕیارەی ڕابردووی خستەڕوو و دەڵێت: ئەوەی كە پاڵنەر بوو بۆ بڕیاری وازهێنان, ئەو دۆخە نا هەموار و بێزاركەرەیە كە هەنوكە هونەری كوردی تێكەوتووە بە تایبەت هونەری گۆرانی,دەبینین لێشاوێك لە دەنگی ناڕەسەن و نەشاز كە هیچ خەسڵەت و مەرجەكانی گۆرانییان تێیدا نییە و زەوقی میللی وێران دەكەن, میدیاكانیان پڕ كردووە,ئەوەی سەیرە هیچ جۆرە ڕەقیبێك لەلایەنە پەیوەندیدارەكانەوە بۆ ئەم جۆرە گۆرانییە ئاست نزمانە نییە,هەربۆیە لە زیادبووندان, ئەویش لەسەر حسابی گۆرانی جوان و باڵاو هەستبزوێنەر .

هەروەها دەڵێت: ڕاستییەكیش هەیە كە نابێت فەرامۆش بكرێت,ئەویش چۆڵنەكردنی گۆڕەپانەكەیە بۆ ئەو جۆرە گۆرانییە بێفەڕو بێ بایەخ و زەوق تێكدەرانە .

لە درێژەی پەیامەكەیدا مەریوان سەفادین ڕایگەیاند كە چۆڵكردنی گۆڕەپانی هونەری گۆرانی كوردی ڕەسەن, چۆڵكردنە بۆ ئەو دەنگە نەشازانە هەروەكو خۆی ئاماژەی پێدا كە (پاش چەند ساڵێك شتێك نامێنێت بە ناوی گۆرانی هەست بزوێنەر ومانەوە لە یادەوەریدا بەڵكو فەوزایەك و ژاوەژاوێك دەمێنێتەوە كە هیچ سیمایەكی گۆرانییان پێوە دیار نابێت) .

ئەم هونەرمەندە لە كۆتا بەشی بڵاوكراوەكەیدا بەردەوامبوونی خۆی لە كاری هونەری دووپات كردەوەو بە هەوادار و هونەردۆستانی ڕاگەیاند: لەبەر ئەم هۆیەو لەبەر داخوازی سەرجەم ئەو بەڕێزانەی کە پەیوەندیان کرد پێمەوە وە دڵی گوێگرانی دەنگ و هونەرەکەم کە زۆر زۆر جێگەی شانازیمن ،بڕیارمدا بەردەوامبم لە کاری هونەری ، هەوڵدەدەم ئاشقان و هەودارانی هونەرەکەم دڵخۆش بکەم، چونکە هونەرەکەم بەر لەهەمووشت بۆ ئەوانە و ئەوان پێی شاد و ئاسودەدەبن.وە ئەو دابڕانە کورتە بەڕاستی تەجروبەیەکی زۆر ناخۆش بۆ من چوونک ئەوەی هونەرمەندانی کۆچکردو دوای کۆچی خۆیان نەیان دی من بینیم ئەویش ئەوە بوو بینیم خەباتی سی ساڵ هونەریم بە سێ ڕۆژ کۆتایی هات و لەبیر کرام لەبەر ئەوەش بڕیار دەدەم تا کۆتایی و هەتا لە توانامدا هەبێت خزمەتی هونەری کوردی و گوێگرانی دەنگم دەکەم, لە ئایندەیەکی نزیکدا بەرهەمی نوێتان پێشکەش دەکەم,لەکۆتایدا داوای لێبوردن دەکەم کە بەو بڕیارەی پێشووم نیگەرانم کردن.

ئاسۆ كاكەیی

Top