رەوشەن چەلكەر: نابێ تەنیا پشت بە فۆلكلۆر ببەسترێت

رەوشەن چەلكەر: نابێ تەنیا پشت بە فۆلكلۆر ببەسترێت

رەوشەن چەلكەر لە ناوچەی تەتوانی سەر بە بەدلیس لە باكووری كوردستان لە دایكبووە، خوێندنی بەشی راوێژكاری كۆمەڵایەتی لە ئەنقەرە تەواو كردووە، لە بواری میوزیكدا شارەزایی لە كەمان و ڤیولین هەبووە، بەشداریی لە چەندین چالاكی و فیستیڤاڵی بواری موزیكدا كردووە، بەتایبەتی لە ئەرمینیا و جۆرجیا و، موزیكی بۆ ژمارەیەك فیلم و زنجیرە درامادا ئامادە كردووە، لەم دیمانەیەدا بەم شێوەیە وەڵامی چەند پرسیارێكی گوڵانی دایەوە.

رەوشەن چەلكەر: نابێ تەنیا پشت بە فۆلكلۆر ببەسترێت

رەوشی هونەری كوردی چۆن دەبینی لە پارچەكانی كوردستان؟
بە هۆی كاریگەریی هەر پارچەیەكی بە كولتورێكی جیاوازەوە، پێشكەوتنی هەر پارچەیەكی جیاوازە لەگەڵ پارچەكانی دیكە بەپێی بارودۆخی هەر پارچەیەك، لە كۆمەڵگەی كوردیدا زۆر باس لە گرنگیی هونەر دەكرێت، بەڵام زۆر باس لە ئاستەنگەكانی بەردەم هونەرمەندان ناكرێت، كە ئایا هونەرمەندان چۆن ژیانی ئاسایی خۆیان دەگوزەرێنن، بەرهەمەكانیان چۆن بڵاو دەكەنەوە، بۆیە پێویستە ماندووبوون و كۆڵنەدانی هونەرمەندان لەبەرچاو بگیرێت، چونكە سەرەڕای ئاستەنگەكان بەردەوامن لە كارەكانیان، هیوادارم بتوانین ئەم هونەرە بە نەوەكانی داهاتوومان بناسێنین.

لە شارێكی وەكو ئیستەنبول كە ژمارەیەكی زۆر كوردی لێ دەژی، ئایا ئاستەنگ بۆ كارەكانتان درووست ناكرێ؟
لە بڵاوكردنەوەی ئەلبووم و سازكردنی كۆنسێرت و تۆماركردنی كلیپ بە زمانی كوردی ئاستەنگمان بۆ درووست ناكرێت، بەڵام نەبوونی هۆڵی گونجاو و بەشداریكردن لە فیستیڤاڵەكاندا تا راددەیەك گرفتمان بۆ دروست دەبێت، چونكە رێكخەرانی فیستیڤاڵەكان ترسیان هەیە لەوەی وەك پێویست جەماوەر ئامادە نەبێت، یان بایكۆت بكرێت.


تاچەند گرنگی بە فۆلكلۆر دەدەیت؟
بنكەی ئەو هونەرەی من كاری لەسەر دەكەم بریتییە لە فۆلكلۆری كوردی كە سەرچاوەیەكی سەرەكی و گرنگی هونەری كوردییە، ئێمەی كورد خاوەن فۆلكلۆرێكی دەوڵەمەندین و، پێویستە هونەرمەندان سوود لەو دەوڵەمەندییە وەربگرن و پشتگوێی نەخەن، بەڵام ئەگەر تەنیا پشت بە فۆلكلۆر ببەسترێت و بەكاری بهێنن و هیچ ئیزافەیەكی نەخەنە سەر، ئەوا دوای ماوەیەك دەشێوێندرێت، چونكە بە سەدان هونەرمەند هەیە یەك گۆرانییان دووبارە كردووەتەوە و هەر یەكێكیش گۆڕانكارییەكی تێدا كردووە و، ئەو ئامێرانەی كە تێیدا بەكارهاتوون جیاواز و پێشكەوتووترن، تەنانەت تێڕوانینی جەماوەریش بۆ گۆرانییە فۆلكلۆرییەكان گۆڕانكاریی بەسەردا دێت.


وەك خۆت تا چەند پشت بە فۆلكلۆر دەبەستیت؟
من هەوڵ دەدەم ئەو بەرهەمانە پێشكەش بكەم كە جەماوەر لە منی دەخوازێت و بە تەواوی پشت بە فۆلكلۆر نابەستم، من گۆرانیی فۆلكلۆریم گوتووە و بە شێوازی نوێ پێشكەشم كردووە، بەڵام بە جۆرێك كە كاریگەریی لەسەر رۆحی گۆرانییەكە نەبیت، چونكە فۆلكلۆر شتێك نییە لە ئاستێكدا وەستا بێت و گۆڕانكاری بەخۆیەوە نەبینێت.


رات چییە بەرامبەر بە هونەرمەندە گەنجەكان؟
هونەرمەندە گەنجەكان بەردەوام كار دەكەن بۆ پێشخستنی هونەری كوردی، چونكە بە كۆڵنەدان و كاركردن دەتوانن پاشەڕۆژی هونەریی خۆیان دابین بكەن، لە ساڵانی دواییدا هونەر گۆڕانكاریی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، هیوادارم پەلە نەكەن، چونكە سەركەوتن كاتی دەوێت.


ئایا توانای ئافرەتی كورد لە بواری هونەردا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
سەرەڕای ئاستەنگەكانی بەردەمی، بەڵام ئافرەتی كورد توانیویەتی بەردەوام لە بواری هونەردا خۆی بسەلمێنێت، گرفتەكان پەیوەندیی بە كۆمەڵگەی كوردییەوە هەیە، كە ئەمەش وای كردووە كە ئافرەت بە دوودڵییەوە بێتە نێو هونەری كوردی، بۆیە پێویستە ئافرەتانی هونەرمەندی كورد كۆڵنەدەن و لە رێگەی هونەرەكەیەوە دەنگی خۆی بگەیەنێت وەك ئافرەتێك، لە هەمان كاتدا خزمەتیش بە هونەری كوردی بگەیەنێت، من خۆم سوودم زۆر لە ئەزموونی خانمە هونەرمەندان وەرگرتووە و بەردەوام گوێ لە گۆرانییەكانیان دەگرم، بەتایبەتی مەریەم خان، ئایشەشان، مەرزییە فەریقی، لەیلا فەریقی و چەندین خانمە هونەرمەندی دیكە.

Top