حوسێن حه‌مه‌د قادر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كاره‌بای پارێزگای هه‌ولێر: ئاماده‌كاریی باش كراوه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی وشكه‌ساڵی
كاره‌بای به‌رده‌وام بۆ 138 بیری نوێی ئاو دابین ده‌كه‌ین و هه‌ڵمه‌تێكی فراوانیش بۆ بڕین و سزادانی سه‌رپێچیه‌كانی سه‌ر هێڵه به‌رده‌وامه‌كانی بیره ئاوه‌كان ده‌ست پێ ده‌كه‌ین
دابینكردنی كاره‌بای به‌رده‌وام بۆ بیره‌كانی ئاو و پڕۆژه گه‌وره‌كانی ئاو؛ به یه‌كێك له‌و ڕێگه چاره‌سه‌رانه داده‌نرێت كه ڕۆڵی له كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی كه‌مئاوی له وه‌رزی گه‌رمای ئه‌مساڵدا هه‌یه. بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م پرسه، چه‌ند پرسیارێكمان ئاراسته‌ی حوسێن حه‌مه‌د قادر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كاره‌بای پارێزگای هه‌ولێر كرد، لێره‌دا پوخته‌ی قسه‌كانی بڵاوده‌كه‌ینه‌وه:
سه‌ره‌تا سه‌باره‌ت به هه‌نگاوه‌كانی فه‌رمانگه‌كانی كاره‌با بۆ دابینكردنی كاره‌با بۆ بیری نوێی ئاوی خواردنه‌وه و پڕۆژه‌كانی ئاو، گوتی: «به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كاره‌بای هه‌ولێر هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌كانی ئاو و یه‌كه ئیدارییه‌كانی پارێزگای هه‌ولێردا هه‌یه، له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌كانی ئاو له سنووری پارێزگای هه‌ولێر بۆ دابینكردنی كاره‌بای به‌رده‌وام و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و گرفته‌كان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هێڵی تایبه‌تمان بۆ فه‌رمانگه و بیره‌كانی ئاو له ناو شاری هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ر و قه‌زا و ناحیه‌كان ڕ‌اكێشا، تا له‌گه‌ڵ بچڕانی كاره‌با و كه‌مبوونه‌وه‌ی ماوه‌كانی پێدانی كاره‌با، وزه‌ی كاره‌بای پێویست بدرێت به بیره ئاوه‌كان، به‌م شێوه‌یه هه‌ر بیره ئاوێك له‌و جۆره كاره‌بایه‌ی بۆ ڕاكێشرابێت، ژماره‌ی پێدانی كاره‌بایان زیاتر كراوه، چه‌ندین هێڵی تایبه‌تیشمان بۆ پڕۆژه‌كانی ئاو دابین كردووه، ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك ناوچه كه كێشه‌و گرفتی ئاو زیاتره، هێڵی تایبه‌تمان بۆ بیره ئاوه‌كان ڕاكێشاوه، هاوشێوه‌ی هه‌ر سێ پڕۆژه گه‌وره‌كه‌ی ئیفرازی 1و 2و 3ی شاری هه‌ولێر و پڕۆژه‌ی ئاوی قه‌ندیل و چه‌ندین پڕۆژه‌ی دیكه‌ی هاوشێوه‌ی ئه‌م پڕۆژه گه‌ورانه‌ی ئاو، كه هێڵی تایبه‌تی كاره‌بای 24 كاتژمێرییان بۆ دابین كراوه. كاركردنمان به پلانێكی هاوبه‌شه و فه‌رمانگه‌كان ڕاسپێردران ته‌واوی تواناكانی خۆیان به‌گه‌ڕ بخه‌ن، بۆ ڕێگریكردن له سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی ئاو، لێدانی 138 بیری ئاوی تازه و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئه‌و بیره ئاوانه‌ی وشك بوون، یان ئاستی ئاوه‌كه‌یان دابه‌زیوه، كاره‌بای پێویست و به‌رده‌وامیان بۆ دابین بكرێت. به سه‌رپه‌رشتیی ڕاسته‌وخۆی پارێزگاری هه‌ولێر و جێگره‌كه‌ی، ژووری ئۆپه‌راسیۆنی چاره‌سه‌ركردنی گرفتی كه‌مئاوی پێك هێنراوه، له ئێستادا ده‌ستی به‌كاره‌كان كردووه‌ته‌وه و به‌شێكی په‌یوه‌نداره به‌دابینكردنی كاره‌با و گه‌یاندنی كاره‌بای به‌رده‌وام، هه‌ر بیره ئاوێكیش له هێڵی كاره‌بای به‌رده‌وام دوور بێت، له ڕێگه‌ی موه‌لیده‌كانه‌وه كاره‌بایان بۆ دابین ده‌كرێت. به‌م شێوه‌یه ئه‌ركی سه‌رشانی ئێمه‌یه كه هه‌ر بیره ئاوێك كاره‌بای پێویست و به‌رده‌وامی بۆ دابین بكه‌ین و، ئه‌گه‌ر نه‌بوو، ده‌بێت له ڕێگه‌ی موه‌لیده ئه‌هلییه‌كانه‌وه كاره‌بایان بۆ دابین بكرێت و به‌رده‌وام ترومپا گه‌وره‌كانیان له‌كاردا بن. هه‌روه‌ها ڕه‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر لێدانی 138 بیری ئاو دراوه و بودجه‌ی بۆ ته‌رخان كراوه و بودجه‌یه‌كی دیكه‌ش كه نزیكه‌ی چوار ملیار و 700 ملیۆن دینار ته‌رخان كراوه و، له‌و بڕه پاره‌یه‌ش هه‌ر كێشه و گرفتێك هه‌بێت بۆ گه‌یاندنی كاره‌با و تۆڕی كاره‌با بۆ بیره ئاوه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و، ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتیش دراوه‌ته ژووری ئۆپه‌راسیۆن بۆ خه‌رجكردنی ئه‌و پاره‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان.»
سه‌باره‌ت به بڕینی سه‌رپێچییه‌كان له‌سه‌ر هێڵی كاره‌بای بیره‌كانی ئاو، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كاره‌بای هه‌ولێر گوتی: «هه‌رچه‌نده هه‌ڵمه‌تی بڕینی سه‌رپێچیه‌كانی كاره‌با له سنووری پارێزگای هه‌ولێر به‌رده‌وامیی هه‌یه، بۆ نموونه له ئه‌مساڵدا واتا له‌م چوار مانگ و نیوه‌دا نزیكه‌ی 30 سه‌رپێچیكار كاره‌بایان لێ بڕواوه و 463 ملیۆن دینار سزا دراون، بۆ بڕینی سه‌رپێچیه‌كانی بیره‌كانی ئاو له سنووری پارێزگای هه‌ولێر به‌رنامه‌یه‌كی چڕ و فراوانی تایبه‌ت به سه‌رپێچیه‌كانی هێڵه‌كانی كاره‌بای بیره ئاوه‌كان له‌به‌رده‌ستدایه و، له‌م ماوه نزیكه‌دا ده‌ست پێ ده‌كه‌ین».
سه‌باره‌ت به‌و پڕۆژانه‌ی كاره‌با كه له سنووری شاری هه‌ولێر ئه‌نجام دراون، كه ڕۆڵی ده‌بێت بۆ دابینكردنی كاره‌با بۆ بیرەكانی ئاو، حوسێن حه‌مه‌د قادر گوتی: «حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بودجه‌یه‌كی گه‌وره‌ی دابین كرد بۆ ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه زۆر پێویستن و به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه ڕاگیرابوون، ئه‌وه بوو له كه‌رتی كاره‌بادا چه‌ندین پڕۆژه‌ی جۆراوجۆر له كه‌رته‌كانی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه و دابه‌شكردن ئه‌نجام دران، له پارێزگاری هه‌ولێریش چه‌ندین پڕۆژه و وێستگه‌ی گواستنه‌وه و دابه‌شكردنی كاره‌با بۆ گۆڕینی ڤۆڵتییه جێبه‌جێ كرا، له‌وانه وێستگه‌كانی (كارێزان، نووسه‌ران، نیشتمان، كه‌سنه‌زان (مۆنۆمێنتی شه‌هیدان)، ئازادیی نوێ (زانیاری)، ڕووناكی و چه‌ندین وێستگه‌ی دیكه‌ی مۆبایل، چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی دیكه‌ش له‌ژێر جێبه‌جێكردندان، له‌وانه وێستگه‌كانی (شاوێس و به‌حركه و تیماری گه‌وره)، ئه‌م وێستگه گه‌ورانه‌ی ڤۆڵتییه به بودجه‌یه‌كی زۆر كه هه‌ر وێستگه‌یه‌ك له نێوان 18 بۆ 20 ملیار دینار جێبه‌جێ كراوه و، له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ئه‌نجام دراوه و هێڵی كاره‌باشیان له 10 بۆ 15 فیده‌ری بۆ وێستگه‌و ناوچه‌كان لێ ده‌ركراوه، تاوه‌كو بتوانرێت كاره‌با بدرێت به هاووڵاتیان و پڕۆژه و گه‌ڕه‌كه‌كان، به‌تایبه‌تی گه‌ڕه‌ك و ناوچه ئاوه‌دانه نوێیه‌كان، ئومێدیش زۆره سێ وێستگه‌كه‌ی دیكه (وێستگه‌ی شاوێس) به‌م نزیكانه كاره‌كانی ته‌واو ببێت و ئه‌وانی دیكه‌ش بودجه‌ی بۆ ته‌رخان كراوه و ده‌ست به جێبه‌جێكردنی ده‌كرێت، وه‌زاره‌تی كاره‌با له جێبه‌جێكردنی ئه‌و ژماره زۆره‌ی پڕۆژه و هێڵی كاره‌با و ئیشپێكردنی پڕۆژه‌ی پێوه‌ری زیره‌ك، هه‌مووی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و فشار و پاڵه‌په‌ستۆیه هه‌بووه، به‌ڵام وه‌كو ئاماژه‌م پێ كرد، گه‌شه له شاری هه‌ولێر به ڕاددهیهكه كه پێویستمان به پڕۆژه و كاری به‌رده‌وامه، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دابینكردنی كاره‌با بۆ هاووڵاتیان و بیره‌كانی ئاو هه‌یه، به‌تایبه‌تی له وه‌رزی گه‌رمادا».