ئایدن ئۆستان بۆ گوڵان: لاساییكردنەوە لەكاری هونەری ئاساییە بەڵام لە كوردستان بە نادروستی دەكرێت

ئایدن ئۆستان بۆ گوڵان: لاساییكردنەوە لەكاری هونەری ئاساییە بەڵام لە كوردستان بە نادروستی دەكرێت

ئایدن ئۆستان، گەنجێكی تاراوگەنیشینە، بەڵام ئەو هەر لەسەرەتای ژیانی غەریبی دەستبەرداری هونەری كوردی نەبووەو، هەمیشە دەستێكی لە نێو سیاسەت و دەستێكی دیكەشی بە هونەرەوە گرتووە، ئەو لە وڵاتی فلامینكۆ دەژی، بەڵام رەسەنایەتی و تام وبۆی كوردەواری هێشتا بە هونەرەكەیەوە دیار و بەرچاوە.

ئایدن بۆ بڵاوكردنەوەی نوێترین ئەلبوومی گۆرانی، لە وڵاتی ئیسپانیا گەڕایەوە باشووری كوردستان، هاوكات جگە لە كاری هونەری كاربەرێكەری حكومەتی هەرێمی كوردستانە لەو وڵاتە، لە دیمانەیەكی تایبەتدا بە گۆڤاری گوڵاندا، ئایدن روئیا و بۆچوونەكانی خۆی لە بارەی هونەری كوردی لەو سەردەمە دەخاتەڕوو.

ئایدن ئۆستان بۆ گوڵان: لاساییكردنەوە لەكاری هونەری ئاساییە بەڵام لە كوردستان بە نادروستی دەكرێت

* لاساییكردنەوە و سوود وەرگرتن لەكاری هونەریی گەلانی دیكە تاچەند گونجاوە؟
- لاساییكردنەوە لەكاری هونەری ئاساییە، بەڵام لە كوردستان ئەمە بە نادروستی دەكرێت، هونەرمەندمان هەیە هەموو توانایەكی هونەریی تێدا بەدی دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەنگی خۆشە، ئاواز و تێكستی باشی لەبەردەستە، توانای دارایی زۆر باشە، بەڵام گۆرانییە كۆنەكان دەڵێتەوە و پارەیەكی زۆریشی تێدا سەرف دەكات، لە كاتێكدا دەتوانێت بە ئاسانی گۆرانیی نوێ و تایبەت بەخۆی بڵێت، ئاساییە ئەگەر گۆرانییە كۆنەكانیش بڵێتەوە، بەڵام پێویستە تازەگەریی تێدا بێت.
* لە ئەلبوومە نوێیەكەتدا چیی نوێ تێدا بەدی دەكرێت؟
- ئەلبوومەكەم بەناوی (لەبیر ناكرێی)ـە لە نۆ تراكی گۆرانی پێك هاتووە، لە جیاتی نووسینی تێكستی گۆرانییەكان، چیرۆكی گۆرانییەكەم لەسەر ئەلبوومەكە نووسیوەتەوە، ئەمەش شتێكی تازەیە. گۆرانییەكانی (هاوڕێی غوربەت، لەبیر ناكرێی، دڵ هی تۆیە، باش بزانە) ئەمانە تێكستەكانیان لەسەر ویستی خۆم نووسراونەتەوە، گۆرانیی (سۆز)م لەگەڵ هونەرمەندێكی ئیسپانی گوتووە، كە تێكستە كوردییەكەی هی خۆمە، هەروەها گۆرانیی (رۆژە جوانەكانت) لە ئاوازی خۆمە. هەڵبەتە لە رووی كاری میوزیكییەوە ئەلبوومەكە لەوڵاتانی ئیسپانیا، توركیا، ئێران و كوردستان ئەنجام دراوە، تۆماری دەنگی لە ئیسپانیا جێبەجێ كراوە.
بەرهەمهێنانی ئەلبوومەكەم وەكو خەونێكە كە هاتبێتە دی، چونكە 25 ساڵ پێش ئێستا یەكەم بەرهەمی هونەریم بڵاوكردبووەوە بڕیاریشمداوە داهاتەكەی تەرخان بكەم بۆ منداڵانی بێسەرپەرشت لە كوردستان.
* بەكەمی دەردەكەوێت، ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
- لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە میوزیكم خوێندووە، لە دوای ساڵی 1991 گۆرانی و میوزیك لە كوردستان لاواز بووە، لە ساڵی ١٩٩٧ یەكەمین گۆرانی خۆم بە ناوی (تارمایی خەم) گوت، دواتر لەبەر چەند هۆكارێكی تایبەت بۆ ماوەیەكی زۆر لە هونەر دابڕام، بەڵام بەردەوام گۆرانیم دەگوت، لە ساڵی 2019 دووبارە دەستم بە كاری هونەری كردەوە، سەرەتا بە گۆرانیی (تۆ) لە تێكستی مازیار و ئاوازی رۆژ كەریم، پاشان گۆرانیی (لەبیر ناكرێی)م، بەشێوەی دوێت لەگەڵ هونەرمەند كەمال محەممەد بڵاوكردەوە، دووركەوتنەوەشم پەیوەندی بەوەوە هەیە، كە من دەمێكە وەكو كاربەڕێكەری حكومەتی هەرێم لە ئیسپانیا كار دەكەم، سەرقاڵی كاری دبلوماسی و پەیوەندییەكانم، بەڵام هەرگیز كاری هونەریم فەرامۆش نەكردووە و حەزم كردووە بەكاری جوان و سەرنجراكێشەوە بگەڕێمەوە.
* بۆچی هونەرمەندانی كوردستان گرنگی بە دوێت نادەن؟
- كاری دوێت گرنگە، بەتایبەتی لەگەڵ هونەرمەندانی بیانی، چونكە پەیوەندیی كولتووری و فەرهەنگی بە‌هێزتر دەكات، بەڵام بەداخەوە لە كوردستان بە نادروستی كار لەسەر دوێت كراوە، چونكە كاتێك دوێت لە نێوان هونەرمەندێكی كوڕ و كچێك دەكرێت، دەبێت تێكستی گۆرانییەكە وابێت بگونجێت و گۆرانییەكە بۆ یەكدی بڵێن، بۆنموونە كچێك دوێت دەكات لە تێكستی شیعرەكە دەڵێت زولف و لارولەنجەو قژی ئاڵات، لە كاتێكدا ئەمە دەبێت كوڕێك بۆ كچێكی بڵێت، ئەمەش دەبێت چارە بكرێت و تێكستنووسی دوێتیش لە كوردستان گرنگیی پێ بدرێت.
* بۆچی لە جیاتی تێكستی گۆرانی، چیرۆكی گۆرانییەكەشت لە ئەلبوومەكەتدا نووسیوە؟
- لەبەر ئەوەی هەموو گۆرانییەكانی من وەك چیرۆكن، بۆ نموونە (لەبیر ناكرێی) باس لە جودابوونەوە دەكات، (رۆژە جوانەكان) باس لەو رۆژانە دەكات كە پێكەوە بووین، لە ئازیزی دڵ دەپرسم چۆن بەبێ من دەژیت؟ رۆژەكانت چۆن بەسەر دەبەیت؟ لە گۆرانی (باش بزانە) بە ئازیزەكەم دەڵێم دوای دابڕانیش دەرگا كراوەیە تا بگەڕێیتەوە. نزیكە حەوت شیعرم هەیە، كە هەندێكیان پەخشانەشیعرە، بەڵام بڵاوم نەكردووەتەوە و نەكراونەتە گۆرانی، رەنگە لە داهاتوودا بیكەم بە گۆرانی، هەروەها هەندێك لە تێكستی گۆرانییەكان بە ویست و لەسەر داوای خۆم بووە، چونكە حەز دەكەم شیعر بە ویستی من بنووسرێت، كاتێك داوا دەكەم شیعرم بۆ بنووسرێت وشەكان ناگۆڕم، بەڵام زۆر جار جێگۆڕكێیان پێ دەكەم یان كورتی دەكەمەوە، یان ئەگەر كورت بێت پێی دەڵێم هێشتا بنووسێـت، لەگەڵ ئەوەشدا شیعرەكان زۆر دەخوێنمەوە ئینجا ئاوازیان بۆ دادەنێم، تەنانەت هەندێ گۆرانی هەبووە دوو ئاوازم بۆی داناوە.
* چۆن هاوسەنگیت لە نێوان كاری دبلوماسی و كاری هونەریدا كردووە؟
- مرۆڤ دەتوانێت هەم شاعیر بێت هەم یاریزان، یان پزیشك و شاعیر، یەكیان حەز و ئارەزووە و ئەوەی دیكە بژێوی ژیانە، چونكە من ناتوانم بژێوی ژیان بە هونەر و گۆرانی پەیدا بكەم، خۆشەویستییەكی زۆرم بۆ كاری دبلوماسی و سیاسی هەیە، چونكە بەشێكێ ژیانم بۆ ئەم بوارە تەرخان كردووە، هیچ كات نەمهێشتووە كاری دبلوماسیم رێگر بێت بۆ كاری هونەری و بەپێچەوانەش هەر راستە.

Top