میگانیش توڕەیە

میگانیش توڕەیە

خانمە ئەكتەری ناسراوی هۆڵیۆد میگان فۆكس لە میانەی دیمانەیەكی لەگەڵ ماڵپەڕی (E! News)ی تایبەت بە هەواڵی هونەرمەندان، داوای مافی زیاتری ئەكتەران دەكات و، ئەوەی خستەڕوو كە ئەكتەران لە زۆربەی مافەكانیان بێبەشن، كە پێویستە لە میانەی كارەكەیاندا پێیان ببەخشرێت.

لەم دیمانەیەدا میگان فۆكس بەرهەمهێنەرانی سینەمای لە هۆڵیۆد بە (مایەپوچ لە رووی ئەخلاقییەوە) وەسف دەكات و، پاڵەوانی فیلمی (The Transformers) لەم بارەوە گوتی: «كەسانی ئاسایی ژیانیان مسۆگەرە و بیمەیان هەیە، بەڵام ئەكتەران كە خۆیشم یەكێكم لەوانە، بە دەست زۆر گرفتەوە دەناڵێنین لە كاتی تۆماركردنی فیلمەكاندا، چونكە بەرهەمهێنەران و دەرهێنەران هەرچی توانا و وزەی ئەكتەر هەیە، هەوڵ دەدەن بیبەن، تەنیا بۆ سەركەوتنی فیلمەكانیان و دەستكەوتنی سەرمایەی زیاتر، بەڵام بە هیچ شێوەیەك بۆیان گرنگ نییە ئەكتەر چی بەسەردێت، دەست، یان قاچی بشكێت و تووشی رووداویش ببێتەوە، هیچ بۆیان گرنگ نییە».

هەر لە درێژەی ئەم دیمانەیەدا میگان فۆكس دەڵێت: «ئەگەر هەرچییەكت بەسەر بێت، بەڵام خوێن لە دەموچاوت نەیەتە خوارەوە گرنگیت پێ نادەن و دەبێ بەردەوامبیت لە كار و وێنەگرتن، هەرچەندە رەنگە ئەكتەر تووشی نەخۆشی ببێتەوە، بەڵام خەڵك لەمە تێناگەن و هەست بە ئازارەكانی ناكەن، لەلایەكی دیكەوە هیچ گەرەنتییەكی نووسراو نییە بۆ پاراستنی ئەكتەران لە رووی جەستەییەوە، بە داخەوە بەرهەمهێنەران ئەمەیان بەلاوە گرنگ نییە، تەنیا هەوڵ دەدەن فیلمەكە بەو شێوەیە كۆتایی بێت كە خۆیان دایانناوە و، وا بیر دەكەنەوە لەگەڵ كۆتایی هاتنی فیلمەكە پەیوەندییان بە ئەكتەرەوە كۆتایی دێت».
سەرچاوە: گولولی

Top