گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا كۆڵەگەیەكە بۆ شەرعییەتی سیستمی سیاسی

گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا  كۆڵەگەیەكە بۆ شەرعییەتی سیستمی سیاسی

 

 

بڕوابوون بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن وەك گێڕانەوەی دەسەڵات بۆ ئیرادەی گەل (گەلی كوردستان) جیاوازە لە بڕوابوون بە هەڵبژاردن وەك دەستكەوتێك بۆ بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی، سەرۆك بارزانی كە بەهاری ساڵی 1991 وەك سەرۆكی بەرەی كوردستانی لە كۆیەوە داوای كرد «دەبێت لە كوردستان هەڵبژاردن بكرێت و گەل بكرێتەوە سەرچاوەی دەسەڵات» ئەوكات نە هەموو كوردستان ئازاد كرابوو، نە هەر دوو دامەزاروەی شەرعی (حكومەت و پەرلەمانی كوردستان)مان هەبوو، هەر بۆیە دوای ئەوەی لە كۆتایی ساڵی 1991 حكومەتی عێراق دامودەزگا دەوڵەتییەكانی لە كوردستان كشاندەوە، جارێكی دیكە سەرۆك بارزانی لە ناو كۆبوونەوەكانی بەرەی كوردستانیدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئیدارییە كە كشانەوەی دامودەزگاكانی حكومەتی عێراق لە كوردستان دروستی كردووە، تەنیا ڕێگە ئەوەیە كە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و بە بڕیاری گەلی كوردستان جارێكی دیكە دامەزراوە شەرعییەكان دابمەرزێنەوە و، دەبێت گەلی كوردستان بڕیار بدات چۆن و كێ لە كوردستاندا فەرمانڕەوا دەبێت و، دوای ئەوەش لەسەر پێداگرییەكەی سەرۆك بارزانی، بەرەی كوردستانی بڕیاری دا هەڵبژاردن لە كوردستان ئەنجام بدرێت و یاسای ژمارە 1و2 ی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و ڕێبەریی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان پەسەند كرد، سەرۆك بارزانی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند «ئەمڕۆ خۆشترین ڕۆژە لە ژیانی مندا».

ئەوجا لێرەوە ئەگەر ئەو پرسیارە بكەین، بۆچی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە بیركردنەوەی سەرۆك بارزانی-دا هێندە گرنگی پێ دراوە و جەختی لەسەر دەكردەوە؟ ئایا ئامانجی ئەوە بوو بە ڕێگەی سندوقی دەنگدان خۆی ببێتە ڕێبەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و حزبەكەشی ببێتە فەرمانڕەوا لە كوردستان؟ یان ئامانجی سەرۆك بارزانی ئامانجێكی دوورمەدا بوو؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە گرنگە چەند خاڵێك وەبیر بهێنینەوە:

1. لەگەڵ ئەوەی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئایاری ساڵی 1992 دروشمی قەبەیان بەرز كردەوە، بۆ ئەوەی دەنگی پێ كۆبكەنەوە، سەرۆك بارزانی ڕێگەی نەدا پارتی دیموكراتی كوردستان دروشمی «دیموكراتی بۆ عێراق و ئۆتۆنومی بۆ كوردستان» بگۆڕێت و هەر بەم دروشمەوە بەشداریی هەڵبژاردنەكانی كرد.

2. لە پرۆسەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن بۆ ڕێبەریی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان، سەرۆك بارزانی بانگەشەی هەڵبژاردنی بۆ خۆیشی نەكرد و، ڕاشكاوانە بە هەموو لایەك و جیهانی ڕاگەیاند: بایەخی ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئەوە نییە لایەنێكی سیاسی بیباتەوە و بەرامبەرەكەی بیدۆڕێنێت، بەڵكو گرنگیی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەیە كە ئیرادەی گەلی كوردستان براوە بێت و، ئەو ئیرادەیە ئەو بۆشاییە سیاسییەی لە كوردستان دروست بووە، بە ئیرادەیەكی شەرعی دووبارە پڕی بكاتەوە.

دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ڕاگەیاندنی ئاكامەكانی هەڵبژاردن، لەگەڵ ئەوەی سەرۆك بارزانی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ڕێبەریی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان بە دەیان هەزار دەنگ لە پێشەوە بوو، هەروەها لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە ڕێژەی 50+1% كورسییەكانی پەرلەمانی بەدەست هێنابوو، بەڵام بۆ ئەوەی ئەزموونی حوكمڕانیی كوردستان دروست بكرێت، وازی لە سەركەوتنەكەی خۆی هێنا و، ڕازی بوو 50 بە 50 حكومەت لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێك بهێنێت، لەمەش زیاتر ڕازی بوو سەرۆكی یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت.

ئەگەر لەسەر بنەمای ئەم تێگەیشتنە نیشتمانی و نەتەوەییەی سەرۆك بارزانی هەڵوەستە لەسەر پێداگریی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەم جارە كە لە كاتی خۆیدا (ئۆكتۆبەری 2022) ئەنجام بدرێت، ئەوا ئێستا پارتی بە تەنیا خاوەنی 45 كورسییە لە 100 كورسیی پەرلەمانی كوردستان و لەگەڵ فراكسیۆنە هاوپەیمانەكانی ژمارەی كورسییەكانیان زیاتر لە (50+1%)ـە و، ئەگەر بە تێڕوانینی بەرتەسكی حزبی سەیری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بكردایە، ئەوا وەك لە مەزندەكانەوە پێشبینی دەكرد، زۆر نزیكە پارتی كە یەك دوو كورسیی پەرلەمانی كەم بكات، تا لەوەی زیاتری بكات، بەڵام لەبەر ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕوای تەواوی بەوە هەیە كە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا كۆڵەگەیەكە‌ شەرعییەتی سیستمە سیاسییەكە پتەو دەكات و، متمانەی نێوان هاووڵاتیان و سیستمی سیاسی جارێكی دیكە تازە دەبێتەوە و، متمانەی زیاتر لە نێوانیاندا دروست دەبێت، ئەوا پێداگریی سەرەكی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانەكانی فراكسیۆنەكانی پێكهاتەكانە لە كوردستان، لەمەش زیاتر سەرۆكی هەرێمی كوردستان كاتی هەڵبژاردنی لە وادەی خۆی ڕاگەیاندووە و، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بڕیاری داوە هەموو پێداویستییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دابین بكرێت، بۆ ئەوەی لەكاتی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

بەڵام وێڕای ئەم هەموو ئامادەباشییە و پێداگریی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، كەچی وەك دەبینین فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە بیانووی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی كوردستان و بە لایەنداریی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وەك ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی، ماوەی یەك دوو مانگە كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی كوردستان ڕاگیراون، بۆ ئەوەی ڕێگری لەوە بكرێت كە پەرلەمان بۆ ئەوەی ماوەی یاسایی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان درێژ بكرێتەوە و لە ڕووی یاساییەوە خۆی ئامادە بكات بۆ ئەوەی زەمینە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان حازر بكات.

ئەوەی لە ڕوانگەی نیشتمانی و نەتەوەییەوە لە دروستكردنی ئەم ئاستەنگانە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن مایەی نیگەرانییە، ئەوەیە كە حزبێكی سیاسی هەموو هەوڵەكانی بۆ ئەوە بێت ئاستەنگ بۆ هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دروست بكات و، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش نەتوانێت خۆی بێ لایەن بكات و شەرعییەتی سیستمە سیاسییەكە بپارێزێت.

 

Top