پەكخستنی پەرلەمان و دواخستی هەڵبژارن كارتێكی دیكە بۆ درێژەدان بە قۆناخی لوتكەی گەندەڵی
لەسەر ئەو بنەمایەی «سیستمی پەرلەمانی» لەسەر دامەزراوە كە دەڵێت: «باشترین ڕاستی لای دەنگدەرە»، ئەوا هەموو ئەو دەوڵەتانەی پەیڕەوی سیستمی پەرلەمانی دەكەن، كێشە و قەیرانە ئابووری و سیاسییەكانیان بە ڕێگەی هەڵبژاردن یەكلایی دەكەنەوە، تەنانەت ئەگەر هێشتا زووش بێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەو وڵاتەدا ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەوەی بووەتە سەمەرە و جێگەی گاڵتەجاڕی بۆ ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان، ئەوەیە كە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەكرێت، سەرۆكی پەرلەمان ئەو دامەزراوە گرنگەی پەك خستووە و ڕێگە نادات پەرلەمان بۆ قسەكردن لەسەر كێشەی خەڵك كۆببێتەوە و چارەسەرێك بۆ ئەو نەهامەتییانە بدۆزرێتەوە كە خانەنشین و مووچە خۆرانی سلێمانی و هەڵەبجە بە دەستیەوە دەناڵێنن و، هەروەها هەموو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان (بە پڕۆژە خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانیشەوە) پەكیان كەوتووە.
لە بەدواداچوونێكمان بۆ ئەم ڕاپۆرتە و سەبارەت بەوەی «بۆچی سەرۆكی پەرلەمان، پەرلەمانی پەك خستووە؟» سەردانی پەرلەمانی كوردستانمان كرد و لە نزیكەوە ئەم پرسیارەمان لەگەڵ پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە جیاوازەكان ورووژاند و لێمان پرسین: ئایا پرسی پەكخستنی پەرلەمان تەنیا پەیوەستە بە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن؟ ئایا خەڵكی كوردستان كێشەی دیكەی نییە كە ئەوە بهێنێت پەرلەمان لەسەری كۆببێتەوە و چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە؟ ئایا هیچ فراكسیۆنیك ڕێگرە لەوەی بەرنامەی كاری پەرلەمان بۆ كێشەكانی خەڵك تەرخان بكرێت؟ وەڵامی زۆربەی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە جیاوازەكان ئەوە بوو، كە پەكخستنی پەرلەمان و بانگەشەنەكردن بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان، بڕیارێكی سیاسی لە پشتەوەیە و ئەو بڕیارە سیاسییەش لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوەیە و بە حوكمی ئەوەی سەرۆكی پەرلەمانیش ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتییە بڕیاری حزبەكەی جێبەجێ دەكات، نەك لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان.
سەبارەت بەو كێشمەكێشەشی لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان هاتووەتە ئاراوە، لە سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانمان پرسی، بۆ ئێوە وەك فراكسیۆنی زەرد دژی هەمواركردنەوەی ئەم یاسایەن، بۆ ئەوەی كوردستان بكرێتە چوار بازنە، ئەمە لە كاتێكدا هەر چەند مانگێك پێش ئێستا بە 12 بازنە بەشداریتان لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق كرد؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارە، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان پێی گوتین: «ئێمە هیچ پڕۆژە یاسایەكمان ڕەت نەكردووەتەوە و لە ئایندەش ڕەتی ناكەینەوە، بەڵام گوتوومانە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن ڕەهەندێكی نیشتمانی هەیە و پێویستی بە سازانە لە نێوان هەمان فراكسیۆنەكان، بەڵام ئەوان بە ئیمزای ژمارەیەك پەرلەمانتار پڕۆژەی هەمواركردنەوەی یاساكەیان پێشكەشی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە و بە بێ ئەوەی هەوڵ بدەن سازان لەگەڵ ئێمە بكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەك ڕێگر نین بۆ ئەوەی پەرلەمان كۆببێتەوە و خوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەم هەمواركردنەوەیە بكات، خۆمان داوامان لە سەرۆكی پەرلەمان كردووە كە بانگەشەی كۆبوونەوەی پەرلەمان بكات و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەی هەمواركردنەكە بكرێت و، لەناو پەرلەمان وتووێژی لەسەر دەكەین، بۆ ئەوەی پێكەوە بگەینە سازان و دەنگی لەسەر بدەین».
بۆ زیاتر ڕۆچوون لەسەر ئەم پرسە دیسان پرسیارمان لە سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد: «وەڵامی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی بۆ ئەم ئامادەباشییەی ئێوە چۆن بووە؟» لە وەڵامی ئەم پرسیارەشدا گوتی: «پێش ئەم دیدارەی ئێوە پێكەوە گوێبیستی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی فراكسیۆنی یەكێتی بووین و، ئەوان بە شێوەیەكی زۆر سەیر لە چەمكی «سازان» تێگەیشتوون و «سازان» بە «سەپاندن» تێگەیشتوون، لە هەموو جیهاندا كاتێك لایەنەكان دەگەنە سازان كە هەر دوولا بڕوایان بە «دانوستاندن و كۆمپرۆمایز» هەبێت، ئەمەش واتە كاتێك تۆ دەتەوێت بگەیتە سازان، ئەوا لەو پرۆسەیەدا هیچ لایەنێك 100% هەموو داواكانی جێبەجێ ناكرێت و، هیچ لایەنیكش 100% دەستبەرداری داخوازییەكانی خۆی نابێت، ڕاشكاوانەتر لە سازاندا نە براوە هەیە و نە دۆڕاو، بەڵكو خاڵێكی هاوبەش هەیە كە هەموو لایەك خۆی تێدا بە براوە دەزانێت، ئەو خاڵەش بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانە كە هەموومان پێكەوە كۆدەكاتەوە».
لە دەرەوەی پرسی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان، لە چەند پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنە جیاوازەكانمان پرسی: ئایا تەنیا یاداشت، یان پڕۆژە كە بەرز كرابێتەوە بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، تەنیا پڕۆژەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنە؟ لە وەڵامدا هەموویان یەك دوو وەڵامی هاوشێوەیان پێ داین و گوتیان «زیاتر لە 40 یاداشت لەسەر كێشە و گرفتەكانی خەڵكی كوردستان بەرز كراونەتەوە بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان و داوامان كردووە پەرلەمان بۆ كێشە و گرفتەكانی خەڵك كۆببێتەوە، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان خۆی بە ئاشكرا ڕایگەیاندووە كە ئەو ئامادە نییە بانگەشە بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان بكات.
لە بەرامبەر هەموو ئەم بۆچوونانەی فراكسیۆنە جیاوازەكان، فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك ئەوەی لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكانیان و لێدوانەكانیان بۆ میدیا گوێبیستی بووین، ئامانجیان لەم پڕۆژەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان ئەم ئامانجانەیە:
1. دوای ئەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان 10ی تشرینی یەكەمی 2022ی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەباشی پیشان دا بۆ ئەوەی پێداویستییەكانی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتی خۆی دابین بكرێت و، كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانیش ڕایانگەیاند ماوەی شەش مانگیان بۆ خۆ ئامادەكردن پێویستە، ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە جیاوازەكان لە ڕۆژی 28ی ئاداری 2022 پڕۆژەی هەمواركردنەوەی یاساكەیان پێشكەش كرد، بۆ ئەوەی ئاستەنگ دروست بكەن و هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا نەتوانرێت ئەنجام بدرێت، لەمەش خراپتر سازانیان زیندەبەچاڵ كرد بۆ ئەوەی ئاستەنگەكە گەورەتر بێت و چارەسەرەكەشی قورستر بێت.
2. یەكێتی خاڵێكی مەحاڵی لە پڕۆژەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن هەرێمی كوردستان داناوە، ئەویش دابەشكردنی «كۆتای پێكهاتەكانە» بە سەر چوار بازنەییدا، ئەم خاڵە لەگەڵ ئەوەی تەواوی پێكهاتەكان بە «توركمان و كلد و سریان و ئاشووری و ئەرمەن»ـەوە ڕەت دەكرێتەوە و قبووڵ ناكرێت، لە هەمانكاتدا لەگەڵ ستراتیژیەتی سیاسەتی پارتی و بیركردنەوەی سەرۆك بارزانی بۆ پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە كوردستان یەك ناگرێتەوە و، شەخسی سەرۆك بارزانی ڕێگە نادات پارتی دیموكراتی كوردستان لە پڕۆژەی نووسینەوەی دەستووری كوردستاندا دەخالەت لە مافی پێكهاتەكان بكرێت، بەڵكو پێكهاتەكان خۆیان چ بە مافی خۆیان دەزانن، خۆیان ئازادن چۆن دیاری دەكەن، ئێمەش وەك هەرێمی كوردستان دەبێت ڕێز لەمافەكانیان بگرین، بۆیە هەرگیز ئەوە قبووڵ ناكرێت بۆ بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی دەست بۆ پرسێكی هەستیاری وا ببردرێت كە شكۆی هەرێمی كوردستانیش لەسەر جیهان لەكەدار دەكات، بێگومان یەكێتی نیشتمانی زۆر باش لە دەستبردن بۆ ئەم پرسیارە تێ دەگات، بۆیە لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت ڕێگرتن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان پەردەپۆش بكات.
3. تێكڕای فراكسیۆنەكانی «یەكێتی، كۆمەڵ، یەكگرتوو» كە بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتییان لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردن لە كوردستان نەكرێت، ئەوا ماوەی دوو مانگە ئەو هەموو قەیرانەی مووچە و پاككردنەوە و نەبوونی دەرمان و پێداویستیی نەخۆشخانەكان لە سنوری هەر دوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بوونی هەیە، لەبەر ئەوەی باش دەزانن كە هۆكاری سەرەكیی كێشەكانی ئەو دەڤەرە چ لایەنەكە و، بەرژەوەندیی حزبیان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لەگەڵ ئەو لایەنەیە كە «یەكێتی نیشتمانی كوردستان»ـە، هیچ كام لەو فراكسیۆنانە داوای ئەوە ناكەن پەرلەمان بۆ ئەو كێشانە كۆببێتەوە و ڕای گشتی بە ڕاستییەكان ئاگادار بكرێتەوە.
پرسیاری سەرەكی و گرنگ لە جەماوەری ئەو حزبانە بە گشتی و جەماوەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سنوری هەر دوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ئەوەیە، ئەگەر وەك بەرپرسانی حزبی یەكێتی بانگەشەی بۆ دەكەن بەوەی گوایە ئەوە حكومەتی هەرێمی كوردستانە سزای هەر دوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەدات، باشە بۆ ناپرسن: خۆ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە و بەپێی یاسا بۆی هەیە لێپرسینەوە لە حكومەت بكات و بانگهێشتی پەرلەمانیان بكات، بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان بە باشی لەو ڕاستییە تێ بگات، كە كێیە سزای خەڵكی سلێمانی و هەڵەبجە دەدات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە ناڕەزایەتیی ئەو پێشمەرگە دێرینە خانەنشیانە هەڵدەهنجین كە ڕاشكاوانە بە سەركردایەتیی حزبەكەیان گوت: ئیستا ڕاست و دروست پێمان بڵێن ئێوە بەشدارن لە حكومەت، یان ئۆپۆزسیون؟ ئەگەر بەشدارن لە حكومەت كێشەكان چارەسەر بكەن، ئەگەر بێدەسەڵاتیشن لە حكومەت بكشێنەوە و ڕاستییەكانمان پێ بڵێن.
ئەم واقیعە تاڵەی ئێستای قەیرانی نەمانی پارەی بانكەكان و ڕاوەستانی پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری كە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بە خۆیەوە دەبێنێت، واقیعێكە شایستەی خەڵكی تێكۆشەری ئەو دەڤەرە قارەمانە نین و، دەبێت هەموو لایەك هاوكار بن بۆ ئەوەی ئەو قەیرانانە تێپەڕێت و چارەسەرێك بۆ ئەو واقیعە تاڵە بدۆزرێتەوە و هەوڵێك هەبێت بۆ ئەوەی متمانە لە نێوان خەڵك و دامەزراوەكانی حكومەت لەو دەڤەرە دووبارە دروست ببێتەوە، هەنگاوی جددی و پراكتیكییش بۆ گێڕانەوەی ئەو متمانەیە لەو خاڵەوە دەست پێ دەكات كە جەماوەری كوردستان بە گشتی و جەماوەری دەڤەری سلێمانی و هەڵەبجە بە تایبەتی زۆر باش ڕاستییەكانیان بخرێتە بەردەست بۆ ئەوەی زەمینەی بەشداریكردنیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان فەراهەم بێت.