مانگی پیرۆزی ڕەمەزان دەرفەتێك بۆ بەخشین و یارمەتیی هەژاران و كاری خێرخوازی و مرۆڤدۆستی
ساڵانە لەگەڵ هاتنەوەی مانگی پڕ خێری ڕەمەزان، دەرگای خێر و بەخشین و كۆمەكی و یارمەتیدانی هەژاران و كار و هەنگاوی خێرخوازی بە ڕووی كۆمەڵگە دەكرێتەوە و زیاتر لە كاتەكانی دی گیانی هاوكاری دەرەكەوێت، ئەمەش بەشی هەرە زۆری سەرچاوەی لەو قەناعەتەوە گرتووە، كە خێركردن لە ناو ڕەمەزان پاداشتێكی گەورەی هەیە و دەبێتە هۆكاری ڕەزامەندیی خوا و ئاسوودەبوونی دەروون و بووژاندنەوەی ئابووریی كۆمەڵگە.
كار و پڕۆژەی خێر و گەیاندنی كۆمەكی، وە نەبێ تەنیا شتێكی مرۆیی و ویژدانی و ڕواڵەتی و دڵخۆشكەر بێت، بەڵكو هەوڵ و هەنگاوێكی گەورە و شایستەی پێزانین و خێرێكی نەبڕاوەیە لە تێڕوانینی ئیسلامدا، كە دەیان دەق لە ئایەت و فەرموودە هەن، جەخت لەوە دەكەنەوە ئەو جۆرە هەست و هەڵوێستە یەكێكە لە كردەوە هەرە گەورەكانی نێو دونیابینیی ئیسلام و مرۆڤایەتی.
خوای گەورە مرۆڤی نیشتەجێی سەر زەوی كردووە و، ئەركی ئاوەدانی و گەشەی شارستانیەت و كاری مرۆڤانەی پێ سپاردووە و، یەكێ لە بنەما و كارە بنەڕەتییەكانی پێشكەوتنی هەر كۆمەڵگەیەكیش بریتییە لە كاری خێرخوازی و هاوكاریكردنی یەكتر، كە دواجار ئەمە بۆ ئاشتیی كۆمەڵایەتی و بەهێزبوونی پەیوەندییەكان و سەقامگیری و دروستكردنی هاوسەنگی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی خاڵێكی پاڵپشت و بەهێز دەبێت.
لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) دەیان ئایەت و فەرموودە هەیە، كە جەخت لە بەخشین و یارمەتیدان و ئەنجامدانی كاری مرۆیی و كۆمەككردنی خەڵكی كەمدەرامەت و لێقەوماو دەكات، ئەمە یەكێكە لەو ڕەهەندە گرنگانەی ئیسلام لە پێناو بەهای ویژدانی مرۆڤ و خزمەتی مرۆڤایەتی و دروستكردنی هەستی هاوكاری و بەدەمەوەچوونی یەكتری. بەپێی فەلسەفەی ئەو تێڕوانینەی ئیسلام بێت، بەختەوەریی مرۆڤ بەندە بە بەختەوەركردنی ئەوانی دیكەوە، واتە هەركات بە فاكتەری ئینسانی، یان ئیمانی توانیمان كەسانێك دڵخۆش بكەین، بە هەر شێوازێكی یارمەتیدان، ڕاستەوخۆ لە ناخەوە هەست بە ئارامی و بەختەوەری دەكەین و بەرهەمی چاكەكە دەبێتە مایەی خۆشبەختی و ئاسوودەیی دەروون و ئارامیی ویژدان.
خوای گەورە لەو قورئان باسی لەو هەنگاوە خێرییەی نێو مرۆڤی كردووە و دەفەرموێ: «وَأَنْفِقُوا خَيْرًا لِأَنْفُسِكمْ وَمَنْ يُوقَ شُحَّ نَفْسِهِ فَأُولَئِك هُمُ الْمُفْلِحُونَ» التغابن/16. واتە: خێرو چاكە بكەن، ئەوانە هەمووی بۆ خۆتان چاكە، جا ئەوەی خۆی بپارێزێت لە ڕەزیلی و ڕژدیی نەفسی خۆی، ئا ئەوانە هەر خۆیان سەرفرازن.
هەروەها لە بارەی كارە مرۆیی و هەڵوێستە بەرز و مرۆڤدۆستییەكانەوە دەفەرموێ: «وَأَحْسِنُوا إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُحْسِنِينَ» البقرە/195. واتە: هەمیشە خێر و چاكە ئەنجام بدەن و چاكەخواز بن و (ماڵ و سامانتان لە پێناوی خوادا ببەخشن)، چونكە بەڕاستی خوا ئەو چاكەكارانەی خۆش دەوێت.
لە بارەی پاداشت و گەورەیی ئەو جۆرە هاریكاری و پرۆسە خێرییانە دەفەرموێ: «وَمَا تُقَدِّمُوا لِأَنْفُسِكمْ مِنْ خَيْرٍ تَجِدُوهُ عِنْدَ اللَّهِ هُوَ خَيْرًا وَأَعْظَمَ أَجْرًا»المزمل/20. واتە: هەر دەستپێشخەرییەكی چاكە بكەن، بۆ خۆتان سبەی دەیبیننەوە لای خوا دەستان دەكەوێتەوە بە باشتر و پاداشتی گەورەتر.
هەر لەسەر ئەو ڕوانگە مرۆیی و هەڵوێستە جوان و كردە باشەیە، پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێ: «يَقول الله: يا بن آدَمَ أَنْفِقْ أُنْفِقْ عَلَيْك» ڕواە مسلم، واتە: خوای گەورە دەفەرموێ: ئەی نەوەی ئادەم ببەخشە، منیش پێت دەبەخشم.
پیاوێك هاتە لای پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) پرسیاری كرد: (يا رِسُولَ اللَّهِ أَيُّ الناس أَحَبُّ إلي اللَّهِ وَأَيُّ الأَعْمَالِ أَحَبُّ إلي اللَّهِ؟) واتە: ئەی پێغەمبەری خوا كامە خەڵكە باشترین و خۆشەویستترین خەڵكە لای خوا؟
لە وەڵامدا پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) فەرمووی:(أَحَبُّ الناس إلي اللَّهِ تَعَالَي أَنْفَعُهُمْ لِلنَّاسِ وَأَحَبُّ الأَعْمَالِ إلي اللَّهِ تَعَالَي سُرُورٌ تُدْخِلُهُ علي مُسْلِمٍ أو تَكشِفُ عنه كرْبَةً أو تَقْضِي عنه دَيْنًا أو تَطْرُدُ عنه جُوعًا وَلأَنْ أَمْشِيَ مع أَخِ في حَاجَةٍ أَحَبُّ إلي من أَنْ أَعْتَكفَ في هذا الْمَسْجِدِ يَعْنِي مَسْجِدَ الْمَدِينَةِ شَهْرًا وَمَنَ كفَّ غَضَبَهُ سَتَرَ اللَّهُ عَوْرَتَهُ وَمَنْ مَشَي مع أَخِيهِ في حَاجَةٍ حتي يَتَهَيَّأَ له أَثْبَتَ اللَّهُ قَدَمَهُ يوم تَزُولُ الأَقْدَامِ) المعجم الكبير للطبراني، واتە: باشترین كەس لای خوا ئەو كەسەیە كە سوود و نەفعی بۆ خەڵك هەیە، باشترین كردەوەش ئەو كارەیە، كە مرۆڤ بتوانێ خۆشی و خەندە بخاتە دڵی بەرامبەرەوە، یان خەمێكی لەسەر لابدات، یان قەرزێكی لە جیاتی بداتەوە، یان برسێتی كەسێك بشكێنی، یان لەگەڵ موسڵمانێك بڕوات و كارەكەی بۆ ڕاپەڕێنێ، چونكە بەلای منەوە بەجێگەیاندنی پێویستییەكی خەڵك لە مانەوەی یەك مانگی ناو مزگەوت باشترە، هەر كەسێك تووڕەیی خۆی بخواتەوە، خوای گەورە كەموكورتییەكانی دادەپۆشێ، هەر كەسێك لەگەڵ كەسێك بڕوات و لەگەڵی بمێنێتەوە تا كارەكەی جێبەجێ دەكات، ئەوە خوای گەورە لە ڕۆژی دوایی پێیەكانی جێگیر و سابت دەكات.
كۆی ئەو دەقانە ئەوەمان پێ دەڵێن كە ئیسلام كاری چاكە و یارمەتیدانی خەڵكان، دەكاتە یەكێ لەو بنەما و پێوەرە گرنگانەی كۆمەڵگەی پێشكەوتوو، كە سەرەنجام گیانی هاوكاری دەبێتە سیمایەكی جوانی نێو مرۆڤەكان و بەشێكی زیندووی شارستانیەت.
هەموو ئەو كارە خێر و هەنگاوە دڵسۆز و دڵخۆشكەرانەی لە فەرهەنگ و هەستی موسڵمانان و مێژووی كورد هەبووە و بەرجەستەیە، یەكێكن لەو شانازی و هەڵوێستە جوامێرانەی نێو كەلتووری گەلەكەمان و ڕەوشتی بەرزی دینداری و ژیان لەپێناوی ئەوانی دی، فەلسەفەی كوردپەروەری و خێرخوازی لە تاكی كورد وا بووە، وەك مۆم بۆ خۆی بسووتێ و ڕووناكی ببەخشێتە ڕۆڵەكانی گەل و نیشتمان، ئەم هەستەش كەلێنێكی یەكجار زۆری پڕكردووەتەوە و پانتاییەكی گەورەی كاری خێر و مرۆیی بەر كەوتووە، كە جێگای سپاس و پێزانینی كوردپەروەران و شانازیی نەتەوەییمانە.