هۆشمەند سەڵاح: پێویستە كەمئەندام تێكەڵ بە جەماوەر بێت و بوونی خۆی بۆ كۆمەڵگە بسەلمێنێت

هۆشمەند سەڵاح:  پێویستە كەمئەندام تێكەڵ بە جەماوەر بێت و بوونی خۆی بۆ كۆمەڵگە بسەلمێنێت

 

 

مرۆڤ بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتی و هەستیارە و لە هەمان كاتیشدا خەون و خولیای بۆ ژیان زۆرە، تەنانەت لە دەستدان، یان بێبەشبوون لە یەكێك لە توانا ئەزەلییەكانی ئەو خەون و خولیایەی بۆ ژیان كەم ناكاتەوە، بگرە زۆرتر و زیاتریش دەبێت، ئەویش بە هۆی بڕوابەخۆبوون و بە هێزی بەرەنگاربوونەوەی گرفتەكان و گۆڕانی دۆخەكە بە ئاراستەیەكی باشتر و چاكتر و بەردەوامیش لە كۆشش ناوەستێت. ئەگەر توێژی كەمئەندامان بە نموونە وەربگرین، دەبینین بە گەشبینییەوە لە ژیان و لە داهاتووی خۆیان دەڕوانن و ئومێدیان بە توانا هزرییەكانی خۆیان زۆرە. هۆشمەند سەلاح یەكێكە لەو مرۆڤانە و بەمجۆری باسی ژیانی خۆی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

هۆشمەند سەلاح ساڵی ١٩٨٢ لە دایك بووە. وەك خۆی باسی كرد، دوای ساڵێك بە هۆی نەخۆشیی گرانەتایەكی بەهێز و نەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستییەكی باش لەو سەردەمە 80%ی لەشی لە كار كەوتوون. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «لە ساڵی1983دكتۆری باش كەم بوون و بە هۆی بارودۆخی وڵاتەكەم لەو سەردەمەدا و بە هۆی هەژاریی خانەوادەكەم نەكرا لە دەرەوەی وڵات چارەسەرم بۆ بكرێت، دوای ڕاپەڕینیش بە هۆی ئەو بارودۆخەی كە بە سەر كوردستان هات، نەمتوانی بخوێنم و دواتر لە ساڵی ٢٠٠٢ چوومە بەر خولێكی نەخوێندەواری و تاڕاددەیەك فێری خوێندەواری بووم. دواتر خۆم پەرەم بە خوێندەوارییەكم دا، لە ڕێگای خوێندنەوەی كتێبەوە. هەروەها بەشداریی كۆڕ و سیمینار و چالاكییەكانم دەكرد، دوای خوێندنەوەی كتێبی جۆراوجۆر دواتر لە ساڵی ٢٠١١ هاتمە ناو جیهانی شۆشیال میدیا و بووم بە یەكێك لەوانەی كە دەورم هەبوو لەو بوارە و بابەتم بڵاو دەكردەوە، لەو بوارانەی كە قەناعەتم پێی هەیە. بە تایبەتی بۆ باسی خاوەن پێداویستیی تایبەت. دواتر بڕیارم دا كە پەیجێك دروست بكەم و چەند هاوڕێیش هاوكارمن لە ئێستادا و پەیجەكەمان تایبەتە بە كەمئەندامان  لە سەرتاسەری كوردستان و چین و توێژەكانی دیكەش موتابەعەی دەكەن، خۆیشم سەرپەرشتی دەكەم.»

هۆشمەند سەلاح پێداگری لە سەر ئەوە دەكات كە «لە لای هاوڕێ و دۆست و دراوسێ و خزمان و شارەكەی تا ڕاددەیەكی باش كەسێكی ناسراو و كۆمەڵایەتییە»، سپاسی خوای گەورەش دەكات بۆ ئەو پێگەیەی و دەڵێت: «سوپاس بۆ خوای گەورە، لە فەزڵی خودایە كە كەسێكی ناسراوم، ئەگەرچی من لە تەمەنێكی زۆر كەم و لە یەكساڵان تووشی لەدەستدانی قاچ و دەستەكانم بووم، بەڵام ئەوە نەبووە ڕێگر كە لە كۆمەڵگەكەم داببڕێم، یان نەتوانم پەرە بە تواناكانی خۆم بدەم».

كاتێك پەیامنێری گوڵان پرسیاری پێناسەی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە ڕوانگەی هۆشمەند سەلاحەوە دەكات، لە وەڵامدا دەڵێت: «خاوەن پێداویستیی تایبەت شتێكی گشتی دەگرێتەوە و لەوانەیە گرفتی كەسێك بۆ كەسێكی دی جیا بێت، بەڵام كاتێك باس لە خاوەن پێداویستیی تایبەت دەكەین، سەرجەم چینەكانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەگرێتەوە. لەوانەیە ئێمە جیاواز بین لەگەڵ كەسێكی تووشبووی ئۆتیزم، یان داون سیدرۆم، یان كورتەباڵا، یان هەر كێشەیەكی دی، بەڵام گرینگ ئەوەیە هەموومان بە هێز و بەتوانا بین. من وەكوو كەمئەندامێكی سەر كورسی، كاتێ دەچمە جێگایەك، زۆر جار ڕەمپەی لێ نییە، یان كورسیی كەمئەندامیی لێ نییە، یان لە بینایەك مەسعەدی لێ نییە، ئەمانە كۆمەڵێك گرفتن». گازاندەی ئەوەش دەكات كە «كەمئەندامی سەر كورسی زۆربەیان خۆیان كورسییەكەیان پێ دابین ناكرێت، لەسەر ئەركی كەسێكی خێرخواز بۆیان دابین دەكڕێت، بەوەش دەشكێنەوە، بەڵام ئەگەر حكومەت و لایەنی پەیوەندیدیدار دابینی بكەن، ئاسوودەتر دەبن».وەك دواوتەشی گوتی : «خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە سەرووی هەموو موعانات و گیروگرفت و ئەو لەمپەرانەی دێنە سەر ڕێگایان، هێشتا نەوەستاون و كەسانێكی زۆر دەستڕەنگین و بەتوانامان تیایە، كە توانیویانە ناوبانگ دەربكەن و لەسەر ئاستی كوردستان بناسرێن.»

 

Top