ئۆكرایینەكان ڕەنگە لە شەڕە مادییەكەدا بدۆڕێن، بەڵام لە شەڕە ڕۆحییەكەدا نابەزن(2-1)

ئۆكرایینەكان ڕەنگە لە شەڕە مادییەكەدا بدۆڕێن، بەڵام لە شەڕە ڕۆحییەكەدا نابەزن(2-1)

هۆشەنگ شێخ محەمەد

بەشی یەكەم..

لە بارەی مێژووی ماددی و مێژووی ڕۆحی، یان قودسی، ئەوەی ئەمڕۆ ئۆكرانییەكان دەیكەن، بابەتێكە سەد ساڵ پێش ئێستا (كاوێس ئاغا) خوێندنەوەی بۆی هەبووە، بۆیە بەشێك لە كتێبەكەم، (كاوێس ئاغا، مێژوونووسی هونەرمەند) كە هیوادارم لە ئایندەیەكی نزیكدا چاپ ببێت، لێرە دایدەنێم.

مێژووی قودسی
لە لاوك و حەیرانەكانی كاوێس ئاغادا، دوو مێژوو دەبینین، مێژووییەكی ماددی، كە بریتییە لە شۆڕش و بەرخۆدان و ڕوو و جەنگ و خەباتكردن و قوربانیدانی كوردان، لە پێناو سەربەخۆیی و ڕزگاری و سەربەستیدا. لەگەڵ مێژووییەكی قودسی، یان ڕۆحی، یانیش موقەدەس، كە بریتییە لە ڕەنگدانەوەی كارەسات و مەرگەساتگەلی گران لەسەر ڕۆح و دەروون و ڕەوانی تاكی كورد، هەروەها بەها و گرانیی كەس و قارەمانەكان لە لایەنی ڕۆحی و ڕەمزییەوە.
مێژووی ماددی، ڕووداوگەلی ماددیی دیار و بەرچاون، مرۆڤ لە ڕێی هەستگەلی دیاریی خۆی دەیانبینێت و ئاشكران، بەڵام مێژووی ڕۆحی، ئەو خەم و حەیف و قەهرانەی تاكی كوردن، كە لە ئەنجامی لەدەستدانی قارەمانێك، یان ئەزیزێك هەستی پێ دەكات، ئەمانە بە هێز و هەستەكانی ناوەوە و دەروونەوە گرێ دراون.

مێژووی ئەو ئێش و ژانە نادیارانە لە گەلێك لاوكەكاندا دەبینینەوە، بۆ نموونە كاوێس ئاغا لە لاوكی (سمایل ئاغای شكاك)دا دەڵێت: «ئەزێ د حەیفێ كوشتنا بابێ خەسرەو نیمە، ئەوڕۆ شایی و گۆڤەندە ل ناو عەجەمی كەربەلایێ»، یان دەڵێت: «فەلەك گەل مە خائینە».
كاوێس ئاغا لەم لاوكەدا هەردوو مێژووەكە نیشان دەدات، مێژووی قارەمانی و شەهیدبوون و بزاوی سمایل ئاغای شكاك بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی، واتا ئەو هێزە ماددییەی دەیەوێت بە چەك و جبەخانە و سوار و جەنگاوەران وڵات ڕزگار بكەن، دەزانن كە فەرمانیان هاتووە و دەبێت بكوژرێن، ئەوانیش قارەمانانە شەڕی مان و نەمانی خۆیان دەكەن.
بەڵام لایەنی نادیار و قودسی لەم مێژوودا ئەمەیە، كە عەجەم شایی و گۆڤەند دەگێڕیت! واتا خۆشی و شادیی دوژمنان بە كوشتنی سەركردەی كوردان جێگەی حەیف و داخە! ئەگەر نا شۆڕەسوار و عەگیدێكی كوردان وەك سمایل ئاغا، ئەو هەموو كاتێك ئامادەی مردنە، بەڵام شتی ناخۆش ئەوەیە، ئەو بابەتەی دڵ و ڕۆحی تاكی كورد بریندار دەكات و، دەبێتە جێی خەمێكی قووڵ، كەیف و شادیی دوژمنانە بە مەرگی قارەمانانی كورد.

وشەی (حەیف) دەربڕین لە لەدەستدانی موقەدەس و بەهای ڕۆحی لای كورد دەكات، ڕاستە لەدەستدانی فیزیكی و جەستەیی قورسە، حەیف و مخابن، كەسێكی وەك سمایل ئاغا شەهید ببێت، بەڵام برینی قووڵتر و هەقیقیتر ئەمەیە، كە دوژمن پێی شاد و بەختەوەر بن.
(حەیف)ـە كە، بۆ لەدەستدانی ئاغا و سەركردەیەكی كورد نییە، بەڵكو بۆ لەدەستدانی بەهاگەلی مرۆیی و نەتەوەیی و كوردانەیە لە بەرابەر دوژمندا، واتا ئەگەر سمایل خان شەهیدیش بكرێت، بەڵام دوژمن شاد نەبێت، مرۆڤ ئاسانتر ئەو مردنە وەردەگرێت، سەرەڕای تاڵییەكەی قبووڵی دەكات، چونكە لە پێناو ڕزگاری و سەربەخۆییدایە، بەڵام كە دوژمنان شاد دەبن، واتا ئەوان لە لایەنی مەعنەوی و ڕەمزییەوە سەركەوتن، ئەمەش قبووڵ ناكرێت و، دەروونی مرۆڤ ناتوانێت قبووڵی بكات. مرۆڤ دەتوانێت خەبات بكات، شەڕ بكات، جەنگێك بدۆڕێت و لە لایەنی هێز و چەك و جبەخانە و لەشكرییەوە دەرەقەتی دوژمن نەیەت، مرۆڤ دەتوانێت خۆی بە كوشت بدات و سەر و ماڵ و هەموو شتێكی ماددی بە قوربانی وڵات و سەربەخۆیی بكات، ئەمە هەمووی ئاسانە و لە لایەنی مێژوویییەوە دەبێتە سەروەری و چیرۆكی قارەمانی نەتەوەیەك تۆمار دەكات، بەڵام مرۆڤ ناتوانێت دۆڕان قبووڵ بكات، واتا مرۆڤ دەتوانێت لە جەنگێكدا بدۆڕێت، بەڵام ناتوانێت ببەزێت! چونكە (حەیف)ی دۆڕان وەك (حەیف)ی بەزین نییە!.

ئەم لاوك و هەڵوێستە، ڕۆمانی (پیرەمێرد و زەریا)ی نووسەری ئەمریكی (ئێرنست هێمنگوای)مان بیر دەهێنێتەوە. ئەم ڕۆمانە باسی ماسیگرێكی پیر دەكات، ڕۆژێك ماسییەكی زۆر گەورە ڕاو دەكات، بەڵام تا ماسییەكە دەگەیەنێتەوە كەناری دەریا، ماسیی دیكە هێڕشی بۆ دەهێن و هەمووی لێ دەخۆن، ئەویش تا دەگاتە كەناری دەریاكە، بەردەوام لەگەڵ هەموو ماسییەكانی دیكە دەجەنگێت، كە دەگاتە كەناری دەریا، لەم ماسییەی ڕاوی كردووە هیچی بۆ نامێنێتەوە، دەزانێت ماسییەكەی بۆ نەمایەوە، بەڵام ئەو تا دوا هێز و هەناسە شەڕی خۆی كرد، بەرگریی لە ماسییەكەی كرد. ڕاستە سەرنەكەوت، بەڵام نەبەزی!، ئەگەرچی لە لایەنی ماددییەوە نەیتوانی هێڕشی ماسییەكانی دیكە تێك بشكێنێت، بەڵام لە لایەنی دەروونی و ڕۆحییەوە، هێندە بەهێز بوو، تا دوا سات بەرگریی كرد و خۆڕاگر بوو، تەسلیم نەبوو و، لە جەنگی ماسییەكاندا دۆڕا، بەڵام لە جەنگی بەرگری و قارەمانیدا نەبەزی!.

Top