ئەلۆن بێن مایەر پڕۆفیسۆری كاروبارە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی نیویۆرك بۆ گوڵان: شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا شڵەژان لە سیستمی نێودەوڵەتیدا دروست دەكات
ئەلۆن بێن مایەر پڕۆفیسۆرە لە سەنتەری كاروبارە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی نیویۆرك و خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان كە لە زانكۆی ئۆكسفۆرد بە دەستی هێناوە. ئەلۆن بێن مایەر شارەزا و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە، وەك كاروبارەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای بەلكان و گفتوگۆیە نێودەوڵەتییەكان و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان و ڕاوێژكاری. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد كە پتر پەیوەست بوون بە شەڕی ئێستای ڕووسیا و ئۆكرانیاوە.
* هەڵسەنگاندنت چییە بۆ ئەو شەڕەی لە نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا بەرپابووە؟
- گومانی تێدا نییە كە ئەم شەڕە هیچ پاساوێكی هەڵناگرێت و بە تێڕوانینی من ڕووسیا هەڵەی زۆر گەورەی كرد، و ئەوەی ئێستا بە سەر ڕووسیادا دێت لە ڕووی سەپاندنی سزاكان بەسەریەوە لەلایەن هێزەكانی ڕۆژئاواوە، هەنگاو و ڕێكاری ڕەوان، چونكە لە ڕاستیدا هیچ هۆكارێك نەبوو بۆ ئەوەی ڕووسیا هێرش بكات و وڵاتێكی ئاشتیخواز داگیر بكات، كە نابێت هیچ مرۆڤێك و هیچ دەوڵەتێك بەمە ڕازی بێت. خاڵێكی دیكە هەیە كە دەمەوێت ئاماژەی پێ بكەم، ئەویش ئەوەیە كە هەمیشە ڕووسیا بانگەشەی ئەوە دەكات كە زۆر نزیكە لە گەلی ئۆكرانیا و زۆرێك لە ئۆكرانییەكان دەتوانن بە ڕووسی قسە بكەن و پەیوەندیی خێزانی هەیە و پەیوەندیی كەلتووری هەیە و پەیوەندیی مێژووییش هەیە، بەڵام ئەوەی سەیرە ئەوەیە كە پۆتین بڕیاڕی داگیركردنی ئەم وڵاتەی داوە و بە ئەنقەست خەڵكی مەدەنیی ئەو وڵاتە دەكوژێت بە هۆی بەرگریی ئازایانەی خەڵكی ئۆكرانیاوە. من ئومێد دەكەم ئەم شەڕە ببێتە هۆی ئەوەی پێگەی نێودەوڵەتیی ڕووسیا زۆر لاواز بێت و، دەرك بكات بەوەی چ هەڵەیەكی كردووە، چونكە ئێستا گەلی ڕووسیاش وەك گەلی ئۆكرانیا دووچاری نەهامەتی بوونەتەوە، چونكە ئابووریی ڕووسیا لە لێواری هەڵدێردا دەبێت.
* ئێوە لە وتارێكدا باس لەوە دەكەن كە هەڵگیرسانی ئەم شەڕە نابێت مایەی سەرسوڕمان بێت بۆ هیچ كەس، بەڵام كەسانێكیش هەبوون كە بەرپابوونی ئەم شەڕەیان بە دوور دەزانی، ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟
- لە ڕاستیدا ئەوە خودی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا (جۆ بایدن) بوو، كە جار لە دوای جار ڕایدەگەیاند، ڕووسیا هێزی لە سێ لای ئۆكرانیا كۆكردووەتەوە، كەواتە ئەوە ڕوون بوو كە داگیركارییەكە زۆر نزیك بوو، واتە نابێت ئەمە جێی سەرسوڕمان بێت. هۆكاری ڕووسیا بۆ ئەم شەڕە ئەوە بوو كە پێی وابوو ناتۆ لە ڕووسیا نزیك دەبێتەوە و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات كە پێشتر سەر بە یەكێتیی سۆڤییەت بوون، بوونەتە ئەندامی ناتۆ و حكومەتی ئۆكرانیاش گوزارشتی لە خواستی خۆی كردبوو بۆ چوونە نێو ئەم ڕێكخراوە، دەبێت ئەوەشمان لە یاد بێت كە ئۆكرانیا و بیلاڕووس دوو وڵاتن كە ڕووسیایان لە هاوپەیمانەكانی ناتۆ وەك پۆڵەندا و ڕۆمانیا جیا كردووەتەوە، ڕووسیاش نایەوێت ئەندامێكی دیكەی ئەم ڕێكخراوە هاوسنووری بێت، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوە بوو كە لە ساڵی 2014 هەرێمی كرێمیای كردە بەشێك لە وڵاتی خۆی، كە ئەمەش دژی یاسای نێودەوڵەتی بوو، دواتر هانی جیاخوازەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆكرانیا دا و دواتر ئەو دوو هەرێمەی وەك دوو وڵاتی سەربەخۆ ناساند و بیانووی دروست كرد بۆ ناردنی هێزەكانی ڕووسیا بۆ ئەم دوو ناوچەیە و پاساوەكەشی ئەوە بوو كە حكومەتی ئۆكرانیا كۆمەڵكوژیی دەكرد دژی دانیشتووانی ئەم دوو هەرێمە، كە ئەمەش بانگەشەیەكی تەواو ناڕاست بوو. ئەم شەڕەش شڵەژان لە سیستمی نێودەوڵەتیدا دروست دەكات، كە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی هاتەئاراوە. بە تێڕوانینی من ئەمەش مایەی نیگەرانییەكی گەورەیە، چونكە بە هۆی ئەو سیستمە نێودەوڵەتییەوە كە بۆ ئاشتی لە ئەوروپادا باڵی كێشابوو. ئێستاش بە هۆی ئەم كردەوەیەوە ڕووسیا دەرفەتی بۆ ڕۆژئاوا دروست كردووە بۆ ئەوەی یەكگرتووو بن و پێكەوە كار بكەن و دژی هێزێكی شەڕخوازی وەك ڕووسیا بوەستنەوە.
* ئەگەر لە پێشهات و پەرەسەندنەكانی شەڕەكە بڕوانین، ئایا پێت وایە شەڕەكە بە گوێرەی ئەو پلانە دەڕوات كە ڕووسیا داینابوو، یان ڕووسیا دووچاری هەڵەی حیسابات بووەتەوە لەم ڕووەوە؟
- ئەمە پرسیارێكی گرنگە و بە تێڕوانینی من هیچ گومان هەڵناگرێت كە سەرۆك پۆتین دووچاری هەڵەیەكی گەورەی حیسابات و پێشبینییەكان بووە لە سێ ڕووی گرنگەوە. ئەو پێشبینی نەدەكرد كە ئەندامانی ناتۆ هێندە بە خێرایی و بە یەكگرتوویی كار بكەن بۆ هاوكاریكردن و پاڵپشتیكردنی ئۆكرانیا، واتە چاوەڕێی ئەوەی نەدەكرد ڕۆژئاوا هێندە یەگگرتوو بێت. بەتایبەتی كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی ئەو سزا بەربڵاو و قورسانە بسەپێنن بەسەر ڕووسیادا، ئەمە هەڵەیەكی گەورەی ئەو بوو. هەڵەی دووەم ئەوە بوو كە پێشبینی نەدەكرد گەلی ئۆكرانیا- نەك تەنیا سوپای ئۆكرانیا- ئامادەی شەڕ بن، چونكە خەڵكێكی زۆری مەدەنی بەشداری لە بەرگریكردن دەكەن لە دژی ڕووسە داگیركارەكان، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كە هێشتا پایتەختی ئۆكرانیا (كییڤ) و هیچ شارێكی دیكەی گەورە نەكەوتوونەتە دەستی سوپای ڕووسیا. كە زۆر گرنگە ئەمەمان لەیاد بێت. هەڵەی سێیەم ئەوە بوو كە پێشبینی نەدەكرد كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەو كۆدەنگییە دژی داگیركارییەكە بن. لە دەرئەنجامی هەموو ئەوانەدا من پێم وایە ئابووریی ڕووسیا دووچاری كێشەی گەورە بووتەوە، ئەگەر شەڕەكەش كۆتایی پێ بێت، ئەوا چەندین ساڵی دەوێت لە دوای شەڕەكەوە بۆ ئەوەی ئابووریی ڕووسیا بكەوێتەوە سەر سكەی سرووشتیی خۆی، ئەمەش گەورەترین كێشە دەبێت كە ڤلادمیر پۆتین ڕووبەڕووی ببێتەوە. بە تێڕوانینی من ئەمە دەبێتە هۆی كۆتاییهێنان بە سەروەخت و ڕۆژگاری پۆتین و ئەمە دوالاپەڕەی حوكمڕانییەكەی دەبێت.
* ئێوە باسی ئەوەتان كرد كە سەرۆك پۆتین هەوڵی لاوازكردنی سیستمی نێودەوڵەتی دەدات، دەكرێت ئەمە زیاتر ڕوون بكەنەوە؟
- لە دوای ڕووخانی یەكێتیی سۆڤیەتەوە ڕۆژئاوا كەوتە باری لە خۆڕازیبوونەوە، لە كاتێكدا پۆتین سەرقاڵی دروستكردن و بنیاتنانی هێزێكی گەورەی سەربازی بوو، ئەوە بوو وڵاتانی ڕۆژئاوا هەمیشە گفتوگۆیان دەكرد لە بارەی ئەوەی چ ڕێژەیەك لە بودجەكەیان بۆ بواری سەربازی تەرخان بكەن و، لەم ڕووەوە پتر پشتیان بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەبەست، كە بە بۆچوونی من ئەمە هەڵەیەكی گەورەی ئەوروپا بوو. ئێستاش ئەوە ڕووی داوە، ڕاچڵەكاندنیانە بەوەی پێویستە بەلای كەمەوە دوو، یان سێ لە سەتای تێكڕای بەرهەمی نەتەوەییان بۆ بواری سەربازی تەرخان بكەن. كەواتە سەرۆك پۆتین سوودی لەم دۆخە وەرگرت. هەروەها پۆتین زۆر پشتئەستور بوو بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ چیندا، كە لەوەشیاندا بە هەڵەدا چووبوو، چونكە چین لە هەر وڵاتێكی دیكە زیاتر ڕێز لە سەربەخۆیی و یەكپارچەیی خاكی وڵاتانی دیكە دەگرێت، ڕاستە داواكارییان لە دژی تایوان و هۆن كۆنگ هەیە، بەڵام هیچ داواكارییەكیان لە دژی هیچ وڵاتێكی دیكە نییە، كەواتە ئەمەش بە هەڵەداچوونێكی دیكەی گەورەی پۆتین بوو، كاتێك پێی وابوو چین هاوپەیمانی ڕووسیا دەبێت. كەواتە ئەگەر بێینەوە سەر وەڵامی پرسیارەكەتان لە بارەی سیستمی نێودەوڵەتییەوە، ئەوا ئەم سیستمە هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێ كرد، لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی دروست بوو. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كە ڕووسیا ڕووبەڕووی هیچ هەڕەشەیەك نەبووبووە لەلایەن ئەم سیستمە و لە لایەن ناتۆوە، واتە هیچ كاتێك هیچ كەسێك هەڕەشەی لە ڕووسیا نەكردبوو، ڕاستە پەیوەندییەكی ڕكابەری هەبوو، بەڵام مەترسی و هەڕەشە نەبوو لەسەر ڕووسیا، دواتر ئێمە دەزانین پەیوەندی و هاوكارییەكی بەربڵاو و بەرفراوانی ئابووری هەبوو لە نێوان ڕووسیا و ئەوروپادا، بەدەر لە پرسی نەوت و غاز، بەڵكو چەندین بواری گەشەپێدان و وەبەرهێنانیش لە ئارادا بوون، كەواتە دەمەوێت دووپاتی بكەمەوە، هیچ هەڕەشەیەك لە ناتۆوە لە دژی ڕووسیا لە ئارادا نەبوو. ڕاستە من لە هەستیاریی ڕووسیا تێدەگەم كە نایەوێت هێزی ناتۆ لەسەر سنوورەكانی بێت، بەڵام ڕووسیا ڕووبەڕووی هەڕەشە نەبوو. كەواتە پێم وایە كێشەكە ئەوەیە كە پۆتین بۆ یەك ساتەوەختیش بیری لەوە نەكردەوە كە بۆچی یەكێتیی سۆڤییەت ڕووخا و، لەو ساتەوەی دەسەڵاتی گرتەدەست یەك بیرۆكە خەیاڵی سەرقاڵ كردبوو، چۆن ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیا زیندوو بكرێتەوە و تەنانەت خەونی ئەوەی هەبوو دوورتر لە سنوورەكانی یەكێتیی سۆڤییەت بڕوات، ئەمەش 15 بۆ 20 دەوڵەتی دەوروبەری ڕووسیای دەگرتەوە، كەواتە لەم ڕووەوە دەیویست گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی بە سەر سیستمە نێودەوڵەتییەكەدا بهێنێت، لە بەر ئەم هۆكارەشە كە تێكڕای جیهان لە دژی ڕووسیا دەوەستنەوە.