هه‌ڵسه‌نگاندن به‌رێوه‌به‌رى ژیر و دڵسۆز دێنێته‌ به‌رهه‌م

هه‌ڵسه‌نگاندن به‌رێوه‌به‌رى ژیر و دڵسۆز دێنێته‌ به‌رهه‌م

فه‌یله‌سوف و یاساناسی فه‌ره‌نسى مونتیسكۆ ده‌لێ" ئه‌گه‌ر ویستت ڕه‌وشتى هه‌ر كه‌سێك بزانێ ئه‌وا ده‌سه‌ڵاتى بده‌ ده‌ست و دواتر چاودێری بكه‌ بزانه‌ چۆن هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات".
ئامانجى سه‌ره‌كى و بنچینه‌یی بۆ به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى بریتییه‌ له‌ ده‌سته‌به‌ركردنى سه‌ركردایه‌تى و كارگێڕیه‌كى په‌روه‌رده‌یی و پیشه‌یی و فێركردن بۆ قوتابخانه‌، و له‌ ئه‌نجامدا ببێته‌ مایه‌تى پته‌وكردن و چه‌سپاندن و به‌ره‌وپێشبردنی سه‌رجه‌م بنه‌ما پێویستییه‌كان بۆ به‌جێ هێنان و جێ به‌جێ كردنى هه‌موو پێوه‌ر و مه‌رجه‌ باڵاكان له‌ هه‌موو بواره‌كانى په‌روه‌رده‌ و فێركردن له‌ قوتابخانه‌دا، ئه‌وه‌ش بێگومان له‌ په‌رۆشى و سووربوون و مكوم بوونى به‌رێوه‌به‌ر دێت بۆ به‌ده‌ست هێنانى كوالێتى به‌رز له‌ فێربوون و فێركردن و په‌روه‌رده‌كردن دا، كاركردنى به‌رده‌وام به‌ ده‌سته‌به‌ركردن و فه‌راهه‌م كردنى پێداویستى و پێویستییه‌كانى قوتابی تا بتوانن به‌ باشترین شێوه‌ په‌روه‌رده‌ بكرێن و فێر بكرێن، له‌ هه‌مان كاتدا به‌رێوه‌به‌ر هه‌میشه‌ ڕۆشنبیریه‌ك بنیات بنێ كه‌وا له‌ قوتابیان بكات هان بدرێن و پاڵپشتى بكرێن وده‌رفه‌تى یه‌كسانیان بۆ بڕه‌خسێ بۆ كێبڕكێ و فێربوونى زیاترو به‌رده‌وام، بۆیه‌ هه‌رده‌م به‌رێوه‌به‌ر سه‌رچاوه‌ وچاوگێكی پیشه‌یی و په‌روه‌رده‌یی و فێربوونه‌ له‌ قوتابخانه‌دا، وه‌ به‌رپرسیاریه‌تى ویژدانى له‌ سه‌ره‌ به‌رامبه‌ر كارگێڕى و مامۆستایان و قوتابیان و كۆمه‌ڵگه‌ به‌ گشتى، له‌ هه‌مان كاتیشدا به‌رێوه‌به‌ر خاڵى وه‌رچه‌رخانه‌ بۆ به‌ده‌ست هێنان و ده‌سته‌به‌ركردنى دیدگایه‌كى ڕوون و ڕاسته‌قینه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن له‌ قوتابخانه‌دا، كه‌ ئه‌مه‌ش وا ده‌كات خواست و ئامانجه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ى كه‌ داواكراوه‌ بێته‌ به‌رهه‌م. بۆیه‌ هه‌رده‌م به‌رێوه‌به‌ر كلیلی سه‌ركه‌وتنى قوتابخانه‌یه‌ و پێویسته‌ به‌رده‌وام به‌دواداچوون بۆ ئاست و بناغه‌ و بنچینه‌یی قوتابی بكات له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ و به‌رده‌وام په‌ره‌ به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى تواناى قوتابیان بدات تا ئه‌نجامى باش به‌ده‌ست بهێنن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا نابێ له‌ مامۆستایان بێ ئاگا و بێ خه‌مه‌ر بێت، به‌ڵكو به‌رده‌وام به‌دواداچوونى هه‌بێت بۆ چۆنیه‌تى وانه‌ ووتنه‌وه‌ى مامۆستاكان و ناوه‌ ناوه‌ بۆ ماوه‌ى چه‌ند خوله‌كێك له‌وانه‌كانیان له‌ ناو پۆڵ ئاماده‌ بێت و تێبینی و سه‌رنجه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان تۆمار بكات. له‌گه‌ڵ هه‌موو به‌دواداچوون و خۆشه‌ویست و ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تى هه‌ر به‌رێوه‌به‌رێك بۆ كاره‌كه‌ى به‌گشتى كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ خودی خۆی و ویژدانى و به‌رپرسیارییه‌تى پیشه‌یی هه‌یه‌، به‌ڵام پێویسته‌ ساڵانه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنى وورد له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ بۆ به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌ هه‌بێت له‌لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌كان پشت به‌ستوو به‌ كۆمه‌لێ پێوه‌ر و مه‌رج و بنه‌ما دوور له‌ په‌یوه‌ندی كه‌سى، بۆیه‌ گرنگه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ و به‌رێوه‌به‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى پارێزگاكان كۆمه‌لێ پێوه‌رى جیهانى نوێ تایبه‌ت به‌ كارگێڕى و په‌روه‌رده‌ و فێركردن تۆمار بكرێن كه‌ په‌یوه‌ست بێ به‌ رۆڵ و ئه‌دای به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌ له‌ كۆى گشتى ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیه‌كه‌ى ، له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌ك یان ده‌سته‌یه‌ك له‌ كه‌سانى پسپۆڕ له‌ بوارى كارگێڕى و په‌روه‌رده‌یی و فێركردن هه‌ڵسه‌نگاندنى ساڵانه‌ بۆ یه‌كه‌ یه‌كه‌ى به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌كانى بنه‌ڕه‌تى و ئاماده‌یی و باخچه‌ى منداڵان بكرێت، ئه‌وه‌ش هه‌موو وورده‌كارییه‌ك بگرێته‌وه‌ له‌ ئه‌داى ڕۆژانه‌ى فه‌رمانبه‌رێتى له‌ ناو قوتابخانه‌ و ڕه‌فتار و كرداری به‌ گشتى له‌ چوارچێوه‌ى ئیش و كاری قوتابخانه‌ و رێژه‌ى ده‌رچوونى قوتابیان، تا چه‌ند ئامانجه‌كان به‌ده‌ست هاتوون، چ ئامانجه‌ كارگێڕی و په‌روه‌رده‌ییه‌كان یان ئاراسته‌ و به‌دواداچوونه‌كانى به‌رێوه‌به‌ر له‌ ڕووى زانستى و به‌شدارى و هاوبه‌شى كردنى له‌ به‌ده‌ست هێنانى سه‌رجه‌م ئامانجه‌كانى په‌روه‌رده‌یی و فێركردن له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌، ئه‌وه‌ش بێگومان وا ده‌كات هه‌رده‌م به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌كان په‌ره‌ به‌ كێبڕكێ و پێشبڕكێ په‌روه‌رده‌یی و فێركردن بده‌ن، گرنگى زیاتر به‌ توانا و كارامه‌ییه‌كان بده‌ن و دووربكه‌ونه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌ تایبه‌تى و كه‌سییه‌كان بۆ مانه‌وه‌یان له‌ به‌رپرسیاریه‌تییه‌كان.
به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى ئه‌و جۆره‌ هه‌ڵسه‌نگاندنانه‌ به‌رێوه‌به‌رى ژیرو دڵسۆز و به‌توانا دێنێته‌ به‌رهه‌م و خوێندن و په‌روه‌رده‌ و فێركردن له‌ ده‌ستى به‌رپرسیاریه‌تى كه‌سانى پسپۆڕ و دڵسۆز ده‌بێت، له‌ هه‌مان كاتیشدا چیتر ده‌رفه‌ت بۆ ئه‌ و به‌رێوه‌به‌رانه‌ نا ڕه‌خسێنێ كه‌وا چه‌نده‌ها ساڵه‌ به‌ به‌رده‌وامى به‌رێوه‌به‌رى چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كى دیارى كراو و ناسراون، له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌و غوبن و نا ئومێدی و وه‌ڕس بوونى چه‌نده‌ها به‌رێوه‌به‌ر و كه‌سانى په‌روه‌رده‌یش ده‌ڕه‌وێنێته‌وه‌.
به‌رێوه‌به‌رى گشتى/ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی

Top