هومام شەماع پسپۆڕی ئابووریی عێراق : بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی بڕیارێكە بە مردوویی لەدایكبووە و هەر بە مردووییش دەمێنێتەوە
هومام شەماع پسپۆڕی دیاری ئابووریی عێراقی لە میانەی دیدارێكدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەلوجە دەربارەی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق سەبارەت بە یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان و وەزارتی سامانە سرووشتییەكان، ئەم بڕیارەی بە بڕیارێكی مردوو ناو برد و گوتی :»بڕیارەكە بڕیارێكی نادەستوورییە، بە بەڵگەی ئەوەی پشتی بە كۆمەڵێك ماددە بەستووە كە جگە لە «ماددەی 112» هیچ پەیوەندییەكی بە یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستانەوە نییە، هەر بۆیە بڕیارێكی زاڵمانە و سیاسییە و، بۆ ئەمەش پشتی بە دەستوور نەبەستووە، هەروەها ماددەی 112ی دەستووریش لە بەرژەوەندیی یاسای نەوت و گازی هەرێمە، لەبەر ئەوەی ماددەی 112 باس لەو كێڵگە نەوتییانەی ئەو كات»20ی ئایاری 2005 « دەكات نەك كێڵگەی ئێستا، ئەمەش واتە ئەو كێڵگە نەوتییانەی پێش ئەم بەروارە بەرهەمیان هەبووە، بە هاوبەشی لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێمەوە بەڕێوە دەبرێن، بۆیە دەستوور باسی ئەو كێڵگانەی نەوتی نەكردووە كە دواتر لە چوارچێوەی یاسای نەوت و گازی كوردستان وەبەرهینیان تێدا دەكرێت و، دەبنە كێڵگەی بەرهەمهێنەری نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستاندا، ئەمەش دەكەوێتە دەرەوەی دەسەڵاتە تایبەتەكانی دەسەڵاتەكانی حكومەتی فیدڕاڵی، لەبەر ئەوەی لە ناو ئەو دەسەڵاتە تایبەتانەی لە دەستووردا دیاری كراون، باس نەكراوە، ئەمەش ڕاشكاوانە ئەوەمان بۆ ئاشكرا دەكات كە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی پشتی بە هیچ پاكانەیەكی دەستووری نەبەستووە، بۆیە بڕیارێكە پێش لەدایكبوونی بڕیاریكی مردووە و هەر بە مردووییش دەمێنێتەوە، ئەمەش بە بەڵگەی ئەوەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لە وەزیری نەوتی عێراق كردووە، كە پەیوەندی بە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بكات و دەست بە دیالۆگ بكەن، ئەمەش بە مانایەكی دیكە ئەوە پیشان دەدات كە حكومەتی فیدڕاڵی لەوە تێگەیشتووە كە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەسەر بنەمای فەرمانپێكردنی سیاسی دراوە و، ئامانج لەم بڕیارە سزادانی هەرێمی كوردستانە.