مامۆستا هەستی: بە ئارام گرتن و قەناعەت هێنان بە دەوروبەرم توانیم بەربەستەكان ببەزێنم

مامۆستا هەستی:  بە ئارام گرتن و قەناعەت هێنان بە دەوروبەرم توانیم بەربەستەكان ببەزێنم

 

 

هاجەر ئیسماعیل ناسراو بە «مامۆستا هەستی» وەك خۆی باسی دەكات،لە تەمەنی سێ ساڵی تووشی ئیفلیجی بووە، بەڵام كەمئەندامبوونی نەبووەتە ڕێگر لەبەردەم ویست و ئامانجەكانی، ئەو ئێستا مامۆستایە لە زانكۆی سلێمانی و ڕاهێنەرە لە بواری گەشەپێدانی مرۆیی وچالاكە لە بواری مافەكانی كەمئەندامان و مافەكانی ئافرەتان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی.لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە هەوڵ و تەقەلاكانی لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەكانی دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

هاجەر ئیسماعیل ناسراو بە «مامۆستا هەستی» ساڵی 1974 لە گەڕەكی شۆریجە-ی شاری كەركووك لەدایك بووە. ئێستا مامۆستایە لە زانكۆی سلێمانی، بەمجۆرە باسی بەسەرهاتی خۆی دەكات: «لە تەمەنی سێ ساڵی تووشی ئیفلیجی بووم و،تا تەمەنی شەش ساڵیم نەمتوانی لەسەر پێیەكانم بوەستم. لە خوشك و براكانم و منداڵانی دەوروبەرم جیاواز بووم. لە ژینگەیەكی تاڕاددەیەك میللی گەورە بووم، واتا ئەو دەوروبەرەی كە من تێیدا پەروەردە بووم، ئەوندە ڕۆشنبیر نەبوون كە كەسانی كەمئەندام وەكو كەسانی ئاسایی قبووڵ بكەن، بەڵكو هەمیشە بە چاوێكی كەمتر لە منداڵانی دیكە سەیر كراوم، زۆر جار ئیهانە كراوم و قسەی ناشیرینم پێ گوتراوە، لە تەمەنی حەوت ساڵی چوومە قوتابخانە، ئەو كات بە پێ دەڕۆیشتم زۆربەی كاتیش خوشكەكانم بەپێ دەیانبردم، چونكە نەمدەتوانی زۆر ڕێ بكەم، تا قۆناغی سەرەتاییم تەواو كرد، ئازاری زۆرم چەشت، چونكە ڕۆژانە دوچاری گاڵتەپێكردن و سووكایەتی پێكردن دەبوومەوە لەلایەن قوتابییەكانەوە، تەنانەت زۆرجار مامۆستاكانیش نەیاندەزانی چۆن مامەڵەم لەگەڵ بكەن، نەمدەتوانی بەشداریی وانەی وەرزش بكەم، نەمدەتوانی بچمە حانوتی قوتابخانە و بە دڵی خۆم شت بكڕم، بە حوكمی ئەوەی ئەوكات وا باوبوو كچان دوای تەواوكردنی پۆلی شەش لە خوێندن دەردەهێندران، باوكیشم پەروەردەی ئەو كۆمەڵگەیە بوو، ئەویش منی لە مەكتەب دەرهێنا، زۆر هەوڵم دا خوێندن تەواو بكەم، بەڵام باوكم بڕوای بەوە نەبوو كە ئافرەت بخوێنێت، بەڵام لە خوێندنەوە دانەبڕام، بەردەوام كتێبم دەخوێندەوە، دواتر ویستم تاقیكردنەوەی دەرەكی پۆلی سێی ناوەندی ئەنجام بدەم بەڵام، بەهۆی ڕووداوەكانی ساڵی 1991 و كۆڕەوەكە نەمتوانی ئەوە بكەم، بەڵام ئەو حەزە لە ناخمدا هەر مابوو، وێڕای سەختی و ناخۆشیی بارودۆخی ئەوكات.

لەساڵی 2000 لەگەڵ باوكم هەوڵی ئەوەمدا كە بەوە ڕازی بێت بگەڕێمەوە قوتابخانە، خۆشبەختانە بە شێوازێك لە شێوازەكان قەناعەتی هێنا، بەڵام ئەوكات بارودۆخی داراییمان باش نەبوو، بۆیە دوای ئەوەی خولێكی فێربوونی دروومانم بینی، مەكینەیەكی دروومانم كڕی بۆ ئەوەی خەرجی خۆم و خوێندنەكەم بەخۆم دابین بكەم.ئەوكات لە پۆلی یەكی ناوەندی دەستم كردەوە بە خوێندن و شانبەشانی ئەوەش دروومانم دەكرد، سەرەڕای هەموو سەختییەكان قۆناغی ئامادەییم تەواو كرد و، لە كۆلیژی زانستە مرۆییەكان خوێندنم تەواو كرد، خوێندنی كۆلیژیشم ئاسان نەبوو، چونكە ئەو بینایەی كە من لێم دەخوێند، شەش قات بوو، دەبوو ڕۆژانە بەم پێیە بێ هێزانەم و بە دارشەقێكەوە 101 قادرمە ببڕم، بەڵام تمووح و ئیرادەم لە بینای باڵەخانەكە زۆر بەرزتر بوو، توانیم ئەو قۆناغەش بە پلەی یەكەم تێپەڕێنم، دواتر لە ڕێگەی بەرنامەی تواناسازییەوە كە ئەوكات حكومەتی هەرێم یەكەمەكانی دەناردە دەرەوەی وڵات،توانیم لە وڵاتی میسر ماستەرەكەم بە پلەی ئیمتیاز بە دەستبێنم، دوای ئەوە هەستم كرد پەیامی من لێرەوە دەستپێدەكات و بەرپرسیارێتیم كەوتووەتە ئەستۆ و پێویست دەكات بۆ كەسانی دیكە هەوڵ بدەم، كەمئەندامان بە گشتی و ژنان بەتایبەتی، لەم پێناوەدا بەشداریی چەندین خولم كرد لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات، بڕوانامەی دیپلۆمم لە وڵاتی میسر دەربارەی مافەكانی ئافرەت وەرگرت، تا وام لێهات ئاشنایەتیم لەگەڵ زۆرێك لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و ناوخۆییەكان پەیدا كرد و توانیم ببم بە ڕاهێنەر لە بواری گەشەپێدانی مرۆیی، هەموو ئامانجیشم خزمەتكردن و هاوكاریكردنی ژنانی كەمئەندامە.لە ڕێگەی موحازەرەكانمەوە توانیومە ئافرەت لە نەخوێندەواری و گۆشەگیری دەرباز بكەم و بیانهێنمە گۆڕەپانەكە بۆ ئەوەی بە مافەكانیان ئاشنا بن و بە دەستی بێنن».

مامۆستا هەستی لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئایا ئەو هۆكارانە چی بوون كە وایانلێكردی ئەو هەموو بەربەستە بشكێنیت؟ گوتی: «هۆكار زۆرە بۆ ئەوەی بگەی بە مافەكانت، یەكێك لەو هۆكارانە ئەوەیە كە دەبێت مافە سەرەتاییەكانی خۆمان بناسین، ئینجا لەسەر بەدیهێنانی مافەكان سووربین، هاوكات ئامانجێكیش هەبێت، كە ئەو سێ خالە هەبوو، ئافرەت دەتوانێت هەموو بەربەستەكان بشكێنێت. بەداخەوە زۆرێك لە خانمان نازانن مافەكانیان چیین و نازانن بۆچی هاتوونەتە دونیاوە، زۆرێكیان هەر بەو ڕیتمە تەقلیدییە كە دایكیان و داپیرەیان پێیدا هاتوون، هەندێكیشیان هەوڵ دەدەن، بەڵام دەوروبەریان ڕێگرە، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا دەبێت ئافرەت لەسەر بەدیهێنانی مافەكانی پێداگر بێت و دەوروبەری لەوە هۆشیار بكاتەوە تاوەكو ڕێگری لێنەكەن.من بەشبەحاڵی خۆم ترسانم لە كۆمەڵگە تێپەڕاندووە، بەڵام كەمئەندامان بە گشتی ترسی چوونە دەرەوە، ترسی تەواوكردنی خوێندنیان هەیە، چونكە تێڕوانینی كۆمەڵگە بۆ ئەوان نەرێنییە و زۆرجار تەریق دەكرێنەوە، هاوكات زۆرجار خێزان نەیتوانیوە هاوكار و پاڵپشتی منداڵە كەمئەندامەكەی بێت، تاوەكو وەكو خوشك و براكانی بگاتە مەبەست و ئامانجی خۆی، زۆرجار گۆشەگیریان كردووە،زۆرجار ترساندوویانە، هەندێك خێزان هەن شەرم لە كەمئەندامیی منداڵەكەیان دەكەن، هەندێك جاریش كەمئەندام خودی خۆی تەسلیمی ئەو واقیعە دەبێت كە بۆ ئەوە دروست بووە، ئینجا لە ماڵەوە بێت و دەوروبەری خزمەتی بكەن.»

 مامۆستا هەستی لە درێژەی وتەكانیدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە «پێویستە كۆمەڵگە و خێزانەكانیش لەوە وشیار بكرێنەوە كە كەمئەندامیش هەموو مافێكی ژیانی هەیە، بۆ ئەوەی بە ئاوات و ئامانجی بگات، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا پێویستە دەسەڵات بایەخی زیاتر بە دۆخی ژیاری كەمئەندامان بدات، بۆ ئەوەی ئەوانیش وەك هەر تاكێكی كۆمەڵگە مافەكانی خۆیان بەرجەستە بكەن». گوتیشی: «سوپاس بۆ خوا من لە ژیانی كۆمەڵایەتی تا ئاستێكی باش توانیومە خۆم پێ بگەیێنم،بە ئارام گرتن و قەناعەت هێنان بە دەوروبەرم توانیم بەربەستەكان ببەزێنم، ئێستا وەك هەر كەسێكی ئاسایی ڕۆژانە دەچمە سەركارەكەم و دێمەوە، تەنانەت لە پرۆسەی سیاسیش بەشدارم، وەكو هەر كچێكیش پرۆسەی هاوسەرگیریم بە دڵی خۆم پێكهێناوە و لە ژیانی هاوژینیشم سەركەوتوو بووم».

لە وەڵامی دواپرسیاریشدا كە ئایا ئافرەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و ڕێگرییەكان، بۆ دەرباز بوون و سەركەوتن پێویستە چی بكات؟ گوتی: «پێش هەموو شتێك پێویستە ئافرەت بزانێت كە وەك مرۆڤێك مافی خۆی هەیە، ئەویش بۆی هەیە ئامانجی هەبێت و بۆی تێبكۆشێت، بۆی هەیە چێژ لە ژیان وەربگرێت، هەروەها دەبێت ئامانجێكی دیاریكراوی هەبێت، دوای ئەوە پێویستە بەربەستەكانی بەردەمی بشكێنێت، بۆ شكاندنی بەربەستەكانیش پێویستە بەر لە هەموو شتێك كەسێكی چاونەترس بێت، واتا سڵ لە ترس و شەرم نەكاتەوە، چونكە ئەوانە گەورەترین بەربەست و ڕێگرن لەبەردەم ئافرەت، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا پێویستە هەوڵ و تەقەلای زۆری هەبێت و هەوڵی خۆپێگەیاندن بدات، هاوكات لەگەڵ كەسانی بەهێز و بەتوانا و گەشبین تەعامول بكات».

 

Top