ماجدە زەبیتە بۆ گوڵان: پێویستە هونەرمەند زمانحاڵی كۆمەڵگە بێت

ماجدە زەبیتە بۆ گوڵان: پێویستە هونەرمەند  زمانحاڵی كۆمەڵگە بێت

ماجیدە زەبیتە یەكێكە لەو كچە هونەرمەندانەی كە لە ناخەوە خۆشەویستییەكی بێسنووری بۆ هونەر هەیە و، پێیوایە هونەری نواندن دەكرێت ئاوینەی نیشاندانی خەمەكانی جەماوەربێت، ئەمەش وایكردووە كە بچێتە نێو قوڵایی ڕۆڵەكانەوە، بۆیە زۆر سەركەوتووانە توانیویەتی لە ڕێگەی هونەرەكەیەوە شوێنی خۆی لەدڵی جەماوەردا بكاتەوە، ماجیدە لە دەرفەتێكدا بەم شیوەیە وەڵامی چەند پرسیارێكی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.

* خۆت زیاتر حەزت لە كام بوای هونەرە؟
- زیاتر حەز لە بواری نواندن و شانۆ دەكەم و، هەوڵ دەدەم تواناكانم پێش بخەم و بگەمە ئەو ئاستەی كە خۆم دەمەوێت، بەتایبەتی لە وڵاتانی عەرەبی.
* جەماوەری هونەر لە ئێستادا لە چ ئاستێكدایە و تێڕوانینت بۆ هونەر چۆنە؟
- جەماوەر بە گشتی حەز لە كاری هونەرمەندی گەنج دەكەن، بەڵام گرفتەكەیان ئەوەیە كە دەرفەتی زۆر بە ئەكتەرە گەنجەكان نادەن، بۆیە دەبینین كە دراما توركییەكان گشت كەناڵەكانیان داگیركردووە، بەتایبەتی كەناڵە عەرەبییەكان، چونكە جەماوەری وڵاتانی عەرەبی حەز دەكەن، دەموچاوی نوێ ببینن كە چاویان پێی نەكەوتبێت، پێویستە كەناڵە عەرەبییەكان دەرفەت بە گەنجان بدەن، لە هەمان كاتدا وەك دراما توركییەكان دیمەنی جوانی شوێنەكانیش زیاتر نمایش بكەن.
* كەواتە بینەر چۆن سەیری كارەكان دەكات؟
- بینەری هەمەڕەنگ هەیە، كە هەمیشە بەشێكی قبووڵ دەكات و بەشەكەی دیكەی ڕەت دەكاتەوە، هەندێ بینەریش هەیە لای گرنگ نییە سینەما چۆن و بە چ ئاراستەیەك هەنگاو دەنێت، لە هەر وڵاتێكدا هونەر بەشێكە لە پەروەردە و ڕۆشنبیریی ئەو وڵاتە، بەڵام سینەما لە وڵاتانی عەرەبی وەكو بەشێك لە دابینكردنی بژێوی ژیان سەیری دەكرێت، ئەمەش وای كردووە هەنگاوی مەزن نەبڕێت.
* ئەو ڕۆڵانەی كە زیاتر حەز دەكەیت لە كارەكانتدا بەرجەستەیان بكەیت، چین؟
- هەر بابەتێك من لە كارەكانمدا بیخەمە ڕوو، حەز دەكەم پەیوەندی بە تەواوی كۆمەڵگەوە هەبێت، بەتایبەتی ئافرەت و منداڵان، حەز دەكەم ڕۆڵەكانم جورئەتیان تێدا بێت، جورئەتێك لە سیناریۆ و بابەتەكەدا هەبێت، بەڵام لە هەمان كاتدا بابەتی بن، حەز دەكەم ئەو بابەتانە بورووژێنم كە لە كۆمەڵگەدا زۆرن، بەڵام لە هەمان كاتدا شاراوەن و بەو شێوەیەی كە پێویستە كەس نەیخستوونەتە سەر شاشە، تا بە مەبەستی وشیاركردنەوەی كۆمەڵگە بێت، چونكە زۆر بابەتی كۆمەڵایەتی هەن تا ئێستا وەك پێویست نەخراونەتە ڕوو.
* هونەر لە ژیانی تۆدا چی دەگەیەنێت؟
- هیچ كات لە هونەری و كاری نواندن پەشیمان نیم، چونكە هونەری نواندن خەون و هیوای من بووەو هونەرێكی بەهێز و پڕ جەماوەرە، هەڵبژاردنی كاری نواندن بە ڕێكەوت نەبووە، بەڵكو سووربوونی خۆم بووە لەسەر ئەوەی كە دەبێت ئەو كارەی خۆشم دەوێت، بەدەستی بهێنم، بە ڕای من نواندن و هونەر بەگشتی گەڕانە بەدوای خۆشبەختی و شادومانیدا، هیچ كات نواندن منی مەغروور نەكردووە، بەڵكو وای لێ كردووم كە بەبێ نواندن ناژیم، چونكە هەر تەنیا هونەرە بە ڕاستگۆیی و بە بێ ماكیاژ خۆی نمایش دەكات.
* ئایا تێڕوانیی كۆمەڵگە بۆ ئافرەتی هونەرمەند گۆڕاوە؟
- كۆمەڵگەی ئێمە ڕێز لە هونەرمەند دەگرێت، پێی وایە لە ڕێگەی هونەرەوە دەتوانێت هەموو خەم و ئازارەكانیان بە ڕاستگۆیی بگوازێتەوە، چونكە هونەرمەند زمانحاڵی كۆمەڵگەیە، بەتایبەت هونەرمەندانی ئافرەت، كە وەكو ئایكۆن لەلایەن كۆمەڵگەوە سەیری دەكرێن، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت كە هەندێ كەس لە كۆمەڵگەدا بە چاوێكی سووك سەیری هونەرمەندانی ئافرەت بكەن، هەندێ لە ئافرەتە هونەرمەندەكانیش هۆكاربوون بۆ ئەوەی بە سووكی سەیری هونەرمەندانی رەگەزی مێ بكرێت، بەڵام بەگشتی بۆچوونی كۆمەڵگەی مەغریبی زۆر ئیجابییە و جێگەی باوەڕن.
* كێبڕكێ وململانێ لە نێوان خانمانی هونەرمەند لە وڵاتی مەغریب هەیە؟
- نابێت هیچ كات ململانێ لە نێوان هونەرمەندان هەبێت، دەبێت ڕێزگرتن و خۆشەویستی كۆیان بكاتەوە، بەڵام كێبڕكێی هەبیت بۆ ئەنجامدانی باشترین كار، خۆشبەختانە من كێشەم لەگەڵ هیچ كام لە هونەرمەندانی دیكەدا نییە و، پەیوەندییەكی زۆر باشم لەگەڵ هاوڕێ هونەرمەندانەكانمدا هەیە.
* هونەرمەند چۆن دەتوانێت ئاوێنەی جەماوەر و هەوادارانی بێت؟
- هونەرمەند هەمیشە ئاوێنەی كۆمەڵگە بووە، هونەر دەبێت ببێتە پردێك بۆ گواستنەوەی هەموو كێشە و گرفتەكانی نێو كۆمەڵگەو، چارەسەرەكەش نیشان بدات، هونەر دەتوانێت لێبوردەیی و پێكەوە ژیان لە نێو خەڵكدا بڵاو بكاتەوە، هونەر ڕاستییەكانی نێو كۆمەڵگە وەكو خۆی دەگەیەنێت، هونەرمەندیش هەمیشە موڵكی خەڵك و جەماوەر بووە.
* وەكو هونەرمەند ئەو كێشەو گیروگرفتانە چین كە ڕووبەڕووت دەبێتەوە؟
- هونەر تاكە چەكی هونەرمەندانە، كە هەموو بڕوا و متمانەیەكی خۆیان لە ڕێگەی هونەرەكەیانەوە پێشكەش بە هەوادارەكانیان دەكەن، بەڵام بەداخەوە ئێمەی هونەرمەندان نەمانتوانیوە هەوادارەكانی خۆمان بە كاری هونەریی جوان تێر بكەین، بۆیە جەماوەركەمان بۆ ئەوەی چێژ لە كاری جوان ببینن، ڕوو لە بەرهەمی بیانی دەكەن، هۆكارەكەش زیاتر ئەوەیە كە كاری زۆر لاواز بەرهەم هاتووە و جەماوەرەكەی تۆراندووە، ئەمەش بۆ ئێمەی هونەرمەند ناخۆشەو هەست بەو بۆشاییە دەكەین كە، كەوتووەتە نێوان هونەرمەندان و جەماوەر لە وڵاتی مەغریب.

Top