لە كوردستانیش یادی ڤاڵانتاین پیرۆز ڕادەگیرێت

لە كوردستانیش یادی ڤاڵانتاین پیرۆز ڕادەگیرێت

 

لە بارەی‌ چۆنیەتی‌ سەرهەڵدانی ڕۆژی خۆشەویستی (14/2) ‌و پێدانی‌ گۆڵی‌ سوور بە ئەوینداران، بۆچوونی‌‌ جیاواز هەیە. دەگوترێ‌ لە كۆتایی سەدەی سێیەمدا ئیمپڕاتۆریەتی «كلاودیسی دووەم»ی‌ رۆما، دوای‌ ئەوەی‌ تێبینی‌ كرد، ئەو گەنجانەی‌ ژن‌ و منداڵیان نییە، لە جەنگ ‌و شەڕدا زۆر بەهێزتر و خۆڕاگر و سەركەوتووترن لەو كەسانەی‌ كە ژن ‌و منداڵیان هەیە، فەرمانێكی‌ دەركرد، بەوەی‌ كە هیچ گەنجێك بۆی‌ نییە ژن بهێنێت تا ئەو كاتەی‌ جەنگ لە وڵاتەكەیاندا كۆتایی‌ دێت، بەڵام «ڤاڵانتاین» كە قەشەیەك بوو، لە فەرمانەكە دەرچوو، بە شێوەی‌ نهێنی‌ لە كەنیسەدا گرێبەستی‌ هاوسەرگیری‌ دەكرد ‌و خۆشەویستان ‌و عاشقانی‌ لە یەكتر مارەدەكرد، دوای‌ ئەوەی‌ كارەكەی‌ قەشە ڤاڵانتاین ئاشكرا بوو، ئیمپڕاتۆری‌ ڕۆما بڕیاری دا بە سزای‌ لە سێدارەدانی‌ ئەو قەشەیە، پاش ماوەیەك لەزیندانیكردنی‌، لە رۆژی 270/2/14، قەشە ڤاڵانتاین لە سێدارە درا. بۆیە تا ئێستاش لە زۆربەی وڵاتانی‌ جیهاندا، ئەو یادە بەرز ڕادەگیرێت ‌و لە ڕۆژی 14ی شوبات ئەوینداران هەست ‌و خۆشەویستیی‌ خۆیان بە جوانترین شێوە دەردەبڕن‌ و بە تایبەتی‌ گۆڵی‌ سوور پێشكەشی یەكدی دەكەن. بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گوڵان زیاتر تاوتوێ ئەم ڕۆژە جیهانییە دەكەن.

 

دهـــۆك بــەڕۆژی، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان لە یەكێتی ئافرەتانی كوردستان - ئەنجومەنی سۆران، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «خوشەویستی تەنیا ڕێگای تێگەیشتن و نزیكبوونەوە و مەزنییە.» هاوكات دەڵێت: «زۆرن ئەوانەی كە دەڵێن ڤاڵانتاین تەنیا ڕۆژی خۆشەویستیی نێوان دوو خۆشەویستە و ڕۆژی رۆمانسیەتە و نابێت تێكەڵ بكرێت لەگەڵ خۆشەویستی بۆ منداڵ، یان خۆشەویستی بۆ دایك و باوك، یان خۆشەویستی بۆ خاك و نیشتمان، بەڵام من دەڵێم گرنگ ئەوەیە ڕاستگۆ بین لە دەربڕینی هەست و خۆشەویستیدا بەرانبەر بە هەركەس و هەر شتێك بێت.» گوتیشی: «ئێمە لە هەرێمێكدا دەژین كە بەداخەوە قەیرانی دەربڕینی خوشەویستیشمان هەیە، ئێمە یەكێكین لە و میللەتانەی كە زۆرترین شیعر و غەزەلمان هەیە لەسەر عشق و خۆشەویستی، بەڵام بۆ كچانی كۆمەڵگەمان بیركردنەوە لە خۆشەویستی كوشندەیە، هیوادارم هەموو توندوتیژییەك بنبڕ بكرێت و، هاونیشتمانیانم ڕاستگۆ بن لە دەربڕینی هەست و ئازا بن لە خۆشەویستی، ئەگەر بۆ یەك ڕۆژیش بێت. هیوادارم خۆشەویستیمان بۆ نیشتمان هەموومان كۆبكاتەوە و ڕێگای رزگابوونمان نیشان بدات».

پارێزەر كارزان هەنارەیی سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «خوشەویستی یەكێكە لە هەستە هەرە گرنگ و پێویستەكانی ژیان كە پەیوەندی هەیە بە هەموو لایەنەكان و بە شێوەیەك جوانی دەبەخشێت بە هەموو شتێك. بە بێ خوشەویستی مروڤ بێ ئاگایە لە ڕوویێكی گەورەی ژیان كە پڕە لە ئاسوودەیی و هەستی جوان و گەورە و بە بەها».

ئەو یاساناسە ڕای وایە «خۆشەویستی پەیامێكی پیرۆزە كە مرۆڤەكان بۆ یەكتری دەنێرن و لە هەمان كاتدا دەربڕینێكی سرووشتیی ناخی مرۆڤە كە هەر تاكە كەسێك بۆ دەوروبەری خۆی هەیەتی.»جەختیش لەوە دەكاتەوە كە «پێویستە مرۆڤ سەرەتا خودی خۆی خۆش بوێت و قەدری بوونی خۆی بگرێت، ئینجا خۆشەویستیی بۆ دایك و باوك و خوشك و برا و هاوڕێ بێت، یان بۆ ئەو كەسەی ئاشقیەتی.» باسی ئەوەشی كرد كە «ڕۆژی خۆشەویستی كە دەكاتە 14/2 هەموو ساڵێك لەو ڕۆژەدا بە شێوەیەكی بەرچاو ئەوینداران ئەو ڕۆژە بەرز و پیرۆز ڕادەگرن، ئەمەش وادەكات ببێتە ڕۆژێكی نوێ لە پەیوەندیی كەسەكان و توندوتۆڵ كردنی ئەو پەیوەندییەی لەنێو تاكەكانی كۆمەڵگەدا. « گوتیشی: «لە ڕاستیدا مرۆڤ پێوستی بە خۆشەویستیی ڕاستەقینە هەیە، كە هەستێكی ڕۆحیی جیاوازی لا دروست دەبێت بۆ ئارامی و ئاسوودەیی لە ژیاندا و بۆ باشتر بەڕێوەچوونی ژیان و كار و چالاكییەكانی ڕۆژانەی، بۆیە پێویستە هەموو ڕۆژێك ڕۆژێكی نوێ بێت لای هەمووان بۆ خۆشەویستی، بوونی ئەو ڕۆژەش شتێكی جوانە و نوێكردنەوەی پەیامی خۆشەویستییە. لە كۆتاییدا هەست و گەورەیی خۆشەویستی زۆر لەوە پیرۆزتر و بەنرخترە كە ئێمە تەنیا ڕۆژێكی بۆ تەرخان بكەین، پێویستە هەموو ڕۆژێك ڕۆژی خۆشەویستی بێت و، هەموو ڕۆژێك ئەو پەیمانە نوێ بكەینەوە لەگەڵ خۆمان و دەوروبەرمان و خۆشەویستی تێكەڵی ناخ و دەروون و كاروباری ڕۆژانە و ژیانمان بكەین».

ئاواز شێرزاد چالاكی مەدەنییە و لە ڕوانگەی خۆیەوە و بەم جۆرە باسی خۆشەویستی و ڕۆژی ڤاڵانتاین دەكات: «خۆشەویستی جوانترین و پیرۆزترین پەیوەندییە لە نێوان دوو كەس، یان زیاتر دروست دەبێت و لە سەر بنەمای ڕێز و ڕاستگۆیی و وەفاداری بۆ ئامانجێكی دیاریكراو، بەڵام بەداخەوە لەم سەردەمەی ئێستادا وەك چۆن هەموو كارەكان، پەیوەندییەكان، دۆستایەتییەكان گۆڕاون، بە هەمان شێوە خۆشەویستییش بەرگێكی تری پۆشیوە و زۆرینەی پەیوەندییە خۆشەویستییەكانی ئێستا بەتایبەت لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر لەسەر بنەمای درۆ و بۆ مەبەست و حەزێكی دیاریكراو دروست دەبن، كە ئەمەیان زیاتر ئافرەت دەكاتە قوربانی.» گوتیشی: «ئەوەی پەیوەندی بە ڕۆژی خۆشەویستییەوە هەیە، وەك خودی خۆم هیچ باوەڕم پێی نییە و، پێم وایە هەموو تەمەنی مرۆڤ دووقات بكرێتەوە، بەشی خۆشەویستی ناكات، چونكە خۆشەویستی دەریایەكی زۆر فراوانە و جێگەی هەموو خراپەكارییەكان، جێی هەموو دڵڕەقییەكان و گومانە ناپەسەندەكان دەگرێتەوە، زۆر جاریش سەیركردنی هەندێ ڕووداوە ‌ناخۆشەكان بە خۆشەویستی و قبووڵكردنەوە دەبێتە هۆی ئەوەی ئاسانتر بە سەریدا زاڵ ببیت، بەڵام دەكرێت ئێمە ئەم ڕۆژە بكەینە دەرفەتێك بۆ پتەوكردنی پەیوەندی لەگەڵ دەوروبەرمان، گرینگ ئەوەیە لە پەیوەندیی خۆشەویستیدا ئامانجێكی دیاریكراو هەبێت، ئەویش یەكتر ویستن بێت. بۆیە پێویستە هەر تاكێك كە كەسێكی خۆش دەوێت، كۆمەڵێك پرەنسیپ و تایبەتمەندی بۆ دیاری بكات، كێ و بۆ و لە پێناو چی خۆشی دەوێت؟ وە پەلە نەكات لە بەستنی پەیوەندی لەگەڵ خەڵكانی دی، جا هاوڕێیە، خزمە، كەسێكی دیاریكراوە لە ڕەگەزی بەرامبەر، بەتایبەت كچان دەبێت زۆر وریا بن لەوەی پەیوەندی لەگەڵ كێ و لە سەر چ بنەمایەك دەبەستن، بۆ ئەوەی دواتر تووشی پەشیمانی و خەفەتباری نەبن، چونكە هەر شتێك لە سەر بنەمای بەرژەوەندییەكی تایبەت بەسترا، كە بەرژەوەندی نەما، خۆشەویستیش كۆتایی پێ دێت، ڕۆژگاری ئەمڕۆش خراپ هەڵدەسووڕێت لە دەست ئەو ئینسانانەی هیچ جوانییەكیان بۆ بەها پیرۆزەكان نەهێشتووە. لە كۆتاییدا دەڵێم: خۆشەویستیی خێزان ڕاستترین جۆری خۆشەویستییە كە خاڵییە لە بەرژەوەندی».

Top