هەڵسەنگاندنێك بۆ حوكمڕانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان

 هەڵسەنگاندنێك بۆ حوكمڕانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان

لەوانەیە یەكێك لەو هۆكارانەی وا دەكات هەڵوەستەی زیاتر لەسەر كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین، بۆ دوو هۆكاری سەرەكی بێت:

یەكەم: كابینەی نۆیەم یەكەم كابینەیە كە نەخشەڕێگەكەی "بونیادنانەوەی كوردستانێكی بەهێزە"و ئەمە بووەتە ئەركی سەرەتا و كۆتایی ئەم كابینەیە، بۆ ئەم ئەركەش لە ژێر چاودێری و ڕاسپاردەكانی سەرۆك بارزانی-دایە.

دووەم: ئەم نەخشەڕێگەیەی سەرۆك بارزانی لەلایەن خەڵكی كوردستانەوە متمانەیەكی گەورەی وەرگرتووە و بە ڕێژەی 45% دەنگەكانیان داوە بە پڕۆژەكەی بارزانی، بۆیە ئەم كابینەیە دەبێت لە ئاستی ئەو متمانە گەورەیەی خەڵكی كوردستان بێت، كە داویانە بە پارتی دیموكراتی كوردستان.

بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە سەرۆك بارزانی، نێچیرڤان بارزانی كاندید كردووە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە پێشتر خۆی لەو پۆستەدا بووە، هەروەها مسرور بارزانی كاندید كردووە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كە پێشتر لای نێچیرڤان بارزانی بووە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ شێوازی كاندیدكردنی هەردووكیشیان كە وتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 2019 ڕایگەیاند، هەر دووكیان كاندیدی سەرۆك بارزانی-ن، ئەمەش مانای ئەوەیە ڕاستە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە و مسرور بارزانی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەوا دوای ئەوەی وەك كاندیدی سەرۆك بارزانی بۆ پڕكردنەوەی هەر دوو پۆستی "سەرۆكی هەرێم و سەرۆك وەزیران"، ئەمە مانای ئەوەیە سەرۆك بارزانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی كوردستان ڕەقیبە بە سەر هەر دوو پۆستەكە و كۆی پرۆسەی سیاسی لە كوردستاندا، نەك تەنیا لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە.

دیارە سەرۆك بارزانی جیا لەوەی ڕابەری گەلی كوردستانە، پێشتریش كە لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا بووە و، وەك پێشمەرگەیەك سەركردایەتیی شەڕی دژی داعشی كردووە، كاراكتەرێكی دیاری سیاسەتی نێودەوڵەتی بووە و، ئاگاداری كێشەكانی كۆی سیستمی حوكمڕانی بووە لە جیهاندا و، لە ناو ئەو ئەزموون و ئاگادارییەوە ڕێگەی چارەسەری بۆ كێشەكانی كوردستان داڕشتووە و كردوویەتی بە نەخشەڕێگە بۆ كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

بەپێی چاودێریی زۆربەی چاودێرانی سیاسی و پسپۆڕان لە بواری حوكمڕانی، سەرۆك بارزانی ئەو هۆكارانەی زۆر بە باشی دەستنیشان كردبوو كە بوونە هۆكاری "پاشاگەردانیی سیاسی، نادادپەروەری، بەربڵاویی گەندەڵی و لاوازیی ڕۆڵی یاسا"، بەپێی ئەو هەنگاوانەی لە ماوەی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم هەستی پێ دەكرێت، ئەو هۆكارانە لە بیركردنەوەی سەرۆك بارزانی بریتی بوون لە:

1. ڕاستگۆیی: سەرۆك بارزانی زۆر باش ئەو خاڵەی دەستنیشان كردووە كە سیاسەتی حوكمڕانی بە چەواشەكاری و شاردنەوەی ڕاستییەكان، جیا لەوەی سەركەوتوو نابێت، لە هەمان كاتدا زۆنگاوی سیاسیش وشك نابێت كە باشترین ژینگەیە بۆ سەرهەڵدانی حزب و سەركردەی پۆپۆلیستی.

2. گێڕانەوەی متمانە: سەرۆك بارزانی نەك ئێستا، بەڵكو هەر لە دوای نسكۆی ساڵی 1975ـەوە لەسەر ئەم خاڵە هەڵوەستەی جددی كردووە و ڕایگەیاندووە: "ئەگەر متمانە نەمێنێت، نائومێدی دروست دەبێت، كە نائومێدییش دروست بوو، هەموو شتێك لە دەست دەدەین"، بۆیە یەكێك لە بەرنامە گرنگەكانی كابینەی نۆیەم "گێڕانەوەی متمانەیە لە نێوان حكومەت و خەڵكدا."

3. ڕاگرتنی گەندەڵی لە شوێنی خۆی و بنبڕكردنی بە یاسا، ئەمەش كە بووەتە خاڵێكی دیكەی بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەرنامەیەكە لە ساڵی 2014 بە سەرپەرشتیی خودی سەرۆك بارزانی لێژنەیەك لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كاری لەسەر كردووە و لە چوارچێوەی یاسای چاكسازی ئامادە كراوە.

4. ڕاگرتنی نادادپەروەری و هەوڵدان بۆ گێڕانەوەی دادپەروەری بۆ كۆمەڵگە، ئەم پرسە كە گرنگترین ئەرك و پرسە بۆ كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام تا ئێستا بەرگەی فشارەكانی گرتووە و تا ڕاددەیەكی باش هەنگاوی بۆ ڕاگرتنی هەڵگرتووە.

ئەم چوار خاڵە كە چوار ئاستەنگی سەرەكین بۆ دروستكردنی بڕیار لە هەر حكومەتێكدا، پێویستی بە بەرنامەیەكی دیكە هەبوو، كە پێویست بوو لە چوارچێوەی ئەو دانوستاندنانە پێداگری لەسەر بكرێت، كە بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم لەگەڵ لایەنەكانی دیكە گرێ دەدران، بۆ ئەمەش چەند خاڵێك هەبوون:

 ئەو حزیبە سیاسییانەی هاوپەیمانی دەكەن بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، دەبێت ڕاشكاوانە بە گەلی كوردستان ڕابگەیەنن، ئێمە بەشێكین لەم حكومەتە و لە شكست و سەركەوتنی ئەم حكومەتە خۆمان بە هاوبەش دەزانین و، دەبێت ئەو دیاردەیە كۆتایی بێت، هەم لە حكومەت بن و هەم لە ئۆپۆزسیۆن .

 ئەو حزبە سیاسییانەی هاوپەیمانی دەكەن و بەپێی شایستەیی هەڵبژاردن پۆست وەردەگرن و بە كاندیدی خۆیان پڕی دەكەنەوە، ئەوانە لە ناو حكومەت نوێنەرایەتیی هیچ حزبێكی سیاسی ناكەن و خزمەتكاری خەڵكی كوردستان دەبن.

 ئەم حكومەتە لە پێناوی بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندایە و پێشكەشكردنی خزمەتكردنی زیاتری خزمەتگوزاری بۆ خەڵك، پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت بۆ كاتێكی نادیار دوا ناكەوێت.

لەسەر ئەم بنەمایە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزراوە، بۆیە ئەگەر بمانەوێت هەڵسەنگاندنی بۆ بكەین، دەبێت كۆی ئەم خاڵانە لەبەر چاو بگرین بەم جۆرە:

- لەگەڵ ئەوەی ئەم كابینەیە تەنیا لە نزیكەی 100 ڕۆژی یەكەمی دەست بەكاربوونی سەقامگیرییەكی تەواو و پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق هەبوو، دوای ئەوە و لەگەڵ دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی تشرین لە ساڵی 2019 دەستی پێ كرد و ئەو ڕێككەوتنە باشەی لەگەڵ بەغدا كرابوو، وەك خۆی نەما.

- هاوكات لەگەڵ ئەمەدا، سەرەتاكانی گۆڕانی پەتای كۆڤید 19 لە پەتایەكی لۆكاڵەوە بۆ پەتایەكی گڵۆباڵی سەریهەڵدا و، ئەم وەرچەرخانەش بارودۆخی هەموو جیهانی ئاڵۆز كرد و، مەترسیی گەورەی دروست كرد، بێگومان ئەمە شڵەژانێكی لەناو كابینەی نۆیەمیش وەك هەر حكومەتێكی دیكەی جیهانی دروست كرد و لە 20ی شوباتی 2020 كابینەی نۆیەم ڕێوشوینی پێویستی بۆ ڕووبەرووبوونەوەی كۆڤید 19 وەرگرت و لە مانگی ئادار كەرەنتینەی سەرتاسەری لە كوردستان ڕاگەیاند.

- لە ناو ئەم ژینگە ناسەقامگیرەی باری تەندروستی و ئابووری، حزبە سیاسییەكان ئەو هەلەیان قۆستەوە و دژی بڕیاری كەرەنتینەی حكومەت كەوتنە جووڵە و كێشەی سیاسیی لابەلایان بۆ حكومەت دروست كرد و، هەڕەشەیان لەسەر بەردەوامیی كابینەكە دروست كرد.

- لە مانگی ئایاری 2020 نرخی نەوت نەك هەر بووە سفر، بەڵكو دەبوو لەگەڵ هەر بەرمیلێك نەوت 37 دۆلار بدەیت بۆ ئەوەی لێت وەربگرن.

- حكومەتی عێراق لەم بارودۆخە سەختەدا هەموو پابەندبوونەكانی بۆ ناردنی شایستە داراییەكانی كوردستان هەڵپەسارد و تەنانەت لە بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ وەرگرتنی قەرز بۆ پێدانی مووچە، پشكی هەرێمی كوردستان دیاری نەكرا.

- لە سەرەتای ساڵی 2021 وێڕای ئەوەی پشكی هەرێمی كوردستان بە ڕێژەی 12.67 دیاری كرا، بەڵام حكومەتی عێراق پابەند نەبوو بە جێبەجێكردنی یاسای بودجە.

لەناو ئەم ژینگە ئاڵۆز و ناسەقامگیرە لەسەر ئاستەكانی "سیاسی، حوكمڕانی، تەندروستی، دارایی" كابینەی نۆیەم بەمجۆرە مامەڵەی لەگەڵ ئەم هەموو قەیران و تەنگژانەدا كرد:

 بۆ ڕێگرتن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی دیاردەی پۆپۆلیستی و تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی، كابینەی نۆیەم هەنگاوێكی بوێرانەی هەڵگرت و ڕاشكاوانە داوای لە حزبە بەشداربووەكان كرد: "پێمان بڵێن، ئێوە لە حكومەتن، یان ئۆپۆزسیون، بەپێچەوانەوە چاو بە هاوپەیمانییەكەدا دەگیرینەوە."

 بۆ ڕێگرتن لە سوودوەرگرتن لە دەرفەتی پۆپۆلیستییانە سەبارە بە بڕیاری حكومەت بۆ ڕاگەیاندنی كەرەنتینە لە كوردستان، ئەم دەسەڵاتە شۆڕكرایەوە بۆ پارێزگاكان و هەر پارێزگایەك بەپێی بارودۆخی بڵاوبوونەوەی پەتاكە بڕیار بدات.

 ڕاستگۆیانە بە خەڵكی كوردستانی ڕاگەیاند، حكومەت ئامادە نییە بۆ پێدانی مووچە قەرز بكات، بۆ ئەم مەبەستەش وەزیری دارایی تەخویل كرا، بە پێی داهاتی بەردەست مووچەی فەرمانبەران دابین بكات، ڕاستە لە ماوەی مانگەكانی ئایار تا كانوونی دووەمی 2020 و، لەگەڵ حكومەتی بەغدا پشكی كوردستانی نەنارد، لەو قەرزەی بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق تەرخان كرابوو، دوو سێ مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان لە كاتی خۆی نەدرا، بەڵام كابینەی نۆیەم ڕاشكاوانە ڕایگەیاند، ئیمكانیەت هەر ئەوەندەیە و سەركەوتنیش بە خۆڕاگریی گەلی كوردستان دێتەدی.

 لەناو ئەم ژینگە ئاڵۆزەدا، سەرۆك وەزیران بە ئومێدەوە هەنگاوی بۆ ئایندە هەڵگرت و درێژەی بە جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەی وەبەرهێنانە دا، كە بەشێك بوو لە كارنامەی كابینەی نۆیەم، ئەویش پتەوكردنی ژێرخانی كشتوكاڵ و پیشەسازی بوو لە كوردستان.

ساڵی 2020 بە هەموو سەختییەكانیەوە تێپەری و كابینەی نۆیەم بە ئومیدەوە پێی نایە ساڵی تازە و لەگەڵ دەستپێكی ساڵی تازە، دیسان ڕاشكاوانە داهاتی حكومەتی بۆ گەلی كوردستان ئاشكرا كرد و ڕایگەیاند: ئەگەر بەغدا پابەند نەبێت بە ناردنی پشكی بودجەی هەرێم، ئەوا حكومەت لە ئێستا توانای ئەوەی هەیە 80%ی مووچەی فەرمانبەران هەر 30 ڕۆژ جارێك دابین بكات و، لەو ماوەیەدا و بە دریژای ساڵی 2021 هەر 30 ڕۆژ جارێك كابینەی نۆیەم مووچەی دابەش كردووە و، پاش ئەوەی لەگەڵ حكومەتی عێراقیش گەیشتنە ئەو ڕێككەوتنەی كە مانگانە 200 ملیار دینار وەك سولفە بۆ هەرێمی كوردستان بنێریت، حكومەت هەر 30 ڕۆژ جارێك پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی جێبەجێ كردووە، هەروەها لە ماوەی دەستەبەكاربوونیەوە چەندین كێشەی ئاڵۆز و گرنگی دیكەی چارەسەر كردووە، وەك دروستكردنی چەندین سایلۆ لە شارە جیاوازەكانی كوردستان بۆ كڕینەوەی گەنمی جووتیاران و چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی دیكە لە سەرانسەری كوردستان، هەنگاوەكانیش هەمووی بە ئومێدەوە بەرەو ئەوە دەچن، كە ئەو كوردستانە بەهێزەی ئاواتی خەڵكی كوردستانە، لەم كابینەیەدا ژێرخانێكی پتەوی بۆ دروست بكرێت، ئەم سەركەوتنانەش وەك لە هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی ڕابردوو بینیمان، جارێكی دیكە خەڵكی كوردستان متمانەی زیاتری بە پڕۆژەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بونیادنانەوەی كوردستانی بەهێز دایەوە و، بە ڕێژەی 50% دەنگیان بە پارتی دیموكراتی كوردستان دا. ئەم گێڕانەوەی متمانەیە،‌ دروستكردنەوەی ئەو ئومێدەیە كە سەرۆك بارزانی دەڵێت: "ئەگەر ئیرادە هەبێت، دەكرێت نامومكینەكانیش بێنینە دی" و، ئەو ژینگەیەشی كابینەی نۆیەم توانی تێپەڕێنێت و بیگەیێنێتە ئێستا، ئەو ئیرادەیە بوو كە نامومكینی هێنایە دی.

Top