لەئەمریکاوە .....(1) ئەمەریکا بڕوای وایە چەند ڕۆژێکی دیکە ئۆکرانیا دەکەوێت

لەئەمریکاوە .....(1) ئەمەریکا بڕوای وایە چەند ڕۆژێکی دیکە ئۆکرانیا دەکەوێت


ڕۆژی هەینی ١٢شوباتی ٢٠٢٢ ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆشکی سپی "جیک سالیڤان" ڕایگەیاند: (داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن رووسیا لەهەر کاتێکی نزیک ڕووبدات ڕوودەدات، ڕەچاو دەکات ئەمە پێش کۆتایی هاتنی ئۆلۆمپیاتی زستانەی پەکین ڕووبدات)، ئەمەریکییەکان پێیان وایە (ئاماژەکان ئەوە نیشان دەدەن، کە رووسیا بەردەوام هێز دەنێرێتە سەر سنووری ئۆکرانیا، پێشیان وایە سەرەتا هێرشی ئاسمانی دەست پێ دەکەن و دواتریش هێرشێکی خێرا بۆ گرتنی کێیف ئەنجام دەدەن).
بڕیارە بەیانی شەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا و بۆتینی سەرۆکی ڕووسیا ئەنجام بدرێت. بێگومان باسی کێشەی ئۆکرانیا و تاکە بژاردەی ڕووسیا و بژاردەکانی جیهان بکەن. لەکاتێدا ئەمەریکا داوای لەئەمەریکییەکان کردووە، ئۆکرانیا بەخێرایی جێ بهێلن، واتە داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیا چەند ڕۆژێکی ماوە. ڕووسیاش بەجۆرێک لەخۆبایی بوونەوە گوتیەتی "ئەمەریکا داوای پەیوەندیی و گفتوگۆی لەگەڵ بۆتین کردووە"، واتە دەیانەوێت بڵێن ئێمە لەپێگەیەکی بەهێزداین.
هەموو ئەوروپا و وڵاتەکانی جیهان، جگە لە چین و هەندێک وڵاتی نزیک ڕووسیا نەبێت، هەموو دژی بیرۆکەی داگیرکردنی ئۆکرانیان، بەڵام پێ ناچێت "ورچەکەی ڕووسیا" بیر لەسزا ئابوورییەکان بکاتەوە، چونکە وای داوەتە بەر دەمی داس، کە ئیدی ڕوویسا چی دیکە ناتوانێت دان بەخۆدا بگرێت و واز لە تام و چێژی ئۆکرانیا بهێنێت، یان بەڕاستی لەم زستانە ساردەدا، ڕووسیا برسی بووە و حەزی چۆتە "خواردنی لاشەی ئۆکرانیا" و دەیەوێت لەهێرشێکی خێرای ئاسمانی و زەمینی ئەم وڵاتە، کە مێژوونووسەکان بە دڵی سۆڤیەتی پێشوویان دادەنا، بگەڕێنێتەوە باوەشی مۆسکۆ و کۆتایی بەم سەریەشە و کێشە بهێنێت، کە پێی دەڵێن "کێشەی ئۆکرانیا". لەهەمان کاتدا ئۆکرانیا ماسییەکی پڕ لەئێسکی گەورەیە و لەکاتی خواردنی لەلایەن ورچەکەی مۆسکۆ، دوور نییە هێسکەکانی لەقوڕگی ڕابچن و نەتوانێت بێ ئازار و بریندار بوون و گیرانی قوڕگی بیخوات.
چەند ڕۆژێکە و بزانین ئۆکرانیا پەل بەست دەکرێت و لەسەر مێزێکی ڕازاوەی مۆسکۆ دەخورێت، یان دەبێتە ژان و کێشەیەکی گەورە بۆ مۆسکۆ.

Top