دەستپێكی بڵاوبوونەوەی كۆڤید 19 سەرەتای كۆتایی هاوكاریی نێودەوڵەتی
لە مانگەكانی كۆتایی ساڵی 2019 پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا كە دواتر بە «كۆڤید 19» ناسرا، تەنیا پەتایەكی لۆكاڵی «Epidemic» بوو، بەڵام نەبوونی هاوكاریی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگرتن لەم پەتا لۆكاڵییە بوو بە هۆكاری ئەوەی لە ماوەیەكی زۆر كورتدا بگۆڕێت بۆ پەتایەكی گلۆباڵی pandemic»»، لەمەش زیاتر مامەڵەی خراپی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سڕكردنی كارەكانی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی «WHO» بە هۆی بڕینی بودجەكەی لە لایەن ئەمریكاوە، بووە هۆكاری ئەوەی هەوڵێكی سەنتڕاڵی لەسەر ئاستی جیهان بۆ دروستكردنی ڤاكسین پەرت و بڵاو بێت، لەمەش خراپتر ئەم پەتایە بووە هۆكاری هەڵاوسان و چەقبەستنێكی گەورەی ئابووری و، بە جۆریك شێوازی ژیانی گۆڕی كە خەڵك لە سەرانسەری جیهان لە دژی ئەو ڕێوشوێنانەی كەرەنتینە كە حكومەتەكان بۆ سەلامەتیی هاووڵاتیان دەیانگرتەبەر، خۆپیشاندانی فراوان و ئاژاوە تەقریبەن لە سەرانسەری جیهان بێتە ئاراوە، بەمەش حكومەتەكان كەوتنە بەردەم دووڕێیانێكی ترسناك، ئەویش ئەوەیە، یان دەبێت بژێۆیی خەڵك دابین بكەن كە لە توانایاندا نییە، یان دەبوو كەرەنتینە بشكێنن و موجازەفە بە تەندروستیی هاووڵاتیانەوە بكرێت، بۆیە بە ناچاری و لە ژێر گوشاری خەڵكدا، حكومەتەكان لە سەرانسەری جیهان كەرەنتینەیان سووك كرد، پێش ئەوەی ڤاكسینی دژی كۆرۆنا ڕوخسەتی فەرمیی بەكارهێنانی بە شێوەیەكی فەرمی وەرگرتبێت.
هەوڵەكان بۆ دروستكردنی ڤاكسین دژی كۆرۆنا، ئەو ڕاستییانەی پیشان داین، كە لەگەڵ ئەوەی هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوە بۆ پەتایەكی جیهانیی وەك كۆڤید 19 لە هەوڵی بە تەنیای گەورەترین دەوڵەت گەورەترە، بەڵام وەك فرانسیس فۆكۆیاما ئاماژەی پێ دەكات، ئەوەی مەترسییەكانی گەورەتر كردووە، ئەوەیە كە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڤید 19 نەیتوانی هاریكاری و هەماهەنگیی نێودەوڵەتی دروست بكات، ئەمە لە كاتێكدا كە هێرشی تیرۆریستان لە 11ی سێپتەمبەری 2001 گەورەترین هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی تیرۆریستانی لێ كەوتەوە، تەنگژە ئابوورییەكانی ساڵی 2008 ی گرووپی «G20»بەدوادا هات، بەڵام كاتێك بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە زیاتر لە چەندین ملیۆن كەسی لە سەر ئاستی جیهان كوشتووە و هیچ هاوكاری و هاریكارییەكی گەورەی بەدوای خۆیدا نەهێنا، ئەمە ئاماژەیە بۆ مەترسییە گەورەكانی دیكەش وەك «كەمكردنەوەی مەترسییەكانی تەكنەلۆژیا، هەوڵەكان بۆ «ڕێگرتن لە گۆڕینی كەشوهەوا، ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی» كە هەر یەكەیان هێندەی پەتای كۆرۆنا ترسناكن و، مانەوەی ئەم كێشە ترسناكانەش بە بێ هاریكاریی نێودەوڵەتی، مانای ئەوەیە ئایندەی هەسارەی زەوی لە مەترسیدایە، نەك وەك چەند ساڵێك لەمەوپێش جەختی لەسەر دەكرایەوە كە سیستمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتی لە مەترسیدایە.