ئەمەریکا و ئەڵمانیا یەك هەڵوێستن دژی ئەگەری هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا
ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز لە هەواڵێكدا دووپاتی كردووەتەوە كە هەر یەكە لە ئەمریکا و ئەڵمانیا هەوڵیان دا بەرەیەکی یەکگرتوو پیشان بدەن دژی ئەگەری دوژمنکاریی سەربازیی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، لەم ڕووەوە سەرۆکی ئەمریکا جۆبایدن ئاماژەی بەوە كردووە كە هەر دوو لا زۆر لە یەکەوە نزیكن، هەرچەندە گومان هەیە لە پابەندبوونی بەرلین بە هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەی هێڵی بۆری گازی نۆرد ستریم 2 ی ڕووسی.
زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا ترسیان لەوەیە كە ڕووسیا پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەبێت، بەڵام لەلای خۆیەوە مۆسکۆ ئەوە ڕەت دەکاتەوە، هەرچی بەرپرسانی ئەمەریکاشە پێیان وایە هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە هەر کاتێکدا بێت ئەنجام دەدرێت.
بایدن لە کۆشکی سپی لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵزیش قسەیان كردووەو لەم ڕووەو گوتوویەتی كە ئەڵمانیا یەکێکە لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی ئەمریکا. زۆر لە نزیکەوە کاردەکات بۆ دانانی بەربەستی زیاتر لەبەردەم دوژمنکاریی ڕووسیادا لە ئەوروپا، هەروەها بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی چین و بەرزکردنەوەی سەقامگیری لە وڵاتانی ڕۆژئاوای بەڵكاندا.
جێی ئاماژەیە ئەڵمانیا کە نیوەی ئەو گازەی پێویستیەتی لە ڕووسیاوە وەری دەگرێت، پەسەندکردنی پڕۆژەی هێڵی بۆری گازی نۆرد ستریم 2 ی ڕووسی تاوەکو نیوەی دووەمی ساڵی 2022 دواخستووە، بەڵام ڕەتی کردووەتەوە پڕۆژەکە هەڵبوەشێنێتەوە.