له ساڵی 2021دا ههشت ههزار توشبووی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان تۆمارکراون
![له ساڵی 2021دا ههشت ههزار توشبووی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان تۆمارکراون](https://gulanmedia.com/public/images/posts/20220206095205_original_24.jpg )
ساڵانە لە ڕۆژی چواری مانگی شوباتدا جیهان بە مەراسیمی جیاواز یادی ڕۆژی جیهانیی شێرپەنجە دەكاتەوەو تێیدا کار لەسەر هۆشیارکردنەوەی ڕای گشتی و بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە دەکرێت.
بۆ ئەم مەبەستەش لە هەرێمی كوردستاندا بەبەشداریی زیاتر لە 300 پزیشک و بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، كۆنفرانسێكی تایبەت بە شێرپەنجە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو بەئامانجی دابینکردنی پشتیوانیی دەرونی و دارایی بۆ توشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە.
لەم ڕووەوە رێکخەرانی كۆنفرانسی تایبەت بە شێرپەنجە لە هەولێر رایانگەیاند، ئامانجی کۆنفرانسەکە پشتیوانی دەرونی و دارایی بوو بۆ توشبووانی شێرپەنجە، کە یەكێكیان لەلایەن رێکخراوە تەندروستییەکانەو ئەوی دیكەش خودی حکومەتی هەرێم بەرپرسیارییەتیی دابینکردنی هەڵدەگرێت.
بە گوتەی سەرپەرشتیاری کۆنفرانسەكە دکتۆر باساک بەرزنجی ، 8000 حاڵەتی توشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون کە زۆربەیان دانیشتووی شاری هەولێرن، هەروەها زۆرترین جۆری شێرپەنجەش، شێرپەنجەی سییەکانە لەپیاوان و شێرپەنجەی مەمکیش بەربڵاوترینە لەناو ژناندا.