نەدین مێینزا سەرۆكی كۆمسیۆنی نێودەوڵەتیی ئازادییە ئایینییەكان لە ئەمریكا تایبەت بۆ گوڵان: تێڕوانینی فەخامەتی سەرۆك مسعود بارزانی لە بارەی ئازادیی ئایینی و مافی پێكهاتەكان لە كوردستان جێگەی تەقدیرە
گفتوگۆ - مەریوان نەقشبەندی
خاتوو نەدین بلێسەر مێینزا سەرۆكی كۆمسیۆنی نێودەوڵەتیی ئازادییە ئایینییەكان لە حكومەتی ئەمریكا یەكێكە لە كاراكتەرە ئەكتیڤەكانی دۆسێی ئازادیی ئایینی و مافی كەمینەكان لە سەرتاسەری جیهاندا، ئەم خاتوونە دوو ئەركی سەرەكیی هەیە، كە گرنگەكەیان پێشكەشكردنی ڕاپۆرتی ساڵانە بە كۆنگرێس و سەرۆكی ئەمریكا لە بارەی ڕەوشی ئازادی ئایینی لە سەرتاسەری جیهانە و، لە سۆنگەی ئەم ڕاپۆرتەوە كۆنگرێس و ئیدارەی ئەمریكاش مامەڵە لەگەڵ وڵات و حكومەتەكانی جیهاندا دەكات، ئەركی دووەمیشی بەدواداچوون و دڵنیابوونە لەو یاسا و بەڵێنانەی كە پەرلەمان و حكومەتەكان لە بارەی جێبەجێكردنی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ و ئازادیی ئایینی خستویانەتەڕوو.
خاتوو نەدین مێینزا لەم 10 ساڵەی ڕابردوو هەشت جار سەردانی هەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستانی كردووە و، شارەزاییەكی باشی لە دۆسێی ئازادییە ئایینییەكان و ڕەوشی سیاسی و كاریگەریی كەسایەتییە سیاسی و ئایینییەكان لە هەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان هەیە، بۆیە بە پێویستمان زانی ئەم گفتوگۆیەی لەگەڵدا ڕێك بخەین.
لەبارەی هۆكار و بەرنامەی سەفەرەكەی ئەمجارەی بۆ باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان خاتوو نەدین بلێسەر مێینزا گوتی: «حكومەتی ئەمریكا بە گرنگییەوە دەڕوانێتە ڕەوشی ئایینی و ماف و ئازادیی كەمینە ئایینی و نەتەوەییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و، لەو چوارچێوەدا بە پێویستمان زانی لە ڕەوشی ئازادیی ئایینی لە ڕۆژئاوای كوردستان دڵنیا بین و، لەگەڵ سەركردە ئایینی و سیاسییەكانی ڕۆژئاوا لە بارەی هەڕەشەكانی داعش و سوپای توركیا و ڕژێمی سووریا لەسەر ڕۆژئاوای كوردستان گفتوگۆم هەبوو و گوێبیستی بۆچوونەكان بووم، دواتریش چەند ڕۆژێكی گرنگم لە هەرێمی كوردستان بەسەر برد، دیدارێكی زۆر گرنگم لەگەڵ فەخامەتی سەرۆك مسعود بارزانی هەبوو، گفتوگۆمان لەسەر ڕەوشی ئازادیی ئایینی و مافی پێكهاتەكان و گرنگیدانی سەركردایەتیی سیاسی و حكومەتی هەرێم بە مافی پێكهاتەكان و چۆنێتیی هاریكاریی مرۆیی خەڵكی ڕۆژئاوا و گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدی و مەسیحییەكان بۆ سەر موڵك و ماڵی خۆیان و، چۆنێتیی گەرەنتیكردنی پاراستنی كەمینەكان لە دەشتی نەینەوا و شنگال و شوێنەكانی دیكە كرد، بەڕاستی خۆشحاڵ بووم بە تێڕوانینی فەخامەتی سەرۆك بارزانی لە دۆسێی ئازادیی ئایینی و مافی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان و، لە هەمان كاتیشدا كێشەی مەسیحی و ئێزدی و پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان، ئەوانەی لە دیدارەكانمدا لەگەڵیان تۆمارم كردبوو، بە ڕاشكاوی ئاماژەم بۆ كرد و خۆشحاڵم بۆ بڕیاری حكومەتی هەرێم بەو ڕێكارە ئیدارییانەی كە بۆ شاری عەنكاوەی مەسیحی نشینی دایناون» .
لە بارەی دیدارەكانی دیكەی لە هەرێمی كوردستان، سەرۆكی كۆمسیۆنی نێودەوڵەتیی ئازادییە ئایینییەكان لە حكومەتی ئەمریكا گوتی: «سەردانی جەنابی وەزیری گواستنەوە و گەیاندن (ئانۆ جەوهەر)م كرد، كە وەزیرێكی مەسیحیی بەتوانایە و ڕۆڵێكی گرنگی لە بواری پێكەوەژیاندا هەیە و لە نووسینگەكەیدا چەندین وێنە و دیكیۆمێنت و كتێبی گرنگم بینی و، بەشێك لە مێژووی كوردستانی لە بواری پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی بۆ ڕوون كردمەوە و، ئاماژەی بە ڕۆڵی بارزانییەكان لە پاراستنی پێكەوەژیانی ئایینی و ئاشتیی كۆمەڵایەتیدا كرد، هەروەها سەردانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیم كرد و لەگەڵ وەزیری ئەوقاف (پشتیوان سادق) لەسەر ڕەوشی ئایینی و بەربەستەكانی بەردەم پرۆسەی ئازادی و مافی مەسیحی و پێكهاتەكان گفتوگۆمان كرد».
لە بارەی دیدارە نافەرمییەكانی لە كوردستان، خاتوو نەدین گوتی: «لەگەڵ چەند چالاك و كەسایەتییەكی شارەزا لە بواری ئازادیی ئایینی و چۆنێتیی هاوكاریكردنی ئەم پرۆسەیە لەلایەن حكومەتی ئەمریكاوە دیدار و كۆبوونەوەم هەبوو، هەروەها لە ڕۆژێكی سارد و بەفرباریندا سەردانی شاری ئاكرێ و دهۆكم كرد، كە چەند شوێنێكی ئایینی و كەلتووریم بەسەركردەوە و لەگەڵ خەڵكی جیاجیا دیدارم هەبوو، دواتر لە شاری دهۆك وێڕای بەشداریم لە ڕێوڕەسمی دەستبەكاربونی مەترانی دهۆك، كۆبوونەوەیەكم لەگەڵ كاردیناڵ لویس ساكۆ پەتریاركی كلدانییەكانی عێراق و جیهان هەبوو، كە خۆی لەدایكبوی شاری زاخۆیە، لەم كۆبوونەوەیەدا گوێبیستی ڕەوشی مەسیحییەكانی عێراق بە گشتی و كێشە و بەربەستەكانی بەردەم مانەوەیان لە عێراق و نەبوونی هەلی كار و چەند كێشەی دیكەی یاسایی و سیاسی بووم».
سەبارەت بە تێڕوانینی حكومەتی ئەمریكا بۆ ئایندەی شنگال و دەشتی نەینەوا، ئەم بەرپرسەی حكومەتی ئەمریكا گوتی: «ڕێككەوتنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغدا كە بە ڕەزامەندی و ئاگاداریی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (یونامی) كراوە، جێگەی بایەخە و پێویستە هیچ هێزێك لە دەرەوەی یاسا و هێزە ئەمنییە عێراقییەكان و هەرێمی كوردستان لە شنگال و دەشتی نەینەوا نەبن و دەبێت عێراق سیادەی تەواوی خۆی بە سەر ئەو دەڤەرەدا هەبێت»، گوتیشی: «هیوادارم پەرلەمان و حكومەتی نوێی عێراق بتوانن بە سەر ئەو بەربەستانەی كە لە ڕێگای ئازادی و مافی پێكهاتەكانی ئەم وڵاتە هەیە، سەركەون».
لە بارەی ڕۆیشتن و مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق خاتوو نەدین گوتی: «بە دڵنیاییەوە عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكا گرنگیی خۆی هەیە و حكومەتی ئەمریكا لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی و ڕێككەوتنی ستراتیژیی نێوان ئەمریكا و عێراق بەردەوام دەبێت لەسەر مەشق و ڕاوێژكاری بە هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان و، هەمیشە ئەمریكا ئامادەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش پاڵپشتیی هێزە كوردییەكان و حكومەتی عێراق بكات.