سەرەڕای مەترسییە زۆرەكانی  منداڵبوون بە ڕێگەی نەشتەرگەری خواستی زۆری لەسەرە

سەرەڕای مەترسییە زۆرەكانی   منداڵبوون بە ڕێگەی نەشتەرگەری خواستی زۆری لەسەرە

 

 

 

لە دایكبوون بە ڕێگەی نەشتەرگەری بە شێوەیەكی بەرچاو لەناو خانماندا زیادی كردووە، خانمێك پێیوایە وەكو چاولێكەرییەك لەناو خانمان هەڵبژاردنی نەخۆشخانەی تایبەت و منداڵبوون بە ڕێگەی نەشتەرگەری بووەتە مۆدێل و هەندێك دایك و باوك وەكو ژمارە سیم كارتی جوان بەروار بۆ منداڵە لە دایك نەبووەكانیان دادەنێن، لە كاتێكدا پزیشكانی زانكۆی كۆڵۆمبیا ڕایدەگەیێنن ئەنجامدانی نەشتەرگەری منداڵبوون، ئەگەری تووشبوونی خانمان بە خەمۆكی دوای منداڵبوون زیاددەكات و، لە ژێر سڕكردنی گشتی بەركەوتنی دایك و منداڵەكە كەم دەكاتەوە، بەتایبەت كە خانمەكە نەتوانێت شیری خۆی بداتە منداڵەكەی، هەروەها ئەو ئازارەی خانمان دوای نەشتەرگەری هەستی پێ دەكەن، یەكێكی دیكەیە لە هۆكارەكانی خەمۆكی. بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان لە دیدی جیاوازەوە پرسەكە تاو و توێ دەكەن.

 

 

سەرەتا ڕووناك مەولود چالاكی بواری مافەكانی ئافرەتە و بۆ گوڵان گوتی: «من وەكو ئافرەتێك و وەك دایكێك پێم باشە خانمان بە سرووشی منداڵیان ببێت، دایكەكە بەلای كەمەوە دوو هەفتە جارێك سەردانی پزیشكی تایبەتی دەكات و، ئەو پێی دەڵێت كە ژانی هەبوو بچێتە نەخۆشخانە تا لەوێ لە ژێر چاودێریی پزیشك منداڵی ببێت».

ئەو خاتوونە لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: «لە زۆر ژنم بیستووە لە كوردستان دەڵێت نەشتەرگەری دەكەم، بۆ ئەوەی جەستەم گەورە نەبێت و.. هتد، بەس لە ڕاستیدا وا نییە، چونكە ئەو كۆرپەلەیە لە ڕەحەمی ژنەكەدایە، تا ئەو ڕۆژەی لەدایك دەبێت، ڕەحەمیش وەك میزەڵان (دەب دەبە) وایە، كە منداڵەكە بوو، یەكسەر بە سرووشتی خۆی وردە وردە بچووك دەبێتەوە و دەچێتەوە دۆخی خۆی وەك جاران، جەستەش مەتاتە، ئەویش بە سرووشتی خۆی دەچێتەوە دۆخی خۆی.» گوتیشی: «زۆرێك لەو ژنانە كە ئەم كارانە دەكەن، خۆیان داوا لە پزیشك دەكەن، گوایە حەز ناكەن جەستەیان تێك بچێت. لە ئەوروپا ژنان زیاتر حەز دەكەن بە سرووشتی خۆیان منداڵیان ببێت، بەڵام وا دیارە لە كوردستان منداڵبوونیش بووەتە چاولێكەری وەك بۆتێكس و فیلەر و جوانكارییەكانی دیكە، هەروەها هەڵبژاردنی نەخۆشخانەی تایبەت و منداڵبوون بە ڕێگەی نەشتەرگەری بووەتە مۆدێل و هەندێك دایك وەكو ژمارە سیم كارتی جوان بەروار بۆ منداڵە لە دایكبووەكانیان دادەنێن، لە ڕێگەی گۆڤارەكەتانەوە تكا لە خانمان و خوشكانم دەكەم، تا دەتوانن با منداڵیان بە سرووشتی ببێت.»

سۆما ئەمجەد چالاكی بواری كۆمەڵگەی مەدەنییە و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «ئەگەر ژنێك بە سرووشتی منداڵی نەبێت، كێشەیەكی فیزیكی هەیە، بۆیە ناتوانێ بە سرووشتی منداڵ بێنێتە دنیا، دكتۆرەكانیش بۆ ناوبانگ و زیاتركردنی ئەزموونەكانیان ژنان دەخەنە ژێر نەشتەرگەری، بەڵگەش ئەوەیە بەشی هەرە زۆری ژنان لە نەخۆشخانە تایبەتەكان نەشتەرگەرییان بۆ دەكرێت، نەك لە نەخۆشخانە حكوومییەكان.» گوتیشی: «تێكچوونی باری دەروونیی ژن لە كاتی چوونی بۆ ژووری نەشتەرگەری كاریگەرییەكی زۆر خراپ لەسەر خۆی و كۆرپەلەكەی جێ دەهێڵێت، هەروەها سەرباری ئەوەی خەرجییەكی یەكجار زۆریش دەكەوێتە سەر میزانییەی ماڵ، هەموو ئەوانە ژن بێتاقەت دەكەن، خۆم نەشتەرگەریم بۆ كراوە و تووشی ئەو حاڵەتانە بووم. بۆیە پێویستە بەدواداچوونی جددی بكرێت و دكتۆرەكان بخرێنە ژێر كۆنتڕۆڵ و نەشتەرگەری زیاتر لە نەخۆشخانە حكوومییەكان بكرێت، بۆ ئەوەی لە قاڵبی بازرگانی دەربچێت».

لەلای خۆیەوە د. هالە جەودەت پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ئافرەتان و منداڵبوون و چارەسەری نەزۆكی و چاودێری ئافرەتانی دووگیان، هێما بۆ ئەوە دەكات كە ئەوان وەكو پزیشك پابەندن بەوەی كە سوێندیان خواردووە كارەكەیان بە دڵسۆزی ئەنجام بدەن. هاوكات گوتی: «كە نەخۆش سەردانمان دەكات، لە ڕێگەی پشكنینی ناوەوە بڕیار دەدەین كە ئایا ڕێڕەوی منداڵبوون و حەوزی ئافرەتەكە هاوكارە بۆ ئەوەی بە سرووشتی منداڵی ببێت، یان بە نەشتەرگەری، هەندێك هۆكار هەن وادەكەن نەشتەرگەری ئەنجام بدرێت، لەوانە: حەوز كێشەی هەبێت، یان ولداش پێش منداڵ هاتبێت، یان سەری منداڵ بە پێچەوانە هاتبێت، هەروەها ئەگەر دایكەكە نەخۆشیی درێژخایەنی هەبێت هەموو ئەو خاڵانە پزیشك لێكۆڵینەوەی بۆ دەكات و بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدات، بەڵام بە هۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و گۆڕانكارییەكان لە سەرانسەری جیهاندا خواست لەسەر نەشتەرگەری زیادی كردووە، تەنانەت نەخۆش لە نەخۆشخانە و نۆرینگە جەخت لەوە دەكەنەوە كە نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجام بدرێت.» گوتیشی: «ئێمە وەكو پزیشك ڕاستییەكان بە باشی بۆ نەخۆش باس دەكەین و گرفتەكانی دوای نەشتەرگەریشی بۆ باس دەكەین، چونكە وێڕای تێچووی زۆر، ڕەنگە بەهۆی سڕكردن گرفتی تەندروستی بۆ دروست بێت، یان تووشی خوێنبەربوون بێت لە كاتی نەشتەرگەری، وێڕای ئەوەی نەشتەرگەری پرۆسەیەكی ترسناكە. زۆر جاریش لە نەخۆشحانە لەگەڵ نەخۆش تووشی دەمەقاڵی دەبین، نەخۆشەكە پێمان دەڵێت لەبەر ئەوە لە نەخۆشخانە نەشتەرگەریم بۆ ناكەن، بۆ ئەوەی لە نەخۆشخانەی تایبەت بیكەم و دەڵێت ئەگەر تۆش بۆم نەكەیت دەچمە لای پزیشكێكی دیكە، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئێمە لە نەخۆشخانە لێژنەیەكمان هەیە، ڕۆژانە دوو پزیشكی پسپۆڕ بڕیار لەسەر دۆخی ئافرەتەكان دەدەن كە لەلایەن پزیشكانی دیكەوە ڕەوانە دەكرێن، دوای پشكنین ئەوان بڕیار دەدەن، بەڵام هەندێك جار لێژنە بڕیاری ئەوەی نەداوە نەشتەرگەری بۆ خانمەكە بكرێت، بەڵام ئەو سوورە لەسەر نەشتەرگەری، بەداخەوە لە نەخۆشخانە تایبەتەكان نەشتەرگەری بۆ ئەنجام دراوە، ئەوەش هیچ تاوانی نەخۆشخانەی تایبەت نییە، بەڵكو خودی ئافرەتەكە سوورە لەسەر ئەنجامدانی نەشتەرگەری و پەنجەمۆر دەكات و بە هەموو ئەگەرێك ڕازی دەبێت، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا لە هەموو جیهان ڕێژەی منداڵبوون بە نەشتەرگەری زیادی كردووە، هۆكارەكەشی بە پلە یەك بۆ گۆڕانی شێوازی ژیان دەگەڕێتەوە، پێشتر ئافرەت لە ژیانی ڕۆژانەیدا زۆر ماندوو بوو، جوولەی زۆر بوو، بەیانیان زوو لە خەو هەڵدەستا، بەڵام ئەمڕۆ كاروباری ماڵەوە هەموو بووەتە ئامێر، هەروەها گۆڕانكاری لە جۆری خوراك هەیە، خۆراكی خێرا و نانخواردنی درەنگی شەوانە هەموو ئەوانە وادەكەن كێشی خۆیان و منداڵەكەش زیاد بێت و تووشی نەخۆشیی شەكرە و پاڵپەستۆی خوێن بن، هەموو ئەوانە هۆكارن بۆ تووشبوون بە نەشتەرگەری».

ئەو خاتوونە پزیشكە جەختی لەوە كردەوە كە «ئافرەت كاتێك منداڵەكەی بە سرووشتی دەبێت، زووتر دەچێتەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی بەبێ ئەوەی پێویستی بە یارمەتیی كەس بێت، هەروەها منداڵەكە ڕاستەوخۆ دێننە باوەشی دایكی و شیری سرووشتی خۆی پێ دەدات، ئەوەش وادەكات زوو هەستی دایكایەتی لە نێوان دایك و منداڵ دروست بێت، كە پرۆسەی شیرپێدانی سرووشتی دەستی پێ كرد، ژانی دایكەكە كەم دەبێتەوە و منداڵدان دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی، هەروەها كاریگەری نابێت لەسەر سكپڕیی داهاتوو، ئەوان كەمتر تووشی دڵتوندی دوای منداڵبوون دەبن. هەروەها منداڵبوون بە نەشتەرگەری لە سكپڕی داهاتوو دایكەكە ڕووبەڕووی كێشە و گرفت دەكاتەوە».

د. هالە جەودەت سەبارەت بە سوودە تەندروستییەكانی منداڵبوونی سرووشتی بۆ منداڵەكە گوتی: «هاتنی منداڵ بە ڕێڕەوی منداڵدان وادەكات منداڵەكە سوود لەو بەكتریا بەسوودانە وەربگرێت لە ڕێڕەوەكەدا هەیە و هاوكات بە هۆی ئاوی سەراو، سینگی منداڵەكە بە باشی پاك دەبێتەوە و كەمتر تووشی تەنگەنەفەسی دەبێت، ئەو بەكتریایە سیستەمی بەرگریی منداڵ بەهێز دەكات، ئەو منداڵانەی بە سرووشتی لە دایك دەبن، كەمتر تووشی قەڵەویی زیاد و ڕەبۆ دەبن، هەروەها گەشەكردنی مێشكیان خێراترە بەراورد بەو منداڵانەی بە نەشتەرگەری لە دایك دەبن».

 

Top