ئەندریا پێشڕەو: بڕوابەخۆبوون كلیلی كردنەوەی دەرگا داخراوەكانە

ئەندریا پێشڕەو:  بڕوابەخۆبوون كلیلی كردنەوەی دەرگا داخراوەكانە

 

 

ئەندریا پێشڕەو، كچە لاوێكی خاوەن پێداویستیی تایبەتە و لە ساڵی 1991 لە شاری سلێمانی لە دایك بووە، ئێستا قوتابییە لە زانكۆی سلێمانی، كۆلێژی زمان بەشی كوردی، ئەو وێڕای كەمئەندام بوونی، بەڵام لە ژیاندا كۆڵی نەداوە و بە بڕوا بەخۆبوونێكی زۆرەوە لە ئایندەی خۆی دەڕوانێت و بە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەڵێت: «منیش هەم». لە دیمانەیەكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە وێستگە ناخۆشەكانی سەردەمی منداڵیی خۆی لەگەڵ نەخۆشییەكەی و زاڵبوون بەسەر ئاریشەكانی ژیانیدا دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

ئەندریا پێشڕەو كچە لاوێكی خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام قوتابیی زانكۆیە لە شاری سلێمانی و لە كۆلێژی زمان بەشی كوردی دەخوێنێت. بەم جۆرەش باسی بەسەرهاتی خۆی بۆ گوڵان دەكات: «هەر لە سەرەتای لەدایكبوونمەوە بە هۆكاری نەخۆشیی زەردوویی تووشی نەخۆشی ئیفلیجیی مێشك بووم، ڕێژەی نەخۆشییەكەم بە لە سەدا سەد دەستنیشان دەكرێت لە لایەن پزیشكەوە، كاتێك وەك هەر منداڵێكی ئاسایی لە تەمەنی شەش ساڵیدا ویستم یەكەم قۆناغی خوێندنم دەست پێ بكەم، بەداخەوە لەبەر ئەوەی كە خاوەن پێداویستیی تایبەت بووم وەرنەگیرام، بۆ چەندین قوتابخانە ڕۆیشتم، بە هەمان هۆكار هیچیان وەریان نەگرتم، لە كاتێكدا باوكم دەیزانی چەند حەزم لە خوێندنە و بەردەوام نیگەران بووم و زۆرجاریش گریاوم كە بۆچی لە قوتابخانە وەرناگیرێم، باوكم لە ماڵەوە فێری خوێندن و نووسینی كردم، بەردەوام گۆڤار و نامیلكەی تایبەت بە منداڵانی بۆ دەكڕیم و بەردەوام هاوكارم بوو، بەڵام هێشتا ئارەزووییەكی زۆرم بۆ چوونە خوێندنگە و بڕینی قۆناغەكانی خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامە هەبوو، دوای ئەوەی لە تەمەنی ئاسایی خۆمدا وەرنەگیرام، لە تەمەنی پازدە ساڵیدا چوومە فێركردنی گەوران و قۆناغی سەرەتاییم تەواو كرد و لە پاش ئەوە بۆ پۆلی حەوت بە دەرەكی تاقیكردنەوەم ئەنجام دا، بۆ پۆلی هەشت و نۆ بە سوپاسەوە لە خوێندنگەی دەباشان وەرگیرام و درێژەم بە خوێندن دا، بە كۆنمرەیەكی زۆر باش قۆناغی ناوەندیم تەواو كرد، بۆ خوێندنی ئامادەیی ڕووم كردە خوێندنگەیەك كە لە شوێنی نیشتەجێبوونم نزیك بوو، بەداخەوە جارێكی دیكە بە هەمان هۆكار كە خاوەن پێداویستی تایبەتم لەلایەن بەڕێوبەری ئەو خوێندنگەیەوە كێشەم بۆ دروست كرا و وەرنەگیرام، بەڕێوەبەری ئەو خوێندنگەیە بە شێوازێكی زۆر ناشیرین دەری كردم و پێی گوتم خوێندكارەكانی من هیچیان خاوەن پێداویستیی تایبەت نین، تۆ ئەگەر بێیتە ئەم خوێندنگەیە خۆت ئەكوژیت، لەبەر ئەوەی خاوەن پێداویستیی تایبەتیت، هیچ كەس هاوڕێیەتیت ناكات، سوپاس بۆ خوای گەورە و بۆ خانەوادەكەم كە هێزیان پێ بەخشیم و وایان كرد من بە قسە ناخۆشەكانی ئەو بەڕێوەبەرە نەڕووخێم و بێ هیوا نەبم، بە پێچەوانەوە بووە هۆكاری ئەوەی كە بڕیارم بدەم تاقیكردنەوەی دەرەكی ئەنجام بدەم و چوومە بەشی زانستی و توانیم سەرجەم قۆناغەكانی خوێندنی ئامادەیی بە سەركەوتوویی ببڕم، هەرچەندە لە پۆلەكانی 10 و 11 هیچ مامۆستایەكم نەبوو، تەنیا هەوڵی تاكە كەسی خۆم بوو، تەنانەت لە پۆلی 12 لە وانەی كوردی و ئینگلیزی بێ مامۆستا بووم، كۆمەڵەی توانابەخشی منداڵان كە تایبەتە بە منداڵانی ئیفلیجیی مێشك، زۆر هاوكارم بوون لە قۆناغی دوانزە و چوونە زانكۆم، زۆر سوپاسیان دەكەم و ئێستاش خوێندكارم لە زانكۆی سلێمانی لە كۆلێژی زمان بەشی كوردی».

ئەندریا پێشڕەو لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «لێرەوە بە سەرجەم ئەو كەسانە دەڵێم كە خاوەن پێداویستیی تایبەتن، با هیچ كاتێك دەستبەرداری خەون و ئامانجەكانیان نەبن و بەردەوام بن لە هەوڵدان، هەرچەندە ئاستەنگ بێتە ڕێگەیان، گرنگ نەوەستانە هەر پێی دەگەن، ئیتر زوو بێت، یان درەنگ، هیچ كات وشەی ناتوانم بەكار مەهێنن، بە پێی توانای خۆتان هەوڵ بدەن لە بوارێكدا كە حەزی خۆتانە كار بكەن و سەركەوتووش دەبن. دەمەوێت زۆر سوپاسی خانەوادەكەم بكەم كە هۆكاری سەرەكیی گەیشتنم بوون بەم قۆناغەی خوێندنم، ئەوان هەموو كات قەڵایەكی گەورەن لە پشتم و ئەوەی من ناتوانم بۆ خۆمی بكەم، ئەوان بۆم ئەنجام دەدەن و سوپاس بۆ هەموو ئەو كەسانەی كە بە وشەیەكیش بێت لە بواری خوێندندا هاوكارم بوون، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئێستا لە زانكۆ هیچ یەكێك لە هاوڕێكانم خاوەن پێداویستی تایبەت نین و زۆر هاوكارمن و زۆر هاوڕێمن و هیچ كێشەكیان لەوەدا نییە كە من خاوەن پێداویستی تایبەتم، زۆر سوپاسی سەرجەم دكتۆرە بەڕێزەكانی كۆلێژەكەم ئەكەم لە سەرۆك بەشەوە بۆ هەموو مامۆستایانم، زۆر جار پرسیارێكم هەبێت، لە ماڵەوەش بم لە ڕێگەی تەلەفۆن و نامەوە وەڵامم دەدەنەوە و هەر شتێكم پێویست بێت هاوكاریی تەواوم دەكەن، من دوو ساڵە لەو كۆلێژەم هیچ كێشەیەكم نەبووە، بینای كۆلێژی زمان سێ قاتە، بەڵام بۆ ئەوەی من ماندوو نەبم و بێبەش نەبم لە وانەكان هەر لە قاتی خوارەوە وانەكانمان دەخوێنین.

ئەو كچە گەنجە لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئایا تا چەند پێویستە مرۆڤ بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی بڕوای بە خۆی و بە تواناكانی هەبێت؟ گوتی: «بڕوابەخۆبوون كلیلی كردنەوەی دەرگا داخراوەكانە و ئەگەر بڕوات بە تواناكانی خۆت هەبێت، دەتوانیت بگەیت بە زۆرێك لەو خەونانەی كە ڕۆژێك لە ڕۆژان هەتبووە و تا ڕاددەیەكی زۆر بەدیهێنانیان ئەستەم بووە، پێویستە مرۆڤ بەربەستەكان بكاتە ڕێگایەك بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی خۆی و گرنگی بە زۆر شت نەدات، نابێت بە چەند وتە و ڕەفتارێكی نامرۆڤانە بڕووخێت و بڵێت من ئیتر لێرەدا دەوەستم، زۆر گرنگە مرۆڤ بتوانێت دوای شكست بە شێوەیەكی ئازایانە هەڵسێتەوە و بەردەوام بێت، ئەگەر بڕوات بە خۆت و تواناكانت نەبێت، بۆ هەر مرۆڤێك بەتایبەتی كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت زیاتر دەبیتە كەسێكی زیندووی ڕوح مردوو و ناگەیت بە هیچ یەكێك لە ئاواتەكانی خۆت و لە ناو كۆمەڵگەدا ون دەبیت، دەبێت لە ژوورەوە ڕۆژەكان بژمێریت، كەی كاتی مردنت دێت، خوای گەورە بۆ هەموو مرۆڤێك كە ژیانی پێ بەخشیبێت، كۆمەڵێك تواناشی پێ بەخشیوە، گرنگ ئەوەیە مرۆڤ هەوڵ بدات بیاندۆزێتەوە و بەكاریان بهێنێت.»

ئەندریا پێشڕەو لە كۆتایی قسەكانیدا باسی ئەوە دەكات كە خەون و ئاواتی ئەوەیە دایك و باوكی سەلامەت و تەندروست و تەمەن درێژ بن، گوتیشی: «ئەوان پاڵپشتی سەرەكیمن لە هەموو كاتێكدا، خوای گەورە وەك هەمیشە یارمەتیدەرم بووە، یارمەتیدەرم بێت و بتوانم بە سەركەوتوویی ئەم قۆناغەی خوێندن كە ماومە تەواوی بكەم و دواتر لە بوارێكدا كار بكەم، تا بتوانم خزمەتێكی بچووكیش بێت، پێشكەش بەو كەسانەی بكەم كە خاوەن پێداویستیی تایبەتن، بە هۆكاری ئەوەی كە خۆم خاوەن پێداویستیی تایبەتم باشتر لە ئازار و خەمەكانی خاوەن پێداویستیی تایبەت تێ دەگەم و دەزانم پێداویستییەكانیان چییە.»

 

Top