شارا ئەحمەد: دڵخۆشم كە خانمان لە سەر دەستی من فێری خواردن دروستكردن دەبن

شارا ئەحمەد: دڵخۆشم كە خانمان لە سەر دەستی من فێری خواردن دروستكردن دەبن

 

حەزی دروستكردنی خواردن و شیرینی لای خانمانی دەستڕەنگین و بە سەلیقە شتێكی تازە نییە و هەمیشە خانمان حەز دەكەن لە ماڵەكانیان بە خۆشەویستییەوە خواردن دروست بكەن، ئەمڕۆش خۆشبەختانە بەهۆی پێشكەوتنی زانست و تەكنەلۆژیا ژمارەیەكی زۆر لە خانمانی كابان و دەستڕەنگین لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە ئەو بەهرانەی كە لە هونەری چێشتلێنان هەیانە، لە پەیجەكانیان بڵاوی دەكەنەوە و خەڵكانێك سوود لە شارەزاییەكەیان وەردەگرن.
شارا ئەحمەد مستەفا دەرچووی پەیمانگەی تەكنیكی سلێمانی بەشی ژمێریارییە، وەكو بەڕێوەبەری ژمێریاری لە قوتابخانەیەك دەست بە كارە، هاوسەرگیری كردووە و دایكی كوڕێكە. لە دیمانەیەكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە ئەزموون و بەهرەكانی لە چۆنیەتی چێشتلێنان دەكات.

شارا ئەحمەد، خانمە كابانێكی دەستڕەنگینە و وەك خۆی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، وەكو حەز و خولیایەك شێوازی دروستكردنی خواردنەكانی لە پەیجەكەی بڵاو دەكاتەوە. هەر لەو بارەیەوە تایبەت بۆ گوڵان گوتی: "بیرۆكەی دانانی پەیجەكەم لەوەوە سەرچاوەی گرت، هەمیشە خزمان و هاوڕێیان پرسیاریان لە شێواز و چۆنیەتی دروستكردنی خواردنەكانم دەكرد، منیش بیرم لەوە كردەوە، ئەگەر پەیجێكم هەبێت، هەم وەڵامی پرسیارەكانیان دەدەمەوە، هەمیش ئەو حەزەی كە هەمە بۆ خستنە ڕووی بەهرەكانم دێتەدی".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا بە تەمایە پڕۆژەیەكی بۆ داهاتوو هەبێت؟ گوتی: "وەكو حەز پێم خۆشە پڕۆژەیەكی گەورەی فێركاریم هەبێت، بەڵام من هیچ كاتی بەتاڵم نییە، هەرچەندە هاوڕێكانم بۆ ئەوە هانم دەدەن و، تەنانەت پێم دەڵێن كە ئەوان ستافی كاركردنیشیان حازر و ئامادەیە، بەڵام بە هۆی كەمیی كات ناتوانم ئەو كارە بكەم. زۆریش دڵخۆشم كە خانمان لەسەر دەستی من فێری خواردن دروستكردن دەبن، هەمیشە لەلایەن ئەو كەسانەوە كە لە ڕێگەی پەیجی منەوە فێری دروستكردنی خواردنەكان دەبن، دەستخۆشیم لێ دەكرێت و دوعای خێرم بۆ دەكەن، ئەوەش وادەكات زیاتر خۆم ماندوو بكەم و بیرۆكەی زیاتر و باشتر لە سەر هونەری چێشتلێنان بدەم بە بینەری كارەكانم."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كەوا چی بەو خانمانە دەڵێت كە لە ئێستادا زیاتر پشت بە خواردنی دەرەوە و دلیڤەری دەبەستن؟ ئەو خاتوونە گوتی: "خواردنی دەرەوە وەكو خواردنی ماڵەوە تازە و تەندروست نییە، دوور نییە لە گۆشتی بەستوو و مەوادی حافیزە و كەرەستەی خۆراكی ماوەبەسەرچوو دروست كرابن، خانمان ئەگەر لە ماڵەكانیان كاتی ئامادەكردنی خواردنیان هەبێت، گوناحە بیر لە خواردنی بازاڕ بكەنەوە، چونكە سەرچاوەی خواردنەكەیان دیارە كە تەواو تەندروستە، من وەكو ئافرەتێك هەمیشە هەوڵی ئەوەم داوە خواردنی باش و تەندروست لە ماڵەوە بۆ هاوسەر و كوڕەكەم دروست بكەم".
سەبارەت بە پشتیوان و هاندەرانیشی لە ناو خێزانەكەیدا گوتی: "من هاوسەرێكی زۆر تێگەیشتووم هەیە، زۆر لە خواردنەكانم ڕازییە و هەموو كات یارمەتیدەرمە، هەروەها كوڕە خۆشەویستەكەشم بە هەمان شێوە هاندەر و پاڵپشتمە".

 سپۆت:
 پێم خۆشە پڕۆژەیەكی گەورەی فێركاریم هەبێت، بەڵام من هیچ كاتی بەتاڵم نییە
 هەمیشە لەلایەن ئەو كەسانەوە كە لە ڕێگەی پەیجی منەوە فێری دروستكردنی خواردنەكان دەبن، دەستخۆشیم لێ دەكرێت و دوعای خێرم بۆ دەكەن
 خواردنی دەرەوە وەكو خواردنی ماڵەوە تازە و تەندروست نییە، دوور نییە لە گۆشتی بەستوو و كەرەستەی خۆراكی ماوەبەسەرچوو دروست كرابن
 هاوسەرێكی زۆر تێگەیشتووم هەیە، زۆر لە خواردنەكانم ڕازییە و هەموو كات یارمەتیدەرمە

Top