دكتۆر عەبدولحەكیم خەسرەو بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون بۆ گوڵان: لە ئێستادا سەرقاڵی دووبارە پێداچوونەوەی هەیكەلی دامودەزگاكانی حكومەتین

دكتۆر عەبدولحەكیم خەسرەو  بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون بۆ گوڵان:  لە ئێستادا سەرقاڵی دووبارە پێداچوونەوەی هەیكەلی دامودەزگاكانی حكومەتین

 

 

دكتۆر عەبدولحەكیم خەسرەو بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران هەنگاوەكانی چاكسازیی دەخاتەڕوو، باسی چەند یاسا و بڕیاری گرنگی چاكسازیی دەكات. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرۆسەیە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كردووە و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

 

* سەرەتا دەكرێت بزانین دواهەنگاوەكانی چاكسازی لە بواری وەزیفەی گشتی و گرنگیدان بە دەزگا چاودێرییەكان چی بووە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە بڕیاری ژمارە (یەك)ی تایبەت بە چاكسازی، تا چەند جێبەجێ كراوە؟

- بڕیاری ژمارە یەك پەیوەست بوو بە چاكسازی لە بواری وەزیفەی گشتی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و وەڵامدانەوەی داواكاریی هاووڵاتیان و پەیوەندیی نێوان دامەزراوەكانی حكومەت و هاووڵاتیان و پرسی ڕێزگرتن لە داخوازیی هاووڵاتیان و بەدواداچوونی كاری فەرمانگەكان بە شێوازێكی گشتی، ئەمەش هەمووی لە پێناوی ئەوەی دامودەزگاكانی حكومەت بە باشترین شێواز ئەرك و كارەكانیان جێبەجێ بكەن. هەرچی سەبارەت بە دەزگا چاودێرییەكانیشە، بەتایبەتی دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاكی و داواكاری گشتی، ئەوا بە تەئكید لەم كابینەیەدا گرنگییان پێ دراوە؛ تاوەكو سەرجەم ئەم دەزگا چاودێرییانە هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بن بۆ جێبەجێكردنی ڕێنمایی و بڕیار و ڕێسا و یاساكانی تایبەت بە چاكسازی، كە كاریگەریی هەبووە لە سەر باشتركردنی ئەدای جێبەجێكردنی یاساكان، تەنانەت دامودەزگاكانی حكومەتیش كاتێك دەزانن كۆمەڵێك دامەزراوەی چاودێریی هەیە و بەدواداچوون و چاودێریی كارەكانیان دەكات، ئەو كات تواناو ئاستی خزمەتگوزارییان باشتر دەبێت.

* هەر سەبارەت بە دەزگا چاودێری و بەدواداچوونەكان یەكێك لە ئەركەكانی پەرلەمان بەدواداچوون و چاودێرییە، دەكرێت بپرسین پەیوەندیی نێوان حكومەت و پەرلەمان لەم كابینەیەدا تاچەند بەرەو پێشەوە چووە؟

- لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا زۆرترین سەردانی وەزیرەكان بۆ پەرلەمان بووە، لەگەڵ لێژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەماندا زۆرترین كۆبوونەوە و وتووێژ و گفتوگۆیان ئەنجام داوە و، لە سێ ساڵی تەمەنی كابینەكەدا توانراوە زۆرترین وەڵامی پرسیارەكانی هاووڵاتیان لە ڕێگەی پەرلەمانتاران بدەنەوە و لە وەڵامدانەوەی پرسیارەكانیشدا زۆر ئەكتیڤ بوون، هەروەها لە شیكردنەوەی سیاسەتی گشتی لە هەر بوارێكدا بێت، سەردانی لێژنەكانی پەرلەمانیان كردووە و بەشدارییان لە دانیشتنی پەرلەمانیشدا كردووە. بەم شێوەیە بەپێی بەراوردی نێوان كابینەكانی پێشوو خولەكانی دیكەی پەرلەمان و ئەم خولەی پەرلەمان زۆرترین پەیوەندیی نێوان دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لێژنە پەرلەمانییەكان و پەرلەمانتاران بووە.

* پرۆسەی چاكسازی چەندین بوارو سێكتەر لەخۆ دەگرێت؛ ڕاستە جێبەجێكردنی چاكسازی لە هەموو ئەم پرۆسەیەدا پێویستی بە كات هەیە، پرسیاری ئێمە ئەوەیە ئایا خشتەیەكی زەمەنی هەیە بۆ ئەوەی یاسای چاكسازی بە تەواوەتی هەمووی جێبەجێ بكرێت؟

- چاكسازی چەندین هەنگاوی هەیە و بە سەر چەندین سێكتەردا دابەش بووە، گرنگترینیان كە بەردەوام كارمان لەسەر كردووە، بریتییە لە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی ژمارە 2ی ساڵی 2020 كە پەیوەستە بە مووچە و دەرماڵە و مینحە و سوودمەندبوون لە بودجەی گشتی، هەروەها چاكسازیی كارگێڕی و بەڕێوەبردن كە فرەڕەهەندە و بەشێكیان پەیوەستە بەو یاسا و ڕێسایانەی كە بواری وەزیفەی گشتی ڕێكخستووە و بەشێكی دیكەی پەیوەستە بە هەیكەلیەتی دامودەزگاكان و بیروكراسیەتی دامودەزگاكان،

* لە ئێستادا سەرقاڵی دووبارە پێداچوونەوەن بە هەیكەلی دامودەزگاكانی حكومەتدا، ئایا لە سەر چ میكانیزم و بەپێی چ یاسا و بڕیارێك ئەم كارە دەكەن، بۆ ئەوەی لە ڕووی واقیعی و لۆژیك و زانستییەوە هەیكەلی وەزارەتێك دابڕێژینەوە كە لە خزمەتی باشكردنی ئەدا و توانای دامەزراوەكە بێت؟

- بوارێكی دیكەی چاكسازی پەیوەستە بە پێداچوونەوە بە هەیكەلی دامودەزگاكانی حكومەت كە ئێمە زۆر جار هەست دەكەین، هەیكەلی ئەو دامەزراوانە قەبەیە و بە یەك ستاندارد لەسەر ئاستی وەزارەتەكان دانەنراون و، جیاوازییان هەیە، بۆیە ئەمەش بەشێك بووە لە پلان و لە بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان. بۆ تەواوكردنی پرۆسەی چاكسازیی هەوڵمانداوە بەپێی بڕیاری ژمارە 33ی ئەنجومەنی وەزیران پێداچوونەوە بە هەیكەلی وەزارەت و دامەزراوەكانی حكومەتدا بكەین، یان ستانداركردنی بەشێك لەو دامودەزگایانە بە شێوازێك لە گشت دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە یەك ستاندار بێت و بە یەك میكانیزم كار بكەن. لێرەدا لێژنەیەكی تایبەتمەند كاری لەسەر كردووە و لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ گشت وەزارەتەكان لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ لێژنە تایبەتمەندەكان لە گشت وەزارەتەكان و دیراسەتكردنی هەیكەلیەتی ئەم وەزارەتانە و ژمارەی فەرمانبەر و ئەو هەیكەلەی كە پێویستە بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانیان، لێرەدا دەمەوێت ئەوە باس بكەم، لە دامودەزگایەكەوە بۆ دامودەزگایەكی دیكە، ناهاوسەنگییەكی زۆری فەرمانبەران هەیە، واتە لە دامەزراوەیەك ژمارەی فەرمانبەران وەكو پێویست نییە و لە فەرمانگەیەكی دیكە ژمارەی فەرمانبەران زیاترە، لەلایەكی دیكەوە بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە هەندێك گواستنەوە لە نێوان وەزارەتەكاندا بەپێی پێویستی وەزارەتەكان مۆڵەتی پێ دراوە، بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرین، ئەمەش جۆرێكە لە كرانەوە بۆ ئەوەی سوود لە توانا و پسپۆڕییەكان وەربگرین لە دامودەزگا جیاوازەكان، لەلایەكی دیكەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی هەیە لە چەندین بەڕێوەبەرایەتی پێكهاتووە، ڕەنگە ئەو ژمارە زۆرەی بەڕێوەبەرایەتی پێویست نەبێت، ئێستا لێژنەیەكی پەیوەندیدار لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران دامەزراوە و لە كۆتایی هەفتەی ڕابردوودا ئەم لێژنەیە لەگەڵ گشت وەزارەتەكان كۆبوونەوەیان كرد و هەموو هەوڵەكانمان بۆ ئەوەیە لە ماوەی ئەم كابینەیە بەشێك لەم كارانە تەواو بكەین. خۆشبەختانە ئێستا لە چوارچێوەی یاسای چاكسازی وەكو دواهەنگاوبەندی كاری بۆ كراوە.

* چاكسازی لە پرسی بۆدجەی گشتی بە یەكێك لەو بوارانە دادەنرێت كە جێگای بایەخە و گرنگیی لە ڕاددەبەدەری هەیە، لەم بارەیەوە چی كراوە؟

- بەو پێیەی ئێمە چەند سەرچاوەیەكی داهاتمان هەیە كە سەرچاوەی نەوت و غاز و داهاتی ناوخۆی كوردستان و شایستە داراییەكانی پشكی هەرێمە لە بودجەی فیدڕاڵی عێراق، بەشێكی ئەم خەرجییانە بۆ مووچە و خەرجی وەزارەتەكان و ئەوەی دیكە بۆ وەبەرهێنان و بونیاتنانی ژێرخانی ئابووری و بەردەوامیی خزمەتگوزاریی گشتی تەرخان كراوە، لەم كابینەیەدا هەوڵی ئەوەمان دا، خەرجی بەكارخستن شەفافتر بێت، هەروەها كۆنتڕۆڵی زیادەڕۆیی بكەین لە خەرجی زیاد لە پێویست بۆ ئەوەی بە هەدەر نەدرێت و بە فیڕۆ نەچێت، بۆ ئەم مەبەستە لە هەوڵی ئەوەداین سیستەمی ئەلەكترۆنی بۆ دابمەزرێنین و لەم ڕێگایەوە وەزارەت و ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی پێكەوە كار لەسەر ئەم داواكارییە بكەین بۆ خەرجی وەزارەتەكان، بۆ نموونە وەزارەتێك پێویستی بە خەرجی كاری ڕۆژانە لە دەرەوەی پێشینەی وەزارەتە كە خەرجییەكی زیادەیە بەپێی ئەو بودجەیەی وەزارەتی دارایی بۆی داناوە و بەپێی ئەو سیستەمە ئەلەكترۆنییە دەزانین كام خەرجی كەم بكەینەوە و كام خەرجی زیاد بكەین. بۆ نموونە لەم كابینەیەدا لە زۆربەی خەرجی تەشغیلی بۆ ئاستێكی زۆر كەم كراوەتەوە ئەمە وێڕای كەمكردنەوەی پێشینەكان كە بە ناچاری پەیوەست بووە بە قەیرانی دارایی، وەكو پلانێك پێویست بوو خەرجییەكانمان سنووردار بكەین، بە تەئكید ئێستا زۆربەی وەزارەتەكانی كردووەتەوە و وردە وردە بەرەو یەكە ژمێریارییەكانیش دەڕۆین، بۆ ئەوەی لەلایەن خودی وەزارەت و بە تەنسیق لەگەڵ گەنجینە و وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران بە مووچەشەوە ڕێك بخرێت.

* باسی مووچەكانت كرد، هەڵبەتە بەشێكی زۆری خەرجییەكان پەیوەستە بە مووچە و ئیمتیازات، ئایا تاچەند پرسی مووچە ڕێكخراوەتەوە و چاكسازی تێدا كراوە؟

- بەشێكی زۆری خەرجییەكان پەیوەستە بە مووچە و ماف و ئیمتیازات كە بەپێی یاسای چاكسازی مامەڵەی ڕاست و دروستی لەسەر كراوە، ئەوانەی زیاتر سوودمەندن لە مووچە نزیكەی 11 هەزار كەس تۆمار كرابوون لە سیستەمی بایۆمەتری كە بەشێكیان بەپێی یاسا ڕێپێدراون، بەڵام ئەوەی دوو مووچە، یان مووچەیەكی خانەنشینی و مووچەی فەرمانبەری، یان دوو مووچەی خانەنشینی و بەم شێوەیە وەربگرێت، توانیمان لەوانەی بەپێی یاسا وەسیە و وەكیلە و پیر و پەككەوتە و ناكام كە مافی خۆیان هەیە هەموو ئەمانەمان چارەسەر كرد و گشت پرۆسەكە تەواو بووە.

* پرسی خانەنشینی و پرۆسەی چاكسازی لە مووچەی خانەنشینی كە ماوەیەك لەمەوبەر دەنگۆ و ناڕەزایەتییەكی زۆری لێكەوتەوە، تا چەند ئەم پرسە بە لۆژیكانە و بەپێی ڕێنمایی و یاسای چاكسازی ڕووی لەچارەسەركردن كردووە؟

- هەرچی خانەنشینی پلە باڵاكانە پێداچوونەوەمان بۆ كردووە، بەپێی یاسا بووە لە 50% بۆ دوامووچە و دەرماڵە كە وەریان دەگرت، ئەویش بە مەرجی ئەوەی 15 ساڵ خزمەت و تەمەنی لە 45 ساڵ زیاتر بێت و بەپێی ئیستحقاقی خۆی پۆستەكەیان بینیبێت، بەپێچەوانەوە ئەوانەی پۆستەكەیان نەبینیبوو دوو بەشن بەشێكیان وەكو ڕێزلێنان كە پێش ساڵی 1991 پێشمەرگە بوون و بە دەسەڵاتێكی ئەنجومەنی وەزیران ئەم مووچەیەیان پێ دراوە و ئێستا وەكو مافێك و شایستەی خۆیان لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكانی پێشمەرگە مووچەیان پێ دەدرێت، ئەمانە تەجاوزیان لە سەر بودجەی گشتی نەكردووە، بەڵكو ئەمانە لە چوارچێوەی یاساكانی خۆیان ماف و ئیمتیازاتیان دەدرێتێ كە یاسای 33ی ساڵی 2007 و یاسای ڕێزلێنانی پێشمەرگە و یاسای خانەنشینی بەركەوتەی خانەنشینی پێشمەرگەی 34ی ساڵی 2007، لە هەمان كاتدا ئەو خانەنشینانەی بە پلەیەك بەرزتر خانەنشین كراون، بە تەئكید پێداچوونەوە بە هەموو ئەوانەشدا دەكەین و ئێستا لە چوارچێوەی بڕیاری 76ی ئەنجومەنی وەزیران كاری لەسەر دەكرێت. لەم هەفتەیەشدا خۆشبەختانە دواهەنگاوەكانی دامەزراندنی سندوقی خانەنشینی دەست پێ دەكات، دوای ئەوەی پەیڕەومان دەركردبوو كە یەكێك بووە لە هێڵە گشتییەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەچوارچێوەی یاسای چاكسازی دێت، هاوكات دەستەی بەڕێوەبردنی سندوقی خانەنشینی پێك دێت و لەمەودوا بڕینی خانەنشینی ناچێتە هیچ تۆمار و شوێنێك، بەڵكو ئەو بڕە پارەیە دەچێتە ناو سندوقەكە و دەبێتە زەمانەتێك بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی ئەوانەی لە وەزیفەی گشتیدا كار دەكەن.  

* ئەی سەبارەت بە سوودمەندبوون لە مەسەلەی مینحەی شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی چی كراوە و بەنیازی چین؟

- پێداچوونەوەیەكی باش بە مینحەی شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی كراوە و لەمبارەیەوە بەردەوامن و تا ئێستا چەندین جۆری مینحە كۆتایی پێ هاتووە، كە هیچ بنەمایەكی یاسای نەبووە، ئەوانەی ئەو مافەشیان هەیە لە چوارچێوەی یاسایی كاری لەسەر كراوە. ئەم حاڵەتە لە بواری كاروباری كۆمەڵایەتی و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانیش كاری باش كراوە.      

* ئەی لە بواری قەرزە بازرگانییەكان چی كراوە؟ ئایا توانراوە ئەو بڕە پارە زۆرەی قەرزی كۆمپانیاكان وەربگیردرێتەوە؟

- هەرچی تایبەتە بە قەرزە بازرگانییەكان كە تا ئێستا بڕە پارەیەكی ئەم قەرزانە گەڕاوەتەوە، بەڵام ئەو بڕە پارەیە بەرامبەر قەرزەكە كەمە و ئیجرائاتی وەرگرتنەوەی قەرزەكان بەردەوامە، بەتایبەت لە مەسەلەی دەستبەسەرداگرتنی ڕەهنەكان و مامەڵەیەكی یاسایی لەگەڵ ڕەهنەكان دەكرێت بۆ ئەوەی ئەم ڕەهنانە لە چوارچێوەی ڕێكارە یاساییەكان ببێتە بەشێك لە موڵكی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لەمەشدا وەزارتی دارایی لەگەڵ بانكە بازرگانییەكان لەگەڵ وەزارەتی داد پێكەوە كاریان كردووە بۆ ئەوەی گشت ئەو قەرزە بارزگانییانە وەربگرنەوە و ئەوانەی تا ئێستا نەیانگەڕاندووەتەوە، بەرامبەریان ڕێكاری یاسایی بگرنەبەر.

* باسی شەفافییەتت كرد. هەڵبەتە یەكێك لە كۆڵەكەكانی حوكمڕانییەكی باش و سەركەوتوو مەسەلەی شەفافییەتە كە ڕێگری لە تەشەنەكردنی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی بودجە و دارایی گشتی دەكات، ئایا لەم بارەیەوە چی كراوە؟

- لەم كابینەیە زۆرترین زانیاریی بە پەرلەمان و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و خەڵكی دراوە، بەتایبەتی لە پرۆژەكان و گوژمەی پرۆژەكان و لایەنی جێبەجێكارو شێوازی كاركردن لەسەر ئەو بوارانە كە پێم وایە قەبارەیەكی زۆر زانیاریی دراوە بە هاووڵاتیان و هەموو ئەو پرس و بابەتانەی كە پێویستە ڕای گشتی ئاگادار بێت، هەر هەمووی دراوە بە پەرلەمان و ڕێكخراوەكان و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و خەڵكی لە ئێستادا ئاسۆیەكی فراوانتریان بۆ وەرگرتنی زانیاریی و داتاكان لەبەردەستدایە.

* چاكسازی لە بواری سیستەمی باج بە كوێ گەیشتووە؟ ئایا هیچ كەسێك لێخۆشبونی لە پێدانی باج بۆ كراوە؟

Top