هیمداد سەباح بیلال سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان: بەم نزیكانە بەرهەمی سەردانەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا دەردەكەوێت
سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا لەناو پێكهاتەكانی عێراقدا ڕەنگدانەوەی زۆر باشی لێكەوتەوە، توركمانەكانیش بە هاوشێوەی كورد و سوننە و شیعەكان و پێكهاتەكانی دیكە بە گرنگییەوە دەڕواننە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی بۆ ڕاستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی عێراق و چارەسەركردنی گرفت و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا. هیمداد سەباح بیلال سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە دیدارێكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان جەختی لەسەر گرنگی و ئەنجامەكانی ئەم سەردانە كردەوە كە لەلایەن پێكهاتەی توركمانەوە پێشوازییەكی گەرمی لێكراوە.
* سەردانی سەرۆك بارزانی دوای شەش ساڵ بۆ بەغدا دەنگدانەوەیەكی زۆری لەناو پێكهاتەكانی عێراق و كوردستان لێكەوتەوە و، بە گەرمی لە لایەن پارت و لایەنە سیاسییەكان و دەسەڵاتەكانی عێراقیشەوە پێشوازیی لێكرا. ئایا كاریگەریی كاریزمای كەسایەتیی سەرۆك بارزانی تاچەند گرنگە بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتە سیاسییەكانی ئەمڕۆی ناو گۆڕەپانی سیاسیی عێراق؟
- جەنابی سەرۆك بارزانی لە ناوچەكە و جیهاندا خاوەنی پێگە و ناو و ناوبانگێكی گەورەیە و كەسایەتیی جەنابیان وای كردووە، ڕۆڵی لە ئاراستەكردنی ڕووداوەكان و گۆڕانكارییەكان لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراق و كوردستان دیار و لەبەرچاو بێت، بۆیە جەنابی بارزانی كاتێك جووڵەیەكی سیاسی دەكات و ڕوو لەبەغدا دەكات، لەناو ناوەندە سیاسییە عێراقییەكان و ئیقلیمییەكان دەنگدانەوەی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەمەش بۆ كەسایەتیی سیاسی و مێژوویی و ناوبانگیی دەگەڕێتەوە. بەڕێزیان وەكو كەسایەتییەكی ناسراوی كوردستانی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بە ڕۆڵی حەكیمانەی لەناو پرۆسەی سیاسی و چارەسەركردنی كێشەكان و كردنەوەی گرێگوێرەكانی ناو پرۆسەی سیاسی عێراق ناسراوە. بۆیە دوای زیاتر لە شەش ساڵ سەردانەكەی بۆ بەغدا و دیدار و چاوپێكەوتن و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی باڵای سیاسی و قەزایی و تەشریعی و حكوومی و نوێنەری پێكهاتەكان حیسابی وردی بۆ دەكرێت و، ئومێدبەخشە بۆ چارەسەركردنی ئەو هەموو كێشە و گرفتەی كە بە هەڵپەسێردراوی و بێ چارەسەر ماونەتەوە، بەتایبەتی ئەو هەموو كێشە و گرفتەی كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵی هەیە. ڕاستە چەندین جار بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانە و بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵی، بەڕێزان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدایان كردووە و قسەی جددییان لەسەر چارەسەری كێشەكان كردووە و، تەنانەت زۆربەی وەزیر و شاندە باڵاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەردانیاندا بۆ بەغدا گفتوگۆی گەرمیان لەگەڵ بەرپرسانی هاوتاكانیان كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا كێشە و گرفتەكان هەر ماونەتەوە و چارەسەری بنەڕەتییان بۆ نەدۆزراوەتەوە.
من بیروبۆچوونم وایە، جەنابی سەرۆك بارزانی لە جووڵەكانیدا زۆر وریایی پێوە دیارە و حەكیمانە بڕیار لەسەر بابەتەكان دەدات، هیچ بڕیارێك نادات ئەگەر 100% نەزانێت كە تا چ ڕاددەیەك سوود و بەرژەوەندیی گەلی كوردستانی تێدایە بە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئاینزاكانیەوە، لەمەش زیاتر بەڕێزیان زۆر پەرۆشە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم بۆ پاراستنی كەرامەتی خەڵكەكەی هەنگاو دەنێت، بۆیە سەردانەكە لە كاتێكدا هاتووە، كە بارودۆخی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵی زۆر لەبارە بۆ تێپەڕاندنی كێشەكان و دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی لێكتێگەیشتن و هاوكاری و كاری هاوبەش. بۆیە لە هەگبەی بەرنامەكەی سەرۆك بارزانی و ئەجندەی سەردانەكەی بۆ بەغدا، زۆر دۆسێ و بابەتی هەستیاری تێدایە كە چەندین بواری سیاسی و ئابووری و ئەمنی و هەڵبژاردن و بابەتی مووچە و ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی لەخۆ گرتووە، هەر لە بابەتی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە، تاوەكو بابەتی هەڵبژاردنەكان و ئیستحقاقاتی كورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەی ناو هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت، كە لەسەر ئەو بنەمایە كابینە وەزارییەكەی محەمەد شیاع سوودانی پێكهاتووە.
* سەرۆك بارزانی لەو سەردانەیەدا لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە و هاوپەیمانیی بەرێوەبردنی دەوڵەت كۆبووەوە، تا چەند ئەم كۆبوونەوانە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان گرنگ بوون؟
- لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت كە نوێنەری هەموو پێكهاتەكانی عێراق و لایەنە سیاسییە گەورەكان ئامادەی بوون، حەسەن تۆرانی سەرۆكی بەرەی توركمانییش ئامادەی ئەو كۆبوونەوەیە بوو. لە كۆبوونەوەكانی ناو هاوپەیمانێتی ئیداری دەوڵەت بڕیار لەسەر داهاتووی عێراق و شێوازی چارەسەری كێشەكان دەدرێت. هاوپەیمانیی بەرێوەبردنی دەوڵەت ماوەی دووساڵ زیاترە دامەزراوە و بە دەیان كۆبوونەوەی كردووە، بەڵام كۆبوونەوەی ئەمجارەی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت جیاواز بوو، لەبەر ئەوەی ئەم كۆبوونەوەیە تایبەت بۆ سەرۆك بارزانی ڕێك خرابوو، كە ڕاشكاوانە قسە لەسەر هەموو كێشەكانی عێراق بكرێت و ناویشیاندا بە ڕاشكاوانە باس لە ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا بكرێت، هەر بۆیە واچاوەڕوان دەكرێت، دوای كۆبوونەوەكەی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت، هەولێر و بەغدا تا ڕاددەیەكی زۆر باش كێشەكانیان ڕوو لە چارەسەركردن بچێت.
* دوای ئەم سەردانە تاچەند ئومێد هەیە بەوەی هەموو ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی بەردەم پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تێپەڕێنرێت ؟
- لە عێراق ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگر هەیە، ئەویش ئەوەیە گرنگ نییە كێ سەرۆك وەزیرانە، یان سەرۆكی پەرلەمانە، یان سەرۆك كۆمارە، بەڵكو خاڵی گرنگ ئەوەیە مەرجەع و كەسایەتیی پشت ئەو پۆستە چ لایەنێكی سیاسییە و كێ پشتگیری دەكات. ئەگەر سەرنج لە كۆبوونەوەكانی ئەمجارەی سەرۆك بارزانی بدەین، دەبینین بەڕێزیان لەگەڵ مەرجەعەكانی عێراق كۆبووەوە و دانیشتن وگفتوگۆی جددی كرد. هەندێك لەو دەستتێوەردانە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییانە وا دەكات، زۆرجار ڕێككەوتنەكان وەكو خۆیان جێبەجێ نەكرێن، یان ناكۆكی دروست بێت، بەڵام نزیكبوونەوەی هەرێم و عێراق دەستتێوەردانەكان كەم دەكاتەوە. هەندێك دەستتێوەردانیش هەیە دەبێت لە ڕەگ و ڕیشەوە هۆكاری دەستتێوەردانەكە نەهێڵدرێت، بۆ نموونە بوونی پەكەكە و هەڕەشەكانی بۆ سەر دەوڵەتێكی دراوسێ وا دەكات ئاڵۆزی و كێشە و گرفت لەسەر سنوورەكان دروست بێت، بەڵام دەستتێوەردانی ئێران جیاوازە.
لەدوای ئەم سەردانەی سەرۆك بارزانی كاتی ئەوە هاتووە بابەتی پەكەكە و هەڕەشەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان و ناسەقامگیریی ناوچەكە چارەسەر بكرێت. ناكرێت ڕێككەوتنێكی وا گرنگی وەكو ڕێككەوتنی شنگال بە هۆی شەڕەنگێزییەكانی پەكەكەوە جێبەجێ نەكرێت، ئەم ڕێكخراوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە ڕێكخراوێكی تیرۆرییستی ناسراوە و لەسەر ئاستی عێراقیش وەك ڕێكخراوێكی قەدەغەكراوە، بۆیە زۆر گرنگە بوونی چەكداری پەكەكە لە عێراق كۆتایی پێبێت و، كاتی ئەوە هاتووە ڕێككەوتنامەی شنگال زیندوو بكرێتەوە. هەرچی ئەو كێشە و گرفتە نێوخۆییانەی نێوان هەرێم و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ هەیە ئاساییە و بە گفتوگۆ و دانوستاندن لە كۆتاییدا ڕوو لەچارەسەركردن دەكات، ئەمە حاڵەتی زۆر لەو وڵاتانەیە كە بە قۆناغەكانی فیدڕاڵی تێپەڕ دەبن، تاوەكو بارودۆخەكەیان ئاسایی دەبێتەوە و كێشەكانیان لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا چارەسەر دەبێت. ئەمڕۆ لەنێوان هەولێر و بەغدا دوو جۆر گیروگرفت هەیە. هەرچی گیروگرفتی ناوخۆیی هەیە، كە دەكاتە كێشەكانی نێوان فیدڕاڵی و هەرێمەكانی، وەكو مووچە و داهات و ناردنی بەشە بودجە و ناردنی بودجەی هێزەكانی پێشمەرگە و دەسەڵاتەكان و دووبارە دەستپێكردنەوەی ناردنەوەی نەوتی هەرێمە. دووەم كێشە دەرەكییە كە بابەتی پەكەكە و هەڕەشەكانیەتی.
* یەكێك لەو دۆسێیانەی كە چاودێران پێیان وایە دوای سەردانە مێژووییەكەی سەرۆك بارزانی ڕوو لە چارەسەركردن دەكات، دووبارە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانە، ئایا پێت وانییە ئەم دۆسێیەش بووەتە قوربانی ململانێ و دەستێوەردانی دەرەكی؟
- لە دۆسێی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگای بەندەری جەیهانی توركیاوە چەندین ساڵ بووە عێراق لێی ئاگادار بووە، كە هەرێمی كوردستان لە ڕێگای وڵاتی توركیاوە نەوتەكەی لە ڕێگەی بۆری ڕەوانەی ئەو بەندەرە دەكات و دەیفرۆشێت، بۆیە حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ لە ڕاوەستانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە غەدرێكی زۆر گەورەی لە هەرێمی كوردستان و لە عێراقیش كردووە، چونكە كاتێك هەرێمی كوردستان واژۆی ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ توركیا بۆ هەناردەكردنی نەوتەكەی بۆ دەرەوە و فرۆشتنی كرد، بە نهێنی نەكرا و حكومەتی عێراق ئاگادار بوو، ئەمە لە كاتێكدا عێراق خۆی یاسای نەوت و غازی فیدڕاڵی نییە، تاوەكو پەنای بۆ ببرێت، ئەوەتا پەلەپەلكردن لە دەركردنی بڕیارەكان و ڕاوەستانی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم زیانی گەورە بەر دارایی و ئابووریی عێراق كەوتووە و دواتر بەر هەرێمی كوردستانیش كەوتووە. ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان و عێراق پێویستیان بە وڵاتی توركیا هەیە و لە بەرژەوەندیی هەمووانە ئەو كێشە و گرفتانە تێپەڕێنرێت. بۆیە دووبارە دەڵێمەوە سەردانەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا چارەسەری هەموو ئەم كێشە و گرفتانە نزیك دەكاتەوە و لە ماوەیەكی زۆر كەم بەرهەمی ئەم سەردانەی سەرۆك بارزانی دەردەكەوێت.