دكتۆر سەباح سوبحی ئەندامی لێژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا مێژوویی و لەپێناوی بەهێزبوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان بوو
بۆ ئەوەی بزانین سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا تا چەند گرنگ بووە و، لە كۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ لایەنی سوننە و شیعەكان جەختی لەسەر چی كردووەتەوە، ئایا پاش ئەم سەردانە مێژووییەی سەرۆك بارزانی كێشە هەڵواسراوەكان چارەسەر دەكرێن و نەوتی هەرێمی كوردستان هەنادرە دەكرێتەوە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ دكتۆر سەباح سوبحی ئەندامی لێژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدڕاڵ ئەنجام دا.
* بەشێكی زۆر لە میدیا عێراقی و عەرەبییەكان و سەركردە سیاسییەكانی عێراق، سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدایان، زۆر بە گرنگ وەسف كرد، ئایا گرنگیی سەردانەكەی لە چیدا بوو؟
- دەبێت هەموو لایەك بزانێت كە جەنابی سەرۆك بارزانی سەردانی شوێنێك دەكات، دەبێت پرسێكی زۆر گرنگ هەبێت، ئەو بابەتە گرنگەی كە جەنابی سەرۆك لەو سەردانە باسی كرد و جەختی لەسەر كردەوە، پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حكومەت بوون و ئەو كێشانەی كە لە نێوان هەرێم و بەغدا هەیە، تاوەكو بتوانرێت چارەسەرێكیان بۆ بدۆزرێتەوە. بۆیە سەردانەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا مێژوویی بوو و تائێستا بە گرنگترین ڕووداوی ئەمساڵ دەژمێردرێت. بۆیە سەردانەكە دەنگدانەوەی هەبوو لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و جیهانیش، بێگومان ئەو بابەتانەی كە جەنابیان باسیان كرد، زۆر ڕوون و ئاشكرا بوو، وەك ئەو كێشانەی كە پێشتر لەگەڵ چەند لایەنێكی سیاسیی عێراق هەبوو، چونكە هەموو كاتێك ئەو لایەنانە كێشە و گرفتیان دروست دەكرد كە لەلای جەنابی سەرۆك ئەو كێشانە جێگەی قبووڵكردن نەبوون، هەر ئەمەش بوو، وای كرد كە جەنابیان سەردانی بەغدا بكات، كە چاویان كەوت بە بەرپرسە باڵاكانی حكومەت و بەرپرسە حزبیەكانی لایەنە سیاسییەكانی عێراق، لە ئەنجامی ئەو سەردانە مێژووییەدا چەندین دەستكەوتمان بەدەست هێنا، كە گرنگترین ئەوە بوو كێشە و گرفتەكان چارەسەرێكی بۆ دۆزرایەوە لە لایەنی پاراستن و ڕێزگرتن لە قەوارەی هەرێمی كوردستان، كە بەپێی دەستوور ددانی پێدا نراوە و چارەسەركردنی لایەنی دارایی وەكو مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی هەموو ماددە و یاساكانی كە پەیوەندی بە هەرێمی كوردستان هەیە، هەر بۆیەش حكومەتی عێراقی ئێستا بە گڕوتینێكی زۆرەوە كار دەكات بۆ جێبەجێكردنیان. ئێمەش وەكو ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەو سەردانەی جەنابی سەرۆك بارزانی جگە لەوەی زۆر دڵخۆش بووین، ئەم سەردانەی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ ئێمەی ئەندامانی كورد و كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بووە هێز و پاڵپشتییەكی زۆر گەورە، كە لە دوای سەردانەكەی جەنابی سەرۆك ئەندام و فراكسیۆنە عێراقییەكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران زۆر بە باشی و كاریگەری گوێ لە ئێمە دەگرن و حیساب بۆ ڕاوبۆچوون و قسەكانمان دەكەن و ئەو فشارەی پێشتر لەسەرمان بوو، نەماوە. لەمەش گرنگتر لەو سەردانەدا جەنابی سەرۆك گفتوگۆ و جەختی لەوە كردەوە كە قەوارەی هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور هاتووە و كەس ناتوانێت دەستكاری بكات و وەكو خۆیشی دەمێنێتەوە و بە هیچ شێوازێك لەسەر ئەو گۆی زەوییە هێزێك نییە بتوانێت دەستكاریی قەوارەی هەرێمی كوردستان بكات. بۆیە چاوەڕوان دەكرێت، قۆناغێكی باش و تازە لە دوای ئەو سەردانە لە عێراق دروست ببێت.
* بەرنامەی سەردانەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی هەمە لایەنە بوو، هاوكات كۆبووونەوەكانی لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقییەكان بە سوننە و شیعەوە بوو، ئایا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە مەرام و نییەتێك هەیە بۆ ڕاستكردنەوەی كۆی پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا؟
- بابەتی عێراق وەكو پڕۆسەی سیاسی چەندین كێشە و گرفتی تێدایە، چ لە ڕووی لاوازیی حكومەتی عێراقی كە جاربەجار هەندێ لایەنی سیاسی عێراقی دەستتێوەردان دەكەن و فشار دەخەنە سەر حكومەتەكە كە ناهێڵن كاروبارەكانی بە ڕێكوپێكی بەڕێوە بچێت، چ لە ڕووی هەرێمیشەوە كە وڵات هەیە دەستتێوەردان دەكات و فشار دەخاتە سەر حكومەتی عێراقی كە بە شێواز و ئاراستەیەك دەیبات، كە هەڵسوكەوتی حكومەتی عێراق بە شێوازێك بێت لە شێوازەكان كە لەگەڵ هەرێمی كوردستان نەگونجێت، بەڵام ئەو بابەتە لە ئەنجامی سەردانە مێژووییەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا وەك خۆی نامێنێت، ئەو ڕەهەندە جیاوازانەشی كە باس كران لە گفتوگۆ و كۆبوونەوەكانی، كار و هەنگاوێكی زۆر گرنگ بوون، ئەمەش وای كرد كە لایەنە سیاسییەكان كۆبوونەوەیەك لەسەر ئاستی ئیدارەی دەوڵەت بە بەشداری جەنابی سەرۆك بارزانی ئەنجام بدەن و دانیشتن و كۆبوونەوەكە زۆر ڕاشكاوانە بوو و بە بێ سانسۆر باسی گرفت و كێشەكان كران. جەنابی سەرۆك بارزانی باسی لەو كێشە و گرفتانە كرد كە لە ماوەی ڕابردوو تووشی هەرێمی كوردستان بووە، لە میانی ئەو كێشە و گرفتانەدا، زۆربەی لایەنەكان كە لە كۆبوونەوەكەدا بەشداربوون ددانیان بەوەدا نا كە فشار دەكەنە سەر هەرێمی كوردستان بە هۆكاری جیاواز و ئەو هۆكارانەش دەرەكی یان ناوخۆیین، جەنابی سەرۆك توانی زۆر بە ڕوونی و ڕاشكاوانە تیشك بخاتە سەر برینەكان كە ئەو كێشە و گرفتە سەرەكییانەی لە عێراق هەیە، چۆن بتوانن چارەسەری بۆ بدۆزنەوە و چۆن پاڵپشتی لە حكومەتی عێراقی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین و، چۆن پڕۆسەی سیاسی بە شێوازێكی ڕێكوپێك و دیموكراسی و دوور لە فشار و دوور لە عەقڵییەتی مەركەزی بەڕێوە بچێت. ئەو بابەتەی كە جەختی لەسەر كرایەوە، جێبەجێكردنی دەستوور بوو، ئێمە باش دەزانین كە چەندین ساڵە دەناڵێنین بە هۆی چەندین بابەتی چارەنووسسازەوە، لەوانە ماددەی (140 و 106 و 107) كە ئەو ماددە یاساییانە هەمووی ڕاوەستاون بەبێ هۆكار و دوادەخرێن و كۆسپ و كێشەیان بۆ دەدۆزرێتەوە، یان هەندێك یاسا هەیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی دەرچووە، بەڵام جێبەجێ ناكرێن، چونكە لایەنێكی سیاسیی عێراقی بەو یاسایانە ڕازی نییەو دەزانن بە هۆی جێبەجێكردنی ئەو یاسایانە هەرێمی كوردستان سوودمەند دەبێت. جەنابی سەرۆك بارزانی لەسەر هەموو ئەو پرس و كێشانە گفتوگۆی ڕاشكاوانەیان كرد و هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگە چارەسەركردنەكانی خستەڕوو .
* وەكو ئاماژەت پێدا، سەرۆك بارزانی چەندین كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردە سیاسییەكانی عێراق ئەنجام دا. ئایا لەم كۆبوونەوانەدا ڕێگەیەك، یان ئومێدێك بۆ چارەسەری كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ دۆزراوەتەوە؟
- بێگومان سەرۆك بارزانی كە سەردانی شوێنێك دەكات، ئەوە هیچ مەجالی گفتوگۆی تێدا نییە كە دەبێت دەرئەنجامی باشی هەبێت، لەو سەردانەی جەنابی سەرۆك بارزانی زۆر لەو كێشانە گرێ كوێرەكانیان چارەسەر كران و دەرئەنجامی باشیان بۆ دۆزراوەتەوە، بەڵام دەركەوتنی دەرئەنجامەكان پێویستی بە كاتە، چونكە ئەو پرس و بابەتانەی باس كران زۆر هەستیار و گرنگ بوون. بە بۆچوونی خۆم هەر لەو ساڵەدا زۆر لە كێشەكان چارەسەر دەكرێن، لەوانە هەندێ یاسا ماوەتەوە، یان جێبەجێ نەكراون و كێشە و گرفتیان بۆ دروست كراوە، یان بابەتە دەستوورییەكان هەموو ئەوانە چارەسەر دەكرێن. بە شێوەیەكی گشتی لایەنە سیاسییەكانی عێراق پاش ئەو سەردانە بە چاوێكی دیكە و بە چاوی دۆستایەتی و هاوبەشی لەو خاكە و لە عێراقدا سەیرمان دەكەن، بەو چاوەی هەرێمی كوردستان كیانێكی فیدڕاڵییە و پێویست ناكات جیامان بكەنەوە، بە هۆی ئەوەی كە سیستمێكی فیدڕاڵیمان هەیە، هاوكات ئەو فشارانەی كە لایەنە سیاسییەكانی عێراق لە دژی هەرێمی كوردستان دروستی دەكەن، ئەمەش لەو سەردانەدا چارەسەر كراوە و كۆتایی پێ دێت.
* ئایا كۆبوونەوەكانی سەرۆك بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە و هاوپەیمانیی سیادەی دەوڵەت و ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی لە كۆبوونەی هاوپەیمانییەكاندا بۆ ئەم قۆناغەی عێراق تا چەند گرنگ بوو؟
- ئەو سەردانەی جەنابی سەرۆك بارزانی لە كاتێكێ هەستیاردا بوو، لە كاتێكدا بوو كە سوننەكان لە ناوماڵی خۆیاندا كێشەیان هەیە و كێشەكە ئەو كاتە دروست بوو كە محەمەد حەلبوسی كە سەرۆك پەرلەمان بوو، لادرا، بەڵام كە جەنابی سەرۆك بارزانی وەكو كەسایەتی و كارێزمایەكی عێراقی هاتە بەغدا و لەگەڵ لایەنەكانی سوننە ناوبژی كرد و دانیشت، تاوەكو ناو ماڵی سوننە ڕێك بخات و چەند ڕێگە چارە و هەوڵێكی بۆیان دانا، چونكە بابەتی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران پەیوەندی بە هەموو پێكهاتەكانی عێراقەوە هەیە و پەرتەوازەیی نێوان سوننەكان كاریگەریی لەسەر هەموو پێكهاتەكانی دیكەی عێراق دەبێت و كاریگەری خراپی لەسەر پڕۆسەی سیاسیی هەموو عێراق دروست كردووە، بابەتێكی دیكە ئەوە بوو كە لایەنە سیاسییەكانی شیعە هەر یەكەیان تێڕوانینێكی لەسەر هەرێمی كوردستان و بەرانبەر حكومەتی كوردستان هەبوو، لەو سەردانەی جەنابی سەرۆك بارزانی ئەو تێڕوانینەش لەسەر هەر سێ بنەمای سەرەكی كە عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە كە ئەوانیش (تەوافوق و تەوازن و شەراكەت)ـە تەوحید كرا.
* لەو كاتەوە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان ڕاگیراوە، هەرێمی كوردستان تووشی كێشە و گرفتی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران بووە، ئەمەش بارقورسیی لەسەر حكومەتی عێراقی فیدڕاڵیش دروست كردووە، بۆیە دەپرسین: بۆچی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ پەلە لە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان ناكات؟
- ئەو كێشەیە حكومەتی عێراق خۆیان دروستیان كرد، بە هۆی سكاڵایەكیان لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، كە ئەوەش وای كرد، بابەتی نەوتی هەرێمی كوردستان بچێتە چوارچێوەی نێودەوڵەتی و نەیانهێشت نەوتی هەرێمی كوردستان بڕوات. ئەگەرچی بە هەموو شێوازێك هەوڵ درا، چارەسەرێك بۆ ئەو بابەتە بدۆزنەوە، دوای ئەوەی ڕێزدار مەسرور بارازنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە مانگی چواری ساڵی 2023سەردانی بەغدای كرد، ئەوەش هەنگاوێكی گرنگ بوو بۆ چارەسەری كێشەی نەوت و ڕێككەوتن لە نێوان حكومەتی فیدڕاڵی عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام درا، بەڵام بەداخەوە نەوتەكەی هەرێمی كوردستان لە (25/3/2023) ڕاوەستا بە هۆكاری هونەری و تەكنێكی و سیاسی و یاسایی و دوا هەوڵ كە درا، بۆ دووبارە ڕەوانەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەك لەلایەن كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەرانی نەوتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدڕاڵ بوو، لەو كۆبوونەوەیەدا ڕێككەوتن كرا لەسەر دوو خاڵی سەرەكی:
یەكەم: چاوخشانەوەیەك بكەن بەسەر ئەو گرێبەستانەی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری نەوتی هەرێم. دووەم : ڕەچاوكردنی تێچووی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستاندا. بێگومان كۆبوونەوەكەی یەكەم دەرئەنجامی باشی هەبوو، ئەگەرچی كۆبوونەوەی داهاتوو ماوە لە پاش ئەو كۆبوونەوەیە ئومید هەیە لە داهاتوویەكی نزیكدا نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردە بكرێتەوە، بەڵام من هەناردە نەكردنەوە، یان پەلەنەكردن بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان بۆ سێ هۆكار دەگێڕمەوە، كە هۆكاری یەكەم سیاسییە، دووەم یاساییە، سێیەم تەكنیكییە، ئەگەرچی نییەتی ئەوەش لەلای عێراق، یان لایەنە سیاسییەكانی عێراق بۆ ئەوەش دەگەڕێتەوە كە لەو ڕێگەیەوە هەوڵیان دا قەوارەی هەرێمی كوردستان لاواز بكەن، بەڵام من دڵنیام پاش سەردانەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی، هەموو ئەو نییەت خراپی و دژایەتییانەی بەرانبەر هەرێمی كوردستان هەبوون، كۆتاییان پێ هاتووە. لەلایەكی دیكەوە زۆر جار حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ جەخت لەسەر دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە، دەتوانین بڵێین ڕاستە حكومەتی عێراقی پەلەی نەكردووە لە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، چونكە لە ڕێگەی نەوتی بەسراوە هەوڵی ئەوە دراوە كە قەرەبووی ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی كوردستان بكاتەوە، كە هەناردە دەكرا، چونكە دەرهێنان و هەناردەكردن و گواستنەوەی نەوتی بەسرا تێچووی كەمترە لە نەوتی هەرێمی كوردستان و ئەمەش قازانجی زیاترە بۆ حكومەتی عێراقی، ئەگەرچی هەموو ئەو كارانەی عێراق لەو بارەوە كردوویەتی، تەفسیری ئەوە هەڵدەگرێت كە مەبەستیان دژایەتی و لاوازكردنی هەرێمی كوردستان بێت.
* ئەگەر هەر لەسەر پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان ڕابوەستین، ئایا تا چەند ئەم سەردانەی جەنابی سەرۆك بارزانی ڕێخۆشكەرە بۆ چارەسەری كێشەكە، كە هەناردەكردنی نەوتی كوردستان بۆ لایەنی دارایی و ئابووری هەرێم و بەغدا زۆر گرنگە؟
- وەكو لە پێشتر ئاماژەمان پێدا سەردانەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا مێژوویی بوو و سەردانەكە بچووك ناكەینەوە و نایخەینە چوارچێوەی كێشەی مووچە و بودجە و كێشەی نەوت و گاز و ماددەی 140 و چەندین كێشەی هەڵواسراوی دیكە، بەڵكو سەردانەكە زۆر گەورەترە لەو كێشانە و سەردانێكە لەسەر ئاستی ئەوەی كە چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ گشت كێشەكان بدۆزێتەوە و سەرچاوە بنەڕەتییەكەش بدۆزێتەوە كە كێشەكان دروست دەكات لە نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان، تاوەكو ئەو سەرچاوەیە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە. سەردانەكەی جەنابیان تەنیا بۆ ئەوە نەبوو كە كێشەی نەوت چارەسەر بكرێت، یان پەیوەندیی نێوان هەریم و چەند لایەنێكی سیاسی بێت، لەگەڵ ئەوەی كە كۆبوونەوەی لەگەڵ هاوپەیمانی سیادەی دەوڵەت و لەگەڵ لایەنە شیعیەكان ئەنجام دەدا، سەڕای ئەمە باسی هەموو كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان عێراق و هەرێمیش كراوە و ڕێگەچارەشیان بۆ دۆزراوەتەوە، یەكێك لەو كێشانە چارەسەركردنی كێشەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانە كە من تەئكید دەكەمەوە لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا لە پاش ئەم سەردانەی جەنابی سەرۆك بارزانی كێشەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە كۆتایی دێت و هەناردە دەكرێتەوە.
* وەكو دەزانین بە یاسای نەوت و غاز كێشەكانی بواری نەوت لە نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر دەكرێت، ئایا ئەو یاسایە بەچی گەیشت و بۆچی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گفتوگۆ و خوێندنەوەی بۆ ناكرێت؟
- یاسای نەوت و گاز زۆر ترسناكە و زۆریش بە كێشە و گرفتە، هەر وەكو ئەوەیە كە دەستوور دەنووسیتەوە، لەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەراندا كێشە و گرفتی سیاسی تێدایە و هەندێ لایەن لە ئەنجومەنی نوێنەران كشانەوە و لایەن هەیە لە ناو پەرلەمان نین و دەستتێوەردان دەكەن، بۆیە ئەو بابەت و یاسایەش پێویستی بە گفتوگۆیەكی سەرتاسەری لە نێوان هەموو لایەنە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمانیش هەیە، دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەكان لە گفتوگۆكاندا بەشدار بن و هەمووشیان لەسەر یاساكە ڕازی بن، ئەگەر یەك لایەن لەسەر یاسای نەوت و گاز ڕازی نەبێت، یاساكە فەشەل دەهێنێت، هەر بۆیەش لەم خولەدا یان لە ماوەی ڕابردووی ئەم خولەدا توانیمان گفتوگۆشی لەسەر ئەنجام بدەین، ئەگەرچی لە ساڵی 2007 و 2011 ڕەشنووسی یاساكە هەیە، بەڵام تەنیا بە پەرلەمان ئەو یاسایە تەواو نابێت، بەڵكو ڕێككەوتنی سیاسیی هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراقی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستانیشی پێویستە.
* وەك ئاشكرایە ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر دەستتێوەردانی هەرێمایەتی بەتایبەتی ئێران و توركیا لەسەر عێراقی فیدڕاڵی هەیە، لەگەڵ ئەوەش دەبینین پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغداش، بەتایبەتی بەو سەردانەی سەرۆك بارزانی باش بووە، ئەگەرچی ڕۆڵی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ لە پاراستنی سەروەریی خاكەكەی بەپێی پێویست نییە، یان لاوازە، ئایا ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- پێشتر داوامان لە حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ كردبوو كە هاوكاری و هەماهەنگی و پاڵپشتیی هێزی پێشمەرگەیی كوردستان بكات، چونكە پێشمەرگە بەشێكە لە سسیتمی بەرگریی عێراقی فیدڕاڵ، بەپێی دەستوور دەبێت پاڵپشتی لە هەرێمی كوردستان بكات بە پێدانی ئامێر و تەكنەلۆژیای هاوچەرخ و پێشكەوتوو بۆ پاراستنی سنوورەكان، لەم لەشكركێشییەدا تەنیا لایەنێكی نێودەوڵەتی بە خەتابار نابینین، چونكە پەكەكە ڕۆڵێكی زۆر نەرێنی و خراپی لە ناوچەكەدا هەیە و كێشە و گرفتی گەورەی بۆ ئابووریی هەرێمی كوردستان دروست كردووە، وەكو دیتمان دەست و پیلانیان لە سووتاندنی قەیسەری هەولێر هەبوو كە بازار و سەرچاوەیەكی كار و ئابوورییەكی زۆر گەورەی شاری هەولێرە، هەر بۆیە هۆكاری سەرەكیی ئەو ئۆپەراسیۆنەی ئێستای توركیاش لە ناو خاك و سنووری هەرێمی كوردستان و عێراقدا پەكەكەیە، لەلایەكی دیكەوە ئەركی حكومەتی عێراقیشە كە خاك و ئاو و ئاسمانی وڵاتەكەی بپارێزیت و ئێمەش بەپێی دەستوور بەشێكین لەو سیستمی بەرگرییەی لە عێراقدا هەیە و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكانیش نابێت ئێمە وەكو عێراق ببینە مەترسی بۆ سەر دراوسێكانمان و لەسەر عێراق پێویستە هێزی پاراستنی سنوورەكانی زیاد بكات و چەك و پێداویستی پێشكەوتووش بداتە هەرێمی كوردستان، ئەگەرچی ئێمە لەگەڵ شەڕ و توندوتیژی نین وەكو هەرێمی كوردستان و دەمانەوێت هەموو كێشەكان بە گفتوگۆ و ئاشتییانە چارەسەر بكرێت.