مەحما خەلیل قایمقامی شنگال بۆ گوڵان: پەكەكە ڕێگرە لە ئاساییبوونەوە و ئاوەدانكردنەوەی شنگال

مەحما خەلیل  قایمقامی شنگال بۆ گوڵان:  پەكەكە ڕێگرە  لە ئاساییبوونەوە و ئاوەدانكردنەوەی شنگال

 

سەرەڕای ئەوەی شنگال كارەساتێكی گەورەی مرۆیی بەسەردا هات لە دوای هاتنی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، بەڵام دوای ڕزگاركردنی بە خوێنی دەیان پێشمەرگە، ئێستاش بە دەست كێشە و گرفتی گەورەوە دەناڵێنێت، بە تایبەتی بە هۆی بوونی پەكەكە و حەشدی شەعبییەوە، كە بوونەتە ڕێگر لە بەردەم ئاساییبوونەوە و ئاوەدانكردنەوەی دۆخی ئەم شارە، ئەم پرسانە بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ مەحما خەلیل قایمقامی شنگال.

 

* لەم ڕۆژانەدا ڕێوڕەسمی بەخاكسپاردنی روفاتی گۆڕێكی بەكۆمەڵی قوربانیانی كۆچۆ بەڕێوە چوو، وێڕای ئەوەی سەری نوازش بۆ ئەو قوربانیانە دادەنوێنین، دەمانەوێت بزانین كارەساتی كۆچۆ چۆن ڕووی دا و، بۆچی هەوڵەكان بۆ ڕزگاركردنیان سەركەوتوو نەبوو لە 2014؟

- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم كە لە ڕێوڕەسمی بەخاكسپاردنی ڕوفاتی گۆڕەبەكۆمەڵی قوربانیانی كۆچۆ كەموكووڕی هەبوو، ئەویش ئەوە بوو كە هەموو ڕوفاتی قوربانییەكان بەخاك نەسپاردران، چونكە پێویست بوو حكومەتی بەغدا ڕۆڵی هەبووایە لە بەخاكسپاردنی هەموو ڕوفاتی قوربانیانی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی شنگال و گوندی كۆچۆ و لە گۆڕەبەكۆمەڵەكانی نیشتمانیدا. سەبارەت بەوەی بۆچی لە ساڵی 2014 ئەو كارەساتە بەسەر گوندی كۆچۆدا هات و نەتوانرا ڕزگار بكرێن، ئەوە كەموكووڕی و كەمتەرخەمیی ئاشكرا و بەرچاو هەبوو لەلایان حكومەتی عێراقی و هێزی هاوپەیمانی كە ئێمە چەندین جار داوامان كرد كە لە ڕێی ئاسمانییەوە تیم و هێزێكی پسپۆڕ و تایبەت داببەزێندرێت، تاوەكو خەڵكی گوندی كۆچۆ ڕزگار بكەن. فەرماندەی هێزی ئەمریكا بە فڕۆكەی ئاپاچی (ئەباشی) هاتنە سەر چیای شنگال بە مەبەستی ئەوەی كە بچن گوندی كۆچۆ ڕزگار بكەن. بەڵام هەندێ لایەن لەسەر چیای شنگال بە كاری خۆیان هەڵنەستان، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین، كەمتەرخەمییەك هەبوو لە سەر ئاستی نیشتمانی لەلایەن حكومەتی عێراق و لەلایەن هاوپەیمانان بەرانبەر خەڵكی كۆچۆ كە ئەوە بوو نەتوانرا ڕزگار بكرێن. 

* نزیكەی ماوەی شەش ساڵە شنگال لە تیرۆریستانی داعش ئازاد كراوە، لە سەرەتاوە (دوای 2016) چەندین پرۆژە هەبوون بۆ ئەوەی شنگال بە زوویی ئاوەدان بكرێتەوە، بەڵام دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 و گەڕانەوەی حەشدی شەعبی و چەكدارانی پەكەكە، ئاوەدانكردنەوەی شنگال ڕاوەستا، ئایا ئێستا بارودۆخی شنگال چۆنە و خەڵكەكەی چۆن ژیان بەسەر دەبات؟

- بارودۆخی شنگال و ژیانی خەڵكی شنگال خراپتر بووە، پاش ئەوەی كە حەوت ساڵ بە سەر ڕزگاربوونی شنگالدا تێدەپەڕێت، لەو ماوەیەدا سەدان پرۆژە بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی خەڵكی شنگال هەبوو، بەڵام پەكەكە بووە ڕێگر بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوەی شنگال. هەر لە چەند ڕۆژی ڕابردووش پەكەكە بڕیارێكی دا كە دەوام لە هەموو دامودەزگاكانی حكومەت لە سنووری شنگال ڕابوەستێت، بەڵام ئێمە و فەرمانبەرانی شنگال گوێمان بەو بڕیارەی پەكەكە نەدا، دەوام وەك هەموو ڕۆژانی دیكە كرا. لە پاشان پەكەكە هەڕەشەی لە فەرمانبەران كرد و، ئێمەش داوامان كرد پاڵپشتیی فەرمانبەران بكرێت، بۆ ئەوەی دوامی خۆمان بكەین و هەڵوێست لە بەرانبەر ئەو بڕیارەی پەكەكە وەربگیرێت. لە پاشان كە بینییان میللەت و فەرمانبەران گوێ بەو بڕیارەیان نادات، ئەوە پەكەكە بڕیارەكەیان هەڵوەشاندەوە، بێگومان پەكەكە بە پشتیوانیی حەشدی شەعبی، بەتایبەتی لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، بوونەتە ئاستەنگ لە بەردەمی جێبەجێكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوەی شنگال. هەروەها حەشدی شەعبی لەدوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر هاوكاری و هەماهەنگی پەكەكە دەكات، بەتایبەتی لە ڕووی لۆجستی و هەندێك یارمەتیی دیكەوە.

* بوونی چەكدارانی پەكەكە لەناو شنگال مەترسییەكی زیاتری بۆ شنگال دروست كردووە و بووەتە بیانوویەك بۆ سوپای توركیا، هەروەها بووەتە ڕێگریش لە ئاوەدانكردنەوەی شنگال، پرسیاری ڕاشكاو ئەوەیە بۆچی پەكەكە هاوكاریی حەشدی شەعبی دەكات و ڕێگە نادات شنگال ئاوەدان بكرێتەوە؟

- لە ڕاستیدا، دەیانەوێت شنگال ئاوەدان نەبێتەوە و خەڵك نەگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی شنگال بە دەڤەرێكی وێرانكار بمێنێتەوە، تاوەكو پەكەكە بتوانێت لە شنگال و سنوورەكە بمێنێت، هەرچەندە خەڵكی شنگال و سنوورەكە قبووڵیان نییە پەكەكە لەوێ بمێنێت. هەروەها حەشدی شەعبی هاوكاری پەكەكەی دەكات تاوەكو بارودۆخێكی ناسەقامگیر و نائاسایی لەو سنوورە هەبێت و شنگال ئاوەدان نەبێتەوە، دەیانەوێت سنووری شنگال بە كراوەیی بمێنێتەوە و لەم ڕێگایەوە هاوكاریی حزبوڵلای لوبنانی و ڕژێمی سووریا بكەن. ئێمە ڕەخنەیەكی دیكەشمان هەیە كە سوپای توركیا و پەكەكەش ئەو سنوورەیان كردووەتە مەیدان و بۆ مەرام و یەكلاكردنەوەی حیساباتی خۆیان بە كاری دەهێنن، پەكەكە وای كردووە و بیانووی داوە كە ڕێگا بە توركیا بدرێت، هەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان و بەتایبەتی سنووری شنگال وێران بكات. ئامانجی پەكەكە ئەوەیە كە دەڤەری كوردان وێران بكات.

* لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق و بە چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕێككەوتنێك بۆ ئاساییكردنەوە و ئاوەدانكردنەوەی شنگال بە ناوی «ڕێككەوتنی شنگال»ئیمزا كرا. بۆچی ئەم ڕێككەوتنە نەچووە واری جێبەجێكردن و بۆچی ئەو ڕێككەوتنە مردار كرایەوە؟

- ڕێككەوتنی شنگال جێبەجێ نەبووە، هۆكارەكەشی بۆ ڕێگریی حەشدی شەعبی و پەكەكە دەگەڕێتەوە، تاوەكو شنگال ئارامی تێدا دەستەبەر نەبێت و ئاوەدان نەبێتەوە و حكومەتی هەرێم و هێزی پێشمەرگە و لایەن و هێزە ئەمنییەكانی دیكە نەتوانن كاری خۆیان لەوێ جێبەجێ بكەن. هەروەها ئەم بارودۆخەش زیاتر هاتووەتەدی بە هۆی پشتیوانی و هاوكاریی حەشدی شەعبی بۆ پەكەكە، لایەنێكی دیكە بۆ جێبەجێ نەبوونی ڕێككەوتنی شنگال، بە هۆی لاوازیی حكومەتی فیدڕاڵ بووە، گوناهی نەتەوە یەكگرتووەكانیشی تێدایە. لایەنێكی دیكە كە هاوبەشە لەو ڕێككەوتنە حكومەتی هەرێمە كە دەبێت ئەویش هەوڵ و كۆششی زیاتر بكات بۆ جێبەجێكردنی ئەم ڕێككەوتنە. 

* ئیوە وەك قائیمقامی شنگال ئاگاداری وەزعی پەنابەرانی ئێزدین كە هەتا ئێستاش نەگەڕاونەتەوە بۆ شوێنی خۆیان، هەروەها ئاگاداری دۆخی ناو شنگالیشن كە پەكەكە ڕێگرە لە ئاساییكردنەوە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆیان، ئایا ئێستا وەزعی ئاوارەكانی ئێزدی چۆنە و هەوڵەكانتان بۆ باشتركردنی ژیانیان بە كوێ گەیشتووە؟

- ئێستا بارودۆخ و ژیانی ئاوارەكانی كوردی ئێزدی خراپە و وەك پێوست هاوكاری نەكراون، نە لە سەر ئاستی جیهانی و نە لە سەر ئاستی حكومەتی عێراق. هەروەها ڕێكخراوە خێرخوازییەكانیش بەگشتی بەپێی پێویست بە كارەكانی خۆیان هەڵناستن. هەرچۆنێك بێت، خەڵكی شنگال ژیانی كەمپیان هەڵبژاردووە و نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، لەبەر ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانی ئەوان هەیە لەلایان چەكدارانی پەكەكەوە، بەتایبەتی بە ڕفاندنی زارۆكی ئەوان و چەكداركردنیانەوە. هۆكاری دیكەی خراپیی ژیانی ئاوارەكان نەبوونی خزمەتگوزاری و نەبوونی ئەمنییەتە، لە لایەكی دیكەوە سنووری ئەوان كراوەیە و ناپارێزرێن و ترسی داعشیان لە سەرە. هەر بۆیە داوا دەكەین ڕێككەوتنی شنگال وەك خۆی جێبەجێ بكرێت و پێشمەرگە بگەڕێنەوە شنگال، خەڵكی شنگال بە ئاشكرا دەڵێن ئێمە ناگەڕینەوە شنگال، ئەگەر پێشمەرگە نەگەڕێتەوە. لەلایەكی دیكەوە حكومەتی عێراق جددی نییە لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال و حەشدی شەعبییش بەڵایەكی زیاترە كە هاوكاریی چەكدارانی پەكەكە دەكات. هەموو ئەمانە بوونەتە فاكتەر و ڕێگر لە جێبەجێ نەكردنی ڕێككەوتنەكە، ئەگەرچی ئێمە بە هەموو شێوە و توانایەك لە هەوڵی ئەوەداین كە پڕۆژە و هێمنی و ئاشتی لە شنگال بێتەدی، بەڵام بە بوونی چەكدارانی پەكەكە و چەكداری هێز و گرووپی ناشەرعی لە شنگال ئاسایش و ئاشتی بەرقەرار نابێت. 

* لەگەڵ ئەوەی بە هەوڵی ڕاستەوخۆی جەنابی كاك نێچیرڤان بارزانی، ژمارەیەكی زۆر لە ژنانی ئێزدی ئازاد كران و گەڕێندرانەوە بۆ كوردستان، ئایا ئێستا چەند ژنی دیكە بێ سەروشوێنن و هەوڵەكانتان بۆ ئەم مەبەستە بە كوێ گەیشتووە؟

- لە هەقیقەتدا دانانی ئۆفیسی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی بۆ ڕزگاركردنی ژنان و ڕفێندراوانی كوردانی ئێزدی لەدەستی داعش، كار و یارمەتییەكی زۆر باش بوو. ژنان و خوشكان و كەسانی كوردی ئێزدی و ڕفێندراوانی بەردەستی داعش زیاتر لە (6400) كەس بوون، لەم ژمارەیە تا ئێستاكە (3700) كەس ڕزگار كراون و (2700) كەس تا ئێستا بێسەروشوێنن. نزیكەی (1900) كەس لە كەمپی هۆلێن لە ژێر دەستی هێزی سووریای دیموكراتیدان و هەندێكیش لە توركیان. ئەگەرچی تا ئێستاكە وەزارەتی دەرەوەی عێراقی فیدڕاڵی بەرانبەر بەو ئاوارە و ڕفێندراوانە بە ئەركی ئەخڵاقی و مرۆڤایەتیی خۆی هەڵنەستاوە. دووەم ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش بڕیارێكی نەداوە هەر وەك پەرلەمانی كوردستان كە كارەساتی كوردانی ئێزدی بە جینۆساید بناسرێت. سێیەم حكومەتی عێراق هەوڵی نەداوە كە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی لەگەڵ وڵاتان بەكار بێنێت، بۆ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون سەبارەت بە ڕفێندراون تاوەكو بیاندۆزنەوە و بیانگێڕنەوە.

 

Top