بەپێی ڕێككەوتنێك چین بە نیازە هەزار قوتابخانە لە سەرتاسەری عێراق دروست بكات
لە ڕاگەیاندراوێكی نووسینگەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا هاتووە، كە چین هەزار قوتابخانە لە عێراق دروست دەکات ، ئەمەش بەپێی رێککەوتنێکە كە لە چوارچێوەی کاری هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و چیندا واژۆکراوە.
هەر لە درێژەی ڕاگەیاندراوەكەی نووسینگەكەدا ئاماژەی بەوە كراوە كە بەسەرپەرشتیی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران پازدە رێککەوتنامە و لێکتێگەیشتن لە چوارچێوەی کاری هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و چین واژۆکرا، كە وەك باسكرا بریتییە لە دروستكردنی 1000 قوتابخانە لە سەرانسەری عێراق.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەشی باس كردووە كە رێککەوتنێک لەگەڵ کۆمپانیای سینۆ تێکی چینی واژۆکراوە بۆ دروستكردنی (321) قوتابخانە.
لەلای خۆشیەوە کەرار محەمەد بەڕێوەبەری لیژنەی باڵای دروستکردنی قوتابخانەكان و لی دزی جێگری سەرۆکی کۆمپانیای پاوەر چاینای وڵاتی چین ڕێككەوتنێكیان واژۆکردووە تایبەت بە دروستكردنی(679) قوتابخانە. بەم شێوەیە كۆی ژمارەی ئەو قوتابخانانەی وڵاتی چین لە سەرتاسەری عێراق دروستیان دەكات دەگاتە هەزار قوتابخانە.