لە رووداوێكی هاتووچۆدا لە هەنگاریا (  7  ) كۆچبەر گیانیان لە دەست دا

لە رووداوێكی هاتووچۆدا لە هەنگاریا (  7  ) كۆچبەر گیانیان لە دەست دا

 

 

 

پۆلیسی هەنگاریا کوژرانی حەوت كۆچبەر و برینداربوونی چوار کەسی دیکەیان لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا پشتڕاستکردۆتەوە، بەپێی وتەی پۆلیسی ئەم وڵاتە، مینی پاسێك بە تابلۆی مۆڵەتی سربیا کە کۆچبەری هەڵگرتبوو بۆ گواستنەوەیان بە قاچاخ پاش هەڵهاتن لە بازگەیەکی ئەو وڵاتە  خۆی بە یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە تەنیشت ڕێگاکەدا دەكێشێت.

ڕووداوەکە لە دەوروبەری نیوەشەوی دووشەممە لە ناوەندی موراهالوم کە شارۆچکەیەکی بچووکە لە سنووری هەنگاریا و سربیا ڕوویدا، دوای ئەوەی شۆفێرەکە لە جیاتی وەستان لە خاڵێکی پشکنیندا بە خێرایەكی زۆرتێدەپەڕێت و خۆی بە دیوارێكدا دەكێشێت.

لەو شوێنەدا حەوت سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە کوژران و چوار کەسی دیکەش برینداربوون، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە برینداربووە و  پۆلیسی هەنگاریا دەستگیرکردووە بە گومانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ،  هەروەها تێوەگلانی لە ڕووداوە کوشندەکە، تا ئێستا هیچ وردەکارییەک لەسەر ناسنامەی قوربانییەکان بڵاونەکراوەتەوە.

ڕووداوی کوشندە لە شارۆچکەیەكی بچووکی سنووری هەنگاریا ڕوویدا، كە یەکێکە  لە دەروازەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ چوونە ناوەوەی کۆچبەران، وڵاتێک کە ناسراوە بە سیاسەتە سەختەکانی لە بەرامبەر پەناخوازان، ڤیکتۆرئۆربان سەرۆک وەزیرانی وڵات لە ساڵی 2015 لە نێوان قەیرانێکی کۆچبەران بە مەبەستی ڕێگریکردن لە کۆچبەران بۆ چوونە ناو هەنگاریا، لە دەوری ئەو وڵاتە پەرژینی دروست کرد.

بەپێی ئەو ژمارانەی لەلایەن پۆلیسی هەنگاریاوە بڵاوکراونەتەوە، تەنها لە هەفتەی ڕابردوو 2419 کۆچبەر لە سنووری ئەو وڵاتە دەستبەسەرکراون.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top