خۆکوشتن و دەرئەنجامەکانی

خۆکوشتن و دەرئەنجامەکانی

 

هەموو کۆمەڵگەیەک مەیل و ئاراستەیەکی دەستەجەمعی هەیە پاڵ بە تاکەکانیەوە دەنێت بۆ خۆکوشتن
ئەوەی من دەمەوێت قسەی لەسەر بکەم کردەی خۆکوشتنە وەک دیاردەیەکی جیهانی کە بە تەواوی پەیوەستە بە تاکەوە سەرەڕای هۆکارە کۆمەڵایەتیەکان. وە گرنگە ئێمە ئەو پرسیارە بکەین کە ئایا مرۆڤ بۆچی خۆی دەکوژێت؟ ئەم پرسارە وامان لێدەکات قوڵتر بیر لەم بابەتە بکەینەوە، سەرنجی زۆرێک لەو وتار و نوسینانەمدا کە لەسەر خۆکوشتنەکانی ئەم دواییەی کۆمەڵگەی کوردی نوسراون هیچی تازەی تێدا نیە و زۆر سەرەتاییانە لە کردەی خۆکوژی دەدوێن، لێرەدا ئەمە بەشێکی کێشەکەیە ئێمە تا ئێستاش لەوە نەگەیشتووین مرۆڤ بۆ خۆی دەکوژێت بۆیە حاڵەتەکان دووبارە دەبنەوە، پاشان گرنگە لەوە تێبگەین ناکرێت کۆمەڵگەیەکی مرۆیی دیاردەی خۆکوشتنی تیا نەبێت لێرەدا دیاردەکە ئاساییە بەڵام تا ئەو کاتەی لە ڕێژەیەک تێپەڕ نەکات، هەرکات لە ڕێژەی ئاسایی تێپەڕی کرد دەبێت هەڵوێستەی جدی لەسەر بکرێت.

خۆکوشتن دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیە، واتە لە کۆمەڵگەی مرۆیی ڕوو دەدات، لە سادەترین پێناسەیدا خۆکوشتن بریتیە لەوەی کەسێک بەهۆی فشارە دەروونی و کۆمەڵایەتەکان بە دەستی خۆی کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت، هۆکارەکانیش سەرەڕای جیاوازیان لە کۆتایدا ڕیشەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگە و کۆمەڵگە هۆکاری سەرەکیە بۆ ئەوەی کەسێک کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت.

زانای کۆمەڵناسی(ئەمیل دۆرکهایم) کە زانستی دەروونناسی لە کۆمەڵناسی جیاکردەوە، کردەی خۆکوشتنی کردە خاڵی سەرەکی جیاوازی نێوان دەروونناسی و کۆمەڵناسی، ڕاستە کردەی خۆکوشتن کردەیەکی تەواو کەسیە بەڵام وەک دۆرکهایم دەڵێت:دەبێت وەک دیاردەگەلی کۆمەڵایەتی لە کردەی خۆکوشتن بڕوانین چونکە لە کۆتایدا هۆکارەکان کۆمەڵایەتین. دۆرکهایم دەڵێت: زیاد لە هەموو زانستەکانی دیکەی وەک دەروونناسی و بایۆلۆژیا کۆمەڵناسی زیاتر پەیوەستە بەوەی لە کردەی خۆکوشتن بکۆڵێتەوە،دۆرکهایم لە پاش توێژینەوەکانی دەربارەی خۆکوشن گەیشتە ئەوەی یاسایەکی کۆمەڵایەتی دەربارەی ئەم کردەیە دابڕێژێت کە بە پوختی باس لەوە دەکات مەیلی خۆکوشتن پەیوەندیەکی پێچەوانەی لەگەڵ هێزی دامەزراوەکانی( دەوڵەت و خێزان و ئایین)دا هەیە، واتە هەتا ئەم دامەزراوانە بەهێزبن لە کۆمەڵگەدا ئەوا مەیلی خۆکوشتن لەلای تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە کەمتر دەبێت وە بە پێچەوانەوە هەتا بونیادی ئەم سێ دامەزراوەیە بێهێز بێت مەیلی خۆکوشن زیاتر دەبێت.لێرەوە و لەژێر ڕۆشنایی ئەم تیۆرەدا دەتوانین بڵیین لە وڵاتێکدا کە پشێوی سیاسی و ناسەقامگیری سیاسی زۆر بێت و ململانێی سیاسی ئاستی خۆی تێپەڕێنێت گومانی تێدا نیە خۆکوشتن زیاتر دەبێت، هەر لەمەوە دەگەینە ئەو ڕاستیەی یەکێک لە هۆکارەکانی خۆکوشن لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئەو پشێوی و ململانێ ناشەریفە سیاسیەیە کە ماوەی سێ دەیەیە بەردەوامی هەی کە کۆمەڵگەی لە ڕەگەوە هەڵتەکاندوە و بارێکی دەروونی خراپی بۆ تاکەکانی دروست کردوە. یەکێکی تر لە هۆکارەکان کێشەی خێزانیە. خێزان بە گشتی و پرۆسەی دروستکرنی خێزان بە تایبەتی لە کۆمەڵگەی ئێمە پرۆسەیەکی بیرلێنەکراوەیە بۆیە لە دەرنجامدا کێشەکانی خێزان زۆرن و ئەم کێشانە دەبنە هۆی ئەوەی هاوبەندی ناو ئەندامانی خێزان کەم ببێت و ئەمەش وادەکات خێزان دامەزراوەیەکی لاواز بێت، سەرەنجام مەیلی تاکەکانی ناو خێزان بۆ خودکوژی زیاتر دەبێت، یەکێکی لە هۆکارەکان وەک دۆرکهایمیش باسی دەکات ڕادەی گونجانی تاکە لەگەڵ کۆمەڵگە و کلتور و داب و نەریت، تاک هەتا گونجاوتر بێت لەگەڵ کۆمەڵگەکەی مەیلی خۆکوشتنی کەمتر دەبێت بەراورد بە کەسێک لەگەڵ کلتور و داب و نەریتی کۆمەڵگەکەی ناگونجێت، لە کاتێکدا بە جیهانیبوون (گڵۆباڵیزەیشن) ئامادەییەکی تەواوی هەیە لە کۆمەڵگەکاندا ئەمە وا دەکات کلتوری جیهانی ببێتە بەشێک لە کلتورە لۆکاڵیەکە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەم دوو کلتورە بکەونە جەنگ لەگەڵ یەکتر لە دواجاردا تاک بە تایبەت گەنج سەرسامە بە کلتورە جیهانیەکە و کلتورە لۆکاڵیەکە بەشێوەیەکی جوزئی ڕەتدەکاتەوە و ڕادەی گونجانی لەگەڵ کۆمەڵگە کەمتر دەبێت و ناتوانێت لەگەڵ کۆمەڵگەدا هەڵبکات و ڕەخنە لە کۆمەڵگە دەگرێت لەم حاڵەتەشدا مەیلی بۆ خۆکوشتن زیاتر دەبێت، ئێستا خۆکوشتن بۆتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر هەموو مرۆڤایەتی لە زۆرێک لە وڵاتاندا حکومەت بودجەی تایبەت تەرخان دەکات بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەم دیاردەیە، لە ڕووی میدیاییەوە لە زۆرێک لە وڵاتان هەواڵی خۆکوشتن نابێت بڵاو بکرێتەوە یان تەنها بە ژێرنوسێک ئاماژەی بۆ دەکرێت بەڵام میدیای کوردی وەک ئەوەی لە هیچ ئیتكێکی کاری میدیایی ئاگادار نەبێت هەواڵی خۆکوشتن دەکاتە مانشێتی سەرەکی و لە هەواڵەکانی کاتژمێر ۸ ڕێک لەو کاتەدا کە هەموو خەڵک بە دیار تیڤیەکانەوە دانیشتون پەخشی دەکات،لە کۆمەڵگەی ئێمەدا میدیا و سۆشیال میدیا هۆکارێکن بۆ ئەوەی کەسێک خۆی بکوژێت یان بیر لەوە بکاتەوە خۆی بکوژێت ، بە پێی توێژینەوەکان کاتێک هەواڵی خۆکوشتنی کەسێک بڵاودەکرێتەوە هەر لەو ماوەیەدا ئەم دیاردەیە زیاد دەکات ، کاتێک هەواڵی خۆکوشتنی کچە خوێندکارێکی کۆلێژی پزیشکی لە ڕانیە بڵاوکرایەوە دوای ئەو ڕووداوە چوار حاڵەتی تری خۆکوشتن لە کۆمەڵگەی ئێمە ڕوویداوە و ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو کەسانە ئیلهام لەو کردەیە وەردەگرن، میدیای کوردی بەم ئیتیکە کار بکات بیەوێت یان نا هۆکارێکی سەرەکی خۆکوشتنەکانە، لە کۆتایدا گرنگە وەک کێشەی مرۆڤ لەم بابەتە بڕوانین، ئەو کردە خۆکوژیانەی لەم دواییانە ڕوویدا چونکە زۆربەی قوربانیەکان ژن بوون ڕێکخراوەکانی ژنان وەک بەشێک لە کێشەکانی ژن لە بابەتەکەیان ڕوانی لە کاتێکدا ئەمە کێشەی مرۆڤە بێ جیاوازی ڕەگەزی، هەرکات ئایدیای ئێمە لەوە گەورەتر بوو کە کێشەکە بە ڕەگەزی نەکەین پێم وایە هەنگاوێکمان ناوە بەرەو ئاسۆی چارەسەری ئەم بابەتە کە کێشەی هەموو مرۆڤایەتیە.

کەسی خۆکوژ تاوانبار نیە هەرگیز نابێت وەکو تاوانبار لە کەسی خۆکوژ بڕوانین بەڵکو قوربانیە قوربانی دەستی کۆمەڵگەو چواردەورەکەی

 

 

(محمد عیماد ڕسوڵ)

 

Top