سەرۆک بارزانی: تۆڵه‌ی شه‌هیدان ده‌كه‌ینه‌وه

سەرۆک بارزانی: تۆڵه‌ی شه‌هیدان ده‌كه‌ینه‌وه

 

سەرۆک بارزانی رایگەیاند، هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه‌ تۆڵه‌ی شه‌هیدان ده‌كه‌ینه‌وه‌ و خوێنی شه‌هیدان به‌ فیڕۆ ناچێت.

سەرۆک مەسعود بارزانی، میانی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی رەوەندی کورد لە هەولێر گوتی: "ئەندامانی کۆنگرە پیرۆزبایەکی گەرمتان لێدەکەم کە بڕیارتاندا کۆنگرەکەتان لە هەولێری پایتەختی کوردستان، لە هەولێری دوژمن بەزێن ببەستن، هیوادارم سەرکەوتووبێت و ئامانجەکەتان بپێکێت، مەبەست ئەوەیە رەوەندی کوردستانی لە دەرەوە رێکبخرێت و ئەرکەکان دیاری بکرێن، هەموو پێکەوە هەوڵبدەن خزمەتی گەلەکەتان بکەن، ئێمە رەوەندی کوردی لە دەرەوە بە سامانێکی نەتەوەیی زۆر گرنگ دەزانین، ئێوە دەتوانن رۆڵی گەورە ببینن لە پشتگیری میللەتەکەتان، دەتوانن خۆتان رێکبخەن و لۆبیەکی بەهێز دروست بکەن، لە هەموو بوارێکدا رۆڵێکی سەرەکی ببینن بۆ دۆزی رەوای گەلەکەتان".

سه‌رۆك بارزانی، له‌ گوته‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد "هیچ كاتێك گه‌لی كورد بژارده‌ی شه‌ڕی هه‌ڵنه‌بژاردووه‌، به‌ڵكو هه‌میشه‌ به‌رگری له‌ خۆی كردووه‌، هیچ كاتێكیش كورد نه‌چووه‌ته‌ سه‌ر خاكی كه‌س و ته‌عه‌دای له‌ كه‌س نه‌كردووه‌، له‌مه‌ودواش ئاماده‌ ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگری له‌ مان و نه‌مانی خۆی بكات".

سه‌رۆك بارزانی روونیشی كرده‌وه‌ "داواكارین دۆزی گه‌لی كورد له‌ هه‌موو پارچه‌كان به‌ شێوه‌یەکی ئاشتی و دیموكراسی چاره‌سه‌ر بكرێت، شه‌ڕ چاره‌سه‌ر نییه‌ بۆ كێشه‌ی گه‌لی ئێمه‌ و هیچ كێشه‌یه‌كی دیكه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، وه‌كو گه‌ل، كورد ده‌بێ وریا بیت، نابێت ناكۆكی له‌گه‌ڵ رژێمه‌كان ببێته‌ ناكۆكی نێوان گه‌لان و گوتی: "كوردستان نموونه‌یه‌كی جوانه‌ بۆ پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی، هه‌میشه‌ شانازیمان به‌و فه‌رهه‌نگه‌ كردووه‌ كه‌ زۆر كۆنه‌ و ده‌بێت بپارێزرێت، جیهانیش بزانێت كوردستان لانكه‌ی پێكه‌وه‌ژیانه‌".

جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌، به‌رده‌وامیش خه‌بات بۆ پاراستنی پێكهاته‌كان و مافه‌كانیان ده‌كه‌ن.

سەرۆک بارزانی، بە ئه‌رکی ره‌وه‌ندی كوردی زانی كارێكی جددی بكات، بۆ خۆڕێكخستنەوە و كۆكردنه‌وه‌ی دڵسۆزان و وڵاتپارێزان له‌ژێر سێبه‌ری ئاڵای كوردستان و رێزگرتن له‌ یاسا و رێسای ئه‌و وڵاتانه‌ی تێیدا ده‌ژیت. داواشی کرد خۆیان بەدووربگرن له‌ كاری نایاسی، هانی گه‌نجانان بدەن بۆ خۆپێگه‌یاندن و په‌روه‌رده‌یەکی دروستی منداڵان به‌ مێژوو و زمان و كولتووری گه‌لی کوردستان، وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگی دروستكردنی په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ره‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌.

سەرۆک بارزانی، راشیگەیاند: "هه‌وڵی جددی بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی دۆستی زیاتر بۆ گه‌لی كوردستان دروست بكه‌ن و پشتیوانیتان بكه‌ن بۆ ناساندنی جینۆساید و هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی به‌رامبه‌ر گه‌لی كوردستان ئه‌نجامدراون، پێویسته‌ په‌رله‌مان و خه‌ڵكی ئه‌و وڵاتانه‌ فشار له‌ وڵاتی خۆیان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مافه‌ بۆ گه‌لی كوردستان بناسێنرێت، هەوڵی زۆر دراون، بەڵام تا ئێستا هەوڵەکان وه‌كو پێویست نه‌بوونە، ده‌بێت له‌مه‌ودوا خه‌ڵك و په‌رله‌مانی وڵاتان هاوكار بن.

سەرۆک بارزانی، لە بارەی رووداوەکانی ئه‌و چەند رۆژەی دوایی گوتی: به‌داخه‌وه‌ هێشتا مه‌ترسی زۆر گه‌وره‌ لە بەردەم ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان هەن، به‌داخه‌وه‌ پێش چه‌ند رۆژێك له‌ گه‌رمیان و دوێنێ له‌ مه‌خموور تیرۆیستان چه‌ندین هاووڵاتی و پێشمه‌رگه‌یان شه‌هید كردووه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌ نیشان ده‌دات، كه‌ مه‌ترسی گه‌وره‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان هه‌یه‌، لێره‌وه‌ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه‌، تۆڵه‌ی شه‌هیدان ده‌كه‌ینه‌وه‌ و خوێنی شه‌هیدان به‌ فیڕۆ ناچێت.

Top