لە چلەی فەیسەڵ دێهاتیدا.. سڵاو بۆ گیانی پاكی نووسەر و ڕۆژنامەنووس

لە چلەی فەیسەڵ دێهاتیدا..  سڵاو بۆ گیانی پاكی نووسەر و ڕۆژنامەنووس

 

برا و دۆست و هاوڕێی خۆشەویستم فەیسەڵ دێهاتی: نازانم چۆن تەكان بە خۆم بدەم و چیت بۆ بنووسم، كە تۆ لە ئێستادا لەبەر چاوم ونیت، بەڵام بزانە تۆ نەمردوویت و، یادی تۆ هەم خۆشییە و هەمیش خەم، تۆ هەردەم لەناوماندایت و بۆ هەتاهەتا تا كۆتایی ژیانمان لە دڵ و دەروونماندا دەژیت.

دۆست و هەڤاڵی ئازیز: نە تۆ دووبارە دەبیتەوە، نە دوو فەیسەڵ دێهاتییش جارێكی دی دەبنەوە، وردەكارییەكانی پەیوەندیی برایانە و گیانی بە گیانیم لەگەڵ تۆدا دەبێتە نەشتەرێك و سەرم لە لاشەم جیادەكاتەوە، خولەك و كاتژمێرەكان و ساتەكانی لێك دابڕان، وەك شووشەیەكی شكاو جەستەم شەكەت دەكات، من. من هەوڵ دەدەم بە خەت و خیتی قەڵەمێكی سادە بۆت بنووسم، چونكە تۆ زۆر سادە بوویت و حەزت لە سادەییە. دەمەوێت بە زمانی چاوێكی پڕ لە ئەسرین بۆت بنووسم، كە تەژی بێت لە سۆز و خۆشەویستی بۆ تۆ، هاوڕێی شیرینم. من ئێستا ناتوانم ڕستە و وشەكان ڕێك بخەم و بیانسازێنم، چونكە كەوتوومەتە نێو بازنەیەكەوە هەموو دەوروپشتم زمانی وشە و، سەمای وشە و، تەنگەبەری وشەیە، كە هەر بە هەموویان زاتی ئەوە ناكەن وەسفی داهێنەرێكی شۆڕشگێڕی دژ بە ژیان بكەن، لە وەسفی شاعیرێك كە بە قەڵەم و چەقۆ نووسی، ئاواز و میلۆدی بۆ خۆشەویستی و سۆز دانا، بە هەموو بەهرەو كارامەییەكەوە بە نووسین و گوتار بە قەڵەمە ساكارەكەی نەخشەی پەتای نووسینی شرۆڤە كرد، لە چاوترووكانێكدا وەك ئاوێنەیەكی پارچەپارچە بوو تێكشكا، بەبێ دەنگییەك لەنێوان خەیاڵ و یەقیندا، ئەو سەربازە ونە دژی تۆز و بای ڕۆژگار بە مەلە كەوتبوو، وەك پاساری بە پشت كەشتییەكی چارۆگەدار لە شەقەی باڵی دەدا، لەسەر پێڵووی كەمانچە ئاوازی دەژەنی و بە نێو لاپەڕەكاندا ڕای دەكرد، لە دەفتەرەكانی ڕۆژگاردا هوتافی دەكێشا و دەیگوت: مێژووی من هەمووی كارەسات و ڕۆژەكانی تەمەنیشم كەربەلایە، نووسەرێك و شاعیرێك و هەڤاڵێك لە منداڵدانی شەكەتی و هەڕەتی منداڵیی پاك و بێ گەرد لەدایك بوو، لە گوندە بێ دەنگەكەی پشت شوورە دێرینەكانی هەولێر لە نێوان سەدەف و لم و شیعر و قسەی نەستەق و پەندی پێشینان، ئەو برایە خوالێخۆشبووەم دۆستێكی ڕاستگۆ بوو، بیر و هزرەكانی لە ناخەوە چەكەرەیان دەكرد، هەرگیز نەدەچەماوە و دووڕوویی نەدەزانی، جیاوازیی نێوان بەها ڕەسەنەكان و ئینتیمای خۆڕسكانەی دەكرد، لەنێوان دەنگی بەجۆش و خرۆش لەگەڵ ژاوەژاو و هات و هاواردا.

فەیسەڵی برام، من تا ئێستاش لە ژوورەكەی خۆم بە دەم گریانەوە دەكوڵێم، تا ئێستاش شێوە و دەم و چاو و سیما پاك و بێ گەردەكەت بەدی دەكەم، من لە نێو ژوورەكەمدا دێم و دەچم و ئۆقرە ناگرم، سەیری پەردە و ئاوێنە و ڕۆژنامەكان و كتێب و قەڵەم و تەنانەت منداڵەكانیش دەكەم، ئەوانیش بڕوا ناكەن، چی ڕووی داوە. من تووشی شۆك بوومە و نازانم چۆن وەڵامیان بدەمەوە، نازانم ئەوان هەر بەو دەرد و ئازار و خەمە نەبڕاوە ژیان بەڕێ دەكەن، یان بیریان دەچێتەوە؟ من چاوەڕوانتم لە دەرگا بدەیت، پاڵتۆ پاییزییەكەت دابكەنیت، بە بزە و خەندەوە وەك جاران سەیرمان بكەیت و، ئێش و ئازارەكەت بدەیتە دەست خوای گەورە و میهرەبان و بەخشندەوە.

مامۆستای بەڕێزم: هەواڵی مەرگی تۆ وەك برووسكێك لە سەرمی دا، ئەوەندەم زانی كە سوارچاكێك لە ئەسپەكەی دابەزی و پەڕەمووچێك لە باڵی هەڵۆ هەڵوەری، منیش كەوتمە نێوان گومڕایی و تاویلكە، گریانی من تێكەڵ بە وڕێنە بوو، چونكە من پرسیار بووم و تۆش وەڵام، وەك جیاوازیی نێوان شیعرێكی كپ و نیگارێكی بەدەنگ.

دەستم دایە مۆبایلەكەم و تێلم بۆ كردیت، بەڵام وەڵام نەبوو، ئاخ سەد ئاخ، هەر وا بە ئاسانی فەیسەڵی برام كۆچ دەكات؟ بۆیە یەكسەر هەستم كرد كە گەشت و سەرگوزەشتەی ئەم چیرۆكنووسە نامۆیە لەم دنیایەدا كۆتایی هاتووە، ماندووبوون و شەكەتی و نامۆیی. بەڵام ناوی تۆ هەمیشە لەسەر زمانە لەگەڵ هەموو پیت و وشەیەكدا دێیتە گۆ، هەست بە شكست و نائومێدی دەكەم، چونكە ئەو دەرفەتەم بۆ نەڕەخساوە پێش سی یان چل ساڵ تۆم بناسیایە تاكو وەك گەشتەكەی ئەدۆنیس بارگەمان تێك بنێین و، ئامۆژگاریی مێژوو و داب ونەریت بكەین.

لە ئیمام عەلی (خوا لێی ڕازی بێت)یان پرسی: چ شتێك لە مردن مەزنترە؟ گوتی: دابڕان لە ئازیزان. هەموو شتێكت لە یادە. كورسییە بەتاڵەكەت. چاویلكە پزیشكییەكەت.. حەبی دەرمانخانە و سیمفۆنیای شەهرەزادی ڕینسكی كۆرساكۆڤ و شێخ و دەریای ئەرنست هێمنگوای و یاداشتەكانی ونستۆن چەرچل و ریسالەی غوفرانی موعەڕری، ئەییامی تەها حوسێن.

تۆ بڵێی ڕاست بێت كە پیاوان مەی دەنۆشن بۆ ئەوەی ئاڵوودەی خەیاڵ بن؟ تا لە ئێش و ئازارەوە ڕابكەن و نەشئە و خۆشی بە خۆشەویستەكانیان ببەخشن؟ ئێستا مرۆڤ نازانێت چۆن لەم نیشتمانە دەژیت و ناشزانێت چۆن دەمرێت. لە ڕێگای زمانەوە نووسەر و میدیاكاری بە توانا فەیسەڵ دێهاتی-م ناسی، كە بەیەكەوە دەدواین و كتێب و هۆنراوەمان دەخوێندەوە، هەروەها كاتێ بە جۆش و خرۆشەوە لەگەڵ بەرهەمی هونەری و ئەدەبیی نووسەر و هونەرمەندان ئاوێزان دەبووین.

من بەر لە یازدە ساڵ فەیسەڵ دێهاتیم ناسیوە لە ڕێی ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندنەوە، كاتێ بە یەكەوە دادەنیشتین و، بە پەرۆشەوە گوێم بۆ ڕادەگرت و، باسی ئەوەی بۆ دەكردم كە سەردەمی منداڵیی چۆن بووە، خانووەكەیان و گەڕەكەكەیان و كتێب و وێنەكانی و دۆست و هەڤاڵانی، باسی ورد و دڕشتی ژیانی بۆ دەكردم، دێهاتی مرۆڤێكی نووسەر و ڕۆژنامەنووسێكی زۆر بەتوانا و لێهاتوو و خۆنەویست و سادە بوو، شوێن پەنجەی دیارە لە زۆربەی میدیاكاندا، لە دەزگای ڕاگەیاندنی گوڵان و ڕۆژنامەی هەولێر و برایەتی و ڕامان و خەبات و زۆر ڕۆژنامە و گۆڤاری دیكە. ڕۆشنبیرێكی شارەزا بوو، هێمن و لەسەرخۆ و دوور لە هەڵچوون، كەم پرسیاری دەكرد، بەڵام لەگەڵ دۆست و خۆشەویستان تێكەڵ بوو و بەردەوام سەردانی دەكردن و لە دۆستایەتی و هاوڕێیەتیدا زۆر بەوەفا بوو. تەمەن درێژی بۆ منداڵە چاوگەشەكانت. باوكی رۆزە و ڕاستی. 

 

 

ئاریان ئیبراهیم شەوكەت

 

لە چلەی فەیسەڵ دێهاتیدا..  سڵاو بۆ گیانی پاكی نووسەر و ڕۆژنامەنووس
Top