شیروان دووبەردانی كاندیدی دەرچووی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: بۆ یەكڕیزیی كورد باشترە تێكڕای لایەنە كوردستانییەكان لە یەك هاوپەیمانیدا بن
هەرچەندە تا ئێستا دادگای فیدڕاڵیی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی پەسەند نەكردووە، بەڵام گفتوگۆ و هەوڵەكان دەستیان پێ كردووە بۆ لێكنزیككردنەوەی لایەنەكان و گەیشتن بە ڕێككەوتنێك لە بارەی پێكهێنانی حكومەتەوە، ئەم پرسە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار بوونە بابەتی دیدارێكی گوڵان لەگەڵ شیروان دووبەردانی كاندیدی دەرچووی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەمەش دەقی پرسیار و وەڵامەكانە.
* پێش ئەوەی باسی پرۆسەی سیاسیی عێراق بكەین، دەمانەوێت باسی ڕۆڵی كورد لە پرۆسەی داهاتوو بكەین، لەم هەڵبژاردنە پارتی دیموكراتی كوردستان 8 كورسیی زیادی كردووە و بووەتە 33 كورسی، لەمە گرنگتر هەست بە لێكتێگەیشتنیكی باش لە نێوان پارتی و یەكێتی دەكرێت، كە پێكەوە كورسییەكانیان دەگاتە 49 كورسی، ئایا ئەمە لە ناو پرۆسەی سیاسیی داهاتوو و دانوستانەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق چ ڕۆڵیكی دەبێت؟
- بێگومان ئەو لێكتێگەیشتنەی نێوان پارتی و یەكێتی زۆر گرنگە و لە بەرژەوەندیی كورد و هەرێمی كوردستانە، خۆ ئەگەر بكرێت، باشترە جگە لە پارتی و یەكێتی فراكسیۆنەكانی دیكەی كوردستانیش هەر هەموویان لەناو یەك هاوپەیمانی بن، بۆ ئەوەی كورد لە بەغدا یەكڕێز و یەكدەنگ بن. هەروەها وەك دەزانین لە دوای پرۆسەی هەڵبژاردن مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی سەردانی هەموو لایەن و حزبەكانی كوردستانی كرد، تاوەكو لە بەغدا پێكەوە وەك كوردستانی بەشدار بین و، بە یەك هەڵوێست و یەكدەنگ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی شیعە و سوننە ئەنجام بدەین، بۆ ئەوەی بتوانین مافی خەڵكی كوردستان بەدەست بێنین و، ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ خوڵەكانی دیكە جیاواز بێت. لەبەر ئەوەی كورد كورسییەكانی لە بەغدا زیاترە و بەو یەكهەڵوێستی و یەكدەنگییەش زیاتر كاریگەریمان لەسەر گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنەكان لە بەغدا دەبێت، لەدوای پەسندكردنی ئاكامی هەڵبژاردنەكەش لەلایان دادگای فیدڕاڵی، پێكەوە كار بكەین بۆ جێگیركردنی ئەو ماددە و بڕگەو مافانەی گەلی كوردستان لە بەغدا بە سەرپەرشتیی وڵاتانی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان پێش ئەوەی حكومەتی تازەی عێراق پێك بهێندرێت. لەلایەكی دیكەوە كاری ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەران زۆر قورس دەبێت، بەتایبەتی كە یەكەم جارە هەڵبژاردنێكی پاك و ئارام لەسەر ئاستی عێراق ئەنجام بدرێت، بە ددانپێدانانی ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەكگرتووەكان كە دەستخۆشییان لە كۆمیسیۆنی باڵا كرد. هەروەها ئەوانەی لە عێراق نەیانتوانی دەنگ بێنن و ژمارەی كورسییەكانیان زۆر كەمی كرد، ئەو لایەن و حزبانەن كە چەكیان هەیە، كەواتە دیارە كە عێراق لە ئایندە ڕووبەڕووی ململانێیەكی ناوخۆیی دەبێتەوە، ئێمە حەز ناكەین عێراق بە گشتی و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بە تایبەتی، ببنە بەشێك لەو ململانیێەی كە چاوەڕوان دەكرێت لە عێراق ڕوو بدات، چونكە ململانێیەكی زۆر توند هەیە لە ناوماڵی شیعە و ئەگەر ئەو ململانێیە بتەقێتەوە زۆر مەترسیدارە بۆ عێراق و بۆ هەموو لایەك، دیارە چەند لایەن و حزب لە ناوماڵی شیعە ئاكامی ئەو هەڵبژاردنە پاكەیان پێ قبووڵ ناكرێت. لەلایەكی دیكەوە دەركەوت ئەو لایەن و حزبانەی دەنگ و كورسییان زیادی كردووە، هەر وەك پارتی كە لە ڕابردوو و پێش ئەو هەڵبژاردنە كاری باشیان كردووە و هەوڵ و كۆششیان لە پێناوی خەڵك و كۆمەڵگەكەیان بووە. لەلایەكی دیكەوە ئەو سیاسەتە خراپەی لە چەند ساڵی ڕابردوو لە عێراق پیادە كراوە و، ئەو بێ خزمەتگوزارییەی كە لە عێراق هەیە و، ئەو بارودۆخەی لە شەقام هاتەدی و بووە هۆی خۆپیشاندانی جەماوەری بەرامبەر ئەو گەندەڵی و ئەو حوكمڕانییە فاشیلەی لە عێراق بەڕێوە چووە، وای كرد دەرئەنجامەكەی لە هەڵبژاردنەكان ڕەنگ بداتەوە، كە ئەو لایەن و حزبانەی بەشداربوون لەو حوكڕانییە خراپ و بێ خزمەتگوزارییە كە لە هەڵبژاردنەكەدا دەنگیان نەهێنا، یان بە ڕێژەیەكی یەكجار زۆر كورسییان لەدەست داوە.
* ئەوەی تێبینی دەكرێت، ئەوەیە كە ئەم جارە لە ناو عەرەبی سوننەش هەردوو لایەنی تەقەدوم و عەزم زۆربەی دەنگەكانیان بەدەست هێناوە، بەمەش جۆریك لە سەقامگیری لە سیاسەتی سوننە دروست بووە، ئایا تا چەند سەقامگیریی سیاسیی عەرەبی سوننە لێكتێگەیشتنێك لەگەڵ لایەنی كوردستانی دروست دەكات، بەتایبەتی ئێستا كە عەرەبی سوننە و لایەنی كوردی هەڵوێستیان لێك نزیكە بۆ هاوپەیمانیی لەگەڵ كوتلەی گەورەی شیعەكان؟
- سێ لیستی گەورە (پارتی لە كورد و تەقەدوم لە سوننە و سائیرون لە شیعە) زۆر لێك نزیكن و پارتی دیموكراتی كوردستان وەك حزب یەكەمە و خاوەنی 33 كورسیی پەرلەمانییە، ئەوانی دیكە هەر هەموویان هاوپەیمانن، بەڵام دەتوانن لەگەڵ پارتی كوتلەی گەورە لە پەرلەمان پێكبهێنن. لە لایەكی دیكەوە زەحمەتە سوننە ببێتە یەك لیست، ئەویش لەبەر بەرژەوەندیی تایبەت بە خۆیان و لە كۆبوونەوەكانی داهاتووشدا زەحمەتە تەقەدوم و عەزم بگەنە ڕێككەوتن، چونكە عەزم و تەقەدوم لە یەكتر جیاوازن و ململانێیەكی زۆر بەهێز لە نێوانیاندا هەیە. لە ڕاستیدا لە ئێستادا واقیعێك لە عێراقدا هەیە، ئەویش بوونی ململانێیە لە ناوماڵی شیعە و سوننە و كوردیشدا، ئەوەتا هەندێ لایەنی كوردی لەلای خۆیان بڕیاریان داوە كە سەربەخۆ بن و بەشداریی حكومەتیش نەكەن، ئەمە لە ناوماڵی سوننە و شیعەشدا هەیە. ئەو فراكسیۆن و لایەنانەی بڕیاریان داوە موعارەزە بن لە ناو هۆڵی پەرلەماندا كارێكی باشە و زۆر ئەرێنییە كە موعارەزەیەكی یاسایی و دیموكراتی هەبێت، بەرامبەر ئەو لایەنە سیاسییانەی كە حكومەت پێكدەهێنن.
* موقتەدا سەدر باس لە دوو سیناریۆ دەكات بۆ پیكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق، یەكەم سیناریۆی (ئەغلەبیەی وەتەنی) دووەمیان (ئەغلەبیەی تەوافقی)، لە هەردوو سیناریۆكەدا داوای ئەوە دەكات، خۆی كاراكتەری سەرەكی بێت، ئایا ئەمە بۆ سەدر بە ئاسانی دەچێتەسەر؟
- لەم خولەی پەرلەماندا ئەوانەی كورسییان نەهێناوە، یان لە هەڵبژاردن دۆڕاون، دەیانەوێت مامەڵە لەگەڵ سەدر بكەن و وەك پێشتر بەشدار بن لە حكومەت، بۆ نموونە لەوانە سادیقون كە پێشتر 15 كورسی هەبوو، ئەمجارە دوو كورسی هێناوە. سادیقون ناتوانێت بێت لەگەڵ سەدر، یان پارتی گفتوگۆ بكات وەك ئەوەی كە 15 كورسی هەبوو، بێگومان ئەوە لەلای سەدر و لەلای ئێمەش زۆر زەحمەتە قبووڵ بكرێت، بەڵكو لە پێكهێنانی ئەم جارەی حكومەتی عێراق ڕەچاوی ژمارەی كورسی و ئاكامی هەڵبژاردنەكە دەكرێت و لایەنەكان بەپێی كورسی و ژمارەكانیان مامەڵە و بەشدارییان لە حكومەت پێ دەكرێت، بۆیە لێرەدا دەپرسین: بۆچی هەڵبژاردن كرا؟ هەر بۆیە دەبێت ڕێز لە هەڵبژاردن و ئاكامەكەی و دەنگدەران بگیرێت. هاوكات پێویستە سەرەتا لایەنەكان دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكە قبووڵ بكەن، لە پاشان دەتونراێت گفتوگۆ بكرێت، چونكە ئەگەر لە یەكەم ساتەوە باوەڕ و ئیمانت بە پرسی دیموكراتی نەبێت، چۆن دەتوانرێت لەگەڵ یەكتر دابنیشین؟ لەلایەكی دیكەوە سەدر بۆ پێكهێنانی حكومەت لەسەر زۆرینەی سیاسی كار دەكات و، لەو هەق و دەرئەنجامی هەڵبژاردنە كە 73 كورسی هێناوە، خۆش نابێت و، لە كۆتاییدا چارەسەری هەموو كێشەكانی عێراق پێویستی بە جەنابی سەرۆك بارزانی دەبێت، چونكە جەنابی سەرۆك پارێزگاری لە هاوسەنگی سیاسی دەكات و، دەتوانێت كێشەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی عێراقی چارسەر بكات.
* ئێمە دەزانین، لایەنی كوردستانی و شەخسی سەرۆك بارزانی، بە لایانەوە گرنگ نەبێت سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق چ كەسێك دەبێت، بەڵكو ئەوەی گرنگە بەرنامەی حكومەتی داهاتووی عێراقە، بە ڕای ئێوە لایەنی كوردستانی دەیەوێت بەرنامەی حكومەتی داهاتووی عێراق چۆن بێت؟
- لەلای ئێمە بە گشتی سەرۆك وەزیران بۆ كورد گرنگە، نەك بەرنامەی حكومەت، چونكە بەرنامەی حكومەت لە عێراق جێبەجێ ناكرێت، زیاتر لە 50 ماددەی دەستووری و بە دەیان یاسا هەن لەلایان عێراقەوە بەرانبەر كورد جێبەجێ نەكراون، لەوانە ماددەی 140ی ناوچە دابڕێندراوەكان و یاسای نەوت و گاز، بۆیە بە ڕای من شەخسی سەرۆك وەزیران بۆ كورد گرنگە، نەك بەرنامەی حكومەت، چونكە دەتوانرێت گفتوگۆ و مامەڵە لەگەڵ سەرۆك وەزیران بكرێت بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكان و شەخسی جەنابی سەرۆك بارزانی و شاندی پارتی و كورد هەموو كات ئاماژە بەوە دەكەن، كە ئێمە وەك كورد نە زیاتر و نە كەمترمان لەو مافە دەستوورییانە دەوێت كە بۆ گەلی كوردو كوردستان دانراون. بێگومان كاتێكی زۆری دەوێت تاوەكو میكانیزمێك بۆ پێكهێنانی حكومەت دابنرێت، بۆیە پێكهێنانی حكومەتی تازەی عێراق دوادەكەوێت.